کچی گوارە مروارییەکە

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-08-26-22:24:00 - کۆدی بابەت: 10026
کچی گوارە مروارییەکە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کچی گوارە مروارییەکە (بە ئینگلیزی: Girl with a pearl earring، بە عەرەبی: الفتاة ذات القرط اللؤلؤي، بە هۆڵەندی: Meisje met de parel), تابلۆیەکی ڕۆنییە لە ساڵی ١٦٦٥ـی زایینی لەلایەن نیگارکێشی بەناوبانگی هۆڵەندی جۆهانز ڤێرمیەر کێشراوە. بەدرێژایی چەندین سەدە ناوی جۆراوجۆری لێنراوە، لەکۆتایی سەدەی بیستدا بە کچی گوارە مروارییەکە ناسراوە و بووە بە ناوی تابلۆکە بەهۆی گوارەکە مروارییەکەی گوێی کچەکە.

لە ساڵی ١٩٠٢ـەوە تابلۆکە لە مۆزەخانەی ماوریتشویس، لە شاری لاهای لە هۆڵەندا پارێزراوە. یەکێکە لە بەناوبانگترین تابلۆکانی جیهان، نازناوی (مۆنالیزای باکوور)ـی هەیە. لە ساڵی ١٩٩٩ نووسەری ئەمریکی ترەیسی چێڤاڵیەر تابلۆکە زۆر سەرنجی ڕاکێشاوە و ڕۆمانێکی نووسیووە لەسەری بە هەمان ناو، کە زیاتر لە پێنج ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە، باس لە خزمەتکارێک دەکات لە ماڵی ڤێرمیەر کاردەکات و ئەبێت بە ڕووخساری تابلۆ بەناوبانگەکەی. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕۆمانەکە کراوە بە فیلم.

ژیانی هونەرمەند

هونەرمەندی هۆڵەندی جۆهانز ڤێرمیەر ناسراو بە جۆن ڤێرمیەر، لە ساڵی ١٦٣٢ لە هۆڵەندا لەدایکبووە. یەکێکە لە هونەرمەندە دیارەکانی سەردەمی زێڕینی هۆڵەندا، هەروەها سەردەمەکەی ئەو بە سەردەمی برۆکیش ناسراوە لە ئەورووپادا. شارەزای بواری وێنەکێشانی مێژووی یۆنانی کۆن هەروەها وێنەی کاروباری ڕۆژانەی خێزانە ئاست مامناوەندەکان بووە، کە ئەو شێوازەش پێی دەوترێت هونەری ژانەری. ٣٤ کاری هونەریی جۆن دۆزراونەتەوە و هەن تاکوو ئێستا، دیارترین کاری تابلۆی کچی گوارە مروارییەکەیە. لە ڕێکەوتی ١٥ـی کانوونی یەکەمی ١٦٧٥، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوای کرد.

دەربارەی تابلۆکە

هەرچەندە تابلۆکە لە پۆرترەیت دەچێت بەڵام پۆرترەیت نییە، بەڵکوو جۆری ترۆنییە کە شێوازێکی وێنەکێشانە لە سەردەمی ئاڵتونی هۆڵەندا بەناوبانگ بوو، وێنەی خەیاڵین کە تیشک دەخاتە سەر ئەو دەربڕینانەی لەسەر ڕووخسار هەن. تابلۆکە کچێکی گەنجی ئەورووپی وێنا دەکات کە جلێکی نامۆی لەبەرە، سەرپێچێکی ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ گوارەیەکی درەوشاوەی مرواری سپی و باکگراوندێکی ڕەش. کارەکە بە ڕەنگی زەیتی کراوە لەسەر کانڤاس، بەرزی ٤٤.٥ سانتمەتر و پانی ٣٩ سانتیمەتر. هەروەها ئەو کەرەستانەی لە تابلۆکەدا بەکارهاتوون کوالێتییەکی بەرزیان هەیە.

