ئەهلی بەیت

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-22-20:34:00 - کۆدی بابەت: 10405
ئەهلی بەیت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەهلی بەیت (بە عەرەبی: أهل البيت، بە ئینگلیزی: Ahl al-Bayt) زاراوەیەکی قورئانییە کە ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک لە نزیکان و خزمانی پێغەمبەر محەمەد ﷺ و زاراوەی ئالی بەیتیش بە واتای ئەو بەکار دێت. موسڵمانان پێیان وایە ئەهلی بەیت لە نێو موسڵمانە گشتییەکاندا پێگەیەکی تایبەتیان هەیە، سەرەڕای جیاوازی پلەی ئەم پێگەیە لە نێو مەزهەبە ئیسلامیەکاندا. ئەم زاراوە قورئانییە لە ئایەتی ٣٣ی سورەتی ئەحزابدا هاتووە کە بۆ دایکانی ئیمانداران دابەزیوە، بە ئایەتی پاککردنەوە (التطهیر) ناسراوە:

وَقَرْنَ فِي بُيُوتِكُنَّ وَلَا تَبَرَّجْنَ تَبَرُّجَ الْجَاهِلِيَّةِ الْأُولَىٰ ۖ وَأَقِمْنَ الصَّلَاةَ وَآتِينَ الزَّكَاةَ وَأَطِعْنَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ ۚ إِنَّمَا يُرِيدُ اللَّهُ لِيُذْهِبَ عَنكُمُ الرِّجْسَ أَهْلَ الْبَيْتِ وَيُطَهِّرَكُمْ تَطْهِيرًا.

بۆچوونی فەقیهی موسڵمانان لەسەر واتای ئەم ئایەتە جیاوازە، لێکدانەوەکانی ئەهلی سوننەت و جەماعە بریتییە لە دایکی ئیمانداران و منداڵی پێغەمبەر و نەوەکانی و مامەکانی و منداڵەکانیان، تاوەکوو دەگاتەوە هەموو بەنی هاشم و هەرکەس کە خزمایەتی لەگەڵ پێغەمبەر هەبووە، لە کاتێکدا شیعەکان پێیان وایە کە ئەهلی بەیت مەبەست لەو کەسانەیە کە خاوەنی پۆشاکن (أصحاب الكساء)ـن، کە مەبەست لێی فاتیمەی کچی، عەلی ئامۆزای، هەریەک لە حەسەن و حسێنی نەوەیەتی.

ناکۆکی لەسەر ئەهلی بەیت

زانایانی ئەهلی سوننەت و جەماعە ڕایان جیاوازە لە ناسینەوەی ئەهلی بەیت کە ئایەتی پاککردنەوە باسی کردووە، ئەم جیاوازییە تەنها لە مەزهەبدا سنووردار نەبووە، بەڵکوو لە نێو خودی موسڵماناندا باو بووە. بۆچوون و لێکدانەوەکان جیاوازن. لێکدانەوەکان بریتیین لە:

  • ژنەکانی پێغەمبەر و خاوەن پۆشاکەکان.
  • تەنیا خاوەن پۆشاکەکان (پێغەمبەر محەمەد ﷺ، عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب، فاتیمەی زەهرا، حەسەن، حسێن) چونکە پێغەمبەر تەنها لە فەرموودەی کسادا دەفەرموێت: (خوایە ئەمانە ئەهلی بەیتی منن).
  • تەنها ژنەکانی پێغەمبەر.
  • تەنیا پێغەمبەر
  • هەرکەس خزمی پێغەمبەر بێت تاوەکوو باپیرەی
  • هەرکەس خزمایەتی لەگەڵ پێغەمبەر هەبێت.
  • هەموو بەنی هاشم جگە لە ژنان
  • هەرکەس بە ئایین یان بە خزمایەتی پەیوەندی لەگەڵ پێغەمبەر هەبووبێت
  • ژنەکانی پێغەمبەر و هەموو بەنی هاشم

لەلای سوننییەکان ئەهلی بەیت بریتین لە:

  • منداڵەکانی پێغەمبەر
  • دایکی ئیمانداران
  • هەموو بنەماڵەی بەنی هاشم و ئامۆزا و مامەکانی

بەڵام لەلای شیعەکان ئەهلی بەیت بریتین لە:

  • پێغەمبەر، فاتیمە، عەلی، حسێن، حەسەن.


سەرچاوەکان



857 بینین