پاسکیل

له‌لایه‌ن: - بڕوا سەڵاح بڕوا سەڵاح - به‌روار: 2022-08-04-22:25:00 - کۆدی بابەت: 9699
پاسکیل

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پاسکیل (بە ئینگلیزی: Bicycle، بە عەرەبی: الدراجة) بەکاردەهێنرێت بۆ گواستنەوە کە بریتییە لە دوو تایەی سەرەکی کە بە لاشەکەیەوە بەستراوە بە یارمەتی چەند پارچەیەکی تری جووڵەی تیا دروست دەبێت، یان بەهۆی پایدەرەکانیەوە یان بەهۆی دروستکەری هێزێک وەک پاتری. پاشان کورسیەک بۆدانیشتن و دەسکێک بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەی جووڵەکەی.

مێژووی دروستبوونی پاسکیل

پاسکیل یەکەمجار لە سەدەی ١٩ و بە دیاریکراوی ساڵی ١٨١٧ لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە لە ئەورووپا ناسرا. سەرەتا چەندین ناوی جیاوازیان لێنابوو وەک "گۆچانی خڕ Velocipede, ئامێری ڕاکردنRunning machineHobby hourse یان Draisine. لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١ زیاتر لە یەک ملیاری لێ بەرهەمهێنراوە، کە ئەم ژمارەیە ڕێژەی ئۆتۆمبێلەکانی جیهانی تێپەڕاندبوو باوترین جۆری پاسکیل کە زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دانەی لێ درووست کراوە بریتییە لە پاسکیلی "کۆتری فڕیو"ی چینی. لە ئێستادا ساڵانە ١٠٠ ملیۆن دانەی لێ بەرهەمدەهێنرێت.

جۆرەکانی پاسکیل

دوای ئەوەی دروستکردنی پاسکیل سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێنا، زانایان و ئەو کەسانەی کە کاریان لەسەر دەکرد هەوڵیاندا کە بتوانن جیاکارییەکی فراوان لە شێواز و جۆری پاسکیلەکاندا بکەن و تایبەتمەندیان بکەن بە کارێکی تایبەت، جۆرەکانی پاسکیل زۆرن وەک

  1. پاسکیلی ڕێگا (Road Bike)
    باوترین جۆری پاسکیلە کە دیزاینێکی سادەی هەیە و تایەکانی باریکن دەسکەکانی ڕووەو خوارەوەن و بۆمەبەستی پێشبڕکێ، گەشتکردن، وەرزشکردن یان بڕینی مەودایەکی دوور بەکاردەهێنرێت.
  2. پاسکیلی شاخ (Mountain Bike)
    ئەم پاسکیلە وەک لەناوەکەیدا دەرەکەوێت بۆ سەرکێشییەکانی سەر شاخ و ئەو کار و چالاکیانەی لەوێ ئەنجام دەردرێن بەکار دێت. بوونی تایەیەکی ئەستوور و گەورە و سیستمێکی برێکی بەهێز بە جیاکەرەوەی ئەم پایسکیلە دادەنرێ لە جۆرەکانی تری.
  3. پاسکیلی ڕاکشاو یان زەمینی (Recumbent Bike)
    جۆرێکی تری پاسکیلە کە بە تایبەت دروست دەکرێت، هەبوونی برێک لای قاچی کەسەکەو ڕاکشانی کەسەکە لەناویدا جیاکەرەوە سەرەکیەکەی ئەم پاسکیلەیە.
  4. پاسکیلی کارەبایی (Electric Bike)
    تازەترین مۆدێلی پاسکیلە کە زۆربەی تایبەتمەندییە گشتییەکانی لەخۆ گرتووە و بۆ زۆربەی چالاکییەکان بەکاردەهێنرێت بەتایبەت بۆ بڕینی مەودای درێژ. ئەم جۆرە پاسکیلانە هاوکاری بەکارهێنەرەکەی دەکات کە دووربێت لە ماندوویەتی و خۆشی خودکارانە خۆی بارگاوی دەکاتەوە لەوکاتەی کە بەکارهؽنەرەکەی پایدەرەکانی بەکار دەهێنێت.

چەند زانیارییەکی سەرنجڕاکێش لەسەر پاسکیل لە کۆندا

  • لەکاتی دروست بوونی پاسکیل زانایان و داهێنەران هەوڵیانداوە کە پاسکیل بۆ چەندین مەبەستی تری جیاواز لەوانەی باسمانکردن بەکاربهێنن و سوودی لێوەرگرن. یەکەمیان پاسکیلی ئاگرکوژاندنەوە (Fierfighter bicycle) کە دیزانینێکی تایبەتی هەیە و ئەمە لەکۆندا بەکاردەهێنرا بۆ یارمەتیدانی تیمی ئاگروکوژێنەرەوە بە هەڵگرتنی
  • پێداویستیەکانی ئاگرکوژانەوە. دووەمیان پاسکیلی گواستنەوەی (Ambulance cycle) نەخۆش کە ئەمە لەکۆندا وەک ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بەکارهاتووە و نەخۆش و ئەو کەسانەی کە بەر زەبرێک کەوتوون دەتوانێت بگوازێتەوە و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا لە هەندێ وڵاتی هەژارنشینی ئەفریقی بەکاردەهێنرێت و بۆ ئەم مەبەستە سوودی لێوەردەگیرێت.
  • پاسکیل وەک مەبەستی گواستنەوەی شتومەک لەکۆندا (Cargo cycle) لەجێگای ئامێری پێشکەوتووی ئەم سەردەمە بەکارهاتووە و بۆ گواستنەوە شتومەکی قورس بۆ جێگایەکی دوور بەکارهێنراوە. ئەمە جگە لەوەی بەکارهێنراوە بۆ کاری گەیاندن، گواستنەوەی ڕۆژنامە و گواستنەوەی نامەی پۆست لەکۆندا بۆ چەندان شتی دیکەش سوودی لێوەرگیراوە.


سەرچاوەکان



1268 بینین