پێشەکی
هەرێمی بەلووچستان، کە بەسەر سێ وڵاتی پاکستان، ئێران و ئەفغانستاندا دابەشبووە(هاوشێوەی کوردستان) یەکێکە لە گرنگترین ناوچە ستراتیژییەکانی باشووری ئاسیا، بەڵام هاوکات یەکێکە لە ناسەقامگیرترین ناوچەکان. لەم جوگرافیایەدا، "سوپای ڕزگاریخوازی بەلووچستان" (Balochistan Liberation Army - BLA) وەک دیارترین و کاریگەرترین کارەکتەری چەکداریی جوداخواز دەرکەوتووە.
ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و ئایدۆلۆژیا
سەرەتای دروستبوونی بە شێوەیەکی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٠، بەڵام ئەم ڕێکخراوە خۆی بە میراتگری شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی بەلووچ دەزانێت کە لە ساڵی ١٩٤٨ـەوە (دوای لکاندنی میرنشینی کەلات بە پاکستانەوە) دەستیپێکردووە. ئایدۆلۆژیای ڕێکخراوەکە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزم دامەزراوە، نەک ئاینی. ئامانجی سەرەکییان دامەزراندنی "بەلووچستانی گەورە"یە کە سەربەخۆ بێت لە دەسەڵاتی ئیسلام ئاباد و تاران.
خاڵی سەرەکیی گوتاری سیاسییان بریتییە لەوەی کە حکومەتی پاکستان وەک هێزێکی داگیرکەر سامانی بەلووچستان (غاز، خەڵوز، زێڕ و کانزاکان) دەبات، لە کاتێکدا دانیشتوانی ناوچەکە لە هەژارییەکی کوشندەدا دەژین. ئەم هەستە لە بێبەشببوون وایکردووە کە زەمینەیەکی جەماوەری بەهێزیان لە ناو نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی بەلووچدا هەبێت.
پێکهاتە
اBLA گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی خۆیدا کردووە. ئەگەر لە ڕابردوودا پشت بەستوو بوون بە پیاوانی هۆزە نەخوێندەوارەکان و شەڕی کلاسیکی ئەوا ئێستا چینی خوێندەوار و گەنجانی زانکۆکان بوونەتە بڕبڕەی پشتی ڕێکخراوەکە.
دەرکەوتنی "لیوای مەجید" وەک یەکەیەکی تایبەت بە ئۆپەراسیۆنە فیداییەکان (خۆکوژی)، وەرچەرخانێکی مەترسیدار بوو. ئەم لیوایە جیاواز لە گرووپە توندڕەوەکان، ئامانجی ورد و ستراتیژی دیاری دەکات (وەک بۆرسەی پاکستان، هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان، و کاروانی چینییەکان). خاڵێکی دیکەی شۆکێنەر بۆ دەزگا هەواڵگرییەکان، هاتنە ناوەوەی ژنانی خوێندەوار بوو بۆ ناو بازنەی هێرشە خۆکوژییەکان، وەک ئەوەی لە هێرشەکەی (شاری بەلووچ)دا بینرا، کە ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەی بیروباوەڕی نەتەوەیی لە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای بەلووچدا. ئەم ڕێکخراوە زوو زوو گورزی کەمەر شکێن دەوەشێنێت لە سوپا و پۆلیسی پاکستان.
بەپێی خەمڵاندنەکان، ژمارەی چەکدارە کاراکانیان لە نێوان ٤٠٠٠ بۆ ٨٠٠٠ جەنگاوەردایە، کە بە چەکی پێشکەوتوو (وەک نیشانشکێنی مۆدێرن و دووربینی شەو) پڕچەک کراون، کە زۆربەیان پاشماوەی چەکی ئەمریکین لە ئەفغانستان.
ڕەهەندی جیۆپۆڵەتیک
بوونی BLA تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی پاکستان نییە، بەڵکو بووەتە بەشێک لە ململانێیەکی گەورەتری هەرێمی:
١. فاکتەری چین: BLA چین بە داگیرکەری نوێ دەناسێنێت. بەهۆی پڕۆژەی "ڕێڕەوی ئابووری چین-پاکستان") بەندەری گوادەر، چین بووەتە ئامانجی سەرەکی هێرشەکانیان. ئەمەش وایکردووە ئاسایشی وەبەرهێنانی چین لە پاکستان بکەوێتە مەترسییەوە.
٢. ڕۆڵی هیندستان: پاکستان بە فەرمی و بەردەوام هیندستان تۆمەتبار دەکات بە پشتیوانی دارایی و لۆجیستی بۆ BLA. لە دیدگای ستراتیژییەوە زۆرێک لە چاودێران پێیانوایە سیناریۆیەک لە ئارادایە هاوشێوەی ساڵی ١٩٧١ (کە هیندستان یارمەتی دروستبوونی بەنگلادیشی دا بە جیاکردنەوەی لە پاکستان)، ئەمجارەیان لە ڕێگەی بەلووچستانەوە فشار بخاتە سەر ئیسلام ئاباد. هەرچەندە هیندستان ئەمە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام هاوسۆزی میدیایی و سیاسی هیندستان بۆ دۆزی بەلووچ ئاشکرایە.
٣. پەناگە سنوورییەکان: سنوورە درێژ و سەختەکانی نێوان پاکستان، ئێران و ئەفغانستان وەک ناوچەی ئارام بۆ مانەوە و مەشقی ئەم گرووپە دادەنرێن. ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و پاکستان و بۆردومانکردنی بنکەکانی BLA لەلایەن ئێرانەوە، بەڵگەی بوونی ئەوانە لە دیوی ئێران، هەرچەندە ئێرانیش نیگەرانە لەوەی ئەم شەپۆلە نەتەوەییە پەڕبێتەوە بۆ ناو بەلووچەکانی خۆی.
پۆلێنکردنی یاسایی و دۆخی نێودەوڵەتی
سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری بەلووچەکان و هەندێک لە چاودێران خەباتی BLA بە "بەرگرییەکی ڕەوا دژی ستەمکاری" دەبینن، بەڵام بەکارهێنانی تاکتیکی توندوتیژ وەک خۆتەقاندنەوە، وایکردووە کە ئەم گرووپە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و پاکستانەوە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا جێگیر بکرێت. ئەم پۆلێنکردنە وایکردووە کە هیچ وڵاتێک نەتوانێت بە شێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا پشتیوانییان لێ بکات.
دەرەنجام
سوپای ڕزگاریخوازی بەلووچستان لە گرووپێکی یاخیبووی شاخاوییەوە گۆڕاوە بۆ ڕێکخراوێکی نیمچە-سەربازیی ئاڵۆز کە توانای هەیە کاریگەری لەسەر هاوکێشە ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە دابنێت. مانەوەی ئەم گرووپە پەیوەستە بە بەردەوامیی پشتگوێخستنی داواکارییەکانی خەڵکی بەلووچ لەلایەن حکومەتی پاکستانەوە، هەروەها بەو ململانێ هەواڵگرییە شاراوەیەی کە لە نێوان زلهێزە هەرێمییەکاندا (بە تایبەت هیندستان و چین) لەسەر خاکی بەلووچستان بەڕێوە دەچێت. تا کێشەی نەتەوەیی بەلووچ چارەسەری سیاسی بۆ نەدۆزرێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئاستی توندوتیژی و کاریگەریی ئەم گرووپە ڕوو لە زیادبوون بکات.