ماڵتا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-24-11:44:00 - کۆدی بابەت: 10344
ماڵتا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماڵتا یان کۆماری ماڵتا (بە ئینگلیزی: Malta، بە عەرەبی: مالطا) وڵاتێکی دوورگەییە لە کیشوەری ئەورووپا، کە لە دوورگەیەک لە دەریای ناوەڕاست پێکهاتووە، بە بەشێک لە باشووری ئەورووپا دادەنرێت، ئەندامی یەکێتی ئەورووپایە، لە وڵاتانی ناوچەی یۆرۆیە، بە دووری ٨٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری سیسیلیای ئیتاڵیا، بە دووری ٢٨٤ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی توونس، بە دووری ٣٣٣ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری لیبیا، پایتەختەکەی ڤەلێتایە.

زانیاری گشتی

کۆماری ماڵتا
پایتەخت ڤەلێتا
گەورەترین یەکەی کارگێڕی سانت پاوڵس بەی
زمانی فەرمی
زمانی تر ٦٦٪ ئیتاڵی (زمانی گفتوگۆ)
گرووپی نەتەوەیی (٢٠٢١)
  •  ٨٠٪ ماڵتی
  • ٢٠٪ نەتەوەی تر
ئایینی فەرمی ڕۆمانی کاسۆلیک
هاوڵاتی ماڵتی
حکوومەت کۆماری پەرلەمانی یەکگرتوو
سەرۆک جۆرج ڤێلا
سەروەزیران
ڕۆبێرت ئابێلا
دەسەڵاتی یاسادانان پەرلەمانی ماڵتا
سەربەخۆیی لە بەریتانیا 
ویلایەتی ماڵتا
٢١ـی ئەیلوولی ١٩٦٤
کۆمار
١٣ـی کانوونی دووەمی ١٩٧٤
ڕووبەر
ڕووبەری گشتی
٣١٦ کیلۆمەتری دووجا
ڕووبەری ئاوی
٠,٠٠١٪
دانیشتووان
٥٣٣,٢٨٦ (٢٠٢٢)
چڕی
١,٦٦٦ کەس بۆ هەر کیلۆمەترێک دووجا
دراو یۆرۆ
ڕێڕەوی لێخوڕین چەپ
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی ٣٥٦+
نزمترین خاڵ لە ئاستی ڕووی دەریا دەریای ناوەڕاست (سفر)
بەرزترین خاڵ لە ئاستی ڕووی دەریا تا دمێجرێک ٢٥٣ مەتر مەتر

جوگرافیای ماڵتا

ماڵتا دوورگەیەکە لە شەش دوورگە و دوورگە بچووکەکان کە لە دەریای ناوەڕاستدان، ماڵتا گەورەترین دوورگەی دوورگەکانە، لە دوای ئەویش گۆزۆ و کۆمینۆ دێن لە ڕووی گەورەیی ڕووبەرەوە، ماڵتا و گۆزۆ و کۆمینۆ خەڵکی تێدا نیشتەجێیە، بەڵام کۆمینۆتۆ، فیلفلا و سانت پاوڵ دوورگەیەکی بچووکن و خەڵکی تێدا نیشتەجێ نییە، درێژترین مەودا لەسەر ماڵتا نزیکەی ٢٧ کیلۆمەترە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باکووری ڕۆژاوا، پانترین بەشی نزیکەی ١٤ کیلۆمەترە، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا. دوورگەکان لە بەردی قسڵ پێکهاتوون و لە زۆربەی بیناسازییەکانی ماڵتاشدا بەکاردەهێنرێن. زەوییەکەی لە گردی نزم پێکهاتوون و لێوارەکانی کراون بە کێڵگە بە تەلان، لەگەڵ دوو دەریاچەی بچووکی وەرزی و چەند چەمێکی وەرزی، باکووری ماڵتا زنجیرەیەک تەپۆڵکە، دۆڵ، کەنداو و بەرزاییە. کەناراوەکان بەردینن، بەڵام چەند کەنار دەریایەکی لمیشی هەیە، خاکی دوورگەکان بەگشتی تەنک و بەردینە.

