گوڵە هێرۆ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-12-19:54:00 - کۆدی بابەت: 9810
گوڵە هێرۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هێرۆ (بە عەرەبی: زهرة هولي هوك، بە ئینگلیزی: Hollyhock، ناوی زانستی: Alcea rosea یەکێکە لە ئەو گوڵانەی کە چەندین جۆری جیاوازی هەیە، ساڵانێکی زۆرە بۆ جوانکاری لە باخچەکاندا دەچێنرێت، هەندێک لە خەڵکیش جگە لە جوانییەکەی بۆ مەبەستی تریش بەکاریدەهێنن، بەگوێرەی ئەو تاقیکردنەوانەی کە لەسەر گوڵی هێرۆ کراوە، دەرکەوتووە کە ژەهراوی نییە، بەڵام گەڵا و قەدەکەی دەبنە هۆی دروستبوونی خوران و نیشانەکانی هەستیاری، واتە باشترە دەستی لێنەدرێت و زۆر نزیکی نەبنەوە، هەروەها هەندێکجار و بەدەگمەن دەبێت بە خۆراکی بوونەوەرەکان وەک ئاسک.  

شێوە و پێکهاتەی

ئەم گوڵە شێوەیەکی تایبەتی هەیە، درێژییەکەی بەنزیکەیی لە نێوان ٢-٢.٥ مەتر دەبێت و پانییەکەشی لە نێوان ٣٠-٦٠ سانتیمەتر دەبێت، کاتی گوڵگرتنی لە ناوەڕاستی هاویندایە هەندێکیشیان دوای ئەوەی گوڵ دەگرن ئەگەر ببڕدرێنەوە ئەوا دەکرێت لە پاییزیشدا گوڵ بگرنەوە، کە گوڵەکەی چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە و لەسەر قەدێکی درێژەوەبوو دەگەشێنەوە، ڕەنگی گوڵەکانی دەکرێت هەریەک لە ئەمانە بن شین، پەمەیی، مۆر، سوور، سپی، زەرد تەنانەت ڕەنگی ڕەشیشی هەیە.

جێگەی خونچەکانی لەبەشی سەرەوەی قەدەکە هەتاکوو خوارەوەی درێژبوونەتەوە، لە یەک چڵی قەدێکدا دەکرێت چەندین خونچە و گوڵ بگرێت، گوڵەکانیش بەگشتی شێوەیان وەک پەرداخێک دەردەکەوێت هەندێکیشیان لێوارەکانیان جیابووەتەوە و شێوەی جیاوازیان هەیە، گەڵاکانی زبرن و قەبارەیەکی گەورەیان هەیە، هەروەها وەک لەپی دەست دەردەکەون و شێوەیەکی فراوانیان هەیە.

سوودەکانی

ئەم گوڵە بەرزییەکی زۆری هەیە و دەبێتە هۆی دابینکردنی دیمەنێکی جوان بۆ گوڵە کورتەکانیش، بۆیە لە ڕازاندنەوەی باخچەکاندا گرنگییەکی باشی پێدەدرێت، لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆی ڕاکێشانی بوونەوەری جوانی وەک پەپوولەکان، یاخود هەندێک لە خەڵکی لە گوڵەکەی چا دروستدەکەن و بۆ مەبەستی چارەسەکردنی کێشەکانی هەناسەدان و هەرسکردن، یاخود هەندێکی تر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر برین و هەڵئاوسان دایدەنێن بە مەبەستی زوو ساڕێژبوونەوەیان.

بەڵام بڕی بەکارهێنانی بەگوێرەی تەمەن و ڕەگەز و تەنانەت خاتوونی دووگیان و شیردەریش دەگۆڕێت، بۆ زانینی ئەوەی کە چەندێک لە گوڵەکە وەربگیردرێت و چۆن بەکاربێت زانیاری وردی تەواوەتی نییە، بۆیە باشترە بەبێ دڵنیابوونەوە بەکارنەهێنرێت، چونکە زۆرینەی ڕووەکەکان سەرەڕای ئەوەی سروشتین بەڵام کاریگەری نەرێنیشیان هەیە.  

شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی

چاندنی گوڵە هێرۆ بە تۆو دەبێت کە لە پێش هەفتەیەک لە کۆتایی هاتنی سەرما هەتاکوو دوای سێ هەفتە لە کۆتایی هاتنی ئاووهەوای سارد دەچێنرێت، دەخرێتە قوڵایی ٠.٦ سانتیمەترەوە و مەودای نێوان تۆوەکانیش باشترە کە بگاتە ٦٠ سانتیمەتر، لە هەردوو ناوماڵ و دەرەوەشدا چەکەرە دەکات، بەڵام گوڵی هێرۆ ڕەگی زۆر درێژدەبێتەوە، بۆیە ئەگەر لەماڵەوە بچێنرێت دەبێت بخرێتە گۆزە و ئینجانەی درێژەوە.

جێگەی ناشتنی گوڵی هێرۆ دەبێت بڕێکی زۆر خۆری هەبێت، ئاوی پێدا بڕوات و کەڵەکە نەبێت، هەروەها لەبەر ئەوەی گوڵێکی درێژە بۆیە دەبێت بپارێزرێت لە با و ڕەشەبا، بە دروستکردنی پەرژین یان هەر پاڵپشتییەکی تر کە لە شکانەوە بیپارێزێت، جگە لە ئەمانەش گوڵی هێرۆ ساڵانە تۆوەکەی خۆی دەوەرێنێتە بنجی خۆی، واتە لەهەمان جێگەدا سەوز دەبێتەوە، بۆیە باشترە لە جێگەیەکدا بێت کە نەبێتە هۆی بێزارکردن و دواتر لابردنی گوڵەکە لە ئەنجامدا، چونکە ڕەگێکی درێژ دادەکوتێت و بەئاسانی لانابرێت.

هەروەها هێرۆ یەکێکە لە ئەو گوڵە کەمانەی کە دەکرێت لە نزیک داری گوێزەی ڕەشەوە بچێنرێت، داری گوێزی ڕەش ماددەیەکی کیمیایی دەردات بۆ خاکەکە و گوڵە هێرۆش دەتوانێت بەرگەی بگرێت، کە هەموو ڕووەکێک ئەم توانایەی نییە و ناکرێت لە نزیک ئەو جۆرە گوێزەدابن، بۆ گەشەسەندنێکی تەواو زۆرینەی جۆرەکانی گوڵە هێرۆ پێویستییان بە دوو ساڵ هەیە، لە ساڵی یەکەمدا وزە کۆدەکاتەوە و گەڵاکانی دروست دەکات، دواتر لە ساڵی دووەمیدا گوڵ دەکات و گوڵەکانیش تۆو دروستدەکەن، بەڵام هەندێک لە جۆرەکانی وەک گوڵە ئاساییەکان هەر لە ساڵی یەکەمی تەمەنیاندا گوڵدەگرن.  

گوڵە هێرۆ گرنگی پێدانێکی زۆر و تایبەتی ناوێت، تەنها ساڵانە بەشێکی ببڕدرێت باشترە بۆ ئەوەی ببوژێتەوە، هەروەها لەبەرئەوەی ئەم گوڵە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی مێرووی زۆر، بۆیە باشترە کە دەرمانی تایبەتی لەسەر بپرژێنرێت، هەتاکوو لەتووشبوون بە نەخۆشی بەدووربێت، یاخود هەندێکیان تووشی کەڕوو دەبن و بۆ دانەکانی تریشیان دەگوازرێتەوە، کە کەڕووەکە خاڵ و نیشانەی ڕەنگ جیاواز لەسەر گەڵاکان دروست دەکات و زیان دەگەیەنێت.

هەروەها بۆ بەردەوامبوون و گەشەسەندن پێویستی بە بڕێکی زۆر لە تیشکی خۆر هەیە، تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بێت و لەسێبەریشدا بێت گونجاوە، لە سەرەتای تەمەنیدا کاتێک گوڵەکە بچووکە پێویستی بە ئاوی زۆر هەیە، بەڵام کاتێک هەندێک گەورەدەبێت دەتوانێت تا ڕادەیەکی باش بەرگەی وشکی و کەم ئاوی بگرێت، بەڵام لەکاتی ئاوداندا دەبێت ئاوەکە بەر گەڵاکانی نەکەوێت، چونکە دەبێتە هۆی تووشبوونیان بە نەخۆشی.


سەرچاوەکان



1438 بینین