ڕەشکە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-09-17-23:50:00 - کۆدی بابەت: 10292
ڕەشکە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەشکە (بە عەرەبی: حبة البركة یان الحبة السوداء یان الكمون الأسود، بە ئینگلیزی: Black Cumin یان Kalonji Seeed، ناوی زانستی: Nigella sativa) دەنکێکی ڕەشی تیژ و بۆنخۆشە و جۆرێکی ڕووەکە. بەرزیی ڕووەکەکە نزیکەی ٣٠ سانتیمەترە و ڕەنگی گوڵەکەی شین و سپییەکی مەیلەو خۆڵەمێشییە. گوڵی ئەم ڕووەکە بەرەکەی تۆو و دەنکی ڕەش دەگرێت و بۆنێکی تیژی هەیە. ئەم ڕووەکە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوێن و ڕۆژاوای عەرەبی بڵاوبووەتەوە، هەریەک لە وڵاتانی هیندستان و ئێران و پاکستانیش سەرچاوەی بەرهەمهێنەری ڕەشکەن، لە ئێستادا بە زۆری لە ناوچەکانی ئاسیا و ناوچەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست دەڕوێنرێت و بەرهەم دەهێنرێت.

ڕەشکە زۆرجار لە بەیانیاندا بە کەوچکی بچووک و بە بڕێکی دیاریکراو بە گەدەی بەتاڵ دەخورێت، هەروەها دەکرێت لەگەڵ شیر و هەنگوین تێکەڵ بکرێت، بە هەمان شێوە لە کارە هەویرییەکان بۆ ڕازاندنەوە دەخرێتە سەر خواردنەکان و تام و بۆنێکی جیاواز دەبەخشێتە خواردنە هەویرکارییە برژاوەکان. بەهەمان شێوە زەیتی ڕەشکە بۆ پێست سوودی هەیە و لە بابەتەکانی جوانکاریی سوودی لێدەبینرێت. هەروەها لە دروستکردنی زۆرێک لە دەرمانەکان بەکارهاتووە.

پێکهاتەی خۆراکی ڕەشکە

پێکهاتەی خۆراکی ڕەشکە بە زۆر ماددەی خۆراکی گرنگ دەوڵەمەندە، گرنگترین پێکهاتەی ڕەشکە بریتییە لە ماددەی سایمۆکوێنۆن (بە ئینگلیزی: Thymoquinone) کە ماددەیەکی زۆر گرنگە و چەندان توێژوینەوەی زانستی لەسەرکراوە، دەرکەوتووە کە دژی شێرپەنجەیە و دژەئۆکسێنێکی بەهێزە. بۆ هەر ١٠٠ گرامێک لە ڕەشکە ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

وزە ٤٠٠ کالۆری
چەوری ١٦٫٦ گرام
کاربۆهیدرات ٥٠ گرام
ڕیشاڵ ٣٣٫٣ گرام
کالسیۆم ١٠٠٠ میلیگرام
مەگنسیۆم ٣٣٣ میلیگرام
سۆدیۆم ١٠٠ میلیگرام

سوودەکانی ڕەشکە

خواردنی ڕەشکە بە شێوەیەکی سنووردار و دیاریکراو بەبێ زیادەڕۆیی سوود و بایەخێکی زۆری هەیە بۆ لەشی مرۆڤ، گرنگترین سوودەکانی ڕەشکە بریتین لە:

