مەترسییەکانی دەرزی تێکەڵە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-07-22:06:00 - کۆدی بابەت: 9745
مەترسییەکانی دەرزی تێکەڵە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆرن ئەوانەی دەرزی تێکەڵە بەکاردەهێنن و وەک چارەسەرێکی گرنگی دەزانن، ئەم کارە لەلای پزیشک و کەسە شارەزاکانی بواری پزیشکیدا ناکرێت، بەڵکوو لە نۆرینگە نافەرمییەکان و لەلایەن کەسی ناشارەزاوە ئەنجام دەدرێت. لێرەدا دوو دەرمان تێکەڵ دەکرێت و بەشێوەی دەرزی دەدرێت له نەخۆشەکە. تێکەڵکردنی ئەم دوو دەرمانە زیانێکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لە داهاتوودا کاریگەرییە خراپەکانی دەردەکەون.

دەرزی تێکەڵە چییە؟

بریتییە لە تێکەڵکردنی دوو یاخود سێ دەرزی و پێدانی بە نەخۆشەکە، کە بەگشتی دەرزییەکان پێکهاتوون لە دەرزی ئازارشکێن و دەرزی دژەهەوکردنی ستیڕۆیدی و دەرزی هەوکردنی بەکتریایی. پێکەوە دەرزییەکان تێکەڵ دەکەنە یەک سرنج و دەیدەنە نەخۆش.
باوترین تێکەڵکردنیش تێکەڵەی هەردوو دەرمانی دیکادرۆن و ڤۆڵتاریینە.

ئایا تێکەڵکردنی دەرزی بنەمای زانستی هەیه؟

هیچ بنەمایەکی زانستی نییە بۆ تێکەڵکردنی دەرزی، لە زانستی پزیشکیدا تا ئێستا باس لەوە نەکراوە کە دەرزییەکان تێکەڵ بکرێن، چونکە تێکەڵکردنی ئەم دەرمانانە کارلێک دەکەن و کاریگەری خراپییان دەبێت لەسەر کەسەکە.

دەرزی تێکەڵە بۆچی بەکاردێت؟

ئەو دەرزییانەی کە بۆ هەڵامەت و کۆکە و قورگ ئێشە تێکەڵ دەکرێن ئەم جۆرانەن:

ڤیاڵێکی دژەهەکردن واتە (ئەمۆکسیسیلین، یان پرۆکایین یاخود ئەمپیکڵۆکس) لەگەڵ ئەمپولی دێکسامێزازۆن (دیکادرۆن) تێکەڵ دەکرێت، یان دژەهەوکردنێک لەگەل دێکسامێزازۆن لەگەڵ ڤۆڵتارین تێکەڵ دەکرێت.

بۆ ئازار بەگشتی و گرژبوون و کەشەنگبوون بەکاردێت، کە ئەمانەن:

  • ڤوڵتارین و دیکادرۆن
  • دیکادرۆن و مێلۆکسیکام
  • دیکادرون و پیرۆکسیکام
  • ڤۆڵتارین و نیوڕۆبین

بۆ حاڵەتی هەستیاری تێکەڵ دەکرێت، کە ئەمانەن:

  • بێتاکۆرت و ئەلەرمین 
  • ئەلەرمین و دیکادرۆن

زیانەکانی دەرزی تێکەڵە

  • گورچیلەکان تووشی ئازار دەکات بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە.
  • گەدە توشی ئازار دەکات و  ئەگەر زۆر بەکاربهێنرێت دەبێتە هۆی برینی گەدە و خوێنبەربوونی.
  • ئەم دەرمانانە هەندێک جار ڕەنگە کارلێک بکەن جگەر و گەدە و گورچیلە ژەهراوی بکەن.
  • سیستمی بەرگری لەش لاواز دەکات.
  • دەبێتە هۆی قەڵەوبوون و پێستی جەستە نەرم دەکاتەوە.
  • دروستبوونی ئاوی سپی چاو.
  • دروستبوونی ئێسکەنەرمە.
  • زۆر بەکار هێنانی دەبێتە هۆی داخورانی ئێسک.
  • ئەو کەسانەی بەرزی پەستانی خوێن یان شەکرەیان هەیە، لە کاتی بەکارهێنانیدا زیاتر پەستان و شەکرە زیاد دەکات.
  • ئەو منداڵانەی تایەکی زۆریان هەیە ئەگەر دەرزی تێکەڵەیان بۆ بەکار بهێنرێت ئەگەری زۆرە کە تووشی گەشکەیان بکات.
  • ئەو کەسانەی کە زۆر ئەم دەرزییە بەکار دەهێنن ئالوودە دەبن پێیەوە، ئەمەش وایان لێدەکات ئازارێکی کەمیشیان هەبێت داوای دەرزی تێکەڵە دەکەن.
  • بەخێرایی نیشانە جەستەییەکان ناهێڵێت و وادەکات نەزانرێت نیشانەکانی نەخۆشەکە چی بووە و کێشەی چی بووە. ئەمەش وەک ماسکێکە بۆ نەخۆشییەکە.


سەرچاوەکان



825 بینین