قۆزی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-21-22:02:00 - کۆدی بابەت: 9946
قۆزی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قۆزی (بە ئینگلیزی: Quzi، qoozi یان ghoozi، بە عەرەبی: قوزي)، خوانێکی سەرەکییە لە برنج و گۆشت پێکدێت، بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی کەنداو خوانێکی باوە. گۆشتی قۆزی پێویستە بەباشی کوڵابێت و لەسەر برنج پێشکەش دەکرێت، هەروەها کشمیش و گوێز و بادەم بۆ ڕازاندنەوەی بەکاردەهێنرێت. هاوکات خوانێکی عێراقییە و بە یەکێک لە خواردنە نیشتیمانییەکانی وڵاتی عێراق دادەنرێت، قۆزی عێراق جیاوازە و شێوازی لێنانی تایبەتە. ئەم خواردنە لەڕێگەی پەنابەرە سوورییەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ وڵاتی تورکیا.

لەڕووی وشەزانییەوە

وشەی عەرەبی (قوزي) لە وشەی تورکی (kuzı)ـیەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە واتای (بەرخ) دێت.

جۆراوجۆرییەتی خواردنەکە بەپێی وڵاتان

  • شێوازی دروستکردنی قۆزی عێراقی، بەزۆری لە گۆشتی بەرخ، برنج، سەوزە، بەهارات و گوێز پێک دێت، دەخرێتە ناو فڕنێکی داخراو و کز دەکرێت. لە هەندێک شوێنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەخرێتە ناو چاڵێک کە خەڵووزی سووتاوی تێدایە بۆ ئەوەی تامی دوکەڵاوی بێت.
  • دروستکردنی قۆزی چەندین جۆری جیاوازی هەیە، وەک لە سعوودیە و یەمەن کە پێی دەوترێت مادفون (madfoon)، لە کاغەزێکی ئەلەمنیۆمدا دەپێچرێت و لەسەر سەرچاوەیەکی گەرم دەهێڵرێتەوە و دەکوڵێنرێت.
  • لە عوممان و ئیمارات پێی دەوترێت شوا (shuwaa) و بە شێوەیەکی نەریتی لە بۆنەکاندا دەخورێت، سەرەتا گۆشتەکە لەناو تێکەڵەیەک لە ڕۆن و ئاڵەت و زەردەچەوەدا خۆشە دەکرێت و پاشان گۆشتە خۆشەکراوەکە بە گەڵای خورما دەپێچرێت و دەخرێتە ناو فڕنەوە.
  • لە ئوردن، و سووریا بە زرب (zarb) ناسراوە؛ گۆشتەکە پارچە پارچە دەکرێت بۆ پارچەی بچووکتر و لەگەڵ سەوزە و هەویری ناندا دەهێڵرێتەوە بۆ ئەوەی بەتامتر بێت.
  • جۆرێکی تر پێی دەوترێت الحنيذ (haneeth) کە لەناو تابونێکی گەرمدا دەکوڵێنرێت؛ ئەم جۆرە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ئەفریقا و باکووری ئەفریقا دروست دەکرێت.


سەرچاوەکان



652 بینین