شوێنی تابلۆکە

کچی گوارە مروارییەکە پێشتر هێندە بەناوبانگ نەبووە. تابلۆکە لەگەڵ کۆکراوەی کارەکانی هونەرمەندەکەی هەڵگیرابوون پێش ئەوەی بفرۆشرێت لەلایەن زاواکەی ڤێرمیەر، دواتر بۆ ٢٠٠ ساڵ دیار نەما تاکوو لەلایەن کۆکەرەوەیەکی کاری هونەری بە کەمتر لە یەک دۆلار کڕدرا، دوای پاککردنەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر تابلۆکە بۆی دەرکەوت کە کاری ڤێرمیەرە، دوای ئەوەی ئەو کەسە لە ساڵی ١٩٠٢ مرد، تابلۆکە گوازرایەوە بۆ مۆزەخانەی ماوریتشویس، لە شاری لاهای لە هۆڵەندا و ئێستا تابلۆکە هیچ نرخێکی نییە و نافرۆشرێت بەڵکوو لە مۆزەخانەکە هەڵدەگیرێت.

توێژینەوەکان و ئەو هۆکارانەی کە تابلۆکەی تایبەت کردووە

جگە لەوەی تابلۆکە جوانییەکی سەرنج ڕاکێشی هەیە بەڵام جوانی تاکە هۆکار نییە بۆ ئەو هەموو ناوبانگەی، تابلۆکە چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی وێناکردن و سکانکردن و مایکرۆسکۆپی دیجیتاڵ و شیکردنەوەی نموونەی وێنە.

یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین دۆزینەوەکان ئەوە بوو کە باکگراوندەکە بە سادەیی بۆشاییەکی تاریک نییە، بەڵکوو پەردەیەکی سەوزی تێدایە کە لە ماوەی سەدەکاندا ون بووە لە ئەنجامی گۆڕانکاری فیزیکی و کیمیایی لە ڕەنگی سەوزی ڕواڵەتیدا. توێژینەوەکە ئەوەشی دەرخستووە کە هونەرمەند لە کاتی پرۆسەی وێنەکێشاندا گۆڕانکاری لە شوێنی گوێ و سەرپێچەکەی و پشتی ملیدا کردووە بەشێوەیەکی سیستماتیک.

کاتێک ئاسایی سەیری تابلۆکە دەکەیت هیچ برژانگ تێبینی ناکرێت، بەڵام پشکنینی ماکرۆ-تیشکی ئێکس و پشکنینی مایکرۆسکۆپی ئاشکرای کرد، کە ڤێرمیەر برژانگی بە کەمی لە دەوری هەردوو چاویدا کێشاوە. نەبوونی برۆ و باکگراوندی بێ تایبەتمەندی گومانی دروست کرد کە ئایا ڤێرمیەر ڕوخسارێکی خەیاڵی یان ڕاستەقینەی کێشاوە، دۆزراوەکانی دواتر نیشانیان دا کە ئەو کەسێکی ڕاستەقینە دەکێشێت لە بۆشاییەکی ڕاستەقینەدا، هەرچەندە تا ئێستا ناسنامەکەی بە نادیاری ماوەتەوە و نەزانراوە کێییە. هەروەها مروارییەکە بە وەهم و خەیاڵ وەسف کراوە بەهۆی نەبوونی هیچ قولاپێک بۆ هەڵواسینی لە گوێی کچەکەدا و هیچ شوێنێکی داخستنی نییە.

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی تابلۆکە کەسایەتی و شێوازی سەیرکردنەکە ئاڵۆزەکەیەتی، نازانرێت کە ئایا خەمبار دیارە یاخود دڵخۆشە، ئایا بیر لەچی دەکاتەوە. هەروەها  کچەکە ناسراو دیارە، لەلایەن چەندین کەسەوە وتراوە کاتێک سەیری کچەکە دەکەن هەست دەکەن دەیناسن هەرچەندە واش نەبێ. ترەیسی چێڤاڵیەر لەسەر تابلۆکە دەڵێت کە بۆ ئەو کچی گوارە مروارییەکە تابلۆ نییە بەڵکوو پەیوەندییەکە لەنێوان ڤێرمیەر و کچەکە.


سەرچاوەکان



796 بینین