باوترین ڕەنگەکانی پاییز و زستانی ٢٠٢٢-٢٠٢٣

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-08-15-23:13:00 - کۆدی بابەت: 9856
باوترین ڕەنگەکانی پاییز و زستانی ٢٠٢٢-٢٠٢٣

ناوه‌ڕۆك

ڕەنگی هەڵبژێردراو بۆ ساڵی ٢٠٢٢

ڕەنگی ساڵ (بە ئینگلیزی: color of the year) لەلایەن کۆمپانیا و پەیمانگای ڕەنگەکانی (پانتۆن)ـەوە هەڵدەبژێردرێن بەپێی کارکردن و خوێندنەوە لەسەر ڕەنگی باو و نمایشی مۆدێلی  ساڵەکانی تر، بە لەچاوگرتنی باودۆخی جیهانی و ڕەنگدانەوەی لایەنە کۆمەڵایەتی، میدیایی، بازاڕگەڕی و تەنانەت بارودۆخی سیاسی ئەو ساڵەش. کە ئەو ڕەنگە نەک تەنها لە بواری مۆدێل و فاشن، بەڵکوو لە بوارەکانی تری وەکوو دیزاینی ناوماڵ، دیزاینی گرافیک، بابەتە تەکنەلۆجییەکان، بابەتە هونەرییەکان و چەندین بواری تر باو و بڵاو دەبێت.

کۆمپانیای  پانتۆن لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە هەموو ساڵێک ڕەنگێک یاخود دوو ڕەنگ وەکوو ڕەنگی جیهانیی ساڵ دیاریدەکات. ساڵی ٢٠٢٢ ڕەنگی (ڤێری پێری) وەکوو ڕەنگی ساڵ هەڵبژێردرا کە ڕەنگەکە لە خێزانی ڕەنگی شینە و کەمێک بەلای مۆردا دەڕوانێت. جێبەجێکاری پانتۆن ڕایگەیاند کە ڕەنگەکە هێمایە بۆ بەپەرۆشی، هەڵوێستی دڵخۆشکەر، بیرۆکەی داهێنانی بوێرانە، دەربڕینی خەیاڵی زیندوو مانەوە دەدات.

ڕەنگی (ڤێری پێری) ڕەنگی مۆری کاڵە و هاوشێوەی ئەرخەوانییە و تۆنێکی  هێمنی هەیە

ڕەنگە باوەکانی فاشن و مۆدێل بۆ پاییز و زستانی ٢٠٢٢-٢٠٢٣

ئەم ڕەنگانەش بە هەمان شێوە لەلایەن کۆمپانیای پانتۆنەوە دیاریدەکرێن کە دەکرێن بە دوو بەشەوە: یەکەمیان ئەوانەن کە لە نمایشی هەفتانەی نیویۆرکەوە دیاریدەکرێن و پالێتێکی ڕەنگیان لێ دروست دەکرێن، پالێتی دووەم زیاتر ڕەنگە کلاسیک و سەربەخۆکانن. دیزاینەران دەیانەوێت ڕەنگە هەڵبژێردراوەکان پەیامی ئارامی، ئاسوودەیی، ئازادی و زیندوومانەوە بگەیەنن هەروەها دەربڕینی وزە و درەوشانەوە و ئامێزگرتن لە ژیان.

ڕەنگەکانی ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ جەخت دەخەنە سەر (دۆپامین درێس) واتە لەبەرکردنی ئەو ڕەنگانەی کە هەستی متمانەبەخۆبوون و گەشبینی و دڵخۆشی و بوێری زیاد دەکەن، بۆیە زیاتر ڕەنگە دیارەکان بەکارهێنراون. هەروەها جگە لەوەی ئەو ڕەنگانە باون دەبێت بزانرێت ئایا کامیان لەگەڵ تۆنی پێستت دەگونجێت.

ڕەنگەکان

ڕەنگی (لاڤا ڤاڵس) ڕەنگی تاڤگەی ئاگرین ڕەنگێکی تێرە تۆنی ئەم ڕەنگە لەنێوان سوورێکی تۆخ و جەرگییە

ڕەنگی (سامۆن سەن) ڕەنگی زەردێکی هێمنە هاوشێوەی خەردەلییە بەڵام تۆنێکی کاڵی هەیە

ڕەنگی (سەوزی ئەمازۆنی) ڕەنگی سەوزێکی تێر و تۆخە و هاوشێوەی ڕەنگی زومروودە

ڕەنگی (ڕۆز ڤایۆڵیت) ڕەنگی گوڵی وەنەوشەییە کە ڕەنگی پەمەییەکی ئارامبەخشە

ڕەنگی (تایگەر ئۆرەنج) پڕتەقاڵی پڵنگی ڕەنگی پڕتەقاڵییە کە تۆنێکی بەهێزی هەیە و لە ڕەنگی ئاگرییەوە نزیکە

ڕەنگی (نۆسگەی) پەمەییەکی ماتە و تۆنێکی کاڵی هێمنی هەیە

ڕەنگی (زەیتوونی مارتینی) ڕەنگی زەیتوونییەکی ماتە و تۆنێکی تێری هەیە

ڕەنگی (میدنایت) پیرۆزەییەکی کاڵە و لەنێوان ڕەنگی ئاسمانی و چیوتییە

ڕەنگی (کەرامێڵ کافێ) ڕەنگی قاوەییەکی تێرە و مەیلەو ڕەنگی کەرامێلییە

ڕەنگی (وارەرسپاوت) ڕەنگی شینێکی ئاسمانی  هێمن و کاڵە

ڕەنگە کلاسیکەکان

ڕەنگی (چیسلد ستۆن) ڕەساسییەکی ماتە و هاوشێوەی ڕەنگی خاکییە

ڕەنگی (ئەوتوم بلۆند) پیازییەکی کاڵی مەیلەو گۆشتییە و تۆنێکی ئارامبەخشی هەیە

ڕەنگی (پۆلەر نایت) ڕەشێکی سادە و ساکارە، لەهەمان کاتدا ڕەنگێکی بەهێزە

ڕەنگی (لۆدن فرۆست) فستقییەکی ماتە، هاوشێوەی ڕەنگی زەیتوونی و سەوزێکی کاڵی تێکەڵە

ڕەنگی (ئاڕکتیک وۆڵف) بێجییەکی مەیلەو خاکییە


سەرچاوەکان



1193 بینین