گوڵی ئەرخەوان

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-14-21:47:00 - کۆدی بابەت: 9839
گوڵی ئەرخەوان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی ئەرخەوان یان گوڵی ئۆرکید (بە عەرەبی: زهرة الأوركيد، بە ئینگلیزی: Orchid، ناوی زانستی: Orchidaceae)، یەکێکە لە گوڵە بەناوبانگەکانی ناو ماڵ و ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی هەیە، هەموویان بەگشتی شێوەیان لە یەکترییەوە نزیکە و تایبەتمەندییە فیزیاییەکانیان هاوشێوەیە، بەڵام ئەرخەوان بە گوێرەی ناوچەکان ناوی باوی جیاوازی هەیە، تەمەنێکی درێژخایەنی هەیە و هەمیشەییە، واتە ساڵانە لەسەر هەمان بنجی خۆی دەڕوێتەوە، هەروەها ڕووبەڕووی چەندین جۆر مێروو و میکرۆب و نەخۆشی دەبێتەوە، کە پێویستە بە خاوێنی بهێڵرێتەوە یاخود زەیت و تێکەڵەی تایبەت بکرێت بەسەریدا، هەتاکوو لە زیان بەدوور بێت و بیپارێزێت.

شێوە و پێکهاتەی

ناسینەوەی ئەم گوڵە زۆر ئاسانە کە ژمارەیەکی زۆر لق و چڵی هەیە و شێوەیان چەماوەیە، گوڵ و خونچەی زۆری ڕەنگ ناسک دەگرن، بەلایەنی کەمەوە ساڵانە یەک جار گوڵدەگرن، کۆمەڵێک ڕەنگی جیاوازی هەیە وەک مۆر، پەمەیی و سپی هەروەها دەکرێت پەڕەکانی خاڵ و هێڵی ڕەنگ جیاوازیان لەسەربێت، گوڵەکان بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە ئەگەر پلەی گەرمی و ڕێژەی شێی ناوەندی بۆ دابینبکرێت.

گەڵاکانی ئەرخەوان شێوەی جیاوازیان هەیە و هەموویان بە ڕووپۆشێکی مۆمی داپۆشراون، کە ڕێگری دەکات لە بەفیڕۆچوون و نەمانی ئاو و پاراستنی ڕێژەی شێ، درێژییەکەی بەنزیکەیی لە نێوان ٣١-٤١ سانتیمەتر دەبێت، یەکێکی تر لە پێکهاتەکانی ئەم ڕووەکە ڕەگەکەیەتی، جۆری تەندروست ئەوەیە کە ڕەنگی سپییە و بەشی تازە گەشەکردووی سەوزی هەیە، بەڵام ئەو ڕەگانەی کە سیساون ڕەنگیان ڕەشە و دواتر دەبێت لاببرێن چونکە تەندروست نین، جگە لە ئەمانەش ئەم گوڵە لە ژینگەی گونجاودا دەتوانێت بۆ دەیان ساڵ بژی.

سوودەکانی

  • بەخشینی دیمەنێکی جوان
  • خاوێنکردنەوەی هەوا
  • کەمکردنەوەی فشار
  • هەندێکیان بەکاردێن بۆ بەرهەمهێنانی بۆنی زۆر خۆش
  • هاوکاریکردن لە خەوتنی ئارام
  • کەمکردنەوەی هەستیاری
  • بەکاردێت وەک دیاری بۆ زۆر مەبەستی جیاواز

شێوازی چاندن

زیادکردنی ئەم گوڵە بە تۆو ڕێگەیەکی ناسراو نییە، چونکە چەکەرەکردنی تۆوەکەی پێویستی بە بارودۆخێکی زۆر نائاساییە و دابینکردنی قورسە، لەجیاتی تۆو زیادکردنی ئەرخەوان بەهۆی لقەکانییەوە دەبێت، سەرەتا بنجەکەی شێدار دەکرێت دواتر لقەکان بە ڕەگەکانیانەوە جیادەکرێنەوە و دەچێنرێن و ئاو دەدرێن، هەندێک لە جۆرەکانی بەخێرایی گەشە دەکەن بەڵام ئەوانی تر پێویستییان بە گرنگیپێدانی تایبەتە.

