هەڵسوکەوتی پزیشک و کارمەندان لە کاتی تووڕەبوونی نەخۆشدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-06-21:06:00 - کۆدی بابەت: 9724
هەڵسوکەوتی پزیشک و کارمەندان لە کاتی تووڕەبوونی نەخۆشدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مامەڵەکردنی پزیشک و کارمەندان لە کاتی تووڕەبوونی نەخۆشدا (بە ئینگلیزی: Doctor and nurse dealing with angry patient، بە عەرەبی: تعامل الٲطباء و الموظفين عند غضب المرضی) هەموو مرۆڤێک کاتێک لە ناخۆشییەکدایە تووڕە دەبێت و باری دەروونی تێک دەچێت، ئەگەر بێت و ئەم کەسە نەخۆش بێت زیاتر باری دەروونی تێکدەچێت، نەخۆشەکە بە هەر هۆکارێک بێت بەخێرایی تووڕە دەبێت. هۆکارەکان زۆرن بەتایبەت لە نەخۆشخانەدا هۆکاری زۆر هەیە بۆ تووڕەبوونی نەخۆش، لە کاتێکدا زۆرجار پزیشک و کارمەندەکان تاوانباری ئەو دۆخەی نەخۆشخانە نین، بەڵام ناچارن وەڵامدەرەوەی نەخۆشەکە بن. چۆنییەتی مامەڵەکردنی ئەو پزیشک و کارمەندانەی کە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەکەدا دەکەن زۆر گرنگە و کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر نەخۆشەکە. گرنگە پزیشک و کارمەندان لە کاتی تووڕەبوونی نەخۆشدا وەڵامدانەوەیەکی جوانیان هەبێت.

هەڵسوکەوتی پزیشک و کارمەند دەبێت چۆن بێت؟

گفتوگۆکردن

کاتێک نەخۆشێک تووڕە دەبێت و دەست دەکات بە هاوارکردن، نابێت پشتگوێ بخرێت لە پێناو ئەوەی دەنگە دەنگ دروست ببێت. ئەم حاڵەتە بارودۆخەکە خراپتر دەکات، بەڵکوو دوای هێمنبوونەوەی نەخۆشەکە دانیشتن و قسەکردن لەگەڵ نەخۆشەکەدا زۆر گرنگە، تاکوو هەست بەوە بکات کەسێک گوێی بۆ دەگرێت.

هاوخەمی

زۆر گرنگە پزیشک و کارمەندان هاوخەمی خۆیان بۆ نەخۆش دەرببڕن، بۆ نموونە کاتێک نەخۆشێک تووڕەیە لەبەرئەوەی وەڵامی پشکنینەکەی ئەرێنی بووە و تووشبووی نەخۆشییەکی مەترسیدارە، لەم کاتەدا باری دەروونی تێک دەچێت و تووڕە دەبێت و هاوار دەکات. پزیشک و کارمەندان دەبێت خۆیان لە شوێنی ئەو نەخۆشە دابنێن و پاش وەرگرتنەوەی ئەنجامەکە هاوخەمی و هاوسۆزی خۆیان دەرببڕن، گرنگی بدەن بە نەخۆشەکە و بەجوانی قسەی لەگەڵدا بکەن، بەمەش نەخۆشەکە ئارام دەبێتەوە و حاڵی باشتر دەبێت.

ئارامگرتن

ئارامگرتن یەکێکە لەو تایبەتمەندییانەی کە دەبێت لە هەر پزیشک و کارمەندێکدا بوونی هەبێت. کاتێک نەخۆشێک تووڕە دەبێت و بە دەنگی بەرز هاوار دەکات و قسەی ناشرین دەڵێت، نابێت پزیشک و کارمەندەکەش بە هەمان شێوەی ئەو هاوار بکەن. پێویستە چاوەڕێ بکەیت تاکوو نەخۆشەکە دڵی خاڵی دەکاتەوە و هێمن دەبێتەوە پاشان قسەی لەگەڵ بکە و دۆخەکە چارەسەر بکە. چونکە لەم کاتەدا ئەگەر بێت و وشەیەکی سادەش بڵێیت بارودۆخەکە خراپتر دەکات، بۆ نموونە کاتێک نەخۆشێک بە توڕەییەوە قسە دەکات ئەگەر پێی بڵێیت هێمن بە و بێ‌دەنگ بە، ئەمە وادەکات ئەوەندەی تر تووڕە ببێت و کۆنتڕۆڵی خۆی لە دەست بدات. لەجێی ئەوە تەنها گوێی بۆ بگرە و سەیری چاوەکانی بکە، و بڵێ بەڵێ و سەرت بجووڵێنە. 

