نۆرویچ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-17-20:17:00 - کۆدی بابەت: 9877
نۆرویچ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نۆرویچ (بە ئینگلیزی: Norwich، بە عەرەبی: نورتش)، شارێک و ناوچەیەکی نۆرفۆکە لە ئینگلتەرا، ئەم شارە لە نزیکی ڕووباری وێنزەم (Wensum)ـە، ١٦٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی لەندەن، ٦٤ کیلۆمەتر لە باکووری ئیپسویچ، ١١٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی پیتەربۆرۆ و نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر لە کەنارەکانی دەریای باکوورەوە دوورە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی٢٠١٩ـدا ١٤٣٫١٣٥ کەس بوو.

مێژوو و گرنگی شارەکە

شاری نۆرویچ لە سەدەی دەیەمەوە بەشێکە لە وڵاتی ئینگلتەرا. ناوی ئەسڵی شارەکە نۆرس ویک (North Wic) بوو، لەو کاتەدا ئەم ناوە بۆ شارێکی بەندەری ناوخۆیی بەکاردەهێنرا. بەهۆی ئەوەی نۆرویچ هەڵکەوتووەتە سەر ڕووبارێک، بۆیە هەمیشە شوێنێک بووە بۆ کاروباری بازرگانی و گواستنەوەی شتومەک بۆ تەنە ئاوییە گەورەترەکان. لە ئێستادا، نۆرویچ یەکێکە لە شارە گەشەسەندووەکانی وڵاتەکەی.

دانیشتووان

کۆتا سەرژمێری نۆرویچ لە ساڵی ٢٠١١ـدا ئەنجامدرا، بەپێی ئەو سەرژمێرییە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ١٣٢٫٥١٢ کەسە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی ٣٫٤٨٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە شارەکانی تری شانشینی یەکگرتوو زۆر بەرزە. هەروەها ٥١٪ـی دانیشتووانی شارەکە مێن و ٤٩٪ـی دانیشتووان نێرن، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای تەمەنی هاوڵاتیان ٣٧ ساڵییە.

ئایین

شاری نۆرویچ بەوە بەناوبانگە کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی شارەکە بێ ئایینن. لەوانەیە ئەمەش بەهۆی کاریگەری ئەو ژمارە زۆرەی خوێندکارانەوە بێت کە لە شارەکەدا نیشتەجێن. بە ڕێژە ٤٢٫٥٪ـی دانیشتووانی نۆرویچ بێ ئایین و پەیڕەوی هیچ ئایینێک ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئایینە پەیڕەوکراوەکانی هاوڵاتیانی شارەکە ئەمانەن:

مەسیحی: ٤٤٫٩٪

ئیسلام: ٢٪

هیندۆس: ٨٪

بوودی: ٧٪

جوولەکە: ٢٪

سیخی: ١٪

ئایینەکانی تر: ٧٪

ئەوانەی ئایینەکانیان ئاشکرا نەکردووە: ٨٫٢٪

ڕەگەز

شاری نۆرویچ لەڕووی کولتوورییەوە زۆر هەمەچەشنە نییە و ٨٤٫٨٪ـی دانیشتووانی شارەکە لەو کەسانە پێکهاتووە کە لە ئینگلتەرا لەدایکبوون و هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ٩٢٫١٪ـی دانیشتووانی شارەکە بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن. سەرژمێرییەکەی ساڵی ٢٠١١ ئەوە نیشان دەدات کە ١٫٣٪ـی  دانیشتووانەکەی لە سکۆتلەندا، ٩٪ لە هیندستان، ٨٪ لە چین، ٦٪ لە وێڵز، ٥٪ لە ئێرلەندا، ٥٪ لە فلیپین، ٤٪ لە ئەمریکا، ٤٪ لە ئێرلەندای باکوور و ٣٪ لە باشووری ئەفریقا لەدایکبوون. هەروەها ٩٫٥٪ـی دانیشتووانی شارەکە لە کۆمەڵێک وڵاتی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا لەدایکیوون.

بێکاری

ڕێژەی بێکاری لە شاری نۆرویچدا لە سەرووی تێکڕای نیشتمانییەوەیە، تێکڕای نیشتمانی ٥٫٣٪ـیە، لە کاتێکدا لە نۆرویچدا ٩٫١٪. هۆکاری ئەم  ڕێژە بەرزەش بۆ ئەو ڕاستییە دەگەرێتەوە کە بەشێکی زۆری دانیشتوونی شارەکە لە خوار ئاستی هەژارییەوەن. حکوومەت هەنگاوی ناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هەر بۆیەش ڕێژەی بێکاری بەردەوامە لە دابەزین.

کەشوهەوا

شاری نۆرویچ کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت.

زستانی نۆرویچ زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ نزیکەی ٦- یان ٧- پلەی سەدی دادەبەزن، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی ١٩٧٩ـدا تۆمارکرا کە پلەی گەرمی بۆ ١٥- پلەی سەدی دابەزی.

بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە لە وەرزی هاویندا مامناوەند یان فێنکە. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام کەمتر لەو ڕێژەیەی کە لە وەرزی زستاندا دەبارێت. هەندێک کات لە کاتەکانی شەو و بەیانی زوودا دەشێت تەم دروست ببێت. بەهۆی شوێنە باکوورییەکەی و نزیکی شارەکە لە دەریاوە، نۆرویچ کەمتر بەر ئەو شەپۆلە گەرمانەی هاوین دەکەوێت کە هەندێک جار دەتوانێت کاریگەری لەسەر باشووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا هەبێت. سەرەڕای ئەوەش ڕێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و شەپۆلەکانی گەرما ناگیرێت، بەڵام کورتخانەینن، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ـدا گەشتە ٣٥ پلەی سەدی.

ساڵانە ٦٧٥ مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگی ساڵدا کە مانگەکانی شوباتە ٤٠ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمە ٧٠ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٫٦١٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانیکردنی شارەکە وەرزی هاوینە، یان بە شێوەیەکی گشتیتر لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولە، چونکە لەم کاتەدا پلەکانی گەرما بەگشتی بۆ چالاکییەکانی دەرەوە خۆشن.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

١. پارکی نەتەوەیی برۆدز

٢. كاتێدراڵی نۆرویچ

٣. قەڵای نۆرویچ

٤. گردی ئێڵم

٥. هۆڵی فێلبریگ

٦. پارکی ئیتۆن

٧. مۆزەخانەی کەشڕەوی شاری نۆرویچ

٨. باخچەی کێڵگەکە


سەرچاوەکان



277 بینین