کەشوهەوا

لە هاویندا کەشوهەوا نیمچە گەرمە، تا کۆتایی ساڵ مامناوەندە، ناوبەناو تەم و سەهۆڵبەندانە، پلەکانی گەرما لە زستاندا لە یەک پلەی سیلیزییەوە دەست پێدەکات، هاوینانیش پلەی گەرما دەگاتە ٣٥ پلەی سیلیزی، لە مانگی ئاب و سەرەتای ئەیلوول بۆ ماوەیەکی کورت دەگاتە ٣٧ پلە، وشکترین مانگەکان مانگی ئایار و تەممووزن.

تێکڕای بارانبارینی ساڵانە ٤٨٢ بۆ ٥٥٨ میلیمەترە، بەڵام دەگۆڕێت بۆ کەمتر لە ٢٥٤ میلیمەتر، لە مانگی تشرینی دووەم بۆ مانگی کانوونی دووەم زۆرترین باران دەبارێت، لە مانگەکانی شوبات و ئادار کەمتر دەبێتەوە. هاوینان گەرم و شێدار و بێ هەورە.

سیرۆکۆ بایەکی گەرمی شێداری باشووری ڕۆژهەڵاتە، لە بەهار و لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم ڕوودەدات. گرێگاڵ بایەکی سارد لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتەوە زستانان ڕوودەدات.

مێژووی ماڵتا

ماڵتا خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە، بۆ یەکەمجار نزیکەی ٥٩٠٠ هەزار ساڵ لەمەو پێش، یەکەم دانیشتووانی جوتیار بوون، شێوازی کشتوکاڵیان خاکەکەی تێکدا، تا وای لێهات دوورگەکان بەکەڵکی نیشتەجێبوون نەهاتن.

لە دەوروبەری ٣٨٥٠ـی پێش زایینی دوورگەکە لەلایەن شارستانییەتێکەوە ئاوەدانکرایەوە، پەرستگایان بە تاشەبەرد دروستکرد، کە لەمڕۆدا لە کۆنترین شوێنەوارەکانی جیهانن کە تا ئێستا ماون.

شارستانییەتەکەیان لە دەوروبەری ٢٣٥٠ـی پێش زایینی ڕووخا، بەڵام دوورگەکان دوای ماوەیەکی کەم لەلایەن جەنگاوەرانی سەردەمی بڕۆنزییەوە ئاوەدانکرایەوە.

سەردەمی پێش مێژووی ماڵتا لە دەوروبەری ساڵانی ٧٠٠ـی پێش زایینی کۆتایی هات، کاتێک دوورگەکان لەلایەن فینیقییەکانەوە داگیرکران، تا ساڵی ٢١٨ـی پێش زایینی تا ئەو کاتەی کەوتە دەست کۆماری ڕۆمانی.

دوورگەکە لە سەدەی شەشەم لەلایەن ڕۆمانەکانی ڕۆژهەڵات یان بێزەنتییەکانەوە گیراوە، لە ساڵی ٨٧٠ لەلایەن ئەغلابییەکانەوە دەرکران.

ماڵتا بۆ چەند سەدەیەک دانیشتووانی کەم بووە، لە سەدەی ١١ـیەم لەلایەن عەرەبەکانەوە ئاوەدانکرایەوە.

دوورگەکان لەلایەن ناوچەی نۆرمان لە سیسیلیا لە ساڵی ١٠٩١ داگیرکرا، وردە وردە بە مەسیحیکردنی دوورگەکەی بە دوای خۆیدا هێنا. دوورگەکان بوونە بەشێک لە شانشینی سیسیلیا و فەرمانڕەوای دەرەبەگی یەک لە دوای یەک زاڵ بوون، لەوانە سوابییەکان، ئەراگۆنەکان و دواجار ئیسپانییەکان.

دوورگەکان لە ساڵی ١٥٣٠ خرایە ژێر حوکمی سانت جۆن کە وەک دەوڵەتێکی ژێر دەسەڵاتی سیسیلیا فەرمانڕەوایی کردن.

