شارستانییەتی سۆمەرییەکان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-09-24-21:15:00 - کۆدی بابەت: 10356
شارستانییەتی سۆمەرییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شارستانی سۆمەری یان شارستانیی سۆمەرییەکان (بە عەرەبی: الحضارة السومرية، بە ئینگلیزی: Sumer civilization)، سۆمەرییەکان خاوەن کۆنترین شارستانییەتی مێژوون کە لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا دەرکەوتووە، شارستانییەتی سۆمەری ڕۆڵی گرنگ و بایەخداری لە بەرەوپێشچوونی ژیانی مرۆڤایەتی هەبووە و زۆرێک لە داهێنانەکانی ئەمڕۆ سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەو شارستانییەتە، یەکەم گەل بوونە کە لە ڕێگەی نووسینەوە مێژووی خۆیان تۆمارکردووە و بە داهێنەری "نووسینی مسماری" دادەنرێن. ئەو خاکەی کە شارستانییەتی سۆمەرییەکانی لێ دەرکەوتووە وڵاتی عێراقی ئێستا دەکات و بە "دایکی شارستانییەتەکانی جیهان" ناسراوە، شارستانییەتەکەیان بۆ ماوەی سێ هەزار ساڵ بەردەوامی هەبووە.

واتای ناوەکەیان

ناوی سۆمەر واتا "خاکی پادشا پێشکەوتووەکان" ڕەچەڵەکی ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر زمانی ئەکەدی کۆن کە لە ڕابردوودا وەکوو زمانی باکووری دۆڵی میزۆپۆتامیا بەکارهاتووە. لە دوای سەدەی دووەمی پێش زایین لە ناوچەکانی بابل ئەم ناوە بەکارهاتووە.  لەڕێگەی تاشە قوڕینە دۆزراوەکانەوە دەرکەوتووە کە سۆمەرییەکان وشەی "Saggiga"ـیان بۆ ناوی خۆیان بەکارهێناوە کە واتای "سەری ڕەش" دەبەخشێت، بەو ناوچەیەی کە لێی نیشتەجێبوونە وشەی "Kengi"ـیان بەکارهێناوە کە واتای "خاکی پێشکەوتوو" دەبەخشێت. هەندێک بۆچوونی تر واتای ناوەکەی پەیوەست دەکەن بە ناوچەی میزۆپۆتامیا کە واتای دۆڵی دوو ڕووبار دەدات مەبەست لێی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕاتە.

مێژووی سۆمەرییەکان

چەندان بۆچوون لەسەر بنەچە و نشینگەی سەرەکی سۆمەرییەکان هەیە، هەروەها چەندان تیۆری لە بارەیانەوە دانراون، هەندێک لە شوێنەوارناسان پێیان وایە کە سۆمەرییەکان لە سەرەتادا لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری عێراق و نیشتەجێ بوونە لە نێو ئەشکەوت و چیاکانی باکوور ژیاون، هەندێکی تریش پێیان وایە کە لە باکووری کوردستان بە دیاریکراوی ناوچەکانی ئەنادۆڵ نیشتەجێ بوونە، پاشان بەهۆی کشتوکاڵی بەرەو کەنار و دامێنی چیاکان و نزیک ڕووبارەکان بەرەو ناوچەکانی باشووری عێراق کۆچیان کردووە.

هەندێکی تر پێیان وایە کە سەرەتای دروستبوونی شارستانییەتی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی یەکگرتنی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ٣٢٠٠ ساڵی پێش زایین. بۆچوونێکی تریش هەیە کە شارستانییەتی سۆمەرییەکان لە نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە دەرکەوتووە، کاتێک ناوچەکانی نیمچەدوورگەکە بوونە بە بیابان و تووشی وشکەساڵی بوونە و بەستەڵەکەکانی توانەتەوە، سۆمەرییەکان کۆچی ناوچەی میزۆپۆتامیایان کردووە و لەوێوە بووژانەتەوە و هەڵگیرسانەتەوە و پەرەیان بە شارستانییەکەیان داوە.

ناوی سۆمەرییەکان لەسەر چەندان تەختەی گڵ بە نووسینی مسماری کۆن نووسراوەتەوە و کە لە چەند ناوچەیەکی باشووری عێراق دۆزرانەوە. لە سەرەتادا لە ئەشکەوت و چیاکان ژیاون، دواتر بەرەو کەناری ڕووبار و دامێنی دۆڵ و چیاکان کشاون و بە کشتوکاڵییەوە خەریکبوون، کوخ و خانووی بچووکیان لە نزیک کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان دروستکردووە، پاشان لە نێوان خۆیاندا کۆمەڵگەی بچووک بچووکیان دروستکردووە و بوونە بە گوند، پاشان دەسەڵاتیان فراوانتر بووە و بوونە بە خاوەن ئایین و کولتوور و زمانی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان گەورەتر بووە.