هەندێک لە خەڵکی ئەم گوڵە لە ئینجانەی پلاستیکیدا دادەنێن کە کردەوەیەکی هەڵەیە، چونکە ئەرخەوانەکان لە سروشتدا لەسەر ڕەگەکانیان گەشەدەکەن، ڕەگ ئەندامی کۆکەرەوەی ئاوە و دەبێت جێگەکەی ئاو و هەوای پێدا بڕوات هەتاکوو بە تەندروستی بمێنێتەوە، بەڵام لە ئینجانە پلاستیکییەکاندا دەکرێت بەئاسانی ئاو کەڵەکەببێت، هەروەها نابێت بە بەردەوامی ڕەگی شێداربێت چونکە دەبێتە هۆی لەناوچوونی.

شێوازی گرنگیپێدان

ئەرخەوان پێویستی بە ڕووناکی خۆری ڕاستەوخۆ نییە، تەنها جێگەکەی زۆر ڕووناک بێت گونجاوە، واتە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕووناکی خۆری بەربکەوێت، لە خاکێکی ئاساییدا گەشە ناکات، بەڵکوو پێویستی بە پێکهاتەیەکی تێکەڵ لە قەوزە و نیانی درەخت لەگەڵ تەپەدۆر و تەنانەت پارچەی خشت هەیە، ئەم پێکهاتانە پێکەوە یارمەتی ڕەگەکەی دەدەن هەتاکوو هەناسەبدات و گەشەبکات، دواتر لەگەڵ ئاو و پێکهاتەکانی تردا پێکەوە نشینگەیەکی کەمێک ترش دابیندەکەن.

هەروەها ئاودانێکی زۆر کەمی پێویستە چونکە ڕەگی گوڵەکە ئاو کۆدەکاتەوە و بەکاریدەهێنێت، واتە دوای وشکبوونی خاکەکەی ئینجا ئاوی زۆی پێبدرێت، لە هاویندا دەبێت هەفتانە ئاوی زۆری پێبدرێت و تەنانەت نوقم بکرێت لە ئاودا بەو مەرجەی کە دواتر ڕێگەبدرێت خاکەکەی بەتەواوەتی وشکببێتەوە، بەڵام لە زستاندا دەبێت ببرێتە جێگەیەکی گەرم و ئاودانی بکرێت بە مانگی جارێک، هەفتانەش ئاو بەسەر گەڵاکانیدا بپڕژێنرێت بۆ دابینکردنی ڕێژەی شێی پێویست، ئەگەر پرژاندنەکە زۆربێت ئەوا دەبێت گەڵاکانی وشکبرێتەوە و ئاوەکەی لاببرێت.

لە وەرزی گەشەکردنیدا دەکرێت هەفتانە ماددەی خۆراکی پێبدرێت بەڵام لە زستاندا نەبێت، کاتی گوڵگرتنی بەگوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت، دوای کۆتایی هاتنی گوڵگرتن هەندێک لە شارەزاکان دەڵێن باشترە کە بەشێکی ببڕدرێت، هەندێکی تریشیان وەک خۆی دەیهێڵنەوە بەهیوای ئەوەی گەشەسەندنێکی نائاسایی بکات، کە ئەمەش هەندێکجار ڕوودەدات، بەگشتی لەکاتی بڕینی لقە کۆنەکاندا ڕێگە بۆ گەشەسەندنی لقی نوێ دەڕەخسێت، بە گوێرەی جۆرەکان شێوازی لێکردنەوە و بڕینەکانیش جیاوازن، بەڵام پێویستە ئامێرەکە زۆر خاوێن و تیژبێت، چونکە خاوێنی پارێزگاری لە تەندروستی گوڵەکە دەکات.

سەرکەوتووترین یاسا بۆ پەروەردەکردنی گوڵی ئەرخەوان ئەوەیە کە ژینگەیەکی وەک جێگە سروشتییەکەی بۆ دابینبکرێت، ئەم گوڵە لە سروشتدا لەسەر ڕووبەری شتەکان گەشەدەکات وەک ڕووبەرە زبرەکانی درەخت و بەردەکان، کە لە ژینگەکانی تردا بەهۆی هەڵەی بچووکەوە بەئاسانی لەناودەچێت، بۆ نموونە ئەگەر گەڵاکانی زەرد یان سیس و چرچ ببن، ئەوا واتە ئاوی زۆری پێدراوە یان خاک و ڕەگەکەی نەگونجاوە، بۆیە دەبێت سەرەتا هۆکارەکەی دەستنیشانبکرێت دواتر ژینگە و ناوەندەکەی بگۆڕدرێت.  


سەرچاوەکان



489 بینین