دانەتێڵا ڤەرساچی

له‌لایه‌ن: - دیاکۆ سامان دیاکۆ سامان - به‌روار: 2022-09-11-23:45:00 - کۆدی بابەت: 10223
دانەتێڵا ڤەرساچی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دانەتێڵا فرانچێسکا ڤەرساچی (بە ئینگلیزی: Donatella Francesca Versace، بە ئیتاڵی: donaˈtɛlla franˈtʃeska verˈsaːtʃe بە عەرەبی: دوناتیلا فیرزاتشي)، لەدایکبووی ٢ـی ئایاری ١٩٥٥ لە ڕێجیۆ کالابریای ئیتاڵیا، دیزاینەرێکی ئیتاڵی و خانمە بازرگان و کەسایەتییەکی ناودار و مۆدێلە. دانەتێڵا خوشکی جانی ڤەرساچییە کە دامەزرێنەری کۆمپانیای لەگژەری ڤەرساچی بووە، کە لەگەڵیدا کاری کرد بۆ گەشەپێدانی کۆمپانیاکە و بەرەوپێشچوونی مۆدێلی ئیتاڵی بە کارکردن بۆ کولتووری هونەری پۆپ و کەسایەتییە ناودارەکانی.

زانیاری گشتی

ناو دانەتێڵا فرانچێسکا ڤەرساچی
بەرواری لەدایکبوون ٢ـی ئایاری ١٩٥٥
شوێنی لەدایکبوون ڕێجیۆ کالابریا - ئیتاڵیا
پیشه  بەڕێوەبەری هونەری، دیزاینەر، بازرگان
هاوسەر  پاوڵ بێك (١٩٨٣-٢٠٠٠), مانوێڵ داڵوری (٢٠٠٤-٢٠٠٥)
منداڵەکانی ئەلێگرا ڤەرساچی، دانیاڵ ڤەرساچی

سەرەتای ژیانی

دانەتێڵا ڤەرساچی لەدایکبووی ٢ی ئایاری ١٩٥٥ لە ڕێجیۆ کالابریای ئیتاڵیا، بچووکترینی نێو چوار منداڵە, سانتۆ، جانی و تینا، باوکیشی بە ناوی ئانتۆنیۆ کاری کانزاکاری خەڵوزی دەکرد، دایکیشی بە ناوی فرانچێسکا بەرگدرووی ئافرەتان بوو، تینای خوشکە گەورەی لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا مرد بەهۆی ژەهراوی بوونەوە، لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکان دانەتێڵا چووە زانکۆ بۆ خوێندن بۆ زمان و ئەدەب لە فلۆرانسی ئیتاڵیا، لە کۆتایی هەفتەکاندا دانەتێڵا دەچوو بۆ میلان بۆ کارکردن لەگەڵ براکەی کە کاری دیزاینیی دەکرد. بەڵام دایکی دانەتێڵا ئەمەی پێ قبوڵ نەبوو، دەیویست دانەتێڵا تەنها سەرنجی لای خوێندنەکەی بێت هەر لەبەر ئەوەش زوو زوو بەبێ ئاگاداری دەچوو بۆ سەردانی بۆ فلۆرانس.

پیشە

دانەتێڵا حەز و خولیایەکی زۆری بۆ پیشەسازی مۆدە هەبووە، وەکو دەڵێت کە "من هەر دەمزانی کە لە بواری مۆدەدا کار دەکەم، چونکە بێجگە لەو هیچ شتێکی تر بە مێشکمدا نەدەهات"، لە ساڵی ١٩٧٦ دانەتێڵا و سانتۆ دەستیان کرد بە کارکردن لەگەڵ جانی برایان لە میلان، پاشان هەرسێکیان ڕۆیشتن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٧ لە گەشتێکی سێ هەفتەیی دا، بۆ گەڕان و دۆزینەوەی کڕیار لە دەرەوەی وڵات وەك دەستپێکێکی براندی ڤەرساچی.

براندی ڤەرساچی لە ساڵی ١٩٧٨ دامەزرا، بە هاوبەشی دانەتێڵا وەك جێگری بەڕێوەبەر، لەگەڵ ئەوەی یارمەتییەکی زۆریشی جانی دابوو لە ڕێکخستنی شێوازەکان، درووستکردنی وێنەکانی براندەکە و دیزاین کردنی جانتا دەستی و پێڵاوەکانی براندەکە.
دانەتێڵا ڕۆڵێکی زۆر باشی هەبوو لە هاوبەشی کردن و یارمەتیدانی جانی، لە ساڵی ١٩٨٩ جانی بڕیاریدا بۆنە نوێیەکەی ڤەرساچی بە ناوی بڵۆند تایبەت بێت بە دانەتێڵا و کار و بارەکانی مۆدێلەکانی ڤەرساچیشی ڕاسپارد بەو.

لە ماوەی نێوان ١٩٩٦ و سەرەتای ١٩٩٧ جانی ڤەرساچی توانی نەخۆشی شێرپەنجە بپەڕێنێت و دەرکردنی بڕیارە گرنگەکانیشی براندی ڤەرساچی لە ژێر دەستی دانەتێڵا بوو. دانەتێڵا بەوشێوەیە پێناسەی نزیك بوونەوەی خۆی لە دیزاین دەکرد کە وێنەی دیزاینەکانی دەکێشا هەر وەك خۆشی دەڵێت "من بەهۆی چاوەکانم سەیری جل و بەرگەکان ناکەم، بەڵکو بەهۆی وێنە و ڤیدیۆکانەوەیە". دانەتێڵا لەگەڵ وێنەگری مۆدەدا ڕیچارد ئاڤێدان کاری دەکرد، لە بەهاری ١٩٨٠ دەستیان پێکرد، سەرەتا تەنها بۆ براندەکە بوو بەڵام دواتر ڕابەرایەتی وێنە هونەرییەکانیشی دەکرد دوای وێنەگرتنی ١٩٨٣.

