ستۆنهێنج

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-15-21:30:00 - کۆدی بابەت: 9852
ستۆنهێنج

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ستۆنهێنج (بە ئینگلیزی: Stonehenge، بە عەرەبی: ستونهنج) مۆنیۆمێنتێکی بەردینی بازنەیی، گۆڕستان و شوێنەوارێکی پێش مێژووە، دەکەوێتە دەشتی سالیسبێری، بە دووری ١٣ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری شاری سالیسبێری، ویڵتشایەر لە ئینگلتەرا. تەواوی مۆنیۆمێنتەکە لە ئێستادا وێران بووە.

دەربارەی ستۆنهێنج

لە ١٠٠ بەردی ڕاست و گەورە دروستکراوە، لە ئەڵقەیەکی بازنەیی تاشەبەرد پێکهاتووە، ڕووی دەرەوەی لە تاشەبەردی ستوونی جۆری سارسێن پێکهاتووە، هەر یەکەیان نزیکەی چوار مەتر بەرزن، دوو مەتر پانن، کێشیان نزیکەی ٢٥ تەنە، گەورەترینیان کێشی زیاتر لە ٤٠ تەنە، بەرزییەکەی نزیکەی حەوت مەترە.

بەشی سەرەوەی بە چەندین بەرد لە باری ئاسۆیی دانراون بەستراوەتەوە، بەشی ناوەوەی ئەڵقەیەک لە بەردی بچووکتر پێکهاتووە، لە نێو ئەمانەشدا دوو تاشەبەردی سارسێنی گەورەتر لە باری ستوونی هەیە لە باری ئاسۆیی تاشەبەردێکیان لەسەر دانراوە.

بۆ چەندین سەدەیە مێژووناسان و شوێنەوارناسان سەریان سوڕماوە لە نهێنییە زۆرەکانی ستۆنهێنج، هیچ بەڵگەیەکی دیاریکراو نییە سەبارەت بە مەبەستی دروستکردنی ستۆنهێنج، بەڵام پێدەچێت شوێنێکی ئایینی و پەرستش و ڕێوڕەسم بووبێت، بۆ دەربڕینی دەسەڵات و سامانی سەرۆک هۆز، ئەرستۆکرات و ئەو قەشانە بووبێت کە دروستیان کردووە، زۆربەیان لەو نزیکانە نێژراون.

زۆرێک لە زانایانی مۆدێرن کۆکن لەسەر ئەوەی کە ستۆنهێنج ڕۆژێک گۆڕستان بووە، بەڵام بە وردی نەتوانراوە بزانرێت کە خزمەت بە چی مەبەستێکی دیاریکراو دەکات، یان چۆن شارستانییەتێک بەبێ تەکنەلۆجیای مۆدێرن یان ئامێرێک توانیویانە ئەو شوێنەوارە بەهێزە بەرهەم بهێنن.

وا پێدەچێت هەر لە سەرەتاوە گۆڕستان بووبێت، ئەو پاشماوانەی ئێسکی مرۆڤیان تێدا دۆزراوەتەوە مێژووەکەی بۆ ٣٠٠٠ ساڵ بەر لە زایینی دەگەڕێتەوە.

بە هاوهێڵی خۆر ڕێکخراوە لەوانەیە بۆ چاودێریکردنی خۆر و مانگ و کارکردن لەسەر ساڵنامەی کشتوکاڵی بەکارهاتبێت، بۆ نموونە بۆ پێشبینیکردنی مانگگیران، بەڵام هیچیان نەسەلمێندراون.

شوێنەوارناسان پێیان وایە کە ستۆنهێنج لە ساڵی ٣٠٠٠ـی پێش زایینی تا ٢٠٠٠ـی پێش زایینی دروستکراوە. هەروەها یەکێکە لە بەناوبانگترین شوێنەوارەکانی بەریتانیا، وەک نیشانەیەکی کولتووری بەریتانیا دادەنرێت.

لە ساڵی ١٨٨٢ کاتێک یاسا بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان لە بەریتانیا بە سەرکەوتوویی خرایەڕوو، مۆنیۆمێنتەکە بە شێوەیەکی یاسایی و بەرنامە بۆ داڕیژراو پارێزراوە.

مۆنیۆمێنتەکە و دەوروبەری لە ساڵی ١٩٨٦ـدا زیادکرا بۆ لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی یونسکۆ، لەلایەن تاجەوە خاوەندارێتی دەکرێت، لەلایەن میراتی ئینگلیزەوە بەڕێوەدەبرێت، زەوییەکانی دەوروبەری لەلایەن دامەزراوەی نیشتیمانییەوە خاوەندارێتی دەکرێت.

