جەنگ لە بەرەی دەریای ناوەڕاست (١٩٤٠ - ١٩٤١)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-24-11:09:00 - کۆدی بابەت: 9981
جەنگ لە بەرەی دەریای ناوەڕاست (١٩٤٠ - ١٩٤١)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی جیهانیی دووەم (بە ئینگلیزی: Second World War، بە عەرەبی: الحرب العالمية الثانية) کە بە کورتکراوەی (WWII) دەناسرێت، جەنگێکی جیهانی بوو کە لە ساڵی ١٩٣٩ تا ١٩٤٥ بەردەوام بوو. زۆرینەی ڕەهای وڵاتانی جیهانی لەخۆگرتبوو بەتایبەت زلهێزەکان و دوو هاوپەیمانی سەربازی دژ بەیەکیان پێکهێنا: هاوپەیمانان و وڵاتانی تەوەر. لە جەنگێکی گشتیدا کە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن کەس لە ٣٠ وڵاتی جیاواز بەشدارییان تێدا کرد. فڕۆکەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ململانێکاندا گێڕا، ئەمەش بووە هۆی بۆردومانی ستراتیژی ناوەندەکانی دانیشتووان و بەکارهێنانی یەکەمجاری چەکی ئەتۆمی لە جەنگدا. لە ئەنجامی جەنگەکە ٧٠ بۆ ٨٥ ملیۆن کەس کوژران، کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی بوون. دەیان ملیۆن کەس بەهۆی کۆمەڵکوژی (لەوانەش هۆلۆکۆست) و برسێتی و کۆمەڵکوژی و نەخۆشی گیانیان لەدەستدا. لە دوای شکستی وڵاتانی تەوەر، ئەڵمانیا و ژاپۆن داگیرکران و دادگای تاوانەکانی جەنگ لە دژی سەرکردەکانی ئەڵمانیا و ژاپۆن بەڕێوەچوو.

هۆکارە وردەکانی جەنگی جیهانی دووەم مشتومڕیان لەسەرە، بەڵام هۆکارە سەرەکی بریتی بوون لە جەنگی دووەمی ئیتاڵۆ و ئەسیوپیا، جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا، جەنگی دووەمی چین و ژاپۆن، ململانێ سنوورییەکانی سۆڤیەت و ژاپۆن، سەرهەڵدانی فاشیزم لە ئەورووپا و بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ئەورووپا لە جەنگی جیهانیی یەکەمەوە. بەگشتی جەنگی جیهانیی دووەم لە ١ی ئەیلوولی ١٩٣٩ دەستی پێکرد، کاتێک ئەڵمانیای نازی لە سەردەمی ئەدۆلف هیتلەردا هێرشی کردە سەر پۆڵەندا. دواتر شانشینی یەکگرتوو و فەرەنسا لە ٣ی ئەیلوولدا شەڕیان دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند. بەپێی پەیمانی مۆلۆتۆڤ-ریبنترۆپ لە ئابی ١٩٣٩، ئەڵمانیا و یەکێتیی سۆڤیەت پۆڵەندایان دابەشکردبوو و "کایەکانی کاریگەری خۆیان" لە سەرانسەری فینلەندا، ئیستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا و ڕۆمانیادا دیاری کردبوو. لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٣٩ تا سەرەتای ساڵی ١٩٤١، لە زنجیرەیەک هەڵمەت و پەیماننامەدا، ئەڵمانیا بەشێکی زۆری کیشوەری ئەورووپای داگیرکرد و هاوپەیمانی تەوەری لەگەڵ ئیتاڵیا و ژاپۆن پێکهێنا. دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکان لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، و ڕووخانی فەرەنسا لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٤٠، شەڕەکە بە پلەی یەکەم لە نێوان زلهێزەکانی تەوەری ئەورووپا و ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بەردەوام بوو، لەگەڵ شەڕ لە باڵکان، شەڕی ئاسمانی بەریتانیا و شەڕی زەریای ئەتڵەسی. لە ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١ ئەڵمانیا سەرکردایەتی زلهێزەکانی تەوەری ئەورووپای کرد بۆ لەشکرکێشییەک دژی یەکێتیی سۆڤیەت و بەرەی ڕۆژهەڵات کە گەورەترین شانۆی وشکانی جەنگ بوو لە مێژوودا. 

