ئۆپەراسیۆنی چنگی شمشێر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-24-20:15:00 - کۆدی بابەت: 10436
ئۆپەراسیۆنی چنگی شمشێر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئۆپەراسیۆنی چنگ-شمشێر یان ئۆپەراسیۆنی چنگی شمشێر (بە ئینگلیزی: Operation Claw-Sword، بە تورکی: Pençe-Kılıç Operasyonu، بە عەرەبی: عملية المخلب السيف) زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییە بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و پێگەکانی سوپای سووریا لە باکووری سووریا و ڕۆژاوای کوردستان (لە حەلەب، ڕەققە، حەسەکە) لەلایەن تورکیاوە، هەروەها بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەرێمی کوردستان. هێرشە ئاسمانییەکان دوای تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵ لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ١٣ی تشرینی دووەم دەستی پێکرد، کە حکوومەتی تورکیا دەڵێت لەلایەن جوداخوازانی کوردەوە ئەنجامدراوە.

کردەکان

لە ٢٠ی تشرینی دووەم، لە دەوروبەری نیوەشەو فڕۆکەکانی تورکیا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان لە سەرانسەری ڕۆژاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان دەستپێکرد و بەهۆیەوە ٣٦ چەکداری هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەربازانی سووریا و پەیامنێری ئاژانسی هاوار نیوز، عیسام عەبدوڵڵا لە سووریا کوژران. ڕۆژی ٢١ی تشرینی دووەم، دوو هاووڵاتی مەدەنی تورکیا لە کارکامش کوژران، بەهۆی هێرشێکی مووشەکییەوە کە پێدەچێت لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە ئەنجام درابێت. هەروەها سەربازێکی تورک لە دەروازەی باب سەلامە لەسەر سنوورەکانی تورکیا کوژرا و ٧ سەرباز بریندار بوون، ئەمەش دوای تۆپباران لە ناوچە کوردنشینەکان و ناوچەکانی سووریا لە باکووری حەلەب.

لە ٢٢-٢٣ی تشرینی دووەم، هێزی ئاسمانی تورکیا ژێرخانی وزەی نەوت و غازی لە پارێزگای حەسەکە کردە ئامانج. دواتریش شارۆچکەی مەکمانی لە باکووری ڕۆژاوای پارێزگای دێرەزۆر کردە ئامانج. ڕۆژی ٢٣ی تشرینی دووەم لە میحوەری جەموسیە و سەیادە لە مەنبج پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازی مەنبج و هێزەکانی سوپای نیشتمانی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت ڕوویدا. دوای ئەوەی فڕۆکەکانی تورکیا دەوروبەری کەمپی پەنابەرانی حەولیان کردە ئامانج، بەهۆی ئەوەشەوە هەشت چەکداری هێزەکانی سووریای دیموکرات کوژران.

٢٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پووتین، وتوویەتی: "تورکیا بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی ڕووسیا ئۆپەراسیۆنەکانی لە سووریا دەکات. ئاگامان لە هێرشەکانی تورکیا هەیە. داوا دەکەین تورکیا بەبێ بەکارهێنانی هێزی سەربازی و لە ڕێگەی دیالۆگەوە بەدوای ڕێگەچارەیەکدا بگەڕێت."

دواتر لە ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووەم، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە ڕێگەی ئێرانەوە داوایکرد شاندێك بنێرێتە سووریا، بەڵام ئەم داواکارییەی تورکیا لەلایەن بەشار ئەسەدەوە ڕەتکرایەوە و داوای کرد ڕێگەی وڵاتی سێیەمەوە ئەو کۆبوونەوە ئەنجامبدرێت. داواکەی تورکیا کۆمەڵێک داواکاری تریان لەخۆیان دەگرت، وەک ئەوەی هێزەکانی حکوومەتی سووریا ڕۆژاوای کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن، رێگەش نەدەن نەوت و گاز لەلایەن هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان بەکاربهێندرێت و پەنابەرانی سووریش بگەڕێندرێنەوە سووریا.


سەرچاوەکان



297 بینین