ئاگاداربوون لە زمانی جەستە

ئەگەر بێت و لە کاتی تووڕەبوونی نەخۆشێکدا بتەوێت وا خۆت دەربخەیت کە ئارامگریت و تووڕە نیت، واتە بە زمان ئاسایی قسە بکەیت بەڵام زمانی جەستەت شتێکی تر بڵێت، ئەمە دەتخاتە دۆخێکی مەترسیدار و دەردەکەوێت کە نواندن دەکەیت. بۆ نموونە فشاردنی دەست، هەناسە هەڵکێشانی توند، گەستنی لێو، هەموو ئەمانە نیشانەیەکن بۆ تووڕەبوونت.

پارێزگاریکردن لە خود

کاتێک نەخۆش تووڕەیە چاوەڕێی هەر کاردانەوەیەکی لێ دەکرێت بۆیە واباشترە مەودایەک لەنێوان خۆت و نەخۆشەکەدا دابنێیت. لێدان و وەشاندنی بۆکس و هێرشکردنە سەر، ئەمانە و چەندین کاردانەوەی تر کە ڕۆژانە دەکرێت بەرامبەر بە پزیشک و کارمەندان. ئەگەر هەستت کرد نەخۆشەکە دەیەوێت هێرشت بکاتە سەر بەخێرایی لەو ژوورەوە وەرە دەرەوە بۆ پاراستنی خۆت و کەسانی دەروبەری و کارمەندانی تر ئاگادار بکەرەوە.

وەرگرتنی ئەزموونی کەسانی تر

پرسیار لەو کەسانە بکە کە دەمێکە لە بوارەکەدا کاردەکەن و تووشی چەندەها کێشە بوونەتەوە، پرسیار بکە دەربارەی ئەوەی کە نەخۆش زیاتر بەچی تووڕە دەبێت و کام ڕێگا باشترینە بۆ هێوەرکردنەوەی نەخۆشەکە. بەمشێوەیە داوای هاوکارییان لێ بکە تاکوو ئەزموونی خۆیانت پێ بڵێن لە بوارەکەدا.

بابەتەکە مەبەرەوە سەر خۆت

زۆرجار نەخۆشەکە لە کاتی تووڕەبوونیدا مەبەستی تۆ نییە و لە تۆ تووڕە نییە، کێشەی هەیە لەگەڵ یاسای نەخۆشخانە و دەرمان و مامەڵەکردن، بەڵام دێت و بە تۆی دەڵێت و لێت تووڕە دەبێت. لێرەدا نەخۆشەکە نازانێت بە کێ بڵێت و چۆن دڵی خۆی خاڵی بکاتەوە، دەبێت بزانیت لە چی بێزارە و بۆچی وادەکات و بابەتەکە نەبەیتەوە سەر خۆت.

وتنی "ئەم نەخۆشە چی دەوێت با یارمەتی بدەم"

کاتێک نەخۆشێک بە تەواوی تووڕە و نائومێدە، پێی دەڵێیت بەڕێزان ئەم نەخۆشە چی دەوێت با یارمەتی بدەم. ئەم ڕستە واتە من گرنگی بە تۆ دەدەم و دەمەوێت حاڵت باشتر بکەم و تووڕەیت کەمتر بکەمەوە، وتنی ئەم ڕستە وەک داگیرساندنی مۆمێکە لە ژوورێکی تاریکدا. بۆیە  کاتێک ئەوە دەڵێیت و بە میهرەبانییەوە بەرەو ڕووی نەخۆشەکە دەچیت، بەتەواوی هەست بە گۆڕانکارییەکان دەکەیت لە نەخۆشەکەدا و هێور دەبێتەوە.

داوای لێبووردن

ئەگەر نەخۆشەکە لەسەر بابتێکی گرنگ تووڕەیە و کارێکت کردووە کە ئەو بە هەڵە لێی تێگەشتووە، داوای لێبووردن بکە و پاشان بۆی ڕوونبکەرەوە. داوای لێبووردنکردن بەو واتایە نایەت کە پزیشک و کارمەندان و تەواوی ستافی نەخۆشخانەکە کەمتەرخەم بوون و هەڵەیان ئەنجامداوە. بەڵکوو تەنها لەوانەیە نەخۆشەکە بە هەڵە تێگەیشتبێت.

بەدواداچوون

بەدوادچوون و چاودێری کردنی بەردەوامی نەخۆش وادەکات کە نەخۆشەکە هێور ببێتەوە و تووڕەیی کەم بکات. کاتێک پزیشک یان  کارمەندێک بە ڕوویەکی خۆشەوە پرسیار دەربارەی بارودۆخی تەندروستی نەخۆشەکەی دەکات و دڵنیای دەکاتەوە هەمیشە ئاگای لێی دەبێت. نەخۆشەکە ڕێگە بەخۆی نادات کە تووڕە ببێت.


سەرچاوەکان



434 بینین