چاندنی داری پاپا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-11-22-22:23:00 - کۆدی بابەت: 10413
چاندنی داری پاپا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری پاپا (بە ئینگلیزی: Planting papaya tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة البابایا)، نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەمریکای ناوەڕاستە، بەڵام دەکرێت لە هەموو ناوچە خولگەیی و هێڵی ئاووهەوا مامناوەندەکاندا بچێنرێت و گەشەبکات، ئەم جۆرە دارە قەبارەیەکی گەورەی هەیە بەڵام تەمەنێکی کەم دەژی، درێژییەکەی لەکاتی پێگەیشتنی تەواودا دەکرێت بگاتە زیاتر لە نۆ مەتر، گەڵاکانی قەبارەیەکی زۆر گەورەیان هەیە و شێوەیان وەک لەپی دەستە و دەرکەوتنێکی پلداریان هەیە.  

سێ جۆری سەرەکی لە ئەم دارە هەن کە بریتین لە نێر، مێ لەگەڵ نێرەمووک، تەنها مێینە و نێرەمووکەکان دەتوانن میوەبگرن، بەگوێرەی جۆری دارەکەش قەبارەی میوەکە لە بچووکەوە بۆ ناوەند دەگۆڕێت، شێوەکەشی لە بازنەیی بۆ درێژکۆلەیی و هێلکەیی دەگۆڕێت، بەگشتی ڕەنگی ئەو بەشەی میوەکە کە دەخورێت زەردە، هەرچەندە ڕەنگەکانی سوور و پرتەقاڵیشی هەیە بەڵام کەمترن، هەروەها بەگشتی چاندن و بەدەستهێنانی ئەم درەختە لە چاندنی تۆوەکەیەوە دەبێت، کە تۆوەکەی لە میوەیەکی پێگەیشتووەوە دەردەهێنرێت و بەکاردەهێنرێت.  

هەنگاوەکانی چاندن

  • سەرەتا پێویستە تۆوێک بەدەستبهێنرێت و بچێنرێت، بەڵام پێویستە چەندین دانە بچێنرێت لە هەمان گۆزەدا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە چەکەرە دەکات.
  • بە دانانی گۆزەکە لە جێگەیەکدا کە بەتەواوەتی خۆری بەربکەوێت ئەوا تۆوەکان لەماوەی دوو هەفتەدا دەردەکەون.
  • پاشان دوای ئەوەی درێژییان دەگاتە نزیکەی ٥٠ سانتیمەتر دەکرێت دەربکرێن و لەخاکدا بچێنرێن، بەڵام مەودای هەر نەمامێک بۆ دانەیەکی تر پێویستە ٢.٥-٣ مەتر ببێت.
  • پاش تێپەڕبوونی ٦-٧ مانگ گوڵدەگرێت و دەبێت بە بەر کە میوەی پاپایە.

شێوازی گرنگیپێدان

لە کاتی چاندندا گرنگترین خاڵ هەڵبژاردنی جێگەیەکی گونجاوە، کە ئەم جۆرە درەختە پێویستی بە جێگەیەکە ڕۆژانە خۆری تەواوی بەربکەوێت، واتە بەلایەنی کەمەوە هەشت کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، هەروەها جێگەکەی پارێزراوبێت لە هەبوونی با و ڕەشەبای بەهێز، یاخود ئەگەر مەترسی لەسەربێت پێویستە بەپاڵپشتێک جێگیربکرێت و بپارێزرێت.

هەروەها داری پاپا پێویستی بە خاکێکە کە ئاوی پێداتێپەڕبێت و کەڵەکەنەبێت، لەبەرئەوەی ڕەگەکەشی ناچێتە قووڵاییەوە ئەوا ئەم جۆرە دارە بەرگەی خاکێک ناگرێت کە زۆر تەڕبێت، بەڵام بۆ پاراستنی ڕێژەی شێ دەکرێت چەند سانتیمەترێک سەماد بۆ بنجی دارەکە زیادبکرێت، هەروەها لەکاتی بەرگرتندا پێویستە لە ماوەی خێرادا ئاوی پێبدرێتەوە، بۆ ئەوەی دارەکە گەشەیەکی باشبکات دەبێت ساڵانە و لە ماوەی کەم و کورتخایەندا بڕێکی گونجاو ماددەی خۆراکی نوێ بۆ خاکەکەی زیادبکرێت.


سەرچاوەکان



171 بینین