بێلگراد

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-06-16:57:00 - کۆدی بابەت: 9719
بێلگراد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بێلگراد (بە ئینگلیزی: Belgrade، بە عەرەبی: بلغراد)، یان شاری سپی، بێلگراد پایتەخت و گەورەترین شاری سڕبیایە، دەکەوێتە شوێنی یەکگرتنی ڕووبارەکانی ساڤا و دانوب و خاڵی وەرچەرخانی دەشتی پانۆنیا و نیمچەدوورگەی باڵکان. نزیکەی ١.٧ ملیۆن کەس لە سنووری بەڕێوبەرایەتی شاری بەلگراد دەژین. ئەم شارە سێیەم گەورەترین شاری سەر ڕووباری دانوبە.

مێژووی شارەکە

مێژووی بێلگراد بەلایەنی کەمەوە بۆ حەوت هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەم شارە یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی ئەورووپا و جیهان کە بە بەردەوامی خەڵکی لێ نیشتەجێ بووە. هەروەها یەکێک لە گەورەترین کولتوورەکانی پێش مێژووی ئەورووپا، کلتووری ڤینتا، لە ناوچەی بێلگرادەوە و لە هەزارەی شەشەمی پێش زایین پەرەی سەندووە. دوای ساڵی ٢٧٩ـی پێش زایین سێڵتییەکان شارەکەیان داگیرکرد و ناویان نا (Singidūn). لە ساڵانی ٥٢٠ـکاندا سلاڤەکان لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بوون، و چەند جارێک کەوتە ژێر دەسەڵاتی چەند فەرمانڕەواییەکی جیاواز پێش ئەوەی ببێتە پایتەخت لە سەردەمی حکوومڕانی شا ستیفان دراگوتین (ساڵی ١٢٨٢ بۆ ١٣١٦). لە ساڵی ١٥٢١ـدا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بێلگرادی داگیر کرد، پاشان شارەکە کەوتە ژێر دەسەڵات و حکوومڕانی هابسبورگ. بێلگراد لە ساڵی ١٨٤١ دووبارە وەک پایتەختی سڕبیا ناوزەند کرا. وەک شوێنێکی ستراتیجی، شارەکە لە ١١٥ جەنگدا شەڕی لەسەر کرا و ٤٤ جار کاول کرا. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بێلگراد پایتەختی یووگۆسلاڤیا بوو هەر لە دروستبوونییەوە لە ساڵی ١٩١٨ تا دوا داڕووخانی لە ساڵی ٢٠٠٦.

دانیشتووان

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، ژمارەی دانیشتووانی بێلگراد ١٫٦٥٩٫٤٤٠ کەسە. دانیشتووانی شارەکە بە بەردەوامی لە گەشەدایە و ڕێژەی گەشەکردن لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١١، ٤٦% بوو، هەروەها چڕی دانیشتووانی ئەم شارە ٣٫٢٤١ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

نەژاد

بێلگراد نیشتیمانی ژمارەیەکی زۆر نەتەوەی جیاوازە، پێکهاتە نەتەوەییە سەرەکییەکانی شارەکە بریتییە لە:

سیرییەکان: ١٫٥٠٥٫٤٤٨ کەس

ڕۆمەکان: ٢٧٫٣٢٥ کەس

مۆنتینیگرێنس: ٩٫٩٠٢ کەس

یوگۆسلاڤس: ٨٫٠٦١ کەس

کرواتەکان: ٧٫٧٥٢

مەقدۆنیەکان: ٦٫٩٧٠ کەس

نەتەوە مسوڵمانەکان: ٣٫٩٩٦ کەس

هەروەها ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری ئابووری لە شارۆچکە بچووکەکان و لادێکانەوە هاتنە شارەکە، لە کاتێکدا دەیان هەزار کەس وەک پەنابەری کرواتیا و بۆسنیا-ھەرزەگۆڤینا و کۆسۆڤۆ لە ئەنجامی شەڕەکانی یووگۆسلاڤیا لە ساڵانی ١٩٩٠ـەکاندا گەیشتنە شارەکە.

ئایین

بێلگراد هەر لەڕووی نەتەوەوە هەمەجۆر نییە، بەڵکوو ژمارەیەک ئایینی جۆراوجۆریش لە شارەکەدا پەیڕەو دەکرێن، دیارترینیان بریتین لە:

ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتی: ٨٨٫٩%

بێ ئایین: ٢٫٤%

ئیسلام: ١٫٩%

کاسۆلیکی ڕۆمانی: ٠٫٨%

پرۆتستانتی: ٠٫٢%

ئاسیایی: ٠٫٠٣%

جوولەکە: ٠٫٠٢%

ئەوانەی ئاماژەیان بە ئایینی خۆیان نەدا: ٣٫٣%

ئایینە نادیارەکان: ١٫٦%

کەشوهەوا

شاری بێلگراد کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە، تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە لە شارەکەدا ١٢٫٥ پلەی سەدییە، هەروەها بەتێکڕایی ٣١ ڕۆژ پلەکانی گەرما لەسەرووی ٣٠ پلەی سەدی و ٩٥ ڕۆژ لەسەرووی ٢٥ پلەی سەدییەوەن. وەرزی بەهار باراناویترین وەرزی ساڵە و تێکڕای ڕێژەی دابارین لە شارەکەدا ٦٩١ مللیمەترە، هەروەها ساڵانە نزیکەی ٢٫١١٢ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی فەرمی لە شارەکەدا لە ٢٤ـی تەممووزی ساڵی ٢٠٠٧ـدا ٤٣٫٦ پلەی سەدی بوو، لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی لە ١٠ـی کانوونی دووەمی ١٨٩٣ـدا ٢٦٫٢- پلەی سەدی بوو.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

  1. قەڵای بێلگراد
  2. کڵێسای سەینت ساڤا
  3. مۆزەخانەی نیکۆلا تێسلا
  4. کڵێسای سەینت مارک
  5. مەیدانی کۆمار
  6. ئاڤالا تاوەر
  7. مۆزەخانەی سەربازی بێلگراد
  8. شانۆی نیشتیمانی
  9. مۆزەخانەی کەشڕەوی
  10. کڵێسای سەینت مایکڵ
  11. کۆشکی سپی
  12. مۆزەخانەی مێژوویی سربیا


سەرچاوەکان



421 بینین