جەنگی غەززە (٢٠١٤)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-24-21:18:00 - کۆدی بابەت: 10440
جەنگی غەززە (٢٠١٤)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەڕی غەززە ٢٠١٤ یان جەنگی غەززە لە ٢٠١٤ (بە عەرەبی: الحرب على غزة ٢٠١٤، معركة العصف المأكول، عملية البنيان المرصوص یان عملية الجرف الصامد، بە ئینگلیزی: Operation Protective Edge)، ململانێیەکی سەربازییە لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوە خۆڕاگرییەکانی فەلەستین لە کەرتی غەززە، جەنگەکە لە ٨ی تەممووزی ٢٠١٤ دەستی پێکرد، سوپای ئیسرائیل ناوی لێنا ئۆپەراسیۆنی لێواری پارێزەر، یەکینەکانی قەسامیش ناوی جەنگەکەیان نا (عصف المأكول) و وەڵامیان دانەوە، هەروەها بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیش ناوی لێنا (البنيان المرصوص). ئەم جەنگە دوای ئەوە ڕوویدا شەپۆلێکی توندوتیژی سەریهەڵدا، کە بریتیبوون لە ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و سووتاندنی منداڵێک بەناوی محەمەد ئەبوو خەزیر لە گەڕەکی شەعفات لەسەر دەستی کۆمەڵێک دانیشتووی ناوچەکە لە ٢ی تەممووزی ٢٠١٤ و دووبارە دەستگیرکردنی دەیان کەس لەو کەسانەی لە ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ساڵی ٢٠١٠ ئازاد کرابوون.

دوابەدوای ئەوە ناڕەزایەتی بەرفراوان لە قودس و لەلایەن عەرەبەکانی ٤٨ـەوە سەری هەڵدا، هەروەها لە ناوچەکانی کەرتی ڕۆژاوا تووڕەیی خەڵکی هەستا دوای ئەوەی ئیسرائیلییەک بەسەر دوو کرێکاری عەرەبدا بە ئۆتۆمبێلەکەی بەخێرایی ڕۆشتبوو لە نزیک حەیفا. ئەم جەنگە چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەخۆگرتبوو، وەک ئۆپەراسیۆنی ناحل عۆز و ئۆپەراسیۆنی دەیەمی ڕەمەزان.

ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل ڕاگرتنی هاویشتنی مووشەکەکان بوو کە لە غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرا، کە زیاتربوو دوای ئەوەی هەڵمەتی ئیسرائیل دژی حەماس لە کەرتی ڕۆژاوا زیاتربوو دوای ڕفاندن و کوشتنی سێ دانیشتووی ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٤. بەپێچەوانەوە ئامانجی حەماس بەدەستهێنانی فشاری نێودەوڵەتی بوو بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و کۆتاییهێنان بە هێرشی ئیسرائیل و هەبوونی چاودێری لایەنی سێیەم و دڵنیابوون لە پابەندبوون بە ئاگربەستەکە، هەروەها ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی و تێپەڕاندنی ئەو گۆشەگیرییە سیاسییەی بەسەر بزووتنەوەکەدا سەپێنراوە.

هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیسرائیل یەکەم لایەن بووە کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ١٣ی حوزەیرانی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس شکاندووە کە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٢ەوە دەستی پێکردبوو، بەڵام ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هێرشە ئاسمانییەکانی غەززە لە وەڵامی هاویشتنی مووشەکی کەرتی غەززەوە بووە.

لە ٧ی تەممووز، دوای ئەوەی حەوت چەکداری حەماس لە تەقینەوەی تونێلێک لە خان یونس کوژران، کە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بوو، حەماس بەرپرسیارێتی تەقاندنی مووشەکەکانی بۆ ناو ئیسرائیل گرتە ئەستۆ و ٤٠ مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. ئۆپەراسیۆنەکە لە ڕۆژی دواترەوە جەنگ بە فەرمی دەستیپێکرد و لە ١٧ی تەممووزدا ئۆپەراسیۆنەکە فراوانتر کرا و داگیرکردنی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانجی لەناوبردنی سیستەمی تونێلەکان لە غەززە دەستی پێکرد، هێزە زەمینییەکانی ئیسرائیل لە ٥ی ئاب لە ناوچەکە کشانەوە و لە ٢٦ی ئابدا ئاگربەستێکی کراوە ڕاگەیەندرا.

