ئێکستەر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-15-18:25:00 - کۆدی بابەت: 9847
ئێکستەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئێکستەر (بە ئینگلیزی: Exeter، بە عەرەبی: إكستر)، شارێکە لە هەرێمی دیڤۆن لە باشووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا. دەکەوێتە سەر ڕووباری ئێکسی (Exe)، نزیکەی ٥٨ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پلیمۆس و ١١٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای بریستۆڵەوە دوورە. ڕووبەری ڕووی ئەم شارە ٤٧٫٠٤ کیلۆمەتر دووجایە و لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ١٣١٫٤٠٥ کەس خەمڵێندرا.

مێژووی ئێکستەر

حکوومڕانی ئێکستەر پێش سەدەی ١٦ لەژێر دەستی ڕۆمەکاندا بوو. لە ماوەی ساڵانی ١٦٠٠ـەکاندا و لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئینگلتەرادا، شارەکە لەلایەن سوپای شاهانەی کۆرنیشەوە دەستی بەسەردا گیرا. ئێکستەر تا کۆتایی جەنگ لە ژێر کۆنتڕۆڵی پاشادا مابووەوە پێش ئەوەی دواجار لە ساڵی ١٦٤٦ـدا گەمارۆ بدرێت، ئێکستەر لەم کاتەدا لە ڕێگەی بازرگانی خورییەوە دەستی بە گەشەپێدانی ئابووری خۆی کردبوو. گەشەسەندنی زیاتر لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازیدا ڕوویدا، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی خەڵووز و ئاسن لە شارەکەدا بۆ بەکارهێنانی لە بەرهەمهێنانی وزە بە هەڵمی ئاو گەشەی شارەکە خاو بووەوە. بە پێچەوانەی زۆرێک لە شارەکانی دیکەی ئەورووپا، ئێکستەر لە زۆر ڕووەوە گەشەی خێرای بەخۆیەوە نەبینی. بەڵام ئەو نۆکەندانەی کە لەم ماوەیەدا گەشەیان پێدرایەوە، دەرفەتی نوێیان بۆ کاروباری بازرگانی لە ناوچەکەدا ڕەخساند.

لە سەرەتای ساڵانی ١٨٠٠ـکاندا بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا کاریگەری وێرانکەری لەسەر شارەکە هەبوو. بەڵام شارەکە بەمەدا تێپەڕی تا لە گەشەسەندنی بەردەوام بێت، لەنێویاندا یەکەم هێڵی ئاسنی لە ساڵی ١٨٤٤. بە هەمان شێوەی شارەکانی دیکەی ئەورووپا، ئێکستەریش کاریگەری بۆردومانی جەنگی جیهانیی دووەمی لەسەر بوو، کە زیانێکی زۆری بە ناوەندی شارەکە گەیاند، سەدان کەس کوژران و چەندین باڵەخانەی مێژوویی لەنێویاندا كاتێدراڵەکەی وێران بوون.

لە ماوەی ساڵانی ١٩٥٠ـاکاندا دەست بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە کرا، زۆرێک لە باڵەخانە زیانلێکەوتووەکان لەبری نۆژەنکردنەوە ڕوخێنران و دووبارە دروستکرانەوە. ئەمەش دیمەنێکی جیاواز و سەردەمیانەتری بە شارەکە بەخشی. ساڵانی دواتر، بەهۆی دروستبوونی لافاو و ئاگرکەوتنەوەوە بینا مێژووییەکانی دیکە وێران بوون و شارەکە بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕی. لە ئێستادا، شارەکە ئاوەدان کراوەتەوە و بووەتە ناوچەیەکی سەردەمیانە کە جێگەی سەرنجی دانیشتووان و گەشتیارانە. ڕۆژانە دەیان هەزار کەس بە مەبەستی کار لە شارەکەدا دێن و دەچن.

دانیشتووان

بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی کە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٦ـدا تۆمارکراون، ژمارەی دانیشتووانی ئێکستەر ١٢٩٫٨٠٠ کەس بوو، و  لە ئێستادا، کە ساڵی ٢٠٢٢ـە، ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ١٣١٫٠٩٩ کەس دەخەمڵێندرێت. چڕی دانیشتووانی شارەکە ٢٫٨٠٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا، هەروەها تێکڕای تەمەنی دانیشتووانی ئێکستەر ٣٥ ساڵییە.

لە کۆی ئەو ١٢٩٫٨٠٠ دانیشتووە، زیاتر لە ٩٣٪ـیان سپی پێستن. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـی بەریتانیا، گەورەترین گرووپی نەتەوەیی ئەم شارە چینییە، کە ١٫٧٪ـی دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە ماوەی نێوان سەرژمێرییەکانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١١ ئەوە دەردەخەن کە ژمارەی دانیشتووانی بەریتانی سپی پێست و ئێرلەندی سپی پێست لە کەمبوونەوەدا بوون، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی چین بە ڕێژەی ٤٢٩٪ گەشەی کرد. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی نەتەوە ئاسیاییەکانی تر بە ڕێژەی زیاتر لە ٤٠٠٪ زیادی کردووە.

