لیختنشتاین

له‌لایه‌ن: - بڕوا سەڵاح بڕوا سەڵاح - به‌روار: 2022-08-07-23:01:00 - کۆدی بابەت: 9747
لیختنشتاین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لیختنشتاین (بە ئینگلیزی:  Liechtenstine، بە عەرەبی: إیمارة لیختنشتاین) وڵاتێکی بە زمان ئەڵمانییە کە دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی نێوان هەردوو وڵاتی نەمسا و سویسرا. ئەم خاکە لەلایەن خانەوادەی لیختنشتاینەوە لە ساڵی ١٧١٩ بە مەبەستی بوون بەئەندام لە یەکێتی ئەورووپادا کڕدرا، هەر بەناوی ئەو بنەماڵەیەشەوە ناونراوە.

لیختنشتاین هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی سویسرا لە باشوور و ڕۆژهەڵاتەوە و لەگەڵ وڵاتی نەمسا لە باکوور و ڕۆژاواوە. لەڕووی ڕووبەرەوە بە چوارەم بچووکترین وڵاتی ئەورووپا دادەنرێت کە ڕووبەرەکەی لە ١٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە پێکدێت و دانیشتووانەکەی نزیکەی ٤٠ هەزار کەس دەبن.

لیختنشتاین بەسەر ١١ شارەوانیدا دابەش دەبێت، پایتەختی ئەم وڵاتە شاری ڤادوز (Vaduz)ـە، گەورەترین شارەوانی ئەم وڵاتەش شاری Schaanـە. هەروەها بچووکترین وڵاتە کە هاوسنوورە لەگەڵ دوو وڵات و لە هەرچوار لاوە بە زەوی دەورە دراوە.
بەهۆی ڕووبەرە بچوکەکەیەوە کەسێکی ئاسایی دەتوانێت بە ٥ کاتژمێر بە پێ لە باکوور بۆ باشوورەوە، هەرەوها بە ئۆتۆمبێلیش بە نیو کاتژمێر ببڕێت، بەم هۆیەشەوە زۆرترین هۆکاری گواستنەوە لەم وڵاتەدا هۆکارە زەمینییەکانن.

بواری ئابووری و گەشتیاری

لەڕووی ئابووریەوە لیختنشتاین یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی بەرهەمە ناوخۆییەکان بۆ هەر تاکێک لەو وڵاتە. کەرتێکی زۆر بەهێزی داراییشی هەیە کە سەنتەرەکەی دەکەوێتە شاری (ڤادوز)ـەوە. لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتە بە چەند شاخێک دەورەدراوە بە وڵاتی شاخەکان ناسراوە، وای کردووە کە بە شێوەیەکی گشتی کەشێکی فێنکی هەبێت بۆیە لەڕووی گەشتیارییەوە ئەم وڵاتە بە لانکەی گەشتیاران دادەنرێت، بە تایبەتی لە وەرزەکانی سەرەتا و کۆتاییەکانی هاوین و بەهۆی چیا و شاخە بەرز و سەوزەکانی بووەتە جێگەیەکی گرنگی گەشتیاران لەوکاتەدا. هەروەها قەڵای دێرین و شوێنە مێژووییەکانی بووەتە جێی سەرنجی گەشتیاران، کەرتی گەشتووگوزار یەکێکە لە لایەنە گرنگەکانی ئەم وڵاتە لە بواری ئابووریدا.

دیمۆگرافیای دانیشتووان

زمانی سەرەکی دانیشتووانەکەی ئەڵمانییە بەڕێژەی لە سەدا ٩٠، بەهۆی نزیکی و تێکەڵی لەگەڵ هەردوو وڵاتی نەمسا و سویسرا شێوەزارەکەیان تێکەڵ بە زمانی هەردوو وڵات بووە.
لە ڕووی ئایینەوە، ئایینی سەرەکی وڵاتەکە مەسیحی کاسۆلیکە و لەگەڵیاندا چەندین جۆری جیاواز لە شوێنکەوتووانی ئایینەکانی تریشیان لەگەڵدا دەژی.


سەرچاوەکان



251 بینین