ژاپۆن کە ئامانجی زاڵبوون بوو بەسەر ئاسیا و زەریای هێمن، تا ساڵی ١٩٣٧ لەگەڵ کۆماری چین لە شەڕدا بوو. لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤١ ژاپۆن هێرشی کردە سەر خاکەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هێرشێکی نزیک لە یەک کاتدا بۆ سەر باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ناوەڕاستی زەریای هێمن، لەنێویاندا هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا لە پێرل هاربەر کە لە ئەنجامدا ئەمریکا شەڕی دژی ژاپۆن ڕاگەیاند. بۆیە زلهێزەکانی تەوەری ئەورووپا بە هاودەنگی شەڕیان لە دژی ئەمریکا ڕاگەیاند. هەر زوو ژاپۆن بەشێکی زۆری ڕۆژاوای زەریای هێمنی گرت، بەڵام پێشڕەوییەکانی لە ساڵی ١٩٤٢دا ڕاگیران دوای ئەوەی لە شەڕی میدوەی دۆڕا؛ دواتر ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لە باکووری ئەفریقا و لە ستالینگراد لە یەکێتیی سۆڤیەت شکستیان هێنا. پاشەکشە سەرەکییەکان لە ساڵی ١٩٤٣- لەوانە زنجیرەیەک شکستەکانی ئەڵمانیا لە بەرەی ڕۆژهەڵات، داگیرکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر سیسیلیا و وشکانی ئیتاڵیا و هێرشەکانی هاوپەیمانان لە زەریای هێمن- زلهێزەکانی تەوەری لە دەستپێشخەرییەکانیان وەستاند ناچاری کردن لە هەموو بەرەکاندا پاشەکشەی ستراتیژی بکەن. لە ساڵی ١٩٤٤ هاوپەیمانانی ڕۆژاوا هێرشیان كردە سەر فەرەنسا كە لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیركرابوو، هاوكات یەكێتیی سۆڤیەت زیانەكانی خاكی خۆی وەرگرتەوە و ڕووی لە ئەڵمانیا و هاوپەیمانەكانی كرد. لە ماوەی ساڵانی ١٩٤٤ و ١٩٤٥دا ژاپۆن لە وشکانی ئاسیا تووشی پێچەوانەبوونەوە بوو، لە کاتێکدا هاوپەیمانان هێزی دەریایی ژاپۆنیان پەكخست و دوورگە سەرەکییەکانی ڕۆژاوای زەریای هێمنیان گرت. 

جەنگ لە ئەورووپا بە ئازادکردنی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکرابوون، و لەشکرکێشی بۆ سەر ئەڵمانیا لەلایەن هاوپەیمانەکانی ڕۆژاوا و یەکێتیی سۆڤیەتەوە کۆتایی هات، کە بە کەوتنی بەرلین بە دەست سەربازانی سۆڤیەت و خۆکوشتنی هیتلەر و خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئەڵمانیا لە ٩ی ئایاری ١٩٤٥دا کۆتایی هات. دوای جاڕنامەی پۆتسدام لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە ٢٦ی تەممووزی ١٩٤٥ و ڕەتکردنەوەی ژاپۆن بۆ خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج، ئەمریکا یەکەم بۆمبی ئەتۆمی فڕێدایە سەر شارەکانی هێرۆشیمای ژاپۆن، لە ٦ی ئاب و ناگاساکی، لە ٩ی ئاب. لە بەرانبەر داگیرکارییەکی نزیک بۆ سەر دوورگەکانی ژاپۆن، ئەگەری بۆردومانی تری ئەتۆمی و چوونە ناوەوەی سۆڤیەت بۆ شەڕی دژی ژاپۆن لە سەروبەندی داگیرکردنی مەنچوریادا، ژاپۆن لە ١٥ی ئابدا نیازی خۆی بۆ خۆبەدەستەوەدان ڕاگەیاند، پاشان بەڵگەنامەی خۆبەدەستەوەدانی لە ٢ی ئەیلوولی ١٩٤٥، سەرکەوتنی تەواوی لە ئاسیا بۆ هاوپەیمانان چەسپاند.

جەنگی جیهانیی دووەم، ڕیزبەندی سیاسی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی گۆی زەوی گۆڕی. نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) بۆ پەرەپێدانی هاوکاری نێودەوڵەتی و ڕێگریکردن لە ململانێکانی داهاتوو دامەزرا، زلهێزە سەرکەوتووەکان: چین، فەرەنسا، یەکێتیی سۆڤیەت، بەریتانیا و ئەمریکا بوونە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوە. یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمریکا وەک زلهێزێکی ڕکابەر سەریان هەڵدا و جەنگی سارد لەنێوانیان دروست بوو کە نزیکەی نیو سەدەی خایاند. لە دوای وێرانکارییەکانی ئەورووپا، کاریگەریی زلهێزەکانی کەم بووەوە و بووە هۆی بێکۆلۆنیزەکردنی ئەفریقا و ئاسیا. زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە پیشەسازییەکانیان زیانیان بەرکەوتبوو، بەرەو بوژانەوەی ئابووری و فراوانبوون هەنگاویان نا. یەکگرتنی سیاسی و ئابووری، بە تایبەت لە ئەورووپا، وەک هەوڵێک بۆ پێشگرتن لە دوژمنایەتییەکانی داهاتوو و کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکانی پێش جەنگ و دروستکردنی هەستی ناسنامەی هاوبەش دەستی پێکرد.

