چۆن دایکتانم ناسی (٢٠٠٥)

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-08-11-10:09:00 - کۆدی بابەت: 9789
چۆن دایکتانم ناسی (٢٠٠٥)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زنجیرەی چۆن دایکتانم ناسی (بە عەرەبی: كيف قابلت أُمكما، بە ئینگلیزی: How i met your mother یان HIMYM) زنجیرەیەکی ئەمریکییە لە جۆری سیتکۆم، لەلایەن کرێگ تۆمس و کارتەر بەیسەوە بۆ تۆڕی CBS دروستکراوە. پەخشی زنجیرەکە لە ١٩ـی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٥ـەوە دەستی پێکرد و تا ٣١ـی ئاداری ساڵی ٢٠١٤ بەردەوام بوو. کەسایەتیی سەرەکیی زنجیرەکە، تێد مۆزبییە لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی لە شاری نیویۆرکی ویلایەتی مانهاتن. زنجیرەکە بەرهەمێکی هاوبەشی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی بەیس و تۆمسە، لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەمهێنانی تەلەڤزیۆنی 20th century fox و کاری بڵاوکردنەوە و پەخشکردنی لەلایەن 20th televisionـەوە بۆ کراوە.

چیرۆک

چیرۆکی زنجیرەکە باسی تێد مۆزبی دەکات، منداڵەکانی دادەنیشێنێت بۆ ئەوەی چیرۆکی ناسینی دایکیان بۆ بگێڕێتەوە. چیرۆکەکە لە ڕێگەی زنجیرەیەک فلاشباک و کۆمەڵێک یادەوەری لەگەڵ هاوڕێکانیدا، مارشڵ، ڵیڵی، ڕۆبن و بارنی ستینسندا دەگێڕدرێتەوە.

ئەکتەرەکان

  1. جاش ڕادنەر بە کەسایەتی تێد مۆزبی
  2. ئاڵیسن هانیگن بە کەسایەتی ڵیڵی ئاڵدرین
  3. جەیسن سیگڵ بە کەسایەتی مارشڵ ئێریکسن
  4. نیێڵ پاتریک هێرس بە کەسایەتی بارنی ستینسن
  5. کۆبی سمۆڵدەرس بە کەسایەتی ڕۆبن شرباتسکی
  6. باب ساگێت بە کەسایەتی تێد مۆزبی لە داهاتوودا

زانیاری گشتی

ژانەر سیتکۆم، کۆمیدی ڕۆمانسی، کۆمیدی درامی، نهێنی
دروستکراوە لەلایەن  کارتەر بەیس، کرێگ تۆمس
ئەکتەرانی بەشداربوو جاش ڕادنەر، جەیسن سیگڵ، کۆبی سمۆڵدەرس، نیێل پاتریک هێرس، ئاڵیسن هانیگن
گێڕانەوەی چیرۆکەکە لەلایەن باب ساگێت
گۆرانی دەستپێکی ئەڵقەکان The solids لەلایەن Hey beautiful 
ئاوازدانەر جۆن سویهارت
زمان ئینگلیزی
ژمارەی وەرزەکان ٩
کاتی هەر ئەڵقەیەک ٢٢ خولەک
ژمارەی ئەڵقەکان ٢٠٨
ڕەیتین ٨.٣/١٠ لە پێگەی IMDB، ٨٤٪ لە پێگەی Rotten tomatoes 

خەڵاتەکان

زنجیرەکە بۆ ٧٢ خەڵات پاڵێوراوە و بووەتە براوەی ١٨ دانەیان. لەو ٧٢ خەڵاتەش ٢٨ خەڵاتی ئێمی بووە. لە نێویاندا پاڵێوراوە بۆ باشترین زنجیرەی کۆمیدی. هەریەکە لە ئەکتەران ئاڵیسن هانیگن (بە ڕۆڵی ڵیڵی) و نیێڵ پاتریک هێرس (بە ڕۆڵی بارنی) هەردووکیان بۆ ڕۆڵەکانیان خەڵاتی بژاردەی بینەرانییان بردووەتەوە. هەروەها هێرس بۆ خەڵاتی ئێمی و گۆڵدن گڵۆبیش پاڵێوراوە.

لە ساڵی ٢٠١٢، دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر پەخشکردنی یەکەم ئەڵقەیدا، زنجیرەکە توانی خەڵاتی بژاردەی بینەران بۆ دڵخوازترین زنجیرەی کۆمیدی تۆڕی تەلەڤزیۆنی بباتەوە. لایەنی دەرهێنانی هونەری، دەستکاریکردن و سینەماتۆگرافی زنجیرەکەش توانیویەتی خەڵات بەدەستبهێنێت.

