تارا سترۆنگ

له‌لایه‌ن: - ئەحمەد تەیب ئەحمەد تەیب - به‌روار: 2022-09-11-16:50:00 - کۆدی بابەت: 10207
تارا سترۆنگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تارا لین سترۆنگ (بە ئینگلیزی: Tara Lyn Strong، بە عەرەبی: تارا سترونج)، لەدایکبووی ١٢ی شوباتی ١٩٧٣یە. خانمە ئەکتەرێکی ئەمەریکی کەنەدیە، ناسراوە بەهۆی پیشەی ڕۆڵە دەنگییەکانیەوە لە بوارەکانی ئەنیمەیشن و یارییە ئەلیکترۆنییەکان.

بەهۆی کارە ناودارەکانییەوە توانیویەتی بۆ خەڵاتەکانی ئان (Annie Award) و دەی تایم ئێمی (Daytime Emmy) بپاڵێورێت، هەروەها بووەتە براوەی خەڵات لە ئەکادیمیای هونەرە دوولایەنیی و زانستییەکان (Academy of Interactive Arts & Sciences).

زانیاری کەسی

(بە ئینگلیزی: Tara Lyn Charendoff)‏

ناوی خێزانی

١٢ی شوباتی ساڵی ١٩٧٣

تۆرێنتۆ، ئۆنتاریۆ، کەنەدا

لەدایکبوون

ئەمەریکی - کەنەدی

هاونیشتمانێتی

کڕەیج سترۆنگ ( ناوەڕاستی ٢٠٠٠ – ٢٠١٩؛ جیابوونەوە)

هاوسەر

٢

منداڵ

١٦٠ سانتیمەتر

باڵا

ئەکتەر، ڕۆلگێری دەنگی

پیشە

ئینگلیزی

زمان

١٩٨٦ – تا ئێستا

ساڵی چالاکبوون

سەرەتای ژیانی

سترۆنگ بەناوی (تارا لین شارندۆف)ـەوە لە شاری تۆرێنتۆی کەنەدا، لە ڕێکەوتی ١٢ی شوباتی ساڵی (١٩٧٣) لەدایکبووە، گەنجترین کچی سید و لوسی شارندۆفە. بەهۆی پەیوەندیی بەهێزیەوە لە لایەنی ئەزموون و پەروەردەی ژیانی جوولەکەییەوە ناویناوە بە "ڕۆلێکی گەورە لە کەسایەتی خۆیەوە" لە ژیانیدا. تارا خوشکێکی گەورەتر لە خۆی هەیە بە ناوی (مارلا)، لە تەمەنی ٤ ساڵیدا، ئارەزووی لە کاری ڕۆلگێران بووە و خۆبەخشانە بە تەنیاژەنی لە شانۆی قوتابخانە نواندنی کردووە. لەگەڵ شانۆی یەدیش (Yiddish Theater) کاری کردووە، کە تیایدا بەهۆی ئەوەی شانۆکە بە زمانی یەدی بووە، گشت دێڕەکانی بە شێوازی ئاوازی زارەکی لەبەرکردبوو چونکە زمانی یەدی نەدەزانی. هەروەها نواندنی لەگەڵ گرووپی شانۆیی جوولەکەیی تۆرێنتۆ (Toronto Jewish Theater) کردووە، کە تیایدا لە شانۆی شەوێك لە ئەستێرەکان (A Night of Stars)ـدا ڕۆلی بینی و دەرکەوتنێکی تایبەتی هەبووە بە تۆماری دەنگی لە گۆرانی (Lay Down Your Arms)؛ کە لە بنەڕەتدا بە زمانی عیبری بە واتای پاڕانەوە بۆ ئاشتی (Prayer for Peace) دێت؛ لەگەڵ دەستەی کۆڕبێژە گەنجەکانی هابۆنیم (Habonim Youth Choir)، کە هەڵبەستی گۆرانیەکەیان بە زمانی ئینگلیزی و عیبری دەوتەوە.