لە ساڵی ١٥٦٥ دەوڵەتی عوسمانی گەمارۆی ماڵتای دا و بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام بوو، کە هەوڵی دا داگیری بکات بەڵام داگیرکارییەکە بەرپەرچ درایەوە، ئەم سەرکەوتنە بووە یەکێک لە ڕووداوە بەناوبانگەکانی ئەورووپای سەدەی ١٦ـیەم.

پاشان لە ساڵی ١٧٩٨ کۆماری یەکەمی فەڕەنسا هێرشی کردە سەر دوورگەکان، ئەمەش سەرەتای داگیرکردنی ماڵتا بوو لەلایەن فەڕەنساوە.

دوای چەند مانگێک لە دەسەڵاتی فەڕەنسییەکان لە ماڵتا، ماڵتییەکان یاخی بوون و فەڕەنسییەکان لە ساڵی ١٨٠٠ بە هاوکاری بەریتانیا و ناپۆلی و پورتوگال دەرکران.

دواتر ماڵتا بووە شوێنێک لەژێر پاراستنی بەریتانیا، لە ساڵی ١٨٣٠ بووە ناوچەیەکی دیفاکتۆ، ئەمەش دوای ساڵێک لە پەیماننامەی پاریس پشتڕاستکرایەوە، دوورگەکان بوونە بنکەیەکی گرنگی دەریایی بەریتانییەکان.

لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا ماڵتا لەلایەن ئیتاڵیا و ئەڵمانیاوە گەمارۆ درا و هێرشی کرایە سەر، بەو هۆیەشەوە لە ساڵی ١٩٤٢ دوورگەکان خەڵاتی جۆرج کرۆسیان پێبەخشرا کە لەمڕۆدا لەسەر ئاڵا و نیشانەی ماڵتا دەردەکەوێت.

لە ٢١ـی ئەیلوولی ١٩٦٤ـدا سەربەخۆیی بە ماڵتا درا، لە ساڵی ١٩٧٤ ماڵتا بوو بە کۆمار، هێزەکانی بەریتانیا تا ٣١ـی ئازاری ١٩٧٩ لە ماڵتا مانەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە وڵاتەکە ئەندامی یەکێتی ئەورووپایە و لە وڵاتانی ناوچەی یۆرۆیە.

زمان

زمانی ماڵتی و ئینگلیزی زمانی فەرمی وڵاتەکەن، زمانی ماڵتی لە ئەنجامی تێکەڵبوونی عەرەبی باکووری ئەفریقا و شێوەزاری سیلیسییەکانی ئیتاڵیا هاتە ئاراوە، تاکە زمانی سامییە کە بە فەرمی بە ڕێنووسی لاتینی نووسراوە، زمانی ئینگلیزی زمانی فێرکردنە لە خوێندنگاکاندا، زمانی ئیتاڵی تا ساڵی ١٩٣٤ زمانی کڵێسا و حکوومەت بووە، تا ئێستاش بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانەکەی تێدەگەن.

ئایین

ئایینی ڕۆمانی کاسۆلیک ئایینی فەرمی وڵاتەکەیە، بەڵام ئازادی تەواو لە بیروباوەڕی ئایینی هەیە. زیاتر لە نۆ بەش لە ١٠ بەشی خەڵکی ماڵتا ڕۆمانی کاسۆلیکن بەڵام تەنها نزیکەی سێ بەش لە پێنج بەشی ئایینەکەیان پەیڕەو دەکەن. ژمارەیەکی تر لە خەڵکی ماڵتا لایەنگری ئایینی مەسیحی و ئیسلامن.

ئابووریی ماڵتا

لە ڕووی ئابوورییەوە ماڵتا بە یەکێک لە وڵاتانی ئابووری پێشکەوتوو و داهات بەرز دادەنرێت. ماڵتا تا ساڵی ١٨٠٠ بۆ هەناردەکردن پشتی بە توتن و پەتاتە و کەشتیگە دەبەست. کاتێک لەژێر کۆنتڕۆڵی بەریتانیادا بوو بۆ پشتگیریکردنی هێزی دەریایی شاهانە سوودیان لە کەشتیگەی ماڵتا بینی. بنکە سەربازییەکان سوودی بۆ پیشەوانان و ئەو کەسانە هەبوو کە خزمەتی سەربازییان دەکرد.