  1. کۆئەندامی بەرگری لەش بەهێز دەکات، بەهۆی پێکهاتەکانی ناو ڕەشکەوە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو میکرۆب و بەکتریا و ڤایرۆسانەی هەیە کە دەبنە هۆی دروستبوونی نەخۆشی بۆ مرۆڤ.
  2. بەهۆی بوونی ڤیتامین E لە پێکهاتەکەیدا یارمەتی چالاککردنی خانەکانی لەش دەدات.
  3. هەریەک لە ڤیتامین E، ڤیتامین A، ڤیتامین K لە پێکهاتەی ڕەشکەدا بوونیان هەیە.
  4. یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی شەکرە دەدات و ڕێگری لە تووشبوونی شەکرەش دەکات، چونکە یارمەتی ڕێکخستنی هۆڕمۆنی ئەنسۆلین هاوسەنگبوون و کەمکردنەوەی ئاستی ڕێژەی شەکری خوێن دەدات و ئەنسۆلین جێگیر دەکات.
  5. بۆ نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس سوودی هەیە.
  6. یارمەتی کۆنتڕۆڵکردن و داگرتنی پەستانی خوێن و ڕێکخستنی چەوری و ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ دەدات.
  7. کاریگەرییەکی ئەرێنی و باشی لەسەر نەخۆشی ڕەبۆ هەیە و ڕێڕەوی هەناسەدان باشتر دەکات.
  8. بەپێی توێژینەوەکان ڕەشکە بۆ ئەو کەسانەی کە گەشکەیان هەیە کاریگەرییەکی باشی هەیە و سوودبەخشە.

زیانەکانی ڕەشکە

سەرباری سوودە گرنگەکانی، زیادەڕۆیی کردن لە بەکارهێنان و خواردنی ڕەشکە زیانی لاوەکی دروست دەکات، گرنگترین زیانەکانی ڕەشکە بریتین لە:

  1. بەکارهێنانی زیاد لە ڕادەی پێویستی ڕەشکە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە کۆئەندامی هەرس و کێشەی زۆری بۆ دروست دەکات، دەبێتە هۆی ڕشانەوە، قەبزی، هەروەها کێشەی هەرس لە گەدە دروست دەکات.
  2. زەیتی ڕەشکە بۆ ئەو کەسانەی کە هەستیارییان هەیە گونجاو نییە، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی پەڵە و لیرک لەسەر پێست و سووربوونەوە و خووران دروست دەکات.
  3. ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و چەند دەرمانێک بە بەردەوامی بەکاردەهێنن، پێویستە پێش بەکارهێنانی ڕەشکە و ئەو تێکەڵانەی کە ڕەشکەیان تێدایە ڕاوێژ بە پزیشکەکانیان بکەن، چونکە دەکرێت هەندێک لەو پێکهاتە سروشتییانەی کە لە ڕەشکەدا هەیە لەگەڵ چەند جۆرێکی دەرمان کارلێک بکەن.
  4. ئەو کەسانەی تووشی نزمی پەستانی خوێن بوون و دەرمان بۆ ئەو حاڵەتە بەکاردەهێنن نابێت بە ڕادەیەکی زۆر ڕەشکە بخۆن.
  5. ڕەشکە بۆ ئەو کەسانەی کە بەدەست نزمی شەکری خوێنەوە دەناڵێنن و دەرمان وەردەگرن گونجاو نییە.
  6. ژنانی دووگیان پێویستە بە بڕێکی سنووردار ڕەشکە بەکاربهێنن، چونکە زیادەڕۆیی کردن لە خواردنی دەبێتە هۆی گرژبوونی منداڵدان.

ڕەشکە لە ئیسلامدا

زۆرێک لە موسڵمانان ڕەشکە بە خواردنێکی پیرۆز دادەنێن، چونکە پێغەمبەر ﷺ لە بارەیەوە فەرموویەتی: (في الحبة السودآء شفآء من كل دآء إلا السام)، واتا: "لە ڕەشکەدا چارەسەری هەموو نەخۆشییەک بوونی هەیە جگە لە مردن". بۆیە زۆر کەس ڕەشکە وەکوو چارەسەرێکی پیرۆز بەکاردەهێنن و سوودی لێدەبینن. ئەم فەرموودەیە لەلایەن ئەبوو هورەیرەوە گێڕدراوەتەوە و بە فەرموودەیەکی دروست و تەواو دادەنرێت.


سەرچاوەکان



2304 بینین