پاشن فروت

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-09-19-23:55:00 - کۆدی بابەت: 10317
پاشن فروت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پاشن فروت یان میوەی پاشن (بە ئینگلیزی: Passion Fruit، بە عەرەبی: باشن فروت)، میوەیەکی بە چێژە، تام و بۆنێکی تێکەڵ و جیاوازی هەیە، کەمێک ترش و کەمێک شیرینە، توێکڵێکی ڕەق و پتەوی هەیە، ناوەخنێکی زەردی هەیە کە تۆوی ڕەشی تێدایە، قەبارەکەی هێندەی قەبارەی لیمۆیە، پێکهاتەی ئەم میوەیە بریتییە لە ڕێژەیەکی کەم لە کالۆری و ڕێژەیەکی زۆری ڤیتامین و کانزاکان.

مێژووەکەی

میوەی پاشن لە ساڵی ١٥٥٣ بە تەواوی لە ئەورووپا ناسرا، لە سەرەتادا بە هەناری بچووک ناودەبرا، دواتر لە سەدەی ١٦ لە وڵاتی ئیسپانیا ناوی لێنرا، هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان دەڵێن کە ناوچەی ڕەسەن و سەرهەڵدانی ئەم میوەیە وڵاتی بەڕازیلە، بەڵام لە ئێستادا لە وڵاتەکانی ئوستراڵیا، کالیفۆرنیا، فلۆریدا، نیوزلەندا و هاوای دەچێنرێت و بەرهەم دەهێنرێت.

پێکهاتە خۆراکییەکانی

میوەی پاشن لە چەندین پێکهاتەی خۆراکی گرنگ و بەسوود پێکدێت، بڕی پێکهاتە خۆراکییەکان بۆ یەک میوەی میوەی پاشن بریتییە لە:

بڕی کالۆری

١٧ کالۆری

بڕی ڕیشاڵ

٢ گرام

ڤیتامین سی

٦-٧٪ی پێویستی ڕۆژانە

ڤیتامین ئەی

١-٢٪ی پێویستی ڕۆژانە

ڤیتامین کەی

٠،٧ میلیگرام

فۆسفۆڕ

٦٨ میلیگرام

ماددەی ئاسن

١،٦-٣،٦٪ی پێویستی ڕۆژانە

بڕی پۆتاسیۆم

١،٨-٢،٤٪ی پێویستی ڕۆژانە

پڕۆتین

٢،٢ گرام

بڕی مەگنیسیۆم

٥ میلیگرام

بڕی کالسیۆم

٢ میلیگرام

جۆرەکانی

میوەی پاشن بە تەنها یەک جۆر نییە، بەڵکو چەند جۆر و ناوێکی جیاوازی هەیە کە بریتین لە:

  1. پاشن فروتی ڕەنگ ئەرخەوانی
  2. پاشن فروتی زەرد
  3. پاشن فروتی شێوە مۆز
  4. پاشن فروتی زەبەلاح
  5. پاشن فروتی شیرین
  6. پاشن فروتی شێوە گەوهەر
  7. گراندیلا
  8. ماراکویا

سوودە تەندروستییەکانی

پاشن فروت چەندین سوودی تەندروستی گرنگ بە جەستە دەگەیەنێت لەوانەش:

  • چارەسەرە بۆ نەخۆشی شەکرە: بوونی ماددەی ڕیشاڵی لە ئەم میوەیەدا هۆکارە بۆ ڕێگری کردن لە تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە، ئەم جۆرەی ڕیشاڵی میوەی پاشن جۆرێک لە شەکری تێدایە کە بە هێواشی تێکدەشکێت و لەلایەن خوێنەوە هەڵدەمژرێت.
  • پەستانی خوێن ڕێکدەخات و دڵ دەپارێزێت: بەهۆی دەوڵەمەندی پاشن فروت بە پۆتاسیۆم کە کانزایەکی گرنگە و پەستانی خوێن ڕێکدەخات، پۆتاسیۆم یارمەتی خوێن دەدات بەردەوام لە سوڕاندا بێت ئەمەش هۆکارە بۆ باشتر کردنی تەندروستی دڵ و پاراستنی لە تووشبوون بە جەڵتە.
  • مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە کەم دەکاتەوە: پاشن فروت دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسێنەکان کە یارمەتی لەش دەدەن دژی خانە شێرپەنجەییەکان بجەنگێت، هەروەها ڤیتامین ئەی تێدایە کە یارمەتیدەرە لە ڕێگری کردن لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە.
  • یارمەتی بەهێزکردنی بەرگری جەستە دەدات: میوەی پاشن دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی کە یارمەتی بەهێزکردنی سیستمی بەرگری دەدات و چالاکی خڕۆکە سپییەکانی خوێن زیاد دەکات کە ئەمەش هۆکارە بۆ پاراستنی لەش لە تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان.
  • تەندروستی کۆئەندامی هەرس دەپارێزێت: پاشن میوەیەکە دۆستی گەدەیە چونکە دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئاسانکردنی کرداری هەرس و ڕێگری کردن لە تووشبوون بە قەبزی و ئازار لە ڕیخۆڵەکان.
  • کێشەکانی پێست چارەسەر دەکات: هەموو جۆرەکانی میوە بە گشتی هۆکارن بۆ پاراستنی پێست لە تووشبوون بە زۆربەی کێشەکان، زۆرینەی میوەکان دەوڵەمەندن بە ڤیتامین ئەی کە ئەم جۆرە ڤیتامینە ڕێگرە لە تووشبوونی پێست بە پیربوونی پێشوەختە.
  • پارێزگاری لە توانای مێشک دەکات بۆ فێربوون: پۆتاسیۆمی ناو میوەی پاشن یارمەتی چالاکبوونی خوێنی جەستە دەدات و ڕێگری دەکات لە تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر، لە هەندێک لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە ئەم میوەیە دڵەڕاوکێش کەم دەکاتەوە.
  • ئێسکەکان بەهێز دەکات: پاشن فروت دەوڵەمەندە بە ماددەکانی وەک، مەگنسیۆم، کالسیۆم، فۆسفۆر و ئاسن، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ زیادکردنی چڕی ئێسک.
  • یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەناسەدان دەکات: میوەی پاشن کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر کۆئەندامی هەناسە و میکانیزمی هەناسەدان، تویژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم میوەیە ڕێگرە لە تووشبوون بە تەنگەنەفەسی و کۆکە.
  • یارمەتی خەوتنێکی ئاسوودە دەدات: لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە پاشن فروت جۆرە ماددەیەکی تێدایە کە وەک هێورکەرەوە کار دەکات، چارەسەری کەمخەوی دەکات و یارمەتی خەوێکی ئارام دەدات.
  • یارمەتی دابەزاندنی کێشی زیادەی لەش دەدات: ڕیشاڵ لە میوەی پاشندا یارمەتیت دەدات بۆ ماوەیەکی درێژ هەست بە تێری بکەیت، ئەم میوەیە بە تەنها هۆکار نییە بۆ دابەزاندنی کێش بەڵکوو بە تێکەڵکردنی لەگەڵ چەند خۆراکێکی تر ئەم کارە دەکات.


سەرچاوەکان



232 بینین