ئێکستەر شوێنی نیشتەجێبوونی هەموو کەسێکە لە سەرتاسەری جیهاندا. جگە لەوەی زیاتر لە ١٫٦٠٠ کۆچبەری چینی هەیە، لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ئەوە دەرکەوتووە کە دانیشتووی هەریەک لە وڵاتانی پۆڵەندا، ئەڵمانیا، هیندستان، ئێرلەندا و ئەمریکا لە نێو شارەکەدا دەژین.

زمان

زیاتر لە ٩٣٪ـی دانیشتووانی ئێکستەر بەبەردەوامی بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن و ڕێژەیەکی کەمی تاکەکان بە زمانەکانی چینی، پۆڵەندی، عەرەبی، فەڕەنسی، ئیسپانی، یان زمانەکانی دیکە قسە دەکەن.

ئایین

لە هەمان سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ئەوە هاتووە کە ٦٩٫١٢٪ـی دانیشتووانی ئێکستەر خۆیان بە پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحی داوە لە قەڵەم، کە ئەمەش بە بەراورد بە تێکڕای ڕێژەی ناوچەیی که ٧٣٫٩٩٪ـە کەمێک نزمترە. سەرەڕای ئەوەش، پەیڕەوکەرانی هەموو ئایینەکانی تر تێکڕای ڕێژەی ناوچەییان تێپەڕاندبوو. هەروەها ٢٠٫٤٥٪ـی دانیشتووانن بێ ئایین بوون.

گەشەی دانیشتووانی ئێکستەر

ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە کاتی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا بە ١١٧,٧٧٣ کەس تۆمارکراوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لە سەرژمێری پێشووی ساڵی ٢٠٠١ـەوە دانیشتووانی شارەکە گەشەی کردووە و نزیکەی ٧ هەزار کەس زیادی کردوو. لەگەڵ ئەوەشدا خەمڵاندنەکانی ئێستا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە زیاتر لە ١٢٩٫٠٠٠ کەس دەخەنە ڕوو، ئەمەش ئەو واتایە دەگەیەێت کە لەو کاتەوەی ڕاپرسییەکە ئەنجامدراوە زیاتر لە ١٢٫٠٠٠ کەس زیادیکردووە و گەشەی دانیشتووانی شارەکە بەردەوامە. یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان ئەو هەلی کارانەیە کە لە شارەکەدا هەن. بەم پێیەش چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەی دانیشتووان زیاتر بەرزبێتەوە.

کەشوهەوا

کەشوهەوای شاری ئێکستەر لە وەرزی هاویندا خۆش و لە وەرزی زستاندا زۆر سارد و باراناوییە و بای هەیە؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئاسمانی ساڵ بە درێژایی ساڵ نیمچە هەورە. پلەی گەرمی بە شێوەیەکی گشتی لە ٢٫٢ پلەی سەدی بۆ ٢١ پلەی سەدی دەگۆڕێت و بەدەگمەن لە خوار ٢٫٢- پلەی سەدی یان سەرووی ٢٥ پلەی سەدییەوەیە. هەروەها مانگی تشرینی یەکەم باراناویترین مانگی ساڵە و ٨٨٫٩ مللیمەتر باران دەبارێت.

تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە

وەرزی گەرما ٣ مانگ دەخایەنێت، لە ١٤ـی حوزەیران تا ١٣ـی ئەیلول، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە سەرووی ١٨٫٣ پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ مانگی تەممووزە و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ٢٠٫٥ پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرمی ١٢٫٢ پلەی سەدییە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ئێکستەر ٣٣٫٥ پلەی سەدییە، کە لە حوزەیرانی ١٩٧٦ـدا تۆمارکراوە.

وەرزی سارد ٤٫١ مانگ دەخایەنێت، لە ١٨ـی تشرینی دووەم تا ٢١ـی ئازار، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لەخوار ١٠٫٥ پلەی سەدییەوەیە. ساردترین مانگی ساڵ مانگی شوبات و تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی ٢٫٨ پلەی سەدی و بەرزترین پلەی گەرمی ٨٫٣ پلەی سەدییە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ١٦٫٤- پلەی سەدییە و لە کانوونی دووەمی ٢٠١٠ـدا تۆمارکراوە.

بە پشتبەستن بە نمرەی گەشتیاری، باشترین کات لە ساڵدا بۆ سەردانکردنی ئێکستەر کۆتایی مانگی حوزەیران تا کۆتایی مانگی ئابە.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی شارەکە

١. سەکۆی بەندەری ئێکستەر

٢. یاریگای ساندی پارک

٣. شانۆی نۆرسکۆتی ئێکستەر

٤. قەڵای ئێکستەر

٥. مەیدانی پێشبڕکێی ئەسپی ئێکستەر

٦.  پردی ئاسنین

٧. دامودەزگای شارەوانی ئێکستەر

٨. ڕێڕەوەکانی ژێرزەوی


سەرچاوەکان



320 بینین