هێرشەکان

تاوەکوو ساتی ئاگربەست، ئیسرائیل ڕاپۆرتی داوە کە حەماس و جیهادی ئیسلامی و گرووپە چەکدارەکانی دیکە ٤٥٦٤ مووشەک و هاوەنیان لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و زیاتر لە ٧٣٥ مووشەک لەلایەن گومبەتی ئاسنینەوە ڕێگرییان لێکراوە و خراوەتە خوارەوە.

زۆربەی ئەو هاوەن و مووشەکانەی لە غەززەوە تەقێنراون، بەر ناوچە کراوەکان کەوتوون. لە کاتێکدا زیاتر لە ٢٨٠ مووشەک لە ناوچە جیاجیاکانی غەززە کەوتووەتە خوارەوە، لەو ژمارەیەش ٢٢٤ مووشەک ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان گرتووە. هەروەها بەهۆی ئەو تۆپانە ١٣ هاوڵاتی مەدەنی خەڵکی غەززە کوژراون کە ١١یان منداڵ بوون.

هەروەها ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر پێنج هەزار و ٢٦٣ ئامانج لە غەززە؛ لانیکەم ٣٤ تونێلی ناسراو لەناوبراون و دوو لەسەر سێی جبەخانەی حەماس کە ١٠ هەزار مووشەکیان تێدایە تەقێنراونەتەوە.

پاشخان

لە چوارچێوەی دانوستانەکانی فەلەستین و ئیسرائیل، بڕیار بوو ئیسرائیل گەڕی چوارەمی زیندانیانی فەلەستینی ئازاد بکات کە ٢٦ زیندانی پێشووی فەلەستینی لەخۆدەگرت، لە بەرانبەر ئەوەی فەلەستینییەکان نەچنە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و شوێنەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان. ئیسرائیل داوای کرد کە دانوستانەکان بۆ دوای ٢٩ی نیسان درێژ بکرێتەوە. بەڵام فەلەستینییەکان ئەم پێشمەرجەیان ڕەتکردەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئیسرائیل ئازادکردنی گەڕی چوارەمی زیندانیان ڕەت بکاتەوە.

لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٤، دەسەڵاتی فەلەستین داواکارییەکی واژۆکرد بۆ پەیوەستبوون بە ١٥ ڕێکخراو و پەیماننامەی نێودەوڵەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئازادنەکردنی گەڕی چوارەمی زیندانییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە. لە ٢٣ی نیسانی ٢٠١٤، ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین و بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی (حەماس)، ڕێککەوتنی ئاشتەوایییان ئەنجامدا، لە خاڵەکانیدا پێکهێنانی حکوومەتی ئاشتەوایی نیشتمانی لە ماوەی پێنج هەفتەدا بوو، کە لە ڕاستیدا لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٤ ڕوویدا.

 ڕۆژی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٤ سێ دانیشتوو لە شاری هیبرۆن ڕفێندران، دوای ئەوە سوپای ئیسرائیل هەڵمەتێکی سەربازیی دەستپێکرد و لە ٣٠ی حوزەیران تەرمی ئەو سێ دانیشتووانە لە نزیک حەلحول دۆزرانەوە. ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە کە پۆلیس و دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل دوای ماوەیەکی کەم لە ڕووداوەکە زانیویانە کە ڕووداوی کوشتنە نەک ڕفاندن، بەڵام حکوومەت سوپا و دەزگا ئاساییشییەکانی نارد بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بەرفراوانی هەڵکوتانە سەر و دەستگیرکردن لە کەناری ڕۆژاوا بۆ گەڕان بەدوای ئەنجامدەران. دوابەدوای ئەوە داوای تۆڵەسەندنەوە لە عەرەبەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە هاتە ئاراوە، کە بووە هۆی ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و سووتاندنی منداڵێک بەناوی محەمەد ئەبووخزر لە کەمپی شەعفات. کە بەدوایدا ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان بە تایبەت لە ناوچە عەرەبییەکانی ٤٨ ڕوویدا، هەروەها دەیان مووشەک لە کەرتی غەززەوە بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون و شارەکانی ئیسرائیل هاوێژران.

