تریکۆمۆنایەسس

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-09-01-23:29:00 - کۆدی بابەت: 10116
تریکۆمۆنایەسس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تریکۆمۆنایەسس (بە ئینگلیزی: trichomoniasis، بە عەرەبی: داء المشعرات) بەربڵاوترین هەوکردنی نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکانە (STD). بەهۆی مشەخۆرێکەوە بە ناوی تریکۆمۆنایەسسەوە دروست دەبێت. خانمان بەبەراورد بە پیاوان زیاتر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبنەوە. ئەم نەخۆشییە لە خانماندا نیشانەی زۆری هەیە، بەڵام لە پیاواندا کەمتر نیشانەکانی دەردەکەوێت، یاخود هەر دەرناکەوێت. خانمانی بەتەمەن زیاتر تووشی دەبن وەک لە خانمانی گەنج، هەروەها ئەگەری تووشبوون لە کەسانی ڕەشپێستدا زیاترە وەک لە سپی پێست.
هەروەها زۆرێک لەو نەخۆشانە کە دووچاری تریکۆمۆنایەسس دەبنەوە، دەکرێت تووشبووی نەخۆشییە سێکسییەکانی تریش بن، وەک، سوزەنەک، کلامیدیا، بالووکەی کۆئەندامی زاوزێ، ئایدز.

نیشانەکان

ئەم مشەخۆرە بەدرێژایی ماوەی جووتبوون، لە کەسی نەخۆشەوە گوازراوتەوە بۆ کەسی تووشبوو، چوار بۆ ٢٨ ڕۆژی پێ دەچێت تاکوو کەسی وەرگر نیشانەکانی تێدا دەربکەوێت. زۆرینەی خانمان و پیاوان لە سەرەتای تووشبوون بەم نەخۆشییە هیچ نیشانەیەکیان نییە. بەڵام وردە وردە نیشانەکان دەردەکەون:
نیشانەکانی خانمان:

  • گۆڕانی ڕەنگی دەردراوی زێ، بە ڕەنگی سپی، خۆڵەمێشی، زەرد، سەوز.
  • بۆنی ناخۆشی زێ.
  • سووربوونەوە و سووتانەوە و خورانی زێ.
  • هەبوونی ئازار لە کاتی میزکردن یاخود جووتبووندا. 

نیشانەکان لە پیاواندا:

بە دەگمەن لە پیاواندا نیشانەکانی دەردەکەوێت ، ئەگەر نیشانەی هەبوو ئەوا ئەمانە دەبن:

  • هەستیاریی چووک
  • سووتانەوە لە کاتی میزکردندا یاخود دوای گەیشتن بە لوتکەی چێژ لە کاتی جووتبووندا.
  • هەبوونی دەردراوی نائاسایی لە چووکەوە.

ڕێگاکانی گواستنەوە

  1. لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسییەوە
  2. هەبوونی پەیوەندی ناشەرعی
  3. هەروەها لەو  کەسانەی کە هاوڕەگەزخوازن.

دەستنیشانکردن

زۆرینەی پزیشکان لەڕێگەی وەرگرتنی نموونە لە میز، یاخود دەردراوی ئەندامی زاوزێی خانمان و پیاوان، دەتوانن بزانن تووشبووی ئەم نەخۆشییەیت یاخود نا. هەروەها دەکرێت لەڕێگەی پشکنینی (چاندنی دەردراوی ئەندامی زاوزێ) دەستنیشان بکرێت. لەم جۆرە پشکنینەدا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەردراوەکانی زاوزێ هەڵدەگرن، تاکوو مشەخۆرەکە زیاتر دەربکەوێت لە ژێر مایکرۆسکۆپدا. هەروەها ئەنجامدانی پشکنینی (NAATs) دەتوانێت نیشانەکانی هەبوونی مشەخۆری تریکۆمۆنایەسس دیاری بکات.

ڕێنوێنی پێش ئەنجامدانی پشکنین

واباشە پێش ئەوەی بتەوێت پشکنین بکەیت چەند خاڵێکی گرنگ ڕەچاو بکەیت:

  1. دوورکەوتنەوە لە جووتبوون.
  2. بە هیچ ماددەیەکی پاککەرەوە ئەندامی زاوزێت مەشۆ.
  3. خانمان دەبێت لەماوەی سوڕی مانگانەدا پشکنین نەکەن.
  4. بەلایەنی کەمەوە ٢٤ کاتژمێر پێش ئەنجامدانی پشکنین خۆت مەشۆ.

چارەسەر

ئەگەر تریکۆمۆنایەسس چارەسەر نەکرێت لەوانەیە چەند مانگ یاخود چەند ساڵێکیش درێژە بکێشێت. ئەم نەخۆشییە هەرگیز لەخۆوە لەناوناچێت، بۆیە بەردەوام دەتوانیت کەسانی تر تووش بکەیت. چەند دەرمانێک بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە وەک:

  • مێترۆنیدازۆڵ (Metronidazole)
  • تاینیدازۆڵ (Tinidazole)

هەڵبەتە ئەم دوو دەرمانە بە تەنها چارەسەر نین ئەگەر بێت و نەخۆشەکە، چەند ڕێنوێنییەک جێبەجێ نەکات:

  • کەسەکە دەبێت بۆ ماوەی پێنج بۆ حەوت ڕۆژ بە ڕێکی دەرمانەکان بخوات.
  • کەسی تووشبوو و هەموو ئەوانەی لەگەڵی جووتبوون، دەبێت بخرێنە ژێر هەمان چارەسەرەوە، چونکە دەتوانن بەردەوام لەناو یەکدا بیگوازنەوە.
  • کەسی تووشبوو تاکوو هەفتەیەک دوای تەواوکردنی دەرمانەکانیشی نابێت جووتبوون ئەنجام بدات. چونکە ئەگەر لەو ماوەیەدا جووتبوون ئەنجام بدرێت، ئەگەری زۆرە جەستە دووبارە توش ببێتەوە.

لێکەوتە خراپەکان

  • تووشبوون بە تریکۆمۆنایەسس مەترسی تووشبوون بە هەموو نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکانی تریش زیاد دەکات.
  • ئەو خانمانەی دووگیانن و تووشبووی تریکۆمۆنایەسسن، مەترسی لەدایکبوونی منداڵ بە کێشی کەم زیاد دەکات.
  • هەروەها لەوانەیە نەخۆشییەکە لە دایکەکەوە بگوازرێتەوە بۆ کۆرپەکە.
  • منداڵبوونی پێشوەختە

ڕێگریکردن

  • دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی ناشەرعی، لەڕێگەی پێش و کۆم، دەمەوە.
  • دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کەسی تووشبوودا.
  • ئەنجامدانی پشکنین پێش هاوسەرگیری.


سەرچاوەکان



561 بینین