گوڵی مرواری

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-26-21:37:00 - کۆدی بابەت: 10021
گوڵی مرواری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی مرواری (بە عەرەبی: زهرة البیجونیا، بە ئینگلیزی: Begonia، ناوی زانستی: Begonia)، مرواری یەکێکە لە ئەو گوڵانەی کە زیاد لە هەزار جۆری جیاوازی هەیە، خەڵکێکی زۆر ئارەزووی دەکەن و لە ماڵەکانیاندا بۆ ڕازاندنەوە بەکاریدەهێنن، هەندێکیان هەمیشە سەوزن و هەندێکی تریشیان کاتین و بە تێپەڕبوونی کات سیس دەبن و لە وەرزی دیاریکراودا گەشەدەکەن، هەروەها مرواری ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامین C تێدایە و بۆ چارەسەرکردنی چەندین کێشەی تەندروستی بەکاردێت.

شێوە و پێکهاتەی

گوڵی مرواری جۆری زۆری هەیە لەئەنجامدا شێوەی گوڵ و گەڵای جیاوازی هەیە، زۆرینەیان قەدێکی ئەستووریان هەیە لەگەڵ گوڵی ڕەنگ ئاڵی سەرنجڕاکێش، هەروەها گەڵاکانی زۆرینەیان ڕەنگیان تۆخە و دەکرێت خاڵ و نیشانەی جیاوازیشیان لەسەربێت، هەندێکیان بەدرێژایی ساڵ گوڵ دەگرن و شێوەی گەڵاکانیشیان مۆمییە کە ئەم جۆرە لەناو هەموو جۆرەکاندا باوترینە و پێی دەوترێت مرواری مۆمی، ڕەنگی گوڵی جۆرەکانی جیاوازە و هەندێکیشیان دوو ڕەگن و ڕەنگی جیاوازتر بەرهەمدەهێنن، نموونەی ڕەنگی گوڵەکانیشی بەگشتی ئەمانەن پەمەیی، زەرد، سپی، سوور لەگەڵ پرتەقاڵی.  

سوودەکانی

  • بەسوودە بۆ چارەسەرکردنی، کێشەکانی جگەر، گرفتەکانی هەرسکردن، سکچوون لەگەڵ هەوکردنی بۆری هەوا.
  • کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە.
  • بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی سەرمابوون و هەڵئاوسان.
  • چارەسەری هەوکردن کە بەهۆی کەڕووەکانەوە ڕوودەدات.

شێوازی چاندن

بۆ زیادکردنی گوڵی مرواری دوو ڕێگەی سەرەکی هەیە یەکێکیان چاندنی لقێکی بچووکی گوڵەیەکە، کە زۆرینەی خەڵکی بەکاریدەهێنن، ئەوی تریان چاندنی تۆوەکەیەتی کە کەمتر ئەنجامدەدرێت و کات و هەلومەرجی زۆری دەوێت بۆ چەکەرەکردن، بۆیە خەڵکی کەمتر بە تۆو مرواری دەچێنن و زیادی دەکەن، زۆرینەی مروارییەکان لە هەردوو خاک و ئینجانەشدا دەڕوێن، بەڵام بەگشتی خەڵکی لە گۆزەکاندا دایاندەنێن و دەیانبەنە ناو ماڵەکانیان چونکە لە کەشی ماڵەوەدا باشتر گەورە دەبن.

شێوازی گرنگیپێدان

ئەم گوڵە پێویستی بە بڕێکی باش لە ڕووناکی هەیە لەگەڵ سێبەریش، باشترین جێگە بۆی ناوچەیەکە کە خۆری بەیانیانی هەبێت و دوای نیوەڕۆ ببێت بە سێبەر، هەروەها پێویستە خاکەکەشی بەباشی ئاو تێپەڕبکات و بە شێداری بهێڵرێتەوە، دەبێت بەپیت بێت و ماددەی خۆراکی تێدابێت بۆ گوڵەکە، بەڵام گوڵێک نییە کە پێویستی بە خۆراکی زۆربێت، تەنها ساڵانە لە کۆتایی بەهارەوە کاتێک گوڵەکە دەستدەکات بە گەشەکردنی زۆر بڕێکی کەم خۆراکی پێویستە، هەرچەندە هەندێک لە جۆرەکانی ئارەزووی کەشێکی وشک دەکەن بەڵام زۆرینەی جۆرەکانی تر پێویستە ئاوی باشیان پێبدرێت و ڕێگریبکرێت لە وشکبوونی خاکەکەی.

بەڵام لە هەردوو ئاودان و زیادکردنی ماددەی خۆراکی نابێت زیادەڕەوی بکرێت، چونکە دەبنە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی مێرووەکان و لە ئەنجامدا نەخۆشی جیاواز ڕووبەڕووی گوڵەکە دەبێتەوە، واتە هەرچەندە گوڵەکە ئارەزووی هەبوونی شێ دەکات، بەڵام واتای ئەوە نییە کە ئاوی زۆری پێبدرێت تەنها هەندێک ئاوی پێویستە هەتاکوو ڕێژەی شێی خاکەکەی بپارێزێت.


سەرچاوەکان



421 بینین