تێڵۆنیم

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-08-26-22:39:00 - کۆدی بابەت: 10028
تێڵۆنیم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێڵۆنیم (بە ئینگلیزی: Tellonym، بە عەرەبی: التیلنیم) بەرنامەیەکی مۆبایلە کە تێیدا خەڵکی بەشێوەیەکی نهێنی بەبێ ئەوەی بزانرێت کە کێن نامە دەنووسن و کاردانەوە و هەستی خۆیان بەرامبەرت نیشان دەدەن جا چ ڕق بێت یان خۆشەویستی یان ئیرەیی، ئەم بەرنامەیە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانی بەناوی Collosum Software دروستکراوە.

مێژوو

لە سەرەتادا چەندین بەرنامەی وەک Ask.fm لە ساڵی ٢٠١٠ و Sarahah لە ساڵی ٢٠١٦ دروست کرا بۆ ناردنی نامەی نهێنی بۆ کەسێکی دیاریکراو، بەرنامەی تێڵۆنیمیش لە نیسانی ٢٠١٦ دەستی بە کارکردن کرد، لە ساڵی ٢٠١٧ ٧٠٠,٠٠٠ کەس خۆیان لە بەرنامەکەدا تۆمار کرد و بوون بە بەکارهێنەر، دواتر لە ساڵی ٢٠١٨ دوو ملیۆن کەس خۆیان لە بەرنامەکە تۆمار کرد، هەتاوەکوو ساڵی ٢٠٢٠ـیش زیاتر لە دە ملیۆن کەس بوون بە بەکارهێنەرانی ئەم تۆڕە.

تەکنۆلۆژیا

تێڵ بەو نامە نهێنییانە دەگوترێت کە لە بەرنامەی تێڵۆنیم بۆ کەسێکی دیاریکراو دەچێت، پڕۆفایلی هەر کەسێک لەم بەرنامەیە لە ناو و وەسفێکی کورتی خۆت (Bio) و ئیمۆجی پێکدێت، هەروەها دەتوانیت ١-٣ وێنەی خۆت یان هەر وێنەیەکی تر دابنێیت، تایبەتمەندی ئەم بەرنامەیە ئەوەیە دەتوانیت لینکی پڕۆفایلەکەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تر دابنێیت، هەروەها لە ستۆری پۆست بکەیت بۆ زانینی ڕای دەوروبەر لەسەرت بە شێوەی نهێنی (Anonymously) یان بە ئاشکرا کە دەزانیت کێ تێڵی بۆت نووسیوە و ڕای چی بووە لەسەرت، تایبەتمەندییەکی تری ئەم بەرنامەیە ئەوەیە دەتوانیت بە وێنە وەڵامی نامەکان بدەیتەوە بەڵام ناتوانیت وێنە بۆ کەس بنێریت، هەروەها دەتوانیت بە نامەی ڕاستەوخۆ (DM) قسە لەگەڵ هاوڕێکانت بکەیت یان وەڵامی کەسانی نەناسراو بدەیتەوە یانیش بلۆکیان بکەیت ئەگەر قسەی نەشیاویان کرد و ببنە هۆکاری بێزارکردنت، لە کاتی نووسینی تێڵ بۆ هەر کەسێک لە پڕۆفایلەکەیدا ژمارەی ئەو تێڵانەی بۆی نووسراوە زیاد دەکات، هەتاکوو تێڵی زیاتری بۆ بچێت زیاتر بەناوبانگ دەبێت و خەڵکی لە بەشی (explore) دەتوانن بینەری تێڵ و وەڵامەکانی ببن، ئەم بەرنامەیە بەتایبەتی بۆ مۆبایل دروستکراوە و لەگەڵ هەموو سیستمەکانی مۆبایلیش دەگونجێت و دەتوانرێت بەکاربهێنرێت وەک سیستمەکانی ئای ئۆئێس، ئەندرۆید، چەندانی تر.

بێزارکردن

لەبەر ئەوەی ئەم بەرنامەیە ڕێژەیەکی زۆر بەکارهێنەری هەیە زۆربەیان دووچاری بێزارکردن دەبنەوە لەلایەن کەسانی ترەوە چەندین وشەی نەشیاویان بۆ دێت و وێنەکانیان دەبەن و بەشێوەیەکی ناشیرین بەکاردێت، ئەمەش هۆکاری سەرەکی تووشبوون بووە بە نەخۆشییە دەروونییەکان و هەستکردن بە دڵگرانی و نائاسودەیی تەنانەت هەندێک بەکارهێنەر بەهۆی ئەمەوە هەوڵیانداوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن، لەبەر ئەمەش کۆمپانیای بەرهەمهێنەری بەرنامەکە لە ڕێگەی تۆمارکردنی IP ئەو کەسەی کە تێڵ دەنووسێت ئەو کەسانە بدۆزێتەوە کە بوونەتە هۆی حاڵەتە خۆکوژییەکان و لە کاتی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی بەرنامەکە هاوکارت دەبێت، هەروەها دەتوانیت لە قسە ناشرینەکان بە دووربیت لە ڕێگەی پاڵاوتنی وشەکانەوە (filter words) واتا بەکارهێنەر وشەکان تۆمار دەکات کە دەبنە هۆی بێزارکردنی ئەمەش ڕێگری دەکات لە گەیشتنی ئەو تێڵانەی کە ئەم وشانەی تێدایە.

تێڵۆنیم پڵەس

لە ڕێگەی کڕینی بەرنامەکە بۆ ماوەیەکی کاتی کۆمەڵە تایبەتمەندییەک بۆ بەرنامەکە زیاد دەکات بەڵام تێڵۆنیم پڵەس هەرگیز ناوی کەسی نووسەری تێڵەکەت پێ ناڵێت، بەڵکوو تەنیا هاوکاری دەکات و هەندێک ئاماژەت پێدەدات ئەمەش یارمەتیدەر نییە بۆ ناسینی ئەو کەسانەی بێزارت دەکەن یان هەستی خۆیانت بۆ دەردەبڕن، ئاماژەکانیش بریتین لە:

  • زانینی ئەو شوێنەی تێڵی لێوە نێرراوە وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سناپچات و ئینستاگرام.
  • ناونیشانی نزیکەیی ئەو کەسەی تێڵ دەنووسێت.
  • ئەگەر کەسێک ٣ تێڵی نووسی بێت ئاگادارت دەکاتەوە کە هەمان کەس لەم دواییانەدا ناردوویەتی.
  • ئایا ئەو کەسەی تێڵ دەنووسێت دەتناسێت لە ڕێگەی هەبوونی ژمارەی تەلەفۆنی هەردووکیان لای یەکتر و هاوڕێی هاوبەش و شوێنەوە.
  • هاوڕێی هاوبەش واتا ئەو کەسە Followـی هاوڕێکانتی کردووە یاخود نا.
  • ئاگادارکردنەوەت لە بەکارهێنەرانی تر کە هەمان پرسیار یان هاوشێوەکەیان وەڵام دابێتەوە.


سەرچاوەکان



464 بینین