لە ساڵی ١٨٦٩ و کردنەوەی کەناڵی سوێس گەشەی گەورەی ئابووری بە ماڵتا بەخشی، چونکە زیادبوونی بەرفراوان لە کەشتیوانیدا ڕووی دا کە دەچوونە ناو باندەرەکانەوە. بەڵام لە کۆتایی سەدەی ١٩ـیەمدا ئابووریی ماڵتا دەستی بە نزمبوونەوە کرد و تا چلەکانی سەدەی ڕابردوو ئابووریی ماڵتا تووشی قەیران بوو، یەکێک لە هۆکارە گەورەکان مەودای درێژتری کەشتییە بازرگانییە نوێیەکان بوو کە پێویستیان بە وەستانی سووتەمەنی کەمتر بوو. لەئێستادا سەرچاوە سەرەکییەکانی ماڵتا بریتییە لە بەردی قسڵ. ئابووری وابەستەی بازرگانی دەرەکییە، بەرهەمهێنان بەتایبەت قوماش و ئەلیکترۆنی و هەروەها گەشتیاری. هەروەها بەرهەمهێنانی فیلم بەشداری لە ئابووریی ماڵتا کردووە.

ئابووریی ماڵتا زۆر پشت بە کەرتی گەشتیاری و بازرگانی نێودەوڵەتی دەبەستێت، بەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سنووردارکردنی بەدوادا هات و کاریگەری زۆری لەسەر ماڵتا هەبوو.

بێکاری لە ماڵتا زۆر نزمە، خاوەنی یەکێکە لە نزمترین ڕێژەی بێکارییەکانی یەکێتی ئەورووپا.

پەروەردە

خوێندن لە ماڵتا تا تەمەنی ١٦ ساڵی ناچارییە، دەوڵەت بەرپرسیارە لە پێشخستنی کەرتی پەروەردە و فێرکردن، ئامانجەکانی پەروەردە لە ماڵتا بریتین لە گەشەپێدانی فکری و ڕەفتاری و ئامادەکردنی سەرجەم هاوڵاتییان بۆ بەشداریکردن و بەرهەمداری لە ئابووری نیشتیمانی. بەرزترین دامەزراوەی دوای ئامادەیی لە ماڵتا زانکۆی ماڵتایە، لە ساڵی ١٥٥٢ـەوە کاردەکات. هەروەها خاوەنی زانکۆی ئەهلییە وەکوو زانکۆی ئەمریکی لە ماڵتا، بە یەکێک لە باشترین زانکۆکانی ماڵتا دادەنرێت.

گەشتیاری

ماڵتا شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگە، ساڵانە نزیکەی ١,٦ ملیۆن کەس ڕووی تێدەکات، گەشتیاران سێ هێندە زیاتر لە دانیشتووانی وڵاتەکە ڕووی تێدەکەن، گەشتیاری زیادی کردووە و بووەتە هۆی بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکە، گەشتیاری لە ماڵدا بەشداری لە ١١,٦٪ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە دەکات.

شوێنە گەشتیارییەکانی ماڵتا

  • ڤالێتای پایتەختی ماڵتا
  • دوورگەی گۆزۆ
  • شارۆچکەی سەدەی ناوەڕاستی سەرگردی مدینا لە دوورگەی ماڵتا
  • شوێنە مێژووییەکانی شاری ڕەبات لە دوورگەی ماڵتا
  • پەرستگاکانی پێش مێژووی تارکسین لە دوورگەی ماڵتا
  • گۆماوی شین لە دوورگەی کۆمینۆ
  • ئەشکەتی شین لە دوورگەی ماڵتا
  • پەرستگاکانی مناجدرا لە سەردەمی بڕۆنزی ماڵتا لە دوورگەی ماڵتا


سەرچاوەکان

153 بینین