مێژووی کۆن

مایک پارکەر پیرسۆن سەرۆکی پڕۆژەی ستۆنهێنج ڕیڤەرسایید، ئاماژەی بەوە دا کە پێدەچێت ستۆنهێنج لە سەرەتای بوونییەوە پەیوەندی بە ناشتنەوە هەبووبێت و دەڵێت "ستۆنهێنج شوێنی ناشتن بوو لە سەرەتاوە تا ناوەڕاستی هەزارەی سێیەمی پێش زایینی."

ستۆنهێنج لە چەندین قۆناغی بیناسازیدا پەرەی سەند کە لایەنی کەم ١٥٠٠ ساڵ دەبێت، بەڵگەی دروستکردنی بەرفراوان هەیە لەسەر شوێنەکە و دەوروبەری کە مێژووەکەی بۆ ٦٥٠٠ ساڵ درێژ دەکاتەوە.

مێژوو و تێگەیشتن لە قۆناغە جیاوازەکان بە هۆی تێکچوونی سروشتی و کاریگەرییەکانی سەهۆڵبەندان، شوێنەواری کونکردنی ئاژەڵەکان، تۆماری لێکۆڵینەوەی پێشوەختەی کوالێتی خراپ، نەبوونی بەرواری ورد و پشتڕاستکراوەی زانستی ئاڵۆزتر دەبێت.

کێ ستۆنهێنجی دروستکرد؟

لە سەدەی ١٧ـیەمدا شوێنەوارناس جۆن ئۆبری وتی کە "ستۆنهێنج بەرهەمی قەشەکانی سێڵتیکە کە بە درۆیدەکان ناسراون." تیۆرییەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن زانای دێرین ویلیام ستوکلییەوە بەناوبانگ بوو کە گۆڕی دێرینی لەو شوێنەدا هەڵدابووەوە.

تەنانەت ئەو کەسانەش کە ئەمڕۆ خۆیان وەک درۆیدی مۆدێرن دەناسێنن، بەردەوامن لە کۆبونەوە لە ستۆنهێنج بۆ سەرەتای وەرزی هاوین. بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا دەریانخست کە ستۆنهێنج زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئەوەی سێڵتەکان لە ناوچەکەدا نیشتەجێ ببن ستۆنهێنج دروستکراوە.

ئێستا زۆرێک لە مێژوونووس و شوێنەوارناسە مۆدێرنەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە چەندین هۆزی جیاوازی خەڵک بەشدارییان لە ستۆنهێنجدا کردووە، هەریەکەیان قۆناغێکی جیاوازی دروستکردنیان ئەنجامداوە. پێدەچێت ئێسک و ئامراز و شوينەوارەکانی تر کە لە شوێنەکەدا دۆزراونەتەوە پشتگیری لەم گریمانەیە بکەن.

قۆناغی یەکەم لەلایەن کشتوکاڵکارانی سەردەمی بەردینی نوێوە بەدەست هات کە پێدەچێت خەڵکی ڕەسەنی دوورگەکانی بەریتانیا بن. دواتر پێدەچێت ئەو گرووپانەی کە ئامرازی پێشکەوتووتر و شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی تریان هەبووبێت مۆری خۆیان لە شوێنەکە بەجێهێشتبێت، هەندێک وای بۆ دەچن کە ئەوان کۆچبەری کیشوەری ئەورووپا بووبن، بەڵام زۆرێک لە زاناکان پێیان وایە ئەوان خەڵکی ڕەسەنی بەریتانیان.

ستۆنهێنج لەمڕۆدا

یەکێکە لە بەناوبانگترین و دیارترین شوێنە گەشتیاری و کولتووری و مێژووییەکانی بەریتانیا و جیهان، ڕۆژانە نزیکەی نۆ هەزار سەردانکەری هەیە، ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن سەردانکەری لە ناوچە جیاوازەکانی جیهانەوە هەیە.

بەهۆی زۆری ژمارەی سەردانکەرانەوە پێویستە لە چاوەڕوانییەکی زۆردا بمێنیتەوە تا بتوانیت سەردانی بکەیت. مۆنیۆمێنتەکە و دەوروبەری لە ساڵی ١٩٨٦ـدا زیادکرا بۆ لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی یونسکۆ.


سەرچاوەکان



669 بینین