کۆمەڵە زانیارییەک سەبارەت بە زنجیرەکە

  • جاش ڕادنەر ڕۆڵی تێدی دەبینی لە زنجیرەکەدا، بەڵام ئەو کەسەی کە قسە بۆ منداڵەکانی دەکات و چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە، جاش نییە، بەڵکوو ئەکتەرێکی ترە بە ناوی باب ساگێت.
  • شاری نیویۆرک زۆر باس دەکرێت لە زنجیرەکەدا و وەکوو کەسایەتییەکی زنجیرەکە وایە، بەڵام لە ڕاستیدا زنجیرەکە لە لۆس ئەنجلۆس وێنەی گیراوە.
  • کەسایەتی تێد لە کارتەر بەیسی نووسەری زنجیرەکەوە وەرگیراوە، لە کاتێکدا مارشڵ و ڵیڵی لە کەسایەتی کرێگ تۆمس و ژنەکەیەوە وەرگیراون.
  • زنجیرەکە لە بەردەم ستۆدیۆی بینەراندا وێنە نەگیراوە. وێنەگرتنی هەر ئەڵقەیەک سێ ڕۆژی پێ چووە و ٥٠ دیمەن لە خۆ دەگرێت بە گۆڕانە خێراکان و فلاشباکەکان. دەنگی پێکەنینەکان دواتر زیاد دەکرا.
  • لە ئەڵقەی ١٣ـی وەرزی سێهەمدا، بریتنی سپیرزی گۆرانیبێژی پۆپ دەردەکەوێت، کە کارتەر ئاماژەی بەوەداوە دەرکەوتنی بریتنی یارمەتیدەر بووە بۆ زیادکردنی ژمارەی بینەران و ڕزگارکردنی زنجیرەکە لەو نمرە کەمانەی کە پێی دراوە.
  • بەشێک لە کەرەستەکانی سێتی زنجیرەکە لە کۆتاییدا وەکوو یادگاری درا بە ئەکتەر و دەرهێنەرەکان. جاش ڕادنەر بوقە فەڕەنسییە شینەکەی برد. هێرس کتێبی The playbookـەکەی بارنی و کورسی شوێنی دانیشتنەکەی باڕی مکڵێرنی برد. کۆبی چاکەتەکەی ڕۆبن سپاڕکڵز و ترافیکەکەی باڕەکەی برد. ئاڵیسن کۆشکە بچووکە تەلەفوونە بەریتانییەکەی برد. بەیس دوو شمشێرەکەی شوقەکەی مارشڵ و تێدی برد.
  • هاوسەری بەشێک لە ئەکتەرەکان لە زنجیرەکەدا بەشداربوون. بۆ نموونە هاوسەرەکەی هێرس خۆشەویستە کۆنەکەی ڵیڵی بوو بە ناوی سکوتەر. هاوسەرەکەی ئاڵیسن ساندی ڕیڤەرز بوو کە لەگەڵ ڕۆبندا بێژەر بوو. هاوسەرەکەی کۆبیش دەرکەوتنی هەبوو بە ڕۆڵی گاری بڵاومن.
  • لە وەرزی چوارەمدا هەر یەکە لە ئاڵیسن و کۆبی دووگیان بوون، لە کاتێکدا کارەکتەرەکانیان نەدەبوو دووگیان بن. بۆیە چەند تەکنیکێکیان بەکارهێنا بۆ شاردنەوەی دووگیانییەکەیان وەکوو شاردنەوەی سکییان لە پشتی مێز یان ئامرازی ترەوە، جلوبەرگی فشیان لەبەردەکرد و جانتای گەورەیان دەکردە شان. لە وەرزی چوارەمدا لە ئەڵقەی ٢٠ـدا ڵیڵی دەڕوات تا ئەڵقەی ٢٣ دەرناکەوێتەوە، لە ڕاستیدا ئەکتەرەکە لەو کاتەدا منداڵی دەبوو بۆیە لەسەر شاشە دەرنەکەوت.
  • کتێبی The bro code و The playbook لە ڕاستیدا هەن و دەتوانیت بە دەستیان بخەیت.
  • زۆربەی وێبسایتەکان کە لەزنجیرەکەدا باسدەکرێت لەڕاستیدا بوونیان هەیە وەکوو: tedmosbyisajerk.com، barneysvideoresume.com، notafathersday.com.
  • گەر ئەم زنجیرەیە نەبووایە کەسایەتی مایک ئێرمنتراوت بوونی نەدەبوو لە زنجیرەی بەدگۆڕان (Breaking bad). ئەو کاتەی خەریکی وێنەگرتنی زنجیرەی بەدگۆڕان بوون بۆب ئۆدنکێرک کە ناسراوە بە سۆڵ گودمن، گرێبەستی هەبوو و لە زنجیرەی چۆن دایکتانم ناسی بەشداربوو. هەر بۆیە بۆب تەنها دەیتوانی بەشداری لە چەند ئەڵقەیەکی بەدگۆڕاندا بکات، بۆیە نووسەرانی زنجیرەی بەدگۆڕان ناچاربوون کەسایەتییەکی تر دروستبکەن کە بتوانێت کارەکانی سۆڵ گودمن بکات و ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە. ئەو کەسایەتییەش مایک بوو کە دواتر بوو بە یەکێک لە خۆشەویستترین کەسایەتییەکانی سەر شاشە.
  • ئەم خاڵە سپۆیڵە: دروستکەرانی زنجیرەکە بڕیاریان دابوو ئەگەر زنجیرەکە لە وەرزی یەکەم و دووەمدا هەڵبوەشێتەوە ئەوا ڤیکتۆریا بکەن بە دایکەکە.
  • ئەم خاڵە سپۆیڵە: ئەڵقەی ١٣ـی وەرزی شەشەم بە ناوی (Bad news)، جەیسن تا کۆتایی وێنەگرتنی ئەڵقەکە نەیدەزانی باوکی مارشڵ (باوکی کارەکتەرەکەی) دەمرێت، کاتێک ڵیڵی پێی گوت "نەیتوانی ڕزگاری بێت"، کاردانەوەکەی مارشڵ ڕاستەقینە بوو و دێڕەکەی کە دەیڵێت "من ئامادە نیم بۆ ئەمە" لە سکریپتدا نەنووسرابوو.
  • ئەو دوو ئەکتەرەی ڕۆڵی منداڵەکانی تێدیان دەبینی، هەموو دیمەنەکانیان بەیەکجار وێنەی گیراوە، بۆ ئەوەی گەورە نەبن و شێوەیان نەگۆڕێت. هەر بۆیە ئەوان دەیانزانی دایکەکە کێیە و کۆتاییەکە چۆنە، بەڵام سوێندیان پێ خواردبوون کە لای کەس باسی نەکەن.
  • ئەڵقەی ١٠ـی وەرزی یەکەم بەناوی (The pineapple incident) و ئەڵقەی کۆتایی، پڕ بینەرترین ئەڵقەکانی زنجیرەکەن.
  • کۆتا دیمەنی وێنەگرتنی زنجیرەکەش ئەو دیمەنەیە کە تێد چاوی بە دایکەکە دەکەوێت لەسەر شۆستەی شەمەندەفەرەکە.

