سەرکەوتنی هاوپەیمانان (١٩٤٤-١٩٤٥)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-24-12:00:00 - کۆدی بابەت: 9987
سەرکەوتنی هاوپەیمانان (١٩٤٤-١٩٤٥)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی جیهانیی دووەم (بە ئینگلیزی: Second World War، بە عەرەبی: الحرب العالمية الثانية) کە بە کورتکراوەی (WWII) دەناسرێت، جەنگێکی جیهانی بوو کە لە ساڵی ١٩٣٩ تا ١٩٤٥ بەردەوام بوو. زۆرینەی ڕەهای وڵاتانی جیهانی لەخۆگرتبوو بەتایبەت زلهێزەکان و دوو هاوپەیمانی سەربازی دژ بەیەکیان پێکهێنا: هاوپەیمانان و وڵاتانی تەوەر. لە جەنگێکی گشتیدا کە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن کەس لە ٣٠ وڵاتی جیاواز بەشدارییان تێدا کرد. فڕۆکەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ململانێکاندا گێڕا، ئەمەش بووە هۆی بۆردومانی ستراتیژی ناوەندەکانی دانیشتووان و بەکارهێنانی یەکەمجاری چەکی ئەتۆمی لە جەنگدا. لە ئەنجامی جەنگەکە ٧٠ بۆ ٨٥ ملیۆن کەس کوژران، کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی بوون. دەیان ملیۆن کەس بەهۆی کۆمەڵکوژی (لەوانەش هۆلۆکۆست) و برسێتی و کۆمەڵکوژی و نەخۆشی گیانیان لەدەستدا. لە دوای شکستی وڵاتانی تەوەر، ئەڵمانیا و ژاپۆن داگیرکران و دادگای تاوانەکانی جەنگ لە دژی سەرکردەکانی ئەڵمانیا و ژاپۆن بەڕێوەچوو.

هۆکارە وردەکانی جەنگی جیهانی دووەم مشتومڕیان لەسەرە، بەڵام هۆکارە سەرەکی بریتی بوون لە جەنگی دووەمی ئیتاڵۆ و ئەسیوپیا، جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا، جەنگی دووەمی چین و ژاپۆن، ململانێ سنوورییەکانی سۆڤیەت و ژاپۆن، سەرهەڵدانی فاشیزم لە ئەورووپا و بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ئەورووپا لە جەنگی جیهانیی یەکەمەوە. بەگشتی جەنگی جیهانیی دووەم لە ١ی ئەیلوولی ١٩٣٩ دەستی پێکرد، کاتێک ئەڵمانیای نازی لە سەردەمی ئەدۆلف هیتلەردا هێرشی کردە سەر پۆڵەندا. دواتر شانشینی یەکگرتوو و فەرەنسا لە ٣ی ئەیلوولدا شەڕیان دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند. بەپێی پەیمانی مۆلۆتۆڤ-ریبنترۆپ لە ئابی ١٩٣٩، ئەڵمانیا و یەکێتیی سۆڤیەت پۆڵەندایان دابەشکردبوو و "کایەکانی کاریگەری خۆیان" لە سەرانسەری فینلەندا، ئیستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا و ڕۆمانیادا دیاری کردبوو. لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٣٩ تا سەرەتای ساڵی ١٩٤١، لە زنجیرەیەک هەڵمەت و پەیماننامەدا، ئەڵمانیا بەشێکی زۆری کیشوەری ئەورووپای داگیرکرد و هاوپەیمانی تەوەری لەگەڵ ئیتاڵیا و ژاپۆن پێکهێنا. دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکان لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، و ڕووخانی فەرەنسا لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٤٠، شەڕەکە بە پلەی یەکەم لە نێوان زلهێزەکانی تەوەری ئەورووپا و ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بەردەوام بوو، لەگەڵ شەڕ لە باڵکان، شەڕی ئاسمانی بەریتانیا و شەڕی زەریای ئەتڵەسی. لە ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١ ئەڵمانیا سەرکردایەتی زلهێزەکانی تەوەری ئەورووپای کرد بۆ لەشکرکێشییەک دژی یەکێتیی سۆڤیەت و بەرەی ڕۆژهەڵات کە گەورەترین شانۆی وشکانی جەنگ بوو لە مێژوودا. 