پاشان ئیسرائیل غەززەی بە "خاکێکی دوژمنکارانە" پێناسە کرد و وایدانا کە بەشێک نییە لە دەوڵەتی فەلەستین، هەروەها غەززەی خستە ژێر گەمارۆی ئابووری و سیاسی گشتگیرەوە، کە هاوکات ڕێگەی لێگرت لە گەیشتن بە یەک لەسەر سێی زەوییە کشتوکاڵییەکان و ٨٥%ی شوێنە ماسیگرتنەکانی. ئەمەش زیانی گەورەی ئابووری و کێشەی مرۆیی لە غەززە لێکەوتووەتەوە. ئەمەش لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی گەورە بوویەوە، بەڵام ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە ئەو گەمارۆیە یاساییە و پێویستە بۆ سنووردارکردنی هێرشە مووشەکییەکانی فەلەستینییەکان بۆ سەر ئیسرائیل لە کەرتی غەززەوە بۆ سەر شارەکانی و ڕێگری لە دەستکەوتنی چەکی دیکە دەکات بە حەماس.

جەنگ

یەک بۆ حەوتی تەممووز

چەند جارێک هەوڵی سەقامگیرکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و کەرتی غەززە هەبوو، بەڵام پەرەسەندنی توندوتیژییەکان دوای کوشتنی منداڵێک بەناوی محەمەد ئەبوخزڕ و کوشتنی دوو کرێکاری عەرەب بە ڕووداوی هاتووچۆی ئەنقەست بووە هۆی پەرەسەندنی تۆپبارانەکانی نێوان ئیسرائیل و غەززە، هەروەها سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هەڵمەتی توندوتیژی بۆ سەر فڕۆکەخانەیەک لە باشووری کەرتی غەززە دەستپێکرد. بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٧ی تەممووز، شەش ئەندامی بزووتنەوەی حەماس لە هەڵمەتێکی ئیسرائیلیدا لە تونێلێکی ناوچەی فڕۆکەخانە لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح کوژران.

هەشتی تەممووز

سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دەستپێکرد، ٤٠ هەزار سەربازی یەدەگیشی بانگهێشت کرد، لە خان یونس کۆمەڵکوژییەکی ئەنجامدا و ١١ فەلەستینی کوژران و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بە نزیکەی ٦٠ مووشەک وەڵامی دانەوە. بزووتنەوەی حەماس مووشەکی سام ٧ی لەدژی هەلیکۆپتەرێکی ئەپاچی بەکارهێنا و مووشەکەکانی قەسامیش مەودای زیاتر لە ٣٥ کمیان بڕی.

هەروەها مووشەکەکانی فەلەستین توانیان بە مووشەکێکی فەجر ٥ کە لەلایەن قەسامەوە ڕەوانە کرابوو فڕۆکەخانەی بن گوریۆن بپێکن لە تەلئەبیب و ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە گومبەتی ئاسنین ڕێگری لە دوو مووشەک کردووە. دواتریش ناوچەی حەیفا بە مووشەکی ئار-١٦٠ بۆردمان کرا.

سوپای ئیسرائیل مووشەکێکی ئاگادارکردنەوەی ئاڕاستەی ماڵێکی خان یونس کردبوو، دوای ئەوە دەیان هاوڵاتی سەرکەوتبوونە سەر ماڵەکە بۆ ئەوەی نەتوانرێت بۆردومانی ماڵەکە بکرێت، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی کە ماڵەکە بۆردومان نەکرێت و بووە هۆی کوژرانی ٧ هاووڵاتی مەدەنی کە شەشیان منداڵ بوون و برینداربوونی ٢٨ کەسیشی لێ کەوتەوە کە بە سەختی بریندار بوون.

دوای ئەوەی شارەکانی هەرزلیە، ڕیشۆن لێزیون، قودس، تەلئەبیب و حەیفا بۆ یەکەمجار بەر مووشەکی دوورمەودا کەوتن، فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل داوای کرد کە پەناگە بۆ ئیسرائیلییەکان لە شاری قودس و ناوچەی ناوەڕاستی ئیسرائیل بکرێتەوە.