پێشکەوتن و داهێنانەکانی شارستانییەتی سۆمەرییەکان

سۆمەرییەکان لە سەرەتای دەرکەوتنیانەوە کشتوکاڵییان وەکوو پیشەی سەرەکی خۆیان هەڵبژارد، هەر بەو هۆیەشەوە ناوچەکانیان نزیک ڕووبار و کەناراوەکان بووە، پاشان گرنگیان بە ئاژەڵداریی و ڕاوکردن داوە و بە یەکەمین گەل دادەنرێن کە پێست و چەرمی ئاژەڵیان بەکارهێناوەتەوە و سوودیان لێی بینیوە. سۆمەرییەکان لە کۆمەڵەی بچووک بچووکەوە لە دامێنی چیا و دۆڵەکان گەشەیان سەند و توانیان چەندان شار و لادێی گرنگ دروست بکەن کە گرنگترینیان بریتیبوون لە شارەکانی (ئۆر، لارسا، نیبۆر)، کە سێ شاری گرنگی ناوداری سۆمەرییەکان بوونە، هاوکات خاوەن ٣٥ شاری گەورە بوونە. بایەخێکی تەواویان بە لایەنی ئەندازیاریی داوە چەندان کۆشک و تەلار و پەرستگایان بۆ پاشا و خواوەندەکانیان دروستکردووە.

یاسا و ڕێسای تایبەتی خۆیانیان داڕشتووە، بایەخیان بە هونەر و مۆسیقا داوە، چەند جۆرێک ئامێری مۆسیقای سەرەتایی تایبەت بە خۆیان داهێناوە. سۆمەریەکان لە زۆر بواری تر وەک پیشەسازی و بازرگانی و هونەر و بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتدا پێشکەوتن، هاوکات توانای دروستکردنی خشڵی گرانبەهایان لە زێڕ هەبوو. زۆرێک لە سەرچاوەی داهێنانەکانی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییەتی سۆمەری، زەوی هەڵکەن و کەشتی بچووک لەو بابەتانەن کە سۆمەرییەکان دایانهێناوە.

گرنگترین داهێنانی سۆمەرییەکان بریتییە لە نووسین و پەرەپێدانی نووسین، ئەوان بە داهێنەری نووسینی مسماری دێرین دادەنرێن، کە لەسەر تاشە قوڕینەی تەڕ هێمای جۆراوجۆر بە ئامێرێکی تیژ دەنەخشێنران، پاشان لەبەر خۆر تاشە قوڕینەکان وشک دەکرانەوە. لە ئێستادا بە سەدان تاشە قوڕینەی سۆمەرییەکان دۆزرانەتەوە، کۆنترین و دێرینترین تاشە قوڕینەی مسماری لە باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵی پێش زایین.

خاوەن داستانی گلگامشن کە داستانێکی شیعریی ئایینییە و یەکەمین کاری ئەدەبییە لەو سەردەمەوە تاکوو ئێستا ماوەتەوە و بۆ چەندان زمان وەرگێڕانی بۆ کراوە. سۆمەرییەکان بنەماکانی سیستمی خۆر و مانگیان داڕشتووە، هەروەها بیرۆکەی ڕۆژژمێر و وەرزەکانی ساڵ و هەفتە لەلایەن ئەوانەوە دانراوە. هاوکات بنەماکانی کات و ژماردنی ژمارەکانیان بە شێوەیەکی سەرەتایی داڕشتووە.

ئایینی سۆمەرییەکان

هەر شارێک لە شارستانییەتی سۆمەری خاوەن "ئایینی سۆمەری" بوونە، خوداوەند و بتی خۆیان هەبووە، واتا سۆمەرییەکان شوێنکەوتووی کۆمەڵە خوداوەندێک بوونە، هەموو شارەکانیان پەرستگایەکی سەرەکی تێدا بنیاتنراوە و ئەو پەرستگا سەرەکییە خاوەن چەند پەرستگایەکی بچووکتر بووە و بەشێوازی ئەندازیاری ناوازە بنیاتنراوە. پیاوانی ئایینی و پەرستگا ڕۆڵ و دەسەڵاتی باڵایان لە بەڕێوەبردن هەبووە. بۆ هەر دیاردە و بابەتێک سۆمەرییەکان خوداوەندی تایبەتییان داناوە، بۆ نموونە "خوداوەندی ئانۆ" تایبەت بووە بە بەهەشت، "خوداوەندی ئەنلیل" تایبەت بووە بە باران و با "خوداوەندی ئانکی" تایبەت بووە بە ئاو، چەندان خوداوەندی تریشیان هەبووە. ئایینی سۆمەری بووە بنەمای ئایینی شارستانییەکانی دواتریش کە دوای لەناوچوونی سۆمەرییەکان لە ناوچەی میزۆپۆتامیا دەرکەوتن.

