وەرگیراوەکانی نەوت چین؟

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-09-11-17:15:00 - کۆدی بابەت: 10208
وەرگیراوەکانی نەوت چین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وەرگیراوەکانی نەوت چین (بە ئینگلیزی: What is oil product، بە عەرەبی: ما هي المشتقات النفطیة)، وەرگیراوەکانی نەوت دەستەواژەیەکە بەکاردێت بۆ ئەو نەوتە خاوە سروشتییەی کە دەردەهێنرێت، دواتر بە کردەی جیاکردنەوە پێکهاتە جیاوازەکانی ناو نەوتەکە وەردەگیردرێت، پاشان چەندین وەرگیراوی جیاوازی دەبێت، واتە دەستەواژەکە بۆ ئەو بەرهەمانەیە کە لەپاش کردەی جیاکردنەوە دروستدەبن.

ڕێگەی جیاکردنەوە کردارەکانی دڵۆپاندن، جیاکردنەوەی گاز، گەرمکردن و چەندین کاری جیاوازتر لەخۆ دەگرێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەیان جۆری جیاوازی نەوتی خاو هەیە لە ئەنجامدا جۆریەتی و بڕی وەرگیراوەکان لە نەوتێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت، هەروەها بەهۆی چڕی وەرگیراوەکان و زیادکردنی ماددەی کیمیاییەوە، بەگەشتی هەر بەرمیلێکی نەوت دەتوانێت بەرمیلێک و ١٠ لیتر بەرهەمی وەرگیراوی لێ دروستبکرێت.

وەرگیراوەکان

لە پاڵاوتگە ئەمریکییەکاندا چەندین وەرگیراوی جیاواز لە نەوت دەردەهێنرێت، بەڵام ڕێژەی وەرگیراوەکان بەگوێرەی پاڵاوگەکە و توانای بۆ گۆڕین جیاوازی هەیە، هەروەها بە جیاوازی وەرز و داواکاری بۆ بەرهەمەکان لەگەڵ جیاوازی بڕی قازانجکردنیش جیاوازی زیاتر هەیە، بەگشتی لە یەک بەرمیل نەوتی قەبارە مامناوەندی ئەمریکییەوە هەموو ئەمانەی خوارەوە دروستدەکرێت:

  • (٥١.٤%) بەنزین (گازۆلین).
  • (١٥.٣%) دیزڵ و سووتەمەنی گەرمکەرەوە.
  • (١٢.٦%) بەنزینی فڕۆکە و کیرۆسین.
  • (٣.٣%) بەنزینی کەشتی و وێستگەی کارەبا و کارگەکان.
  • (٨.٢%) گازی جیاواز لە هەردوو جۆری شل و وشک.
  • (٥%) خەڵووزی پیتڕۆڵی (Petroleum coke).
  • (١.٩%) قیر و ماددە هاوشێوەکانی کە بۆ ڕێگاکان بەکاردێت.
  • (٠.٩%) ڕۆنی چەورکردن (وەک: گریس).
  • (١.٤%) بەرهەمی تری جیاواز.

ئەو نەوتەی کە بەکاردێت بۆ دروستکردنی بەنزین و گازی شل بەگشتی نەوتێکی چڕی کەمترە و پێی دەوترێت نەوتی سووک، کە زیاتر بۆ مەبەستی بازرگانی و بەرزکردنەوەی ئابووری بەکاردێت، بەڵام ئەو نەوتەی کە بۆ دروستکردنی خەڵووزی پیتڕۆڵی و قیر بەکاردێت جۆرێکە چڕی زیاترە و پێی دەوترێت نەوتی قورس.


سەرچاوەکان



243 بینین