ژاپۆن کە ئامانجی زاڵبوون بوو بەسەر ئاسیا و زەریای هێمن، تا ساڵی ١٩٣٧ لەگەڵ کۆماری چین لە شەڕدا بوو. لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤١ ژاپۆن هێرشی کردە سەر خاکەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هێرشێکی نزیک لە یەک کاتدا بۆ سەر باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ناوەڕاستی زەریای هێمن، لەنێویاندا هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا لە پێرل هاربەر کە لە ئەنجامدا ئەمریکا شەڕی دژی ژاپۆن ڕاگەیاند. بۆیە زلهێزەکانی تەوەری ئەورووپا بە هاودەنگی شەڕیان لە دژی ئەمریکا ڕاگەیاند. هەر زوو ژاپۆن بەشێکی زۆری ڕۆژاوای زەریای هێمنی گرت، بەڵام پێشڕەوییەکانی لە ساڵی ١٩٤٢دا ڕاگیران دوای ئەوەی لە شەڕی میدوەی دۆڕا؛ دواتر ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لە باکووری ئەفریقا و لە ستالینگراد لە یەکێتیی سۆڤیەت شکستیان هێنا. پاشەکشە سەرەکییەکان لە ساڵی ١٩٤٣- لەوانە زنجیرەیەک شکستەکانی ئەڵمانیا لە بەرەی ڕۆژهەڵات، داگیرکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر سیسیلیا و وشکانی ئیتاڵیا و هێرشەکانی هاوپەیمانان لە زەریای هێمن- زلهێزەکانی تەوەری لە دەستپێشخەرییەکانیان وەستاند ناچاری کردن لە هەموو بەرەکاندا پاشەکشەی ستراتیژی بکەن. لە ساڵی ١٩٤٤ هاوپەیمانانی ڕۆژاوا هێرشیان كردە سەر فەرەنسا كە لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیركرابوو، هاوكات یەكێتیی سۆڤیەت زیانەكانی خاكی خۆی وەرگرتەوە و ڕووی لە ئەڵمانیا و هاوپەیمانەكانی كرد. لە ماوەی ساڵانی ١٩٤٤ و ١٩٤٥دا ژاپۆن لە وشکانی ئاسیا تووشی پێچەوانەبوونەوە بوو، لە کاتێکدا هاوپەیمانان هێزی دەریایی ژاپۆنیان پەكخست و دوورگە سەرەکییەکانی ڕۆژاوای زەریای هێمنیان گرت. 

جەنگ لە ئەورووپا بە ئازادکردنی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکرابوون، و لەشکرکێشی بۆ سەر ئەڵمانیا لەلایەن هاوپەیمانەکانی ڕۆژاوا و یەکێتیی سۆڤیەتەوە کۆتایی هات، کە بە کەوتنی بەرلین بە دەست سەربازانی سۆڤیەت و خۆکوشتنی هیتلەر و خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئەڵمانیا لە ٩ی ئایاری ١٩٤٥دا کۆتایی هات. دوای جاڕنامەی پۆتسدام لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە ٢٦ی تەممووزی ١٩٤٥ و ڕەتکردنەوەی ژاپۆن بۆ خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج، ئەمریکا یەکەم بۆمبی ئەتۆمی فڕێدایە سەر شارەکانی هێرۆشیمای ژاپۆن، لە ٦ی ئاب و ناگاساکی، لە ٩ی ئاب. لە بەرانبەر داگیرکارییەکی نزیک بۆ سەر دوورگەکانی ژاپۆن، ئەگەری بۆردومانی تری ئەتۆمی و چوونە ناوەوەی سۆڤیەت بۆ شەڕی دژی ژاپۆن لە سەروبەندی داگیرکردنی مەنچوریادا، ژاپۆن لە ١٥ی ئابدا نیازی خۆی بۆ خۆبەدەستەوەدان ڕاگەیاند، پاشان بەڵگەنامەی خۆبەدەستەوەدانی لە ٢ی ئەیلوولی ١٩٤٥، سەرکەوتنی تەواوی لە ئاسیا بۆ هاوپەیمانان چەسپاند.