جانی لە ١٥ـی تەممووزی ١٩٩٧ لە دەرەوەی کۆشکەکەیدا کوژرا، کە بە کۆشکی ڤەرساچیش ناسراوە لە مایامی لە فلۆریدا، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی تاوانەکان و گەڕان بەدوای تاوانباراندا زۆربەی ئەندامانی خێزانی ڤەرساچی بە دانەتێڵاشەوە ڕۆیشتن بۆ شوێنێکی داخراو و دابڕاو لە کاریبی. کتێبەکەی جانی ڤەرساچی بە ناوی هونەری بوون بە خۆت (The art of being you) لە ١٩٩٧ لەدوای مردنی بڵاوکرایەوە. تیایدا پێشەکییەکی تیابوو لە دانەتێڵا و سانتۆوە بۆ جانی کە دەڵێت: "ئەم کتێبە ستایشێکە بۆ هونەرمەندێکی مەزن، بۆ کەسێك کە ژیاوە بە خۆشەویستییەکی سەرسوڕهێنەرەوە بۆ هونەر، بۆ کەسێکی زۆر تایبەت کە هەمیشە دڵڕفێن بووە بۆ هونەر و هونەرمەندان و هەمیشە پشتگیرکەریان بووە، براکەمان جانی".

لە ١٨ـی تەممووزی ١٩٩٨ ساڵێك و سێ ڕۆژ دوای مردنی جانی، دانەتێڵا یەکەم نمایشی جل و بەرگی مۆدەی ئامادەکرد بۆ ستۆدیۆی ڤەرساچی لە ئوتێل ڕیتز لە پاریس، له نزیکی مەلەوانگەی ئوتێلەکەدا شوێنی نمایشی مۆدێلەکانی درووستکرد، هەروەك چۆن براکەی هەموو وەرزێك ئەنجامی دەدا. لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢ تا کانونی دووەمی ٢٠٠٣، باشترین جل و بەرگەکانی ڤەرساچی کە دانەتێڵا و جانی دیزاینیان بۆ کردبوو، پیشاندران لە نمایشێکی تایبەتی لە مۆزەخانەی ڤیکتۆریا و ئەلبێرت لە لەندەن. هەروەها دانەتێڵا دیزاینی بۆ کۆمەڵێك کەسایەتی و نمایشکار کردبوو تایبەت بە ڤەرساچی لەوانە وەکو مەدۆننا، کۆرتنی ڵەڤ، کریستیانا ئاگیلێرا، جۆناسان ڕیس مایەرس، دیمی مۆر، نیکی میناج، لەیدی گاگا، بیۆنسێ و جانوەری جۆنس.

هەروەها دیزاینی پۆشاکە سەوزە ڤەرساچییەکەی جێنیفەر لۆپێزیشی کردبوو، کە بە پۆشاکی جەنگەڵ ناسرا، کە جێنیفەر بۆ چل و دووهەمین ئاهەنگی خەڵاتەکانی گرامی ساڵی ٢٠٠٠ لەبەری کرد. هەروەها دانەتێڵا دیزاینی هاوینەهەواری پلاتسۆ ڤەرساچی کرد لە شاری گۆڵد کۆستی ئوسترالیا، کە لە ئەیلوولی ٢٠٠٠ـدا کرایەوە، ڕۆڵی سەرەکیشی هەبوو لە دیزاینی پلاتسۆ ڤەرساچی لە دوبەی، دووەم ئوتێلی پلاتسۆ ڤەرساچی کە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٦ کرایەوە، تەنانەت دیزاینی بۆ ئۆتۆمبێلی مینی کوپەر کردووە.

ژیانی تایبەتی

لە ئەیلوولی ٢٠١٧ـدا دانەتێڵا ڤەرساچی نمایشێکی ستایشییانەی ڕێکخست تایبەت بە مەرگی براکەی. دانەتێڵا لە هاوسەری پێشووی پاوڵ بێك دوو منداڵی هەیە، کچەکەیان بە ناوی ئەلێگرا ڤەرساچی بێك، لەدایکبووی ٣٠ـی حوزەیرانی ١٩٨٦، کوڕەکەشیان بە ناوی دانیاڵ ڤەرساچی بێك، لەدایکبووی ١٩٨٩، بەڵام هاوسەرگیرییەکەی نێوان پاوڵ بێك و دانەتێڵا ڤەرساچی لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆتایی پێهات و جیابوونەوە.
دواتر لە ساڵی ٢٠٠٤ هاوسەرگیری لەگەڵ مانوێڵ داڵورایدا کرد، بەڵام تەنها دوای ساڵێك و لە ساڵی ٢٠٠٥ جیابوونەوە. دانەتێڵا ڤەرساچی ئالوودەبوویەکی گەورەی کۆکاین بوو بۆ ماوەی ١٨ ساڵ تا ساڵی ٢٠٠٥ و جگەرەکێشێکی خراپیش بوو تا ساڵی ٢٠١٤ وازی هێنا.


سەرچاوەکان



319 بینین