گوڵی یاسەمینی مەدەغەشقەری

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-09-04-22:52:00 - کۆدی بابەت: 10159
گوڵی یاسەمینی مەدەغەشقەری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی یاسەمینی مەدەغەشقەری (بە عەرەبی: یاسمین مدغشقر، بە ئینگلیزی: Madagascar jasmine، ناوی زانستی: Stephanotis floribunda)، ناوە زانستییەکەی لە وشەیەکی یۆنانییەوە هاتووە کە بە واتای گوێچکە دێت و باوەڕ وایە بۆ جێگەی گوڵگرتنەکەی دەگەڕێتەوە کە لە کۆتایی لقەکاندایە، یەکەمجار لە دوورگەی مەدەغەشقەردا دۆزراوەتەوە و نزیکەی ١٦ جۆری جیاوازی هەیە، لە هەموو جۆرەکاندا تەنها یەک دانەیان وەک گوڵی ناوماڵ گەشەدەکات ئەوانیتر درێژدەبنەوە و زیاتر وەک هەڵواسراو بۆ پەرژین بەکاردێن.   

شێوە و پێکهاتەی

ئەم ڕووەکە قەدێکی بەهێز و درێژی هەیە کە دەکرێت هەتاکوو ٤.٥ مەتر درێژببێت، گەڵاکانی شێوەیەکی هێلکەییان هەیە و درەوشاوەن، دەکرێت هەتاکوو ١٠ سانتیمەتر یاخود زیاتر گەشەبکەن، گوڵدەگرێت و گوڵەکانیشی پێکەوە تۆپەڵەیەکی ڕەنگ سپین کە بۆنێکی بەهێز و خۆشیان هەیە، کاتی گوڵگرتنی لە وەرزی بەهارەوە دەستپێدەکات و بەدرێژایی هاوینیش بەردەوام دەبێت، تەنها لە کەشوهەوای سارددا گوڵناگرێت، کە ئەگەر هەلومەرجی دیاریکراوی بۆ دابینبکرێت دەکرێت تەنانەت لە پاییز و زستانیشدا گوڵبگرێت.

سوودەکانی

  • بەهۆی جوانییەوە لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا بەکاردێت، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ڕەنگی گوڵەکەی لەگەڵ ئاهەنگی مارەبڕین و گواستنەوەدا گونجاوە.
  • دەکرێت لە نزیک ئاژەڵی ماڵی دابنرێت، چونکە ئەم جۆرە گوڵە ژەهراوی نییە بۆ گیانەوەرە ماڵییەکان.
  • بڵاوکردنەوەی بۆنێکی خۆش و بەهێز لە جێگەکەیدا.

شێوازی چاندن

بۆ چاندنی ئەم ڕووەکە گونجاوترین ڕێگە چاندنی لق یان چڵێکە، کە دەبێت لە بەهاردا چڵێکی ساڵی پێشوو ببڕدرێت، چڵەکە دوو گەڵای تەندروست و لوتکەیەکی گەشەکردنی هەبێت، پاشان بخرێتە ئینجانەیەکەوە کە خاکێکی بەپیتی تێدابێت بەتایبەتی ئەگەر پیتمۆس بێت گونجاوترە، پاشان ئاوبدرێت و بە بەردەوامی بە شێداری بهێڵرێتەوە، باشترە کە ئینجانەکە بە بەرگێک دابپۆشرێت و ڕۆژانە تەنها پێنج خولەک لاببرێت، لە پاش ٢١ ڕۆژ کاتێک لقەکە گەڵا و چڵی نوێ دروستدەکات دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ جێگەیەکی تر.

شێوازی گرنگیپێدان

لەناوماڵدا پێویستە لە نزیک پەنجەرەوە دابنرێت بۆ ئەوەی زۆرترین ڕووناکی خۆری هەبێت و گوڵبگرێت، بەڵام نابێت تیشکی ڕاستەوخۆی خۆری بەربکەوێت، چونکە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە گەڵاکانی، کە پلەی گەرمی نموونەیی بۆ یاسەمینی مەدەغەشقەری لە نێوان ١٨-٢١ پلەی سەدییە، ئەگەر لە ١٨ کەمتربێت پێویستە کەمتر ئاوی پێبدرێت، بەڵام ئەگەر لە ٢٧ پلەش زیاتربێت پێویستە بە وریاییەوە فێنکبکرێتەوە و بپارێزرێت.

لەکاتی خاوێنکردنەوەدا تەنها پێویستە بە جلێکی تەڕ گەڵاکانی بسڕدرێت، هەرگیز نابێت درەوشێنەرەوەی گەڵای بۆ بەکاربێت، کاتێک دەستدەکات بە گەشەکردن و گوڵگرتن دەکرێت ماددەی بەپیتکەری شلی بۆ زیادبکرێت، هەروەها بۆ پاراستنی ڕێژەی شێ لە هاویندا ئاوبدرێت و گەڵاکانیشی ئاوی بەسەردا بپرژێنرێت بەڵام بە گوڵەکانیدا نەکرێت، ئەگەر کەسێک ئارەزوو بکات کە زۆر درێژ نەبێتەوە ئەوا پێویستە بە وریاییەوە هەڵبپاچرێت و ڕابهێنرێت، هەرچەندە کە ئەگەر بشبڕێت هەر درێژدەبێت و پێویستی بەوەیە کە پەت و داوی بۆ دابنرێت.

شێوازی چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکانی

  • ئەگەر گەڵا بچووک و نوێیەکانی زەرد ببن دەکرێت بەهۆی ئەوەبێت کە ئاوەکەی کلسی تێدایە، بۆیە لە ئەنجامدا باشترە کە هەفتانە تەنها یەکجار بە گیراوەیەکی دەوڵەمەند بە ئاسن لەگەڵ ئاوێک کە کلسی تێدا نەبێت ئاوبدرێت.
  • ئەگەر خونچەکانی سیس و کرژبن دەکرێت بەهۆی وشکبوونەوەوە بێت، کە پێویستە هەفتانە ئاوی زیاتری پێبدرێت.
  • ئەگەر خونچەکانی بوەرن و لێببنەوە، دەبێت واز لە گوڵەکە بهێنرێت و نەجووڵێنرێت، چونکە دەکرێت هۆکارەکەی جوڵاندن و لابردنی گوڵەکە بێت لە جێگەکەی کە تێیدا جێگیربووە.
  • ئەگەر گەڵاکانی بە تەواوەتی زەرد ببن، واتە ڕووناکی پێویستی نییە و دەبێت ببرێتە جێگەیەکی ڕووناکتر.
  • دەکرێت لە ژێر گەڵاکانیدا جۆری جیاوازی مێرووەکان جێگیرببن، کە پێویستە ماددەی قڕپێکەری مێروو بەسەر گوڵەکەدا بپرژێنرێت.


سەرچاوەکان



413 بینین