٩ بۆ ١٢ی تەممووز

لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا ئیسرائیل نزیکەی ٥٠٠ هێرشی کردبووە سەر کەرتی غەززە و ٣٢٢ ئامانجی پێکابوو و ژێرخانی ئاوەڕۆ و کارەبا و تۆڕەکانی پەیوەندییەکانی کردبووە ئامانج و ٥٥ ماڵی وێران کردبوو، هەروەها بارەگای دەزگای ئاسایش و پاراستن و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی کردبووە ئامانج. بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، نۆی تەممووز، یەکینەکانی قەسام بۆ یەکەمجار فڕۆکەخانەی سەربازی نیڤاتیمیان بە دوو مووشەکی ئێم ٧٥ بۆردومان کرد.

تا بەرەبەیانی ڕۆژی ١١ی مانگ ژمارەی کوژراوانی فەلەستینیەکان کە زۆربەی خەڵکی سڤیل بوو لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل گەیشتە ٩٥ کوژراو و زیاتر لە ٦٥٠ بریندار. تا پاشنیوەڕۆی هەینی، ١٤ هاوڵاتی مەدەنی فەلەستینی لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل کوژران و هێزەکانی فەلەستینیش نزیکەی ١٥٠ مووشەکیان تەقاندووە کە یەکێکیان بەر فڕۆکەخانەی بن گوریون کەوتووە و ئاگری گەورە لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی ئەشدۆد و زیکیم لێکەوتووەتەوە.

نزیکەی کاتژمێر هەشتی ئێوارەی ڕۆژی ١٢ی تەممووز، یەکینەکانی قەسام لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی ئەقسا پەیامێکیان بە هەردوو زمانی عەرەبی و عیبری پەخش کرد و تێیدا ئاماژەیان بەوە کرد کە دوای کاتژمێر نۆی ئێوارە تەلئەبیب و دەوروبەری بۆردومان دەکەن، و داوا لە هاووڵاتیان دەکەن وریا بن و خۆیان بشارنەوە و کەناڵەکانیش پەخشی بکەن. دوای نزیکەی کاتژمێرێک لە پەیامەکە، میدیاکانی ئیسرائیل ڕاستییەکانی هێرشەکانیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەخش کرد، کە تێیدا دەردەکەوێت دانیشتووان بەپەلە بەرەو پەناگە دەڕۆن و لانیکەم ٤ مووشەکی J٨٠ی دروستکراوی قەسام ئاراستەی ناوچەکانی تەلئەبیب و گوش دان کران.

١٣ بۆ ١٩ی تەممووز

ڕۆژی ١٤ی مانگ یەکینەکانی قەسام ڕایگەیاند کە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دروستکراوی خۆی بەناوی ئەبابیل ١ هەڵداوە و یەکێکیان بەسەر وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلدا فڕیوە، هاوکات سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە سیستەمی مووشەکی دژە بالیستیک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستۆتە خوارەوە. یەکینەکانی قەسام لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، ئەندازیارەکانیان سێ مۆدێلی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەژێر ناوی "ئەبابیل ١" پەرەپێداوە، مۆدێلی یەکەمی A1A بۆ ئەرکەکانی سیخوڕی، دووەم مۆدێلی A1B بۆ ئەرکە هێرشبەرەکانی فڕێدانی بۆمب، سێیەم مۆدێلی A1C بۆ هێرشی خۆکوژی.

لە ڕۆژی ١٤ و ١٥ی تەممووز ئیسرائیل ڕایگەیاند ئامادەیە بە نێوەندگیری میسر ئاگربەست ڕابگەیەنێت و لە کاتژمێر نۆی ڕۆژی دواترەوە هێرشەکانی ڕابگرێت، بەڵام یەکەکانی فەلەستین ئەم ئاگربەستەیان ڕەتکردەوە، دواتر بۆ جاری دووەم ئیسرائیل ڕایگەیاند ئاگربەستی تاکلایەنە ڕادەگەیەنێت، بەڵام هەر دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست هێرشی کردە سەر حەیفا.

ڕۆژی ١٧ی مانگ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند هێرشی زەمینی دەکاتە سەر ناوچەکە و ڕێگری لە هاوێشتنی