گۆڕانی گرووپی خوێن

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-09-09-23:36:00 - کۆدی بابەت: 10190
گۆڕانی گرووپی خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گۆڕانی گرووپی خوێن (بە ئینگلیزی: change in blood group، بە عەرەبی: تغيير في فصيلة الدم) حاڵەتێکە تێیدا گرووپی خوێن بەهۆی چەند هۆکارێک لەماوەی تەمەندا دەگۆڕێت. دژەپەیداکەرەکانی گرووپی خوێن یان شەکر یان پڕۆتینەکانن لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکان هەن، لە کاتی ئاساییدا ئەم دژەپەیداکەرانە بە درێژایی تەمەنی مرۆڤ ناگۆڕین، بەڵام دەکرێت کۆمەڵێک هۆکار ببنە هۆی گۆڕانیان و دەکرێت ئەم گۆڕانی گرووپی خوێنە بۆ ماوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی بێت.

گۆڕانی گرووپی خوێن

گۆڕانی گرووپی خوێن دوو جۆرە:

  • کورت خایەن
  • درێژخایەن

لە کاتی گۆڕانی گرووپی خوێنی کورت خایەندا بۆ ماوەیەکی کاتی گرووپی خوێن لە کەسەکەدا دەگۆڕێت، ئەم حاڵەتە بەهۆی زۆر وەرگرتنی خوێنەوە دروست دەبێت. بەڵام لە کاتی گۆڕانی گرووپی خوێنی درێژخایەندا بۆ هەمیشەیی گرووپی خوێنی کەسەکە دەگۆڕێت، لە کاتی چاندنی مۆخی ئێسک یان تووشبوون بە هەندێک بەکتریا کە کار دەکەنە سەر گرووپی خوێن ئەم حاڵەتە ڕوودەدات.

ئەو حاڵەتانەی دەبنە هۆی گۆڕانی گرووپی خوێن

هەندێک کات لەماوەی تەمەندا گرووپی خوێن دەگۆڕێت، ڕوودانی ئەم حاڵەتە بەهۆی چەند بارودۆخێکی نائاسایییەوە ڕوودەدات وەک:

  • چاندنی مۆخی ئێسک
  • تووشبوون بە شێرپەنجە
  • هەوکردن
  • نەخۆشیی گورگەسوورە
  • تووشبوون بە نەخۆشییە دژەخۆیییەکان
  • لە کاتی گواستنەوەی خوێن یان چاندنی ئەندامەکان لەنێوان دوو گرووپی خوێنی جیاوازدا، لە حاڵەتێکی گۆڕانی گرووپی خوێندا لە کاتی گواستنەوەی جگەر لە گرووپێکی خوێنی  AB  بۆ گرووپی خوێنی O  بووە هۆی گۆڕانی گرووپی خوێنی وەرگرەکە بۆ گرووپی خوێنی AB بەشێوەیەکی کاتی.

چۆنیەتی گۆڕانی گرووپی خوێن

  • لە کاتی گواستنەوەی مۆخی ئێسک گرووپی خوێنی کەسی وەرگر ڕەنگە بگۆڕێت بۆ گرووپی خوێنی بەخشەری مۆخی ئێسک، لە کاتی چاندنی مۆخی ئێسک خانەکانی دروستکردنی خوێن لە لەشی وەرگردا لەناودەچن بە خانە دروستکەرەکانی خوێنی بەخشەر شوێنیان دەگیرێتەوە، بەم جۆرەش ئەگەر لە گرووپێکی خوێنی جیاوازەوە چاندنی مۆخی ئێسک ئەنجام بدرێت خانەکانی دروستکەری خوێنیش دەگۆڕێن و دەبنه هۆی گۆڕانی گرووپی خوێن لە کەسی وەرگردا.
  • لە هەندێک نەخۆشییە شێرپەنجەییەکاندا گۆڕانی گرووپی خوێن ڕوودەدات، دەکرێت نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان ببنە هۆی تێکچوونی ئەو ئەنزیمانەی لە  دروستکردنی دژەجینەکانی گرووپەکانی خوێندا بەشدارن. بەزۆری حاڵەتەکانی گۆڕانی گرووپی خوێن بەهۆی شێرپەنجەی مۆخی ئێسک کاتییە و لەگەڵ چارەسەرکردندا کەسەکە گرووپی خوێنی دەگەڕێتەوە بۆ گرووپی خوێنی پێشتری.

هەندێک کات نەخۆشییە دژەخۆییەکان دەبنە هۆی تێکشکاندنی دژەپەیداکەرەکانی گرووپی خوێن، گرووپی خوێنی o- هیچ دژەپەیداکەرێک لەسەر خڕۆکە سوورەکانیان نییە، بەهۆی ئەمەش زۆرجار ئەو کەسانەی دووچاری نەخۆشییە دژەخۆییەکان دەبنەوە کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی دژەپەیداکەرەکانی گرووپی خوێنی سەر خڕۆکە سوورەکانیان گرووپی خوێنیان بۆ o- دەگۆڕێت.

هەندێک ئەنزیم لەلایەن بەکتریاکان لە کۆئەندامی هەرسدا دروست دەبن، کار لەو شەکرانە دەکەن کە گرووپەکانی خوێن دیاری دەکەن و ئەم ئەنزیمانە گرووپەکانی خوێن بۆ o- دەگۆڕن.

سوود وەرگرتن لە گۆڕانی گرووپی خوێن

لە توێژینەوەیەکدا لە ساڵی ٢٠١٩ پزیشکەکان لە هەوڵی ئەوەدا بوون گۆڕانی گرووپی خوێن وەک ڕێگایەک بۆ زیادکردنی بەخشەرەکانی خوێن بەکاربهێنن، توێژەرانی شیکردنەوەی بەکتریای ناو ڕیخۆڵە بۆیان دەرکەوتووە میکرۆبەکان دوو ئەنزیم دروست دەکەن، کە دەتوانن گرووپەکانی خوێن بە لابردنی شەکرەکانی سەر ڕووی گرووپەکانی خوێن بگۆڕن، لە کاتی ئەنجامدانی ئەم کردارەدا کاری زیاتر پێویستە بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو دژەپەیداکەرەکانی تایبەت بە دیاریکردنی گرووپی خوێن لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکان گۆڕاون، هەروەها یەکێکی تر لە کێشەکان دڵنیابوون بوو لەوەی ئایا ئەم دوو ئەنزیمە لەگەڵ گۆڕینی دژەپەیداکەرەکان هیچ شتێکی تر لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکانی خوێن ناگۆڕن  کە کێشە بۆ تەندروستی کەسەکە دروست بکات؟ لەبەر ئەم هۆکارانە پێیان وابوو سەرکەوتنی ئەم کردارە سنووردارە.


سەرچاوەکان



508 بینین