جەنگی غەززە (٢٠٢٢)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-14-16:29:00 - کۆدی بابەت: 9831
جەنگی غەززە (٢٠٢٢)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگ بۆ سەر غەززە ٢٠٢٢ (بە ئینگلیزی: Operation Breaking Dawn، بە عەرەبی: الحرب على غزّة 2022 ، عمليّة الفجر الصادق) یان ئۆپەراسیۆنی بەیانی ڕاستەقینە وەک ئیسرائیل ناوی لێنابوو، یان ئۆپەراسیۆنی یەکێتیی مەیدانەکان، وەک بزووتنەوەی سەرایا قودس ناوی لێناوە. جەنگێکە لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیلەوە لە سەروبەندی ٥ی ئابی ٢٠٢٢دا ئەنجامدرا دوای ئەوەی بنکەکانی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە کەرتی غەززە کردە ئامانج، بەتایبەتی قۆڵی سەربازییەکەی، سەرایا قودس.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە هێرشەکەدا ٤٩ فەڵەستینی کوژراون کە ١٧ کەسیان منداڵ و ٤ ژن بوون و ٣٦٠ کەسی تریش برینداربوون، هەروەها بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیلەوە لە ئەنجامدا دوو سەرکردەی سەرایا قودس کوژراون: تەیسیر جەعبەری فەرماندەی دەڤەری باكوور و خالید مەنسوور فەرماندەی دەڤەری باشوور.

پاشخان

گرژییەکان دوای ئەوە دەستی پێکرد کە هێزەکانی ئیسرائیل سەرکردەیەکی جیهادی ئیسلامییان لە کەناری ڕۆژاوا بە ناوی (بەسام سەعدی) دەستبەسەر کرد، کۆمەڵێک هێزی ناردە باشوور ئەمەش دوای هەڕەشەی هێرشکردنە سەر لە غەززە.

هێڵی کاتیی هێرشەکان

٥ی ئاب

سەرچاوە میدیاییەکانی ئیسرائیل کاتژمێر ٣:٣٠ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٥ی ئابی ٢٠٢٢ ڕایانگەیاند کە سوپای ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ پەیوەندیکردن بە هێزە یەدەگەکانەوە بەهۆی "بەرزبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراو"ـەوە. پاشان وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەرکەوت و پشتڕاستی کردەوە: "بە دژمنان و سەرکردەکانی حەماس و جیهاد دەڵێم کە کاتتان سنووردارە و بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەم هەڕەشانە کۆتاییان دێت”.

کاتژمێر ٤:٢٠ دەنگی کۆمەڵێک تەقینەوەی بەهێز لە غەززە بیسترا و ڕاستەوخۆ ئیسرائیل ڕایگەیاند کۆمەڵێک ئامانجی گرنگیان لە غەززە کردووەتە ئامانج کە زۆرینەیان دەگەڕێنەوە بۆ بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی. دواتریش شێوازی خۆپاراستن بۆ هاووڵاتیانی ئیسرائیلی بڵاوکرایەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە هێرشی پێچەوانەوە بپارێزن. لە یەکەم هێرشدا سەرکردەیەکی گەورەی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و کۆمەڵێک کەسی مەدەنی بەهۆی بۆردمانەکەوە گیانیان لەدەستدا. ئیسرائیلیش ڕایگەیاند لەگەڵ تەیسیر جەعبەریدا ١٥ ئەندامی چالاکی بزووتنەوەکە کراونەتە ئامانج.

دوای هێرشەکە هەموو هێزە سەربازی و سیاسییەکانی غەززە لە ڕاگەیاندنەکاندا وەڵامی ئیسرائیلیان دایەوە و بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند ئەم هێرشە بۆ هەمووانە و هەمووان پێکەوە دژی دەوەستینەوە، لە هەمان کات ڕۆژنامەی یەدیۆت ئەهرۆنۆتی ئیسرائیلی لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند هەوڵدەدەن حەماس لە شەڕەکە ببەنە دەرەوە.

 تا کاتژمێر نۆی ئێوارە، کۆمەڵێک مووشەک لە کەرتی غەززەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدەدران گومبەتی ئاسنین کۆمەڵێکیان خستە خوارەوە و لە تەلئەبیب و ژمارەیەک شارۆچکەی دەوروبەری زەنگی ئاگادارکەرەوە لێدرا. سوپای ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ٨٠ موشەک لە غەززەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کراوە کە ٤٦ مووشەکیان گەیشتوونەتە خاکی ئیسرائیل، هاوکات ٣٣ موشەک لەڕێگەی گومبەتی ئاسنییەوە ڕێگرییان لێکراوە.

٦ی ئاب

سوپای ئیسرایل لە بەیاننامەیەکی نوێدا ڕایگەیاند کە شەڕکەرەکانیان ٣٠ هێرشی ئاسمانییان ئەنجام داوە و زیاتر لە ٤٠ ئامانجی سەر بە جیهادی ئیسلامییان وێران کردووە، هەروەها ڕایگەیاند نزیکەی ١٣٠ مووشەکی غەززە سنووریان بەزاندووە، کە لەلایەن بزووتنەوەی جیهادەوە ئاڕاستە کراوە و گومبەتی ئاسنینیش ڕێگری لە ٦٠ مووشەکیان کردووە. دوای بەیاننامەکەی ئیسرائیل، جارێکی تر لە عەسقەلان و شوێنەکانی تری نزیک سنووری غەززە، زەنگی ئاگادارکەرەوەکان بیسترا. ڕاگەیاندنی ئیسرائیلیش بڵاویكردەوە، سوپا هەڕەشەی فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی دەكات لە غەززە ئەگەر حەماس دەستوەردان بكات و پشتیوانی لە جیهادی ئیسلامی بكات.