ژیانی پیشەیی

یەکەمین ڕۆڵی پیشەگەرییانەی تارا بریتی بووە لە ڕۆڵی (گرەیس) لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای شانۆیی لایم لایت (Limelight Theater Production) لە شانۆیی موزیکاڵی (The Music Man) لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا. لە زنجیرەی ئاکشنی تەلەفزیۆنی (T. and T.)ـدا وەکو دەرکەوتنی میوانی ڕۆڵی بینیوە. هەر لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا یەکەم ڕۆلی سەرەکی لە کارتۆندا بووە، کە بریتیبووە لە ڕۆڵی کارەکتەری هەڵەو کیتی (Hello Kitty) لە زنجیرەی ئەنیمەیشنی (Hello Kitty's Furry Tale Theater)، هەروەها بەشداری لە زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی کورت خایەن کردووە بەناوی (Mosquito Lake) کە لە کەناڵی CBC پەخش دەکرا. بۆ پەرەسەندی ڕۆلگێڕان بەشداری کردووە لە شانۆنامەیەکی خۆوێژی کە لە شاری تۆرێنتۆ بەڕێوەچووە، بەناوی (The Second City)؛ ئەم شانۆنامەیە تیایدا چەندان ئەکتەرانی تری ناوداری وەکوو (بیڵ موڕەی، ئالن ئارکن، دان ئاکڕۆید، کاسرین ئۆ'هارا، مایک مایەرس، ستیڤ کەڕێڵ، جۆردان پیڵ، ئەیمی پۆلێر و ستیڤان کۆڵبێرت) بەشداری بوون و سەرەتای پێگەیان بووە لە بواری ئەکتەری و کۆمیدیا؛ لەگەڵ ئەمەشدا پێش ئەوەی بچێتە شاری لۆس ئەنجلس لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٤دا، بەردەوام بووە لە کاری نواندن و لە هەردوو بەرهەمە ئەنیمەیشنەکان و فیلم‌ و زنجیرەی ژیانی ڕاستیدا.

بەشداری لە چەندەها ڕۆڵی دەنگیی کارەکتەرە ناسراوەکاندا کردووە، لە گرینگترین ڕۆلەکانی: لەزنجیرەی کارتۆنیی ئەنیمەیشنی (The New Batman Adventures) لە ڕۆلی باربارا گۆردن/بات‌گێڕل (Barbara Gordon/Batgirl)، لە زنجیرەکانی (Teen Titans) و (!Teen Titans Go)ـدا بە ڕۆلی ڕەیڤن (Raven)، لە زنجیرەی (The Fairly OddParents) بە ڕۆلەکانی تیمی تۆرنەر (Timmy Turner) و پووف (Poof)، لە زنجیرەی (The Powerpuff Girls) بە ڕۆلی بەبڵز (Bubbles)، لە زنجیرەی (Chowder) بە ڕۆلی تڕەفڵز (Truffles)، لە زنجیرەی (Foster's Home for Imaginary Friends) بە ڕۆلی تێرێنس (Terrence)، لە زنجیرەی (My Little Pony: Friendship Is Magic) بە ڕۆلی توالایت سپاڕکل (Twilight Sparkle) لەگەڵ چەندەها دەنگی تری زیادکراوە لە زنجیرەی (Family Guy) و چەندانی تر.

هەروەها بەشداری کردووە لە فیلمە دۆبلاژکراوەکانی سەر زمانی ئینگلیزی لە ئەنیمیە ژاپۆنیەکانی وەکوو (Spirited Away)  و (Princess Mononoke)، لەگەڵ چەندەها لە یاریە ئەلیکترۆنیەکان، لەوانە: ڕۆلی کارەکتەری ئەلیسا و ئورسلا (Elisa & Ursula) لە یاری ڤیدیۆی (Metal Gear Solid: Portable Ops)، ڕۆلی پاز ئۆرتێگا (Paz Ortega) لە یاری ڤیدیۆییەکانی (Metal Gear Solid: Peace Walker)، (Metal Gear Solid V: Ground Zeroes)، (Metal Gear Solid V: The Phantom Pain)، ڕۆلی ڕیکوو (Rikku)، لە یاری ڤیدیۆییەکانی (Final Fantasy X)، (Final Fantasy X-2)، (Kingdom Hearts II)، ڕۆلی هارلی کوین (Harley Quinn) لە یاریە ڤیدۆییەکانی (Batman: Arkham City)، (Batman: Arkham Knight)، هەروەها ڕۆلی جولیت ستاڕلین (Juliet Starling) لە یاری ڤیدیۆی (Lollipop Chainsaw).

هەروەها لە ڕۆلی ژیانی ڕاستیدا دەرکەوتنی هەبووە، لەوانە لە فیلمەکانی وەکوو: (National Lampoon's Senior Trip، Sabrina Goes to Rome، Sabrina Down Under، The Last White Dishwasher). هەروەها دەرکەوتنی میوانی هەبووە لە زنجیرە تەلەفزیۆنیەکانی وەکوو : (Forever Knight، Street Legal، Touched by an Angel، Take Home Chef، Party of Five، Comic Book: The Movie، Kung Fu: The Legend Continues، rd Rock from the Sun3، The Drew Carey Show).