بەشێک لە بەناوبانگترین وتەکانی زنجیرەکە

  1. "هەرچییەک دەکەیت لەم ژیانەدا، ئەفسانەیی نییە ئەگەر هاوڕێکانتی لێ نەبێت بیبینن". بارنی ستینسن
  2. "ئەگەر نەترسیت، هەلەکە ناقۆزیتەوە. ئەگەریش هەلەکە ناقۆزیتەوە ئەی کەوایە چی دەکەیت؟". تێد مۆزبی
  3. "ناکرێت هەموو شەوەکان ئەفسانەیی بن. ئەگەر هەموو شەوەکان ئەفسانەیی بن، ئەوا هیچ شەوێک ئەفسانەیی نییە". تێد مۆزبی
  4. "دەزانم کارێکی هەڵەیە، بەڵام شتانێکی دیاریکراو لە ژیاندا هەن کە خۆت دەزانیت هەڵەن، بەڵام بە ڕاستی نازانیت کە هەڵەیە، چونکە تاکە ڕێگە بۆ ئەوەی بە ڕاستی بزانیت هەڵەیە، ئەوەیە کە هەڵەکە ئەنجام بدەیت، پاشان ئاوڕ بدەیتەوە و بڵێیت 'بەڵێ، ئەوە هەڵە بوو'. بۆیە لە ڕاستیدا هەڵە گەورەکە ئەوە دەبێت کە هەڵەکە نەکەیت، چونکە دواتر هەموو ژیانت بەسەر دەبەیت بەبێ ئەوەی بزانیت کە شتێک هەڵە بووە یاخود نا". ڵیڵی ئاڵدرین
  5. "هەر کاتێک کە وەستایت بۆت دەردەکەوێت چەند قورسە دووبارە دەست پێبکەیتەوە". تێد مۆزبی
  6. "ئەگەر بەدوای وشەیەکدا دەگەڕێیت بە واتای گرنگیدان بێت بە کەسێک لەودیوی سنوورە ئەقڵانییەکان و بتەوێت هەموو ئەو شتانەیان هەبێت کە دەیانەوێت بێ گوێدانە ئەوەی ئەو کارە لەناوتدەبات، ئەوا ئەو وشەیە 'خۆشەویستی'یە". تێد مۆزبی
  7. "بابەتەکە دەربارەی سەلماندن نییە، دەربارەی باوەڕە. باوەڕ شێوە و مانا بە ژیان دەبەخشێت". مارشڵ ئێریکسن
  8. "ناتوانیت وەکوو بینایەک نەخشەسازی ژیانت بکەیت، ژیان بەو شێوەیە ناڕوات بەڕێوە. تەنها ئەوەت لەسەرە بژیت و ژیان خۆی خۆی دەنەخشێنێت. گوێ لەوە بگرە کە جیهان پێت دەڵێت و باز بدە". ڵیڵی ئاڵدرین
  9. "هەرگیز هێزی چارەنووس بە کەم مەبینن. چونکە لەو کاتەی کە هیچ چاوەڕوانی ناکەیت، بچووکترین شت دەتوانێت کاریگەریەکی بچووکی هەبێت و ژیانت بگۆڕێت". تێد مۆزبی
  10. "هەندێکجار، هەرچەندە دەزانیت شتێک چۆن کۆتایی دێت، واتای ئەوە ناگەیەنێت ناتوانیت چێژ لە گەشتەکەی وەربگریت". تێد مۆزبی


سەرچاوەکان



568 بینین