چۆنیەتی وەڵامدانەوەی پرسیارە قورسەکانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-11-22-22:51:00 - کۆدی بابەت: 10414
چۆنیەتی وەڵامدانەوەی پرسیارە قورسەکانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی وەڵامدانەوەی پرسیارە قورسەکانی منداڵ (بە عەرەبی: كيفية تعامل مع اسئلة صعبة لأطفال، بە ئینگلیزی: How to answer difficult children's questionsهەندێک کات منداڵان هەندێک پرسیار دەکەن کە وەڵامدانەوەی بۆ دایکان و باوکان قورسە، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی منداڵ دەبێت ئاشنای شێوازی وەڵامدانەوە بن و زانیاری پێویست کۆبکنەوە.

چۆن وەڵامی پرسیارە قورسەکانی منداڵ بدەینەوە؟

منداڵان بەشێوەیەکی سروشتی ئارەزووی زانین دەکەن و بەپێی کاتیش ئەم ئارەزووەیان زیاتر دەبێت، لەبەرئەوە دەتوانن بیرکردنەوەکانیان دەرببڕن و هەموو پرسیارێک بکەن. لێکۆڵەران دەریانخستووە کە منداڵان دەتوانن ڕۆژانە ٧٣ پرسیار بکەن، لەبەرئەوە سەیر نییە کە دایکان و باوکان لە وەڵامدانەوەیاندا تووشی کێشە ببن. ئێوە وەکوو دایک و باوکی منداڵ، بەهێزترین و زیرەکترین کەسن لە دیدی منداڵەوە، دەبێت خۆتان ئامادە بکەن بۆ پرسیارە قورسەکانی، هەر وەکوو ئەوەی منداڵەکەتان گەورە دەبێت، شتی زیاتر دەربارەی جیهان فێر دەبێت، ئاساییە دەربارەیان سەرسام بێت.

هەندێک لەو پرسیارە قورسانەی کە دایک و باوک دەبێت وەڵامی بدەنەوە

  1. منداڵەکان لەکوێوە دێن؟
  2. بۆچی مرۆڤەکان دەمرن؟
  3. دنیا چەند گەورەیە؟
  4. بۆچی دایە و بابە شەڕ دەکەن؟
  5. بۆچی ناتوانم هەموو ڕۆژەکە یاری بکەم؟
  6. بۆچی دەبێت بچم بۆ قوتابخانە؟
  7. بۆچی ئەو لە من ناچێت؟
  8. خوا کێیە؟
  9. بۆچی ناتوانین وەکوو ئێوە تا درەنگانی شەو بەخەبەربین؟
  10. بۆچی ئاسمان شینە؟
  11. بۆچی ئاوی دەریا سوێرە؟
  12. باڵندەکان چۆن دەفڕن؟
  13. کات چییە؟
  14. دوای مردن لەگەڵ کێ دەژین؟
  15. هەورە بروسکە چییە؟

منداڵان بەزۆری لەبەر ئارەزوویان بۆ زانین ئەم پرسیارانە دەکەن، هەندێک ڕێگا و ڕەوشت هەیە تاکوو بتوانن خۆشەویستی بە منداڵەکانتان بدەن و وەڵامی ڕازیکەری پێ بدەن. وەڵامدانەوەی هەموو ئەمانە بە وەڵامی ڕاست ئەستەمە، بەڵام دەتوانن بە هەوڵدانتان بۆ وەڵامدانەوەیان هەستی زانخوازیان تێر بکەن.

باشترین کاردانەوەی دایک و باوک بۆ پرسیارەکانی منداڵ

١- بێدەنگ مەبن

یەکەم کار کە دەتوانن ئەنجامی بدەن ئەوەیە کە وای دابنێن لەلایەن منداڵەکەتانەوە لێکۆڵینەوەتان لەگەڵ دەکرێت هەروەها لەبیرتان بێت لە هەر کاتێکدا بێت دەکرێت منداڵ یەکێک لەو پرسیارانە بکات، ئەگەر ئەوەتان لەبیر بێت و ئاگاداربن، ناشڵەژێن و هەست بەدڵنیایی دەکەن. کاتێک منداڵ پرسیاری کرد، مەبەستەکەی لە خۆی بپرسن و گفتوگۆ بکەن، لەکاتی هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوە، دووربن لە بێدەنگی، چونکە وا لە منداڵ دەکات هەست بکات پرسیارێکی هەڵەی کردووە.

٢- زانیارییەکانی خۆتان زیاد بکەن

ئەگەر وەڵامی هەندێک لە پرسیارەکان نەزانن ئاساییە، پێویستە بەدوای وەڵامەکانیاندا بگەڕێن و زانیاری خۆتان زیاد بکەن، دەربارەی بابەتی وەکوو: پەیوەندی سێکسی، پەیوەندی، مردن و جەنگ زانیاری کۆبکەنەوە. هەروەها بۆ ئامادەیی زیاتر، کتێب بخوێننەوە دەربارەی ئەم شتانە تاکوو زیاتر تێبگەن، بەمشێوەیە زیاتر ئامادەیی وەڵامدانەوەتان دەبێت و دەزانن چۆن بە ڕوونکردنەوەی سادە وەڵامی منداڵ بدەنەوە.

٣- دڵنیایی بە منداڵەکەتان بدەن کە خۆشتان دەوێت

کاتێک منداڵ دەست دەکات بە پرسیارکردن دەربارەی مردن، دەکرێت ترسناک بێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ئەگەری زۆرەوە منداڵەکەتان نیگەرانی سەلامەتی ئێوەیە چونکە خەیاڵ دەکات کە ڕەنگە شتێکتان بەسەر بێت. دەکرێت وەڵامدانەوە سەخت بێت چونکە ڕاستییەکە خەماوییەکە ئەوەیە کە مردن دەڕواتە سۆراغی هەمووان و لە ڕووداوە سروشتییەکانە کە لە کۆنتڕۆڵی ئێمەدا نییە. جەخت لەسەر خۆشەویستیتان بکەنەوە بۆ منداڵەکەتان و پێی بڵێن کە هەمیشە ئاگاداری دەبن و لەلای دەبن.

٤- ئارام بن و لە قسەکردن بەردەوام بن

ڕەنگە منداڵ پرسیارێک بکات کە شۆکتان بکات، لەبیرتان بێت کە لەکاتی وەڵامدانەوە دەبێت ئارام بن و ئارامی خۆتان بپارێزن، تەنانەت ئەگەر بابەتەکە سەختیش بێت بۆتان دەکرێت لەگەڵ منداڵ قسە بکەن و ڕازی بکەن کە وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ کاتێکی تر هەڵدەگرن و قسەی لەسەر دەکەن.

٥- ئامڕازی پەروەردەیی و بینین بەکاربهێنن

ئەگەر کات و شوێن گونجاو بوو بۆتان، هەوڵ بدەن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی ئامڕازی یاری یان وێنە و وێنەکێشان بەکاربهێنن، یارمەتی منداڵەکە دەدات زیاتر تێبگات، هەروەها هانی خەیاڵکردنی منداڵەکە دەدات.


سەرچاوەکان



273 بینین