لەناوچوونی سۆمەرییەکان

بەپێی بۆچوونی مێژوونووسان و زانایانی شوێنەوارناسان لە ساڵانی ١٩٠٠ـی پێش زایینەوە شارستانییەتی سۆمەرییەکان لەناوچووە، بەڵام زمانەکەیان بە زیندوویی ماوەتەوە و وەکوو زمانی زانست و ئایین ماوەتەوە و بەکارهاتووە و پەرەیسەندووە، هەر ئەو زمانە گۆڕانکاری تێدا کراوە و بە زمانی ئەکەدی ناسێنراوە. سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەموو شارە سۆمەرییەکان لەلایەن سوپای سەرجوونی ئەکەدییەوە هێرش کراوەتە سەریان، سەرجوونی ئەکەدی توانیویەتی نازناوی "پاشای کیش" بەدەست بهێنێت و پاشا سۆمەرییەکانی بە دیل گرتووە. دوای ئەوان شارستانییەتی ئاشووری و بابلی دەرکەوتن، بوون بە درێژەپێدەری کولتووری سۆمەری و گۆڕانکارییان تێدا کردووە.

شوێنەوارەکانی شارستانییەتی سۆمەری

شوێنەواری وەرکا

شوێنەواری وەرکا (بە ئینگلیزی: Uruk، بە عەرەبی: الوركاء) شوێنەوارێکی مێژوویی سۆمەرییەکانە، بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی سەماوە لە پارێزگای موسەننا لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕاتەوە لە عێراق. وەرکا یەکێک بووە لە ناوەندە گرنگەکانی سۆمەرییەکان کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵی پێش زایین، ناوەندی ئەم شوێنە بە ئوروک ناسراوە، لەم شوێنەوە یەکەمین پیت و نووسین لە جیهاندا داهێنرا و  دەرکەوتووە، کە لە سەرەتا نووسین تەنها لە ڕێگەی کێشانی وێنە بووە، بەڵام لەم ناوەندوە لە ڕێگەی سۆمەرییەکانەوە نووسینی مسماری داهێنرا. هەر لەم شارەش داستانی گلگامش نووسراوەتەوە و دەرکەوتووە. بەشێک لە پەرەستگای ئەم شوێنەوارە لە "مۆزەخانەی پێرگامۆن" لە ئەڵمانیا پارێزگاری لێدەکرێت. گرنگترین پەرستگاکانی شارەکە بریتین لە پەرستگای کاریۆس و پەرستگای زەقوورەی سپی کە تا ئێستاش شوێنەواریان لە پارێزگای موسەننا لە عێراق ماوە.

شوێنەواری ئوور

ئۆر یان ئوور (بە ئینگلیزی: Ur، بە عەرەبی: ٲور) شوێنەوارێکی مێژووییە و بە پارێزگای سۆمەرییەکان دادەنرێت. ئەم شارە لە ساڵی ٢١٠٠ پێش زایین پایتەختی سۆمەرییەکان بووە. شارێک بووە شێوەیەکی بازنەیی ناڕێکی هەبووە و لە ڕابردوودا چەند لقێکی ڕووباری فوڕات لەم ناوچەیە نزیک بووە، بەڵام بەهۆی گۆڕانی ڕێڕەوی ئاوەکە لە ئێستادا ناوچەیەکی دوورەپەرێزی وشکە، بە دووریی چەند کیلۆمەترێک لە شاری ناسڕییەی باشووری عێراق دوورە. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی ئەم ناوچەیە بە شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم دادەنرێت.

داستانی گلگامش

کۆنترین داستان و کارێکی ئەدەبیی سەر خاکی میزۆپۆتامیایە کە تاکوو ئێستا ماوەتەوە و بە کۆنترین و دێرینترین کاری ئەدەبی دادەنرێت کە تاکوو ئێستا ماوەتەوە، بۆ چەندان زمان وەرگێڕدراوە. گلگامش لەلایەن پیاوێکی ئایینی سۆمەرییەوە نووسراوەتەوە، چیرۆکێکە لەسەر تاشە قوڕینە نووسراوە و لەسەر ١٢ تاشە قوڕینە نووسرانەتەوە و چەند لەبەرگیراوەیەکی هەیە، مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ٢١٠٠ بۆ ١٢٠٠ ساڵ پێش زایین.

لە ئێستادا هەندێک لە تاشە قوڕینەکان لە مۆزەخانەی بەریتانیا پارێزگاری لێدەکرێت. بابەت و ناوەڕۆکی گلگامش وەکوو شیعرێکی سۆمەری دادەنرێت باس لە پاشای شاری وەرکا دەکات کە ناوی گلگامشە.


سەرچاوەکان



3668 بینین