گوڵی هەمیشە بەهار

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-09-06-12:09:00 - کۆدی بابەت: 10160
گوڵی هەمیشە بەهار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی هەمیشە بەهار (بە عەرەبی: زهرة الربیع، بە ئینگلیزی: Primrose، ناوی زانستی: Primula vulgaris)، نشینگە بنەڕەتییەکەی کیشوەرەکانی ئەورووپا و ئەمریکای باکوورە لەگەڵ ئەمریکای باشوور، چەندین جۆری جیاوازی هەیە و زۆرینەیان تەمەنیان کورتە، تووشی نەخۆشی زۆر نابێت تەنها جۆرێکی بچووک لە جاڵجاڵۆکەکان دەکرێت ببێتە هۆی دروستکردنی کێشە، یاخود هەندێکجار گەڵاکانی نیشانە و خاڵی تێدا دەردەکەوێت و ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ زەرد، کە باشترە گەڵاکەی لاببرێت و ڕێگە بە هەواگۆڕکێی زیاتر بدرێت، بەڵام ئەم گوڵە ژەهراوییە بۆ مرۆڤ و گیانەوەرە ماڵییەکانیش واتە باشترە وریابن لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا.

شێوە و پێکهاتەی

بەگشتی شێوەی زۆرینەیان وەک یەکترییە کە پێکهاتوون لە قەد و گەڵای سەوزی تۆخ لەگەڵ گوڵی ڕەنگاوڕەنگ، گوڵەکان لە وەرزی بەهاردا دەردەکەون هەندێک لق تەنها یەک گوڵ دەگرێت, بەڵام هەندێکی تریان دەستەیەک گوڵ دەگرن، ڕەنگی گوڵەکانی جیاوازە و دەکرێت هەریەک لە سوور، شین، سپی، مۆر، زەرد، پرتەقاڵی یان پەمەیی بێت، درێژی ئەم ڕووەکە لە نێوان ١٥-٢٥ سانتیمەتر دەبێت و پانییەکەشی بە نزیکەیی لە نێوان ٢٠-٥١ سانتیمەتر دەبێت، کە ئەگەر هەلومەرجی دیاریکراوی بۆ دابینبکرێت ئەوا دەکرێت زیاتر لە پێنج ساڵ بژی.

سوودەکانی

  • وەک گوڵی بڕینەوە بۆ کردنە دیاری و پێشکەشکردن بەکاردێت.
  • دروستکردنی زەیت لە گوڵەکەیەوە، کە دواتر بۆ چەندین مەبەست سوودی لێ وەردەگیرێت.
  • بەکارهێنانی تۆوەکەی بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە نەخۆشییەکان.
  • کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەستیاری.
  • باشترکردنی تەنگەنەفەسی.
  • نزمکردنەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵ.
  • کەمکردنەوەی ئازاری سنگ.
  • باشترکردنی ئەگزیما.

شێوازی چاندن

چاندنی ئەم گوڵە بە دوو شێوەی سەرەکییە کە بریتین لە تۆو یان زیادکردن بە لق و چڵ، کە بە تۆو پێویستی بە پلەی گەرمی و گرنگیپێدانی زیاترە و هەندێکجار کارەکە سەرکەوتوو نابێت، بەڵام چاندنی بە لق ئاسانترە کە کاتێک چڵەکان گوڵ دەگرن لە بەهاردا دەکرێت بەجیا بچێنرێن، پاشان ئاو بدرێت بەباشی هەتاکوو جێگیرببێت کە دواتر زۆر بەخێرایی ڕەگ دادەکوتێت، ئەگەر لە گۆزە و ئینجانەشدابێت باشترە لە زستاندا بگوازرێنەوە بۆ ناوماڵ، بەڵام لەناوماڵدا دەبێت لە نزیک پەنجەرەبێت و ڕووناکی پێویستی هەبێت.

شێوازی گرنگیپێدان

گوڵی هەمیشە بەهار پێویستی بە خاکێکی بەپیتی ترشە کە بەباشی ئاو پێیدا تێپەڕبێت و وشکببێتەوە، چونکە ئەم گوڵە ئارەزووی مانەوە لە جێگەی تەڕدا ناکات، جێگەکەشی باشترە کە بەیانیان خۆری هەبێت و کاتەکانی دواتر سێبەربێت، هەرچەندە هەندێکیان دەتوانن لە جێگەی خۆرەتاویشدا بژین، بەڵام پێویستی بە ئاو و شێی زیاترە و نابێت خۆری زۆر بەتین و بەهێزی بەربکەوێت، بۆ ئاودانیش بەگشتی هەموو جۆرەکان و جۆرە دوو ڕەگەکانی بەتایبەتی زۆر تینویان دەبێت، پێویستییان بە ئاودانی ڕێکە لە کاتی دیاریکراودا، یاخود دەکرێت چینێک لە سەماد بۆ بەشی سەرەوەی خاکەکەی زیادبکرێت کە دەبێتە هۆی هێشتنەوەی شێی بنجەکەی.


سەرچاوەکان



726 بینین