گۆڕینی پلازمای خوێن

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-08-07-20:20:00 - کۆدی بابەت: 9743
گۆڕینی پلازمای خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گۆڕینی پلازمای خوێن یان ئاڵوگۆڕکردنی پلازمای خوێن (بە ئینگلیزی: plasma exchange، بە عەرەبی: تبادل البلازما) کرداری لابردنی پلازمای خوێن و جێگرتنەوەیەتی بە شلەیەکی نوێ، بۆ پاککردنەوەی خوێن بەکاردێت و ڕێگەیەکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک نەخۆشی. بەزۆری بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە دژەخۆییەکان بەکاردێت، بەهۆی نەخۆشییە دژەخۆییەکان سیستمی بەرگریی لەش بەشێکی جەستە وەک تەنێکی بێگانە دەناسێتەوە و دژەتەن دژی ئەو بەشەی جەستە دروست دەکات، ئەم دژەتەنانە هێرش دەکەنە سەر بەشەکانی جەستە و زیانیان پێ دەگەیەنن. دژەتەنەکان لە ناو پلازمادا هەن، بەم جۆرەش ئاڵوگۆڕکردنی پلازمای خوێن سوودی لە لابردن و پاککردنەوەی خوێن لە دژەتەنەکان، پڕۆتینە نائاساییەکان و ماددە زیانبەخشەکان لە خوێندا دەبێت. بۆ چارەسەرکردنی هەندێک جۆری نەخۆشیی خوێن، نەخۆشیی دژەخۆیی و ناتەواوی سیستمی دەماری بەکاردێت.

ئەو حاڵەتانەی پێویستییان بە ئاڵوگۆڕکردنی پلازمای خوێن دەبێت:

  • مەیینی خوێن لە لوولەکانی خوێندا.
  • بێهێزی ماسولکەکان: نەخۆشییەکی درێژخایەنی دژەخۆییە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ماسولکە خۆویستەکانی جەستە.
  • کۆنیشانەی گیولەین باڕ (Guillain barre syndrome): حاڵەتێکی دەگمەنە، سیستمی بەرگری هێرش دەکاتە سەر دەمارەکان.
  • هەوکردنی سەختی خانە پاڵێوەرەکانی گورچیلە.
  • لە کاتی ڕەتکردنەوەی ئەندامە چاندراوەکانی وەک دڵ، گورچیلە و سی.
  • نەخۆشی فرەڕەقبوون.
  • هەوکردنی مێشک.

چۆنیەتی ئەنجامدانی گۆڕینی پلازمای خوێن

  • لەماوەی ئەم کردارەدا بڕێک لە خوێن لە نەخۆشەکە دەردەهێنرێت و لەڕێگەی ئامێرێکەوە پێکهاتەکانی خوێن وەک خڕۆکە سپییەکان، خڕۆکە سوورەکان، پەڕەکانی خوێن و پلازمای خوێن جیادەکرێنەوە.
  • پلازمای خوێنی جیاکراوە لادەبرێت دواتر خڕۆکە سپییەکان، خڕۆکە سوورەکان و پەڕەکانی خوێن کە پێشتر جیاکرابوونەوە لەگەڵ شلەیەکی تر تێکەڵ دەکرێن و بۆ ناو خوێن دەگەڕێندرێنەوە، بەم جۆرەش ئەو بەشەی پلازما کە دژەتەنەکان، پڕۆتینە نائاساییەکان و ماددە زیانبەخشەکانی تێدایە لادەبرێن و خوێن پاک دەکرێتەوە. ماوەی ئەنجامدانی چارەسەرەکە پشت بە بڕی ئەو پلازمایەی پێویستە بگۆڕدرێت دەبەستێت، بەڵام بەزۆری دوو بۆ سێ کاتژمێر دەخایەنێت، لە هەفتەیەکدا دوو بۆ سێ جار ئەم چارەسەرە بۆ نەخۆش ئەنجام دەدرێت.

ئاڵوگۆڕکردنی پلازمای خوێن کردارێکی سەلامەتە و کاریگەری لاوەکی کەمە.

ڕێنمایی

پێش ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕکردنی پلازمای خوێن

  • چەند ڕۆژێک پێش ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕکردنی پلازمای خوێن پێشنیاز دەکرێت نەخۆشەکە ئەو خواردنانەی کە کاربۆنیان تێدا نییە بخوات هەروەها لە خواردنەوەی کحول و جگەرە دوور بکەوێتەوە.
  • پێش ئەنجامدانی ئەم کردارە دەبێت نەخۆش ژەمێکی خۆراک بخوات و نابێت هەست بە برسێتی بکات.
  • بڕێکی زۆر شلەمەنی بخوات.
  • شەوی پێش ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕکردنی پلازمای خوێن نەخۆش بەباشی بخەوێت.

دوای ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕکردنی پلازمای خوێن

دوای ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕکردنی پلازمای خوێن ڕەنگە نەخۆشەکە هەست بە ماندووبوون بکات، باشترە دوای ئەنجامدانی ئەم کردارە نەخۆشەکە بڕێکی زۆر لە شلەمەنی بخوات و کەسێک لە ئەندامانی خێزان یان هاوڕێیەک لەگەڵ نەخۆشەکەدا بێت، تاوەکوو یارمەتی بدات لە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە.

کاریگەرییە لاوەکییەکان و مەترسییەکان

لە کاتی ئاڵوگۆڕکردنی پلازمای خوێن پەستانی خوێن لە ڕێژەی ئاسایی کەمتر دەبێت، بەهۆی ئەمەش نەخۆشەکە هەست بە ماندووبوون، گێژبوون، دڵتێکەڵهاتن دەکات. خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو پێش ئەنجامدانی ئەم کردارە یارمەتی کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییە لاوەکییانە دەدات.

ئایا ئەنجامدانی گۆڕینی پلازمای خوێن بە ئازارە؟

دەکرێت ئەم کردارە  لە نەخۆشخانە یان لە تاقیگەیەکی باش و گونجاو ئەنجام بدرێت، گۆڕینی پلازمای خوێن ئازاربەخش نییە و پێویست بە بێهۆشکردن ناکات، بەڵام دوای ئەنجامدانی ئەم کردارە ڕەنگە نەخۆش هەست بە ماندووبوون و لاوازی بکات.


سەرچاوەکان



570 بینین