بیابانی لیبیایی

له‌لایه‌ن: - دیاکۆ سامان دیاکۆ سامان - به‌روار: 2022-11-02-19:20:00 - کۆدی بابەت: 10393
بیابانی لیبیایی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بیابانی لیبیایی (بە ئینگلیزی: Libyan desert، بە عەرەبی: الصحراء الليبية)، بیابانێکە لە کیشوەری ئەفریقا کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی بیابانی سەحارا، درێژدەبێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی لیبیاوە تا بیابانی ڕۆژاوای میسڕ و باکووری ڕۆژاوای سوودان.

زاراوەی بیابانی لیبیایی

زاراوەی بیابانی لیبیایی بەگشتی لە کۆتا دەیەکانی سەدەی ١٩ لەسەر نەخشەکانی ئەوروپادا دەرکەوت. بە شێوەیەکی تایبەتی دیاریکرا لەسەر سنووری هەردوو وڵاتی میسڕ و لیبیا، هەروەها ناوەکەشی هەر لە لیبیای کۆنەوە داڕێژراوە، لە کتێبەکەی ڕاڵف باگنەڵد بە ناوی لمی لیبیایی، تیایدا ئەوەی پێشنیار کرد کە بیابانی لیبیایی بە شێوەیەکی جوگرافییانە لە سەحارا جیابکرێتەوە، داببڕێت لە چیا، شاخ، بانەکانی ئێنەدی و تیبەستی لە باکووری چاد، هەروەها چیای ئەکاکەس و تاسیلی ناژێ بە درێژیی سنووری جەزائیری لە ڕۆژاوادا. لەوکاتەوە مانا و پێناسەی بیابانی لیبیایی گەڕایەوە بۆ ئەم پێناسەیەی ئێستای کە ناساندمان.

جوگرافیای بیابانەکە

بیابانی لیبیایی ڕووبەرێکی بە نزیکەیی ١.٣٠٠.٠٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشه داگیر دەکات، هەروەها فراوانییەکەی بە نزیکەیی ١.١٠٠ کیلۆمەتر دەبێت لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژاوا و لەگەڵ ١٠٠٠ کیلۆمەتر لە باکوور بۆ باشوور، کە وەك شێوەیەکی لاکێشەیی درێژدەبێتەوە بۆ باشووری ڕۆژهەڵات، وەك زۆربەی بەشەکانی بیابانی سەحارا، ئەم بیابانەش لە سەرەتاوە ناوچەیەکی وشك و لمی و دەشتاییەکی بەردین بووە.
دەشتایی لمین و گردی لمین و کۆسپ و بەربەستی بیابانیی هەموویان بیابانێك دەنوێنن، بە بێ هیچ ڕووبارێك کە به ناویدا بڕوات یان لە بیابانەکەوە هەڵبقوڵێت، بانی گیڵف کەبیر بەرزییەکەی دەگاتە زیاتر لە هەزار مەتر و لەگەڵ زنجیرە چیای جەبەل یوینات لە نزیکیدا، کە دەکەوێتە نزیکی ناوچەیەکی بەردین کە بە توێژاڵی بەردی نیشتووی ئاسۆیی داپۆشراون، هەروەها چەندین ناوچەی لمین و بانی نزم و گردی تێدایە کە بەهۆی بای لمییەوە دروست بوون.
هەروەها بیابانەکە هەمەچەشنێکی سەرسوڕهێنەری لە دیمەنی سروشتی تێدایە وەك چیاکان، مێرگەکان و دەریای لمیی. بیابانی لیبیایی زۆر بە دەگمەن ئاوەدانی تێدا دەبینرێت، بێجگە لە ناوچە نوێیەکەی مێرگەکان لە خوارووی ناوچەی سیرێنایکا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی لیبیا. هاوڵاتییە دانیشتووەکانی ناوچەکە بریتین لە هۆزەکانی بیشاری، ماهاز و بەربەر. فراوانی بیابانەکە زیاتر دەکەوێتە میسڕ و هیچی تر وەك بیابانێکی سەر بە لیبیا نابینرێت، هەر لەبەر ئەوەشە کە زۆرجار بە بیابانی خۆرئاوایی دەناسرێت.

کەش و هەوای بیابانەکە

بیابانی لیبیایی بە یەکێك لەو شوێنانە دادەنرێت که ناخۆشترین کەش و هەوای هەیە لەسەر زەوی، کەش و هەواکەی تەواو جیاوازە، لە هاویندا گەرمایەکی زۆر، کە تێکڕای پلەی ڕۆژانەی دەگاتە ٥٠ پلە و زیاتریش، بەڵام لە شەواندا ئەم پلەیە دادەبەزێت، شەوانی زستانیشی کەش و هەوایەکی سارد و وشکی هەیە، کە تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانەی دادەبەزێت بۆ ٢٧ پلە و شەوانیشی ساردتر دەبێت، بە شێوەیەك کە ٩ پلەی ژێر سفر تۆمارکراوە، لەم کاتانەدا ئەگەری دروستبوونی زوقم زۆر دەبێت، شەوانی زستانی بە شەوە سپییەکان ناسراوە، بە پێچەوانەوە، لە شارۆچکەی ئەزیزیەی سەر بە سنووری لیبیا، بەرزترین تێکڕای پلەی ڕۆژانەی ٥٨ پلە بووە کە لە ساڵی ١٩٢٢ تۆمارکراوه، کە بە بەرزترین پلەی گەرمی دادەنرێت کە تا ئێستا تۆمار کرابێت. لە باکووری بیابانەکەدا بە درێژایی کەناری دەریای ناوەڕاست، ئاو و هەوای دەریای ناوەڕاست بەرەو بیابانەکە هەڵدەکات، لەکاتێکدا لە لای باشووردا، بایەکی وشك و گەرمی هەیە کە بە گیبلی ناسراوە، لە ناوخۆی بیابانەکەوە هەڵدەکات و گەردەلوولی بیابانی زۆر لەگەڵ خۆیدا دروست دەکات.


سەرچاوەکان



527 بینین