لیڤۆدۆپا

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-08-29-23:09:00 - کۆدی بابەت: 10066
لیڤۆدۆپا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەرمانی لیڤۆدۆپا (بە ئینگلیزی: Levodopa drug، بە عەرەبی: دواء لیفودوبا) دەرمانێکە بۆ چارەسەری نەخۆشیی پارکینسن و نەخۆشییە پەیوەستەکانی تر بە پارکینسنەوە بەکاردێت.

ماددەی لیڤۆدۆپا خۆی دروستکەری دەمارەگوێزەرەوەی دۆپامینە لە لەشدا، لە ڕاستیدا لیۆڤۆدۆپا دەرمانێکی تەواو نییە و دەرمانێکی پێشینەیی یان یاریدەرە (Prodrug) کە لە لەشدا بۆ دۆپامین دەگۆڕێت و چالاک دەبێت، دواتر دۆپامینەکە کارەکانی خۆی دەکات وەک چارەسەرێک بۆ نەخۆشییە دیاریکراوەکە. دەرمانی دۆپامین خۆی ناتوانێت بگاتە نێو مێشک چونکە ناتوانێت بەربەستی نێوان مێشک و خوێن ببڕێت، بۆیەش لەشێوەی پڕۆدرەگی لیڤۆدۆپا وەردەگیرێت تا بڕواتە نێو مێشک و دواتر بگۆڕێت بۆ دۆپامین.

تێکەڵەی لیڤۆدۆپا و کاربیدۆپا یەکەم دەرمانی چارەسەری پارکینسن بوو کە لە ٢ـی ئایاری ساڵی ١٩٧٥ لەلایەن دەزگای وەرگرتنی دەرمان و خۆراکی ئەمریکی (FDA)ـیەوە لەژێر ناوی سینەمێت پەسندکراوە.

بەکارهێنان

  1. نەخۆشیی پارکینسن.
  2. پارکینسنی دوای هەوکردنی مێشک.
  3. نیشانەکانی پارکینسن کە بەهۆی ژەهراویبوون بە ماددەی مەنگەنیز یان یەکەئۆکسیدی کاربۆنەوە دروست دەبن.

میکانیزمی کارکردن

دەرمانی لیڤۆدۆپا توانای بڕینی بەربەستی نێوان مێشک و خوێنی هەیە، لەکاتێکدا دۆپامین ناتوانێت. لیڤۆدۆپا بەزۆری بە شێوەی تێکەڵە لەگەڵ دەرمانی کاربیدۆپا و ئینتەکاپۆن بەردەستە. زیادکردنی کاربیدۆپا بۆ لیڤۆدۆپا یارمەتی ئەوە دەدات کە لیڤۆدۆپایەکە لەدەرەوەی مێشک نەگۆڕێت بۆ دۆپامین بەڵکوو دوای گەیشتنی بە مێشک زیندەگۆڕانی بەسەردا بێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی کاربیدۆپا دەرمانێکی ڕێگری ئەنزیمی لێکەرەوەی کاربۆکسیلی دۆپامینە بۆیە دەتوانێت ڕێگە لە زیندەگۆڕانەکە بگرێت لە دەرەوەی مێشکدا، بەمەش بڕێکی زیاتری لیڤۆدۆپا دەگاتە نێو مێشک. دوای گەیشتن بە مێشک لیڤۆدۆپا بەهۆی ئەنریمی لێکەرەوەی کاربۆکسیلی ترشە ئەمینیی لیڤۆی بۆندارەوە بۆ دۆپامین دەگۆڕێت. دواتر دۆپامینەکە هەمان فرمانەکانی دۆپامینی ئاسایی جێبەجێ دەکات و وەرگرەکانی دۆپامین لە مێشکدا وریادەکاتەوە.

شێوەکانی دەرمان

  • وەرگرتن لەڕێی دەم: حەپ و کەپسول دەگرێتەوە کە بەزۆری بەشێوەی تێکەڵە لەگەڵ کاربیدۆپا بەردەستن، جۆرەکانی بریتین لە:
  • حەپی دەستبەجێ یان خێرا بەڕەڵابوو (IR).
  • حەپی شیبووەوە لە دەمدا (ODT) واتا بەبێ بوونی هیچ شلێک لەماوەی چەند چرکەیەک لە دەمدا شیدەبێتەوە.
  • حەپی بەڕەڵابوون کۆنتڕۆڵکراو (CR) واتا دەردانی دەرمانەکە کۆنتڕۆڵکراوە.
  • کەپسولی بەڕەڵابوون درێژکراوە (ER) واتا بەڕەڵابوونی دەرمانەکە هێواشە و ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت.
  • وەرگرتن لەڕێی هەڵمژی دەم: ئەمەیان وەک شێوازێکی یارمەتیدەر لە چارەسەر بە حەپی دۆپامین بەکاردێت.
  • وەرگرتن لەڕێی دەرزییەوە: ئەمەیان بە دەرزییەکەوە لەڕێی سۆندەی لووتەوە وەردەگیرێت.

کاریگەریی لاوەکی

باوترین کاریگەرییە خراپەکانی لیڤۆدۆپا بریتین لە:

  • دڵتێکچوون
  • سەرسوڕان
  • سەرئێشە
  • خەواڵوویی

زیادکردنی کاربیدۆپا ڕەنگە بێتە هۆی نەمانی دڵتێکچوونەکە

باوترین کاریگەرییە لاوەکییەکان لە کەسانی بەتەمەندا بریتین لە:

  • سەرلێشێوان
  • هەلوەسە
  • وەهم (خەیاڵی پڕوپووچ)
  • سایکۆسس (دابڕن لە واقیع)
  • هەژین

بەکارنەهێنان

دەرمانی لیڤۆدۆپا نابێت لەگەڵ دەرمانەکانی ڕێگری ئۆکسێنەری یەکەئەمینی (MAOIs) بەکاربێت، چونکە دەبێته هۆی بەرزبوونەوەیەکی مەترسیداری پەستانی خوێن. هەروەها ئەو نەخۆشانەی دەرمانەکانی دژمنی وەرگری D2 بەکاردەهێنن، ڕەنگە سوودی زۆر لە دەرمانی لیڤۆدۆپا نەبینن چونکە ئەم دەرمانانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەریی لیڤۆدۆپاکە.


سەرچاوەکان



302 بینین