بابەتی سەرەکی: جەنگی جیهانیی دووەم

دەریای ناوەڕاست (١٩٤٠ - ١٩٤١)

داگیرکارییەکانی ئیتاڵیا لە ئەفریقا، شۆڕشی عێراق و لوبنان و سووریا

لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٠دا کەشتیی ئیتاڵی (Regia Aeronautica) هێرشی کردە سەر ماڵتا و گەمارۆی دا، کە لەژێر دەستی بەریتانییەکان بوو. لە کۆتایی هاوین تا سەرەتای پاییز ئیتاڵیا سۆماڵی بەریتانی داگیرکرد و هێرشی کردە سەر میسر کە لە ژێر دەستی بەریتانیادا بوو. لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئیتاڵیا هێرشی کردە سەر یۆنان، بەڵام هێرشەکە بە زیانی زۆری ئیتاڵیەکان بەرپەرچ درایەوە؛ هەڵمەتەکە لە ماوەی چەند مانگێکدا بە گۆڕانکاری بچووکی خاک کۆتایی هات. ئەڵمانیا دەستی کرد بە ئامادەکاری بۆ لەشکرکێشی بۆ سەر باڵکان بۆ هاوکاریکردنی ئیتاڵیا، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئینگلیزەکان بکەن لەوێ پێگەیەکیان دەست بکەوێت، کە دەبێتە مەترسییەکی ئەگەری بۆ کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆمانیا، هەروەها بۆ لێدان لە دژی هەژموونی بەریتانییەکان لەسەر دەریای ناوەڕاست. 

لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٠ هێزەکانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا دەستیان کرد بە هێرشی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە میسر و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقای ئیتاڵیا. هێرشەکان زۆر سەرکەوتوو بوون؛ تا سەرەتای شوباتی ١٩٤١ ئیتاڵیا کۆنترۆڵی ڕۆژهەڵاتی لیبی لەدەستدابوو و ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئیتاڵیا بە دیل گیران. هەروەها هێزی دەریایی ئیتاڵیا تووشی شکستی بەرچاو بوو، هێزی دەریایی شاهانە سێ کەشتی جەنگی ئیتاڵیای لە کار خست لە ڕێگەی هێرشێکی هەڵگەڕاوە لە تارانتۆ، هەروەها چەند کەشتییەکی جەنگی دیکەی لە شەڕی کیپ ماتاپان وێران کرد.

شکستەکانی ئیتاڵیا وایکرد ئەڵمانیا هێزێکی گەشتیاری بۆ باکووری ئەفریقا بڵاوبکاتەوە و لە کۆتایی مانگی ئازاری ١٩٤١، گەلەی ئەفریقای ڕۆمێل هێرشێکی دەستپێکرد کە هێزەکانی کۆمۆنوێڵسی دوورخستەوە. لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا هێزەکانی تەوەر پێشڕەوییان کرد بۆ ڕۆژاوای میسر و بەندەری تۆبروکیان گەمارۆدا. تا کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی ١٩٤١، بولگاریا و یووگۆسلاڤیا پەیمانی سێ قۆڵییان واژۆ کرد و چوونە نێو وڵاتانی تەوەر؛ بەڵام حکوومەتی یووگۆسلاڤیا دوای دوو ڕۆژ لەلایەن ناسیۆنالیستەکانی لایەنگری بەریتانیاوە ڕووخێنرا. ئەڵمانیاش لە وەڵامدا لە ٦ـی نیسانی ١٩٤١ هەستا بە هێرشکردنە سەر هەریەک لە یووگۆسلاڤیا و یۆنان، هەردوو نەتەوە ناچار بوون لە ماوەی مانگێکدا خۆیان ڕادەست بکەن.

لەشکرکێشی ئاسمانی بۆ سەر دوورگەی کریتی یۆنان لە کۆتایی مانگی ئایاردا، داگیرکردنی باڵکانی ئەڵمانیای تەواو کرد. هەرچەندە سەرکەوتنی تەوەر خێرا بوو، بەڵام دواتر شەڕی شەڕڤانان و پارتیزانان لە دژی داگیرکارییەکانی تەوەر لە یووگۆسلاڤیا هەڵگیرسا، کە تا کۆتایی جەنگ بەردەوام بوو. لە مانگی ئایاردا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێزەکانی کۆمۆنوێڵس ڕاپەڕینێکیان لە عێراق هەڵوەشاندەوە کە لەلایەن فڕۆکەکانی ئەڵمانیاوە لە بنکەکانی ناو سووریای ژێر کۆنترۆڵی ڤیچیەوە پشتیوانی لێکرابوو. لە نێوان مانگەکانی حوزەیران و تەممووزدا، بە هاوکاری هێزەکانی فەڕەنسای ئازاد، هەڵمەتی ناوچەکانی لوبنان و سووریایان هەڵوەشاندەوە کە لەلایەن حکوومەتی فەڕەنسی ڤیچی بەڕێوە دەبرا. 


سەرچاوەکان



672 بینین