جەنگی جیهانیی دووەم، ڕیزبەندی سیاسی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی گۆی زەوی گۆڕی. نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) بۆ پەرەپێدانی هاوکاری نێودەوڵەتی و ڕێگریکردن لە ململانێکانی داهاتوو دامەزرا، زلهێزە سەرکەوتووەکان: چین، فەرەنسا، یەکێتیی سۆڤیەت، بەریتانیا و ئەمریکا بوونە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوە. یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمریکا وەک زلهێزێکی ڕکابەر سەریان هەڵدا و جەنگی سارد لەنێوانیان دروست بوو کە نزیکەی نیو سەدەی خایاند. لە دوای وێرانکارییەکانی ئەورووپا، کاریگەریی زلهێزەکانی کەم بووەوە و بووە هۆی بێکۆلۆنیزەکردنی ئەفریقا و ئاسیا. زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە پیشەسازییەکانیان زیانیان بەرکەوتبوو، بەرەو بوژانەوەی ئابووری و فراوانبوون هەنگاویان نا. یەکگرتنی سیاسی و ئابووری، بە تایبەت لە ئەورووپا، وەک هەوڵێک بۆ پێشگرتن لە دوژمنایەتییەکانی داهاتوو و کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکانی پێش جەنگ و دروستکردنی هەستی ناسنامەی هاوبەش دەستی پێکرد.

بابەتی سەرەکی: جەنگی جیهانیی دووەم

داڕمانی تەوەر و سەرکەوتنی هاوپەیمانان (١٩٤٤-١٩٤٥)

داگیرکردنی ئەڵمانیا، خۆکوشتنی هیتلەر، هێرشەکانی هێرۆشیما و ناگاساکی، کۆتاییی جەنگ

لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٤٤دا ئەڵمانیا دوایین هەوڵی دا بۆ سەر بەرەی ڕۆژاوا بە بەکارهێنانی زۆربەی یەدەگەکانی کە مابوونەوە بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی بەرفراوان لە جۆردانۆو و بەدرێژایی سنووری فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ دابەشکردنی هاوپەیمانەکانی ڕۆژاوا. بەوپێیەی پلان وابوو بەشێکی زۆری سەربازانی هاوپەیمانانی ڕۆژاوا دەورە دەدەن و بەندەری سەرەکی دابینکردنیان لە ئەنتۆرب بگرن. تا ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٤٥، هێرشەکە بەرپەرچدرایەوە و هیچ ئامانجێکی ستراتیژی بەدی نەهاتبوو. لە ئیتاڵیا هاوپەیمانانی ڕۆژاوا لە هێڵی بەرگری ئەڵمانیادا بە چەقبەستوویی مانەوە. لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٥دا، سوپای سوور لە پۆڵەندا هێرشی کرد و لە ڤیستولاوە گەیشتنە ڕووباری ئۆدەر لە ئەڵمانیا و دەستیان بەسەر پرووسیای ڕۆژهەڵاتدا گرت.