لە ساڵی ٢٠٠٤دا، بووە براوەی خەڵاتی بەرهەمی دوولایەنە (Interactive Achievement Award) بۆ ڕۆلەکەی وەکوو کارەکتەری ڕیکوو لە یاری ڤیدیۆیی (Final Fantasy X-2). هەروەها وەکوو بێژەر لە پێشکەشکردنی خەڵاتەکانی بژاردەی منداڵان (Kids' Choice Awards)ـی ساڵی ١٩٩٩دا خزمەتی کردووە. لەگەڵ ئەمەشدا وەکوو میوان لە کۆڕی وتوێژکردن بەژداری کردووە لە چەندەها گفتوگۆکردنی لەگەڵ هەواداران، لەوانە: (BotCon، Jacon، Comic-Con International، Anime Overdose). لەگەڵ ئەمانەشدا لە بەرگی پێشەوەی گۆڤاری (Working Mother)ـی مانگی تەممووز و ئابی ساڵی ٢٠٠٤ دەرکەوتنی هەبووە. کە تیایدا وتوویەتی، "کوڕەکەم (سامی) ئێستا ئەوەندە گەورەبووە تا بتوانێ هاوکارم بێت لە کارەکەم. بۆمن، ئەمەش هەموو شتێکە."

لە خەڵاتەکانیشدا تائێستا توانیویەتی ٥ جار ببێتە پاڵێوراوی خەڵاتەکانی ئاننی (Annie Awards) کە خەڵاتێکە دەدرێتە ئەو کەسانەی لە بواری کاری ئەنیمەیشندا کارێکی خەیاڵی و نایاب ئەنجام دەدەن. لە ساڵی ٢٠١٣دا، بووە براوە لە خەڵاتەکانی (Shorty Award) بۆ باشترین خانمەئەکتەر، بەهۆی دەرکەوتنە قەشەنگیەکانیەوە لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا. لە ماڵپەری (Behind the Voice Actors) بۆ خەڵاتی (BTVA Voice Acting) وەکو باشترین خانمەکتەری ساڵ هەڵبژێردرا بۆ ساڵی ٢٠١٣، هەروەها پاڵێوراو بووە بۆ خەڵاتەکە لە ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٢.

سترۆنگ لە دوایین کاریدا بەشداری لە زنجیرەیەکی کەنەدی کردووە بەناوی (Pretty Hard Cases) بە ڕۆلی‌ تیگی سولیڤان (Tiggy Sullivan) کە سەرۆکی قاچاخچیەتی ماددە هۆشبەرەکانە. هەروەها بە ڕۆلی کارەکتەری مس مینتس (Miss Minutes) لە زنجیرەی جیهانی سینەمایی ماڕڤڵ، بە ناوی لۆکی (Loki) بەشدارە.

ژیانی تایبەتی

لە ساڵی ١٩٩٩دا، ئاشنابوو بە ئەکتەری پێشووی ئەمەریکی و دەڵاڵی خانووبەرە و زەوی، کڕەیج سترۆنگ. دوو کەپڵەکە لە ڕێکەوتی ١٤ی ئایاری ساڵی ٢٠٠٠ هاوسەرگیرییان کرد، دوو منداڵی کوڕیان بوو بە ناوەکانی سامی لەدایکبووی شوباتی ٢٠٠٢ و ئەیدن لەدایکبووی ئابی ٢٠٠٤. لە شاری لۆس ئەنجلس ژیانیان بەسەربردووە و هەرلەوێ کۆمپانیای ڤۆیس ستارز (VoiceStarz)ـیان دامەزراند، کە کۆمپانیایەکی بازرگانی و چاوپێکەوتنی سەرهێڵی فێرخوازانە بۆ فێربوونی کاری ڕۆلگێرانی دەنگی، بەڵام بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە لە دەوربەری ساڵی ٢٠١٥ داخراوە. لە ڕێکەوتی ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٩ کەیسی جیابوونەوەیان تۆمارکردووە.

لە ساڵی ٢٠١٢، لە چالاکی بڕۆنی‌کۆن (BronyCon)ـدا لە شاری نیوجێرسی، بەشداری کردووە لە خواردنی نانی نیوەڕۆ لەگەڵ هەوادارەکانی لە سەربازی. لە ساڵی ٢٠١٣، بەشداری لە ڕێکخراوێکی خێرخوازی کردووە بەناوی (Bronies for Good)، لە کۆکردنەوەی سەرمایە بۆ یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی کەوا کچەکەیان نەخۆشی لووی مێشکیان هەیە.


سەرچاوەکان



333 بینین