لە ماوەی دوو ڕۆژی هێرشەکاندا ٦٥٠ یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوی یان بەشێکی وێران کران لە غەززە. سەرایا قودس ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی لەگەڵ لیواکانی بەرخۆدانی نیشتمانی (باڵی سەربازی بەرەی دیموکرات بۆ ڕزگاری فەڵەستین) و یەکەکانی موجاهیدین و یەکەکانی شەهیدانی ئەقسا (باڵی سەرەکی سەربازی بزووتنەوەی فەتح) ئەنجامدا بۆ بۆردومانی ژمارەیەک لە شارۆچکەکان کە هاوسنوورن لەگەڵ غەززە.

لەم ڕۆژەدا چەندین هێرش کرایە سەر کۆمەڵێک ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەت کە گوایە شوێنی مانەوەی کەسایەتییە سەربازی و سەرکردەکانی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامییە، بەڵام هەموو ئەم پاساوانە لەلایەن لایەنە فەڵەستینییەکانەوە بە درۆ خرانەوە و بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانە، هەموو شوێنە نیشتەجێبوونەکان کە کرابوونە ئامانج خەڵکی مەدەنی بوون.

لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ ڕاگەیاندنی سوپای بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ناوچەی ڕەفەح هێرشیان کردووەتە سەر فەرماندەی لیوای باشوور لە بزووتنەوەی جیهاد، خالید مەنسوور، پاش کەمێک پشتڕاستکرایەوە کە خالید مەنسوور بەهۆی بۆردمانەکەوە گیانی لەدەستداوە. لەگەڵیدا ٨ کەس کوژران کە منداڵێک و سێ ژنیان تێدابوو.

٧ی ئاب

چەند خولەکێک دوای کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ، هێزەکانی سەرایا قودس لە ڕێگەی مووشەکەکانیەوە لە یەک کاتدا هەر ٥٨ شوێنی نیشتەجێبوونی دەوروبەری کەرتی غەززەیان کردە ئامانج، نزیکەی ١٠٠ مووشەک لە ناوەوەی کەرتی غەززەوە تەقێنران و دەیان شوێنی نیشتەجێبوونی نزیکیان کردە ئامانج.

ئاماری قوربانیان

بەهۆی هێرشەکانەوە ٤٩ فەڵەستینی کوژران، کە ١٧ منداڵ و ٤ ژنیان تێدایە. هەروەها ژمارەی برینداران گەیشتە ٣٦٠ کەس.

کاردانەوەکان

لەڕووی لایەنە عەرەبییەکانەوە

  • سەرۆکایەتی فەڵەستین: ئێمە ئیدانەی دەستدرێژیکردنە سەر کەرتی غەززە دەکەین و داوا دەکەین دەستبەجێ بوەستێنرێت و داگیرکاریی ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانین لە پەرەسەندنی هێرشەکانی کەرتی غەززە.
  • وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ: دەوڵەتی قەتەر ئیدانەکردنی توندی خۆی بۆ دەستدرێژییە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەردەبڕێت و ئێمە هەڵوێستی پتەوی خۆمان لەسەر دادپەروەری بەرانبەر دۆزی فەڵەستین و مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین دووپات دەکەینەوە.
  • وەزارەتی دەرەوەی عێراق: عێراق ئیدانەی دەستدرێژیی زایۆنییەکان دەکات کە چەند ناوچەیەکی لە غەززە کردۆتە ئامانج. زمانی توندوتیژی کە لەلایەن قەوارەی زایۆنییەوە بەکار دەهێنرێت کەشوهەوای گرژی بەردەوام دەکات.
  • وەزارەتی دەرەوەی میسڕ: بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی غەززە و کارکردن بۆ ئارامی ناوچەکە بەخێرایی هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە.
  • وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە: ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین کە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامدراوە.

لەڕووی نێودەوڵەتییەوە

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: ئێمە لەگەڵ ئیسرائیلدا دەوەستین لە بەرگریکردن لە خۆی و داوای وەستاندنی خێرای توندوتیژی دەکەین.

  • وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پشتیوانی لە مافی ئیسرائیل دەکەین بۆ بەرگریکردن لە خۆی و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین خۆیان لە پەرەسەندنی زیاتر بەدوور بگرن.
  • فەڕەنسا: ئێمە نیگەرانین لە پەرەسەندنی دۆخی خراپی غەززە و بەداخەوەین لە زیانەکانی، هەروەها ئیدانەی تەقاندنی مووشەکەکان دەکەین بۆ سەر خاکی ئیسرائیل.
  • وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: ئێمە بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەین بۆ سەر غەززە، جێگەی قبوڵکردن نییە کە قوربانیانی مەدەنی هەبووبێت.


سەرچاوەکان



407 بینین