لە مانگی شوباتدا سۆڤیەتەکان چوونە ناو سیلێسیا و پۆمێرانیا و هاوپەیمانەکانی ڕۆژاواش چوونە ناو ڕۆژاوای ئەڵمانیا و بەڕووی ڕووباری ڕاین بەرەوپێشچوون. تا مانگی ئازار، هاوپەیمانانی ڕۆژاوا ڕووباری ڕاینیان بەزاند لە باکوور و باشووری ڕووباری و گروپی بیی سوپای ئەڵمانیایان گەمارۆدا. لە سەرەتای مانگی ئازاردا، لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی دوا یەدەگی نەوتی خۆی لە هەنگاریا و کۆنترۆڵکردنەوەی بوداپێست، ئەڵمانیا دوایین هێرشی گەورەی خۆی بۆ سەر سەربازانی سۆڤیەت لە نزیک دەریاچەی بالاتۆن دەستپێکرد. لە ماوەی دوو هەفتەدا هێرشەکە بەرپەرچ درابووەوە، سۆڤیەتەکان پێشڕەوییان کرد بۆ ڤییەنا و شارەکەیان گرت. لە سەرەتای مانگی نیساندا سەربازانی سۆڤیەت کۆنیگسبێرگیان گرت، لە کاتێکدا هاوپەیمانەکانی ڕۆژاوا دواجار هامبۆرگ و نورنبێرگیان گرت. هێزەکانی ئەمریکا و سۆڤیەت لە ٢٥ی نیسان لە ڕووباری ئێلب کۆبوونەوە.

سەربازانی سۆڤیەت لە کۆتایی مانگی نیساندا هێرشیان کردە سەر بەرلین و کۆنترۆڵیان کرد. لە ئیتاڵیا هێزەکانی ئەڵمانیا لە ٢٩ی نیسان خۆیان ڕادەست کرد. لە ٣٠ی نیساندا، ڕیشستاگ گیرا، ئەمەش ئاماژەبوو بۆ شکستی سەربازیی ئەڵمانیای نازی و گارنیۆنی بەرلین لە ٢ی ئایاردا خۆی ڕادەست کرد. لەم ماوەیەدا گۆڕانکاری گەورە لە سەرکردایەتیدا لە هەردوولا ڕوویدا. لە ١٢ی نیسان سەرۆک ڕۆزڤێڵت کۆچی دوایی کرد و جێگری سەرۆکەکەی بە ناوی هاری ئێس ترومان شوێنی گرتەوە. بێنیتۆ مۆسۆلینی لە ٢٨ی نیسان لەلایەن ئیتاڵییەکانەوە کوژرا. لە ٣٠ی نیساندا، هیتلەر لە بارەگاکەی خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و لە شوێنی ئەویش گراند ئەدمیراڵ کارل دۆنیتز و جۆزێف گۆبێلز شوێنیان گرتەوە. خۆبەدەستەوەدانی تەواو و بێ مەرج لە ئەورووپا لە ٧ و ٨ی ئایار واژۆ کرا.

لە شانۆی زەریای هێمن، هێزەکانی ئەمریکا بە یاوەری هێزەکانی کۆمۆنوێڵتی فلیپین لە فلیپین پێشڕەوییان کرد و تا کۆتایی نیسانی ١٩٤٥ لەیتیان پاککردەوە. لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٥ لەسەر لوزۆن نیشتنەوە و لە مانگی ئازاردا مانیلایان کۆنترۆڵکردەوە. شەڕ لە لوزۆن و مینداناو و دوورگەکانی دیکەی فلیپین بەردەوام بوو تا کۆتایی جەنگەکە. لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی ئاسمانی سوپای ئەمریکا هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆردومانی ئاگرینیان لە شارە ستراتیژییەکانی ژاپۆن دەستپێکرد لە هەوڵێکدا بۆ لەناوبردنی پیشەسازی جەنگی ژاپۆن و ڕۆحیەتی مەدەنی. هێرشێکی بۆردومانی وێرانکەر بۆ سەر تۆکیۆ لە ٩-١٠ی ئازار کوشندەترین هێرشی بۆردومانی ئاسایی بوو لە مێژوودا.

لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٤٥ سەربازانی ئوسترالیا لە بۆرنێۆ نیشتنەوە و زاڵبوون بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی ئەوێدا. هێزەکانی بەریتانی و ئەمریکی و چین لە مانگی ئازاردا لە باکووری بۆرما ژاپۆنییەکانیان شکاند و بەریتانییەکان تا ٣ی ئایار گەیشتنە ڕانگون. هێزەکانی چین لە شەڕی ڕۆژاوای هونان کە لە نێوان ٦ی نیسان تا ٧ی حوزەیرانی ١٩٤٥ ڕوویدا، هێرشێکی دژە هێرشیان دەستپێکرد. هەروەها هێزە دەریایی و دوورخراوەکانی ئەمریکا بەرەو ژاپۆن ڕۆیشتن و تا مانگی ئازار ئیڤۆ جیمایان گرت و تا کۆتایی مانگی حوزەیران ئۆکیناوایان گرت. لە هەمان کاتدا گەمارۆی دەریایی لەلایەن ژێردەریاییەکانەوە ئابووری ژاپۆنی خنکاند و توانای دابینکردنی هێزەکانی دەرەوەی وڵاتی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکردەوە.

لە ١١ی تەممووزدا سەرکردەکانی هاوپەیمانان لە شاری پۆتسدامی ئەڵمانیا کۆبوونەوە. ئەوان ڕێککەوتنەکانی پێشوویان سەبارەت بە ئەڵمانیا پشتڕاستکردەوە و حکوومەتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و چین داوای خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ژاپۆنیان دووپاتکردەوە و بە تایبەتی ڕایانگەیاند کە "جێگرەوەی دۆخی ژاپۆن لەناوبردنی خێرا و تەواوەتییە". لەم کۆنفرانسەدا شانشینی یەکگرتوو هەڵبژاردنی گشتی خۆی ئەنجامدا و کلیمنت ئاتلی جێگەی چەرچڵی گرتەوە وەک سەروەزیران.

بانگەوازی خۆبەدەستەوەدان بەبێ مەرج لەلایەن حکوومەتی ژاپۆنەوە ڕەتکرایەوە، کە پێیوابوو توانای دانوستان بۆ مەرجەکانی خۆبەدەستەوەدان لەبارتر دەبێت. لە سەرەتای مانگی ئابدا، ئەمریکا بۆمبی ئەتۆمی بەسەر شارەکانی هێرۆشیما و ناگاساکی ژاپۆن خستە خوارەوە. لە نێوان ئەو دوو بۆردومانەدا، سۆڤیەتەکان بەپێی ڕێککەوتنی یاڵتا، هێرشیان کردە سەر مەنچووریای ژێردەستی ژاپۆن و بەخێرایی شکستیان بە سوپای کوانتۆنگ هێنا کە گەورەترین هێزی شەڕکەری ژاپۆن بوو. ئەم دوو ڕووداوە سەرکردەکانی سوپای ئیمپراتۆری کە پێشتر چەسپاو بوون، ڕازی کرد کە مەرجەکانی خۆبەدەستەوەدان قبووڵ بکەن. هەروەها سوپای سوور بەشی باشووری دوورگەی سەخالین و دوورگەکانی کوریلی گرت.

لە شەوی ٩-١٠ی ئابی ١٩٤٥ ئیمپراتۆر هێرۆهیتۆ بڕیاری خۆی ڕاگەیاند بۆ قبوڵکردنی ئەو مەرجانەی کە هاوپەیمانان لە جاڕنامەی پۆتسدامدا داوایان کردبوو. لە ١٥ی ئابدا، ئیمپراتۆر لە ڕێگەی وتارێکەوە کە لە ڕادیۆکەدا پەخشکرا ئەم بڕیارەی بە گەلی ژاپۆن گەیاند. لە ١٥ی ئابی ١٩٤٥ ژاپۆن خۆی ڕادەست کرد، دواجار بەڵگەنامەکانی خۆبەدەستەوەدان لە کەنداوی تۆکیۆ لەسەر سەکۆی کەشتی جەنگی ئەمریکی (USS Missouri) لە ٢ی ئەیلوولی ١٩٤٥ واژۆ کرا و کۆتایی بە جەنگەکە هێنا.


سەرچاوەکان



366 بینین