هۆکارەکانی جیاوازی نێوان بازرگانی ناوخۆ و بازرگانی دەرەکی 

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-31-01:39:00 - کۆدی بابەت: 435
 هۆکارەکانی جیاوازی نێوان بازرگانی ناوخۆ و بازرگانی دەرەکی 

ناوه‌ڕۆك

هۆكارەكان

1-بازرگانی ناوخۆ لە نێوان كەسەكان و یەكە ئابووریەكانی ناو یەك سنووری سیاسی (ڕامیاری) ئەنجام دەدرێت، بەڵام بازرگانی دەرەكی لە نێوان ئەو كەس و یەكە ئابوورییانەدا  ئەنجام دەدرێت كە سەر بە دەوڵەتی جۆراو جۆرن (جیاوازن).

2-كەسەكان سەر بە چەند یەكەیەكی سیاسی جیاوازن و ملكەچی كۆمەڵێك یاسا و ڕێسای جۆراوجۆرن و هەر دەوڵەتێك لەو دەەڵەتانەش ڕامیاری ئابووری تایبەت بەخۆی هەیە پەیڕەوی دەكات و دەیەوێت چەند ئامانجێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەدەست بهێنیت وەك بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی ئابووری بۆ هاوڵاتیانی خۆی، لەهەمانكاتدا میری ئەوە لەبەرچاو  دەگرێت كە جیاوازی لە نێوان ئەو كەسانە نەكات كە هەڵگری هەمان ڕەگەزنامەی ئەو دەوڵەتەن، بەڵام سوورە لەسەلار مامەڵەكردنی بیانییەكان بە شێوەیەك كە جیاوازە لەو مامەڵەیەی لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆیدا دەیكات.

3-جیاوازی سروشتی بازاڕەكان یەكێكە لە گرنگترین ئەو هۆكارانەی كە كاریگەریەكی ئاشكرای لەسەر سروشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جیاوازی بازاڕەكان لە نێوان دەوڵەتەكان هەیە، ئەویش خۆی لە جیاوازی حەزو ئارەزوو و تایبەتمەندی ژینگەكانیان دەبینێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناچۆنییەكی لە هەڵبژاردنی شمەك و كارگوزارییەكان، سەرەڕای ناچونییەكی لە بوونی بەربەستە سروشتی و كارگێڕی و ڕامیارییەكان وەك دووری جوگرافی كە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی تێچوونی گواستنەوە و كارڕاپەڕاندنانە كارگێڕییەكان كە دێتە ڕێگەی گواستنەوەی شمەكەكان لە ڕێگەی سنووری ڕامیاری(وەك ئەو بەڵگەنامە تەندروستیانەی دەسەلمێنن كە شمەكە هێنراوەكان دوورن لە هەموو نەخۆشییەك و پیسبوونێك) یان بەربەستە ئابوورییەكانی (وەك ڕەسمی گومرگی) ئەمانە هەموو هۆكارن بۆ جیاكردنەوەی بازاڕەكان لە یەكتری.

4-جیاوازی یەكە نەختینەییەكان و سیستەمی بانكی لە نێوان دەوڵەتەكاندا، بە هۆكارێكی جیاكردنەوەی دەوڵەتەكان دادەنرێت، هەر وڵاتێك ئامڕازی دارایی و بانكی و دراوی نیشتیمانی تایبەت بە خۆی هەیە كە لە وڵاتێكی دیكەی جیا دەكاتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی خۆیەوە دەبێتە هۆی ناچۆنییەكی جیاوازی لە بازرگانی ناوخۆ و دەرەكیدا، چونكە لەكاتی بوونی پەیوەندی بازرگانی لە نێوان دوو دەوڵەتدا ناچارین كرداری گۆڕینەوەی دەرەكی یان گۆڕینەوەی دراو بە دراوێكی تر ئەنجام بدەین و ئەگەرێكی گەورە هەیە كە نرخی دراو گۆڕینەوە بگۆڕێت یان سەربەستی دراو گۆڕینەوە بوەستێت ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە بازرگانی دەرەكی تووشی مەترسی نەختینەیی بێت، كە ئەمە لە بازرگانی ناوخۆدا نییە، چونكە لەسنووری ئەو دەوڵەتەدایە و یەك دراو بەكاردێت.

5-توانای گواستنەوەی كرێكار و سەرمایە لە ناوخۆ و دەرەكیدا جیاوازە، چونكە توانای گواستنەوەی بنەماكانی بەرهەمهێنانی وەك كار و سەرمایە لە ئابووری نیشتیمانی یان لە چوارچێوەی سنووری جوگرافی وڵاتێك زیاتر سەربەست دەبێت، بەڵام سەربەستی گواستنەوەیان لە نێوان دەوڵەتەكاندا دیاری كراو دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەو گیروگرفتانەوە دەبێت كە دێتە ڕێگەیان وەك گیروگرفتی كارگێڕی و ئەو گیروگرفتانەی كە پەیوەندییان بە جیاوازی زمان و نەریت و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و یاساكان هەیە كە ڕێگرن لەبەردەم گواستنەوەی كرێكار، سەرەڕای ئەو تێچوونە زۆرەی كە پێویستە بۆ ئەو گواستنەوەیە لە دەوڵەتێكەوە بۆ دەوڵەتێكی تر.

سەرمایە بەئاسانی لە دەوڵەتێكەوە بۆ دەوڵەتێكی تر ناگوێزرێتەوە، چونكە خاوەن سەرمایەكان وەبەرهێنانیان لەوڵاتەكانیان پێ باشترە لەترسی ئەو بارگرژییە ڕامیاری و ئابووریانەی كە لەوانەیە لەدەرەوە ڕووبدات، هەروەها بە ئاسانی دەتوانن سەرپەرشتی سەرمایەكانیان بكەن لە وڵاتەكانیاندا.


سەرچاوەکان



9356 بینین