گوڵی دالیا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-18-12:11:00 - کۆدی بابەت: 9889
گوڵی دالیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی دالیا (بە عەرەبی: زهرة الداليا، بە ئینگلیزی: Dahlia، ناوی زانستی: Chrysanthemum)، دالیا گوڵێکی جوان و سەرنجڕاکێشە کە لە سەرەتای هاوینەوە هەتاکوو پاییز گوڵدەگرێت، شێوەیەکی جوان دەبەخشێت بە هەر باخچەیەک کە تیایدابێت، هەروەها یەکێکە لە ئەو گوڵانەی کە بۆ بڕین و ڕازاندنەوە بەکاردێت، هەرچەند گوڵی زیاتری لێ بکرێتەوە ئەوا ڕووەکەکە گوڵی زیاتر دەگرێت، باشترە پێش نیوەڕۆ گوڵەکە لێبکرێتەوە و گەڵاکانی لاببرێت، پاشان بخرێتە ئاوێکی فێنکەوە و لە جێگەیەکدا کە ڕووناکی خۆری هەبێت دابنرێت، دواتر چەپکە گوڵەکە بۆماوەی هەفتەیەک دەمێنێتەوە و جوانی دەبەخشێت.  

شێوە و پێکهاتەی

ئەم ڕووەکە پێکهاتووە لە سەلک و قەد لەگەڵ گەڵا و گوڵ، گوڵەکەی چەندین ڕەنگ و قەبارەی جیاوازی هەیە، بە گشتی لە نێوان ٥-٣٨ سانتیمەتر دەبێت، درێژی جۆرەکانیش دەگۆڕێت و دەکرێت درێژی قەدەکەی بگاتە نزیکەی مەترێک یاخود زیاتر، هەروەها گوڵی دالیا لە بنجەکەیدا سەلکێکی هەیە کە شێوەی وەک پەتاتە دەردەکەوێت ڕەنگی قاوەییە و شێوەی هێلکەیی یان درێژکۆلەیە، بەڵام هەموو بەشەکانی گوڵی دالیا دەکرێت تووشی نەخۆشی ببن بەهۆی مێروو و بوونەوەرە بچووکەکانەوە.  

سوودەکانی

  • سەلکەکەی شیاوە بۆ خواردن و تامی لە نێوان تامی پەتاتە و توردایە.
  • گوڵەکەی بۆ ڕازاندنەوە و پێشکەشکردن وەک دیاری بەکاردێت.
  • ڕێگری دەکات لە قەبزی.
  • هاوکاری کەمکردنەوەی کێش دەکات.
  • یارمەتیدەرە لە بەدەستهێنانی ماسولکە.
  • بەسوودە بۆ نەخۆشی شەکرە.
  • وەک دژە هەوکردنێک سوودی لێوەردەگیرێت.

شێوازی چاندن

شێوازی زیادبوونی گوڵی دالیا بە چاندنی سەلکەکەیەتی کە باشترە لە کۆتایی بەهاردا بچێنرێت، بەڵام جۆرە بچووکەکانی دەکرێت بە تۆویش زیادبکرێن،  لە ناوچە ساردەکاندا گوڵەکە ئامادە دەکرێت بۆ وەرزی دواتر یان سەلکەکەی هەڵدەگیردرێت و لە بەهاردا دووبارە دەچێنرێتەوە، ئەو جۆرانەی دالیا کە کورتەباڵا یان قەبارە مامناوەندن دەکرێت لە گۆزە و ئینجانەکانیشدا بچێنرێت، کە خەڵکی مانگێک پێش کاتی چاندنی خۆی لە گۆزەیەکدا دەیچێنن و لە ژوورەوە دایدەنێن دواتر گوڵەکەیان زوتر پێدەگات.

چاڵەکەی دەبێت کەمێک لە سەلکەکەی گەورەتر بێت و باشترە کە ماددەی خۆراکی دەوڵەمەند بۆ خاکەکە زیادبکرێت، بەڵام دواتر کە چەکەرەی کرد پێویست بە بەپیتکردنی خاکەکەی ناکات، لە دوای چاندنی سەلکەکەی پێویستە ٥-٧ سانتیمەتر بە خۆڵ دابپۆشرێت و هەندێکیش دەڵێن لەوە کەمتریش بێت گونجاوە، بەڵام نابێت لەدوای چاندن ڕاستەوخۆ ئاوبدرێت چونکە دەبێتە هۆی هاندانی سیسبوونی سەلکەکەی، بۆیە باشترە چاوەڕێبکرێت هەتاکوو چەکەرە دەکات دواتر ئاوبدرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

گوڵی دالیا گەشەی باشتر لە خاکێکدا دەکات کە ئاوەکەی بەباشی تێپەڕبێت و کۆنەبێتەوە، کە دەکرێت بە هەڵگێڕانەوەی خاکەکەی و زیادکردنی سەمادی کۆن، ببێتە هۆی باشتر تێپەڕبوونی ئاو بە جێگەکەیدا، ئەم گوڵە لە دوای چەکەرەکردنی دەبێت هەفتانە ٢-٣ جار ئاوبدرێت، لە ئاووهەوای گەرمدا پێویستی بە ئاوی زیاترە، ئارەزووی جێگەیەک دەکات کە ئاووهەوای مامناوەند و شێی هەبێت، هەروەها ئارەزووی ٦-٨ کاتژمێر لە خۆر دەکات ڕۆژانە، بەتایبەتی خۆری بەیانیان و نابێت جێگەکەشی زۆر خۆرەتاوبێت.

دەبێت جۆرە گەورەکانی لە با و ڕەشەبا بپارێزرێت کە دەکرێت بشکێنەوە، بۆیە پێش چاندنی دەکرێت ڕەچاوی قەبارەی بکرێت و لە جێگەیەکی پارێزەردا بچێنرێت، یاخود دواتر بەدانانی پەرژینێک بپارێزرێت، هەروەها لە کاتی گوڵگرتندا ئەو کەسانەی کە ئارەزوو دەکەن قەبارەی گوڵە دالیاکانیان گەورەتربێت خونچەکانی تەنیشتی لادەبەن، دواتر هەموو وزەی ڕووەکەکە دەدرێتە گوڵەکەی و بە قەبارەیەکی گەورە گەشەدەکات، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی گوڵی زیاتر خونچە و گوڵە خراپبووەکان لادەبرێن و گوڵی نوێ جێگەیان دەگرێتەوە. 


سەرچاوەکان



615 بینین