سوڕانی گون  

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-15-21:05:00 - کۆدی بابەت: 10261
سوڕانی گون  

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

سوڕانی گون (بە ئینگلیزی: Testicular torsion، بە عەرەبی: التواء الخصيتين)، یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەو ڕووداوە لەناکاو و کتوپڕانەی پەیوەندی بە کۆئەندامی زاوزێی نێرینەوە هەیە. سوڕانی گون ڕوودەدات کاتێک یەکێک لە گونەکان دەسوڕێت، لە ئەنجامدا گونەوێڵە (spermatic cord)، واتە ئەو بەشەی خوێن بۆ تورەگەی گون دەبات پێچ دەخوات یان دەسوڕێتەوە، کەمبوونەوەی خوێن دەبێتە هۆی هەڵئاوسان و هەروەها توشبوون بە ئازارێکی توند و لەناکاو. ئەم حاڵەتە بەزۆری لە نێوان کەسانی تەمەن ١٢ بۆ ١٨ ساڵدا باوە، لە ٦٠% حاڵەتەکان لەنێوان ئەم تەمەنەدان، بەڵام دەکرێت لە هەموو تەمێنێکدا ڕووبدات تەنانەت پێش لەدایکبوونیش. لە پیاواندا دوو ئەندامی گون هەن کە لەناو تورەگەی گوندا پارێزراون، بەشێکیش هەیە بە گونەوێڵە ناسراوە کە لە گواستنەوەی خوێن بۆ گونەکان بەرپرسە. لە حاڵەتی سوڕانی گونەکاندا، ئەم ناوچەیە پێچ دەخوات و لە ئەنجامدا کار دەکاتە سەر گواستنەوەی خوێن و ئەو شانانەی گونەکانیان پێکهێناوە دەست دەکەن بە لەناوچوون واتە دەمرن. بەزۆری ئەم حاڵەتە پێویستی بە نەشتەرکاری بەپەلە هەیە، ئەگەر بەخێرایی چارەسەر بکرێت ئەوا دەکرێت گونەکان لە زیان بپارێزرێن. بەڵام ئەگەر حاڵەتەکە بۆ ماوەیەکی زۆر مایەوە و خوێن بۆ گونەکان نەچوو، ئەوا لە ئەنجامدا گونەکان زۆر بە خراپی زیانیان پێ دەگات و پێویستە لاببرێن. 

نیشانەکانی سوڕانی گون 

هەڵئاوسان و هەستکردن بە ئازاری تورەگەی گون سەرەکیترین نیشانەی تووشبوونە بەم حاڵەتە. دەشێت ئازارەکە لەپڕێکدا دەست پێبکات و زۆر توند بێت، لەوانەیە هەڵئاوسانەکە بەتەنها لە یەک لادا دەربکەوێت، یان دەشێت تەواوی تورەگەی گون بگرێتەوە. دەکرێت هەست بەوە بکەیت لایەکیان لە لاکەی تر بەرزترە، نیشانەکانی تر بریتیین لە: 

  • هێڵنجدان 
  • ڕشانەوە
  • هەبوونی گرێ لە تورەگەی گوندا 
  • سەرگێژخواردن 
  • ئازاری سک
  • زوو زوو میزکردن 
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (تا)

هۆکارەکانی سوڕانی گون 

هۆکاری بۆماوەیی 

لە حاڵەتی ئاساییدا، واتە لە لەشی کەسێکی ئاساییدا، گونەکان ناتوانن بە سەربەستی و ئازادانە لە تورەگەی گوندا بجووڵێن، لەبەرئەوەی شانەکانی چواردەوری بەهێزن و هەروەها پاڵپشتی دەکەن، ئەو کەسانەی دووچاری سوڕانی گون دەبنەوە، بەستەرەشانەکانی ناو تورەگەی گون لاوازدەبن. لە هەندێک حاڵەتەدا دەکرێت ئەمە بەهۆی هۆکاری بۆماوەییە ڕووبدات، کە لە ئەنجامدا گونەکان زۆر بەئاسانی لە تورەگەی گوندا دەجوڵێن، ئەم توانای جوڵەیە ئەگەری پێچخواردنی گونەوێڵە زیاد دەکات. ئەم حاڵەتە لە نێوان خێزانەکاندا بڵاودەبێتەوە، واتە ئەگەر کەسێکی خێزانەکەت ئەم حاڵەتەی هەبێت ئەوا ئەگەری تووشبوونت بەم حاڵەتە زیاترە. تەنها لە ١٠% حاڵەتەکان بەهۆی هۆکاری بۆماوەییەوە ڕوویداوە. 

هۆکارەکانی تر 

ئەم حاڵەتە دەکرێت لە هەموو کاتێکدا ڕووبدات، تەنانەت پێش لەدایکبوونیش. سوڕانی گون دەشێت لە کاتی نوستندا ڕووبدات هەروەها لەو کاتانەی چالاکییە جەستەییکان ئەنجام دەدەیت. لەوانەیە بەهۆی زیانگەیاندن لە کاتی یارییە وەرزشییەکان ڕووبدات، یان دەشێت لە ئەنجامی خێرا گەورەبوونی گون ڕووبدات لەماوەی پێگەیشتووییدا. 

چۆن ئەم حاڵەتە دەستنیشان دەکرێت؟ 

ئەو پشکنینانەی بۆ دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتە ئەنجام دەدرێت بریتیین لە: 

لە کاتی ئەنجامدانی پشکنینی جەستەییدا، پزیشکەکە پشکنین بۆ تورەگەی گون دەکات تاکوو بزانێت هیچ هەڵئاوساوییەک هەیە یاخود نا. لەوانەیە پزیشکەکە چرنوکێک لە ڕانت بگرێت، ئەگەر هیچ کێشەیەکت نەبێت ئەوا لە حاڵەتی ئاساییدا گونەکان لەدوای چرنوکەکە گرژ دەبن، بەڵام ئەگەر تووشی ئەم حاڵەتە بووبێتیت ئەوا ئەم گرژبوونە ڕوونادات. ئەنجامدانی سۆنەریش بۆ دەرخستنی گواستنەوەی خوێنە بۆ گونەکان، ئەگەر بڕی ئەم خوێنە کەمبووبێتەوە ئەوا کەسەکە دووچاری سوڕانی گوون بووە.

چارەسەرکردن 

سوڕانی گون حاڵەتێکی بەپەلەیە، بەڵام زۆربەی منداڵان لە کاتی هەستکردن بە ئازار نیگەران دەبن و لە کاتی خۆیدا ئەوە دەرناخەن کە ئازاریان هەیە. پێویستە هەستکردن بە ئازاری گونەکان هەرگیز پشتگوێ نەخرێت و بەزوویی چارەسەر بکرێت. هەندێک کەس بە شێوەیەکی پچڕپچڕ هەست بە سوڕانی گون دەکەن، واتە ماوەیەک پێچ دەخوات یان دەسوڕێت و دواتر نامێنێت، یان ماوەیەک هەست بە ئازارێکی توند دەکەن و دواتر ئازارەکە نامێنێت. تەنانەت لەم کاتەشدا زۆر پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت و حاڵەتەکە پشتگوێ نەخەیت. 

نەشتەرکاری 

بەزۆری نەشتەرکاری بۆ چارەسەرکردنی سوڕانی گون پێویستە، لە حاڵەتە زۆر دەگمەنەکاندا دەکرێت پزیشکەکە بتوانێت بە دەست ئەو ناتەواوییە چارەسەربکات و پێویست بە نەشتەرکاری نەکات. نەشتەرکاری لەدوای ڕوودانی حاڵەتەکە زۆر بەخێرایی ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی خوێن بۆ گونەکان بگەڕێننەوە، ئەگەر بۆ ماوەی زیاتر لە شەش کاتژمێر خوێن بۆ گونەکان نەچێت ئەوا دەبێت ئەو ئەندامە لاببرێت چونکە شانەکانی دەمرن.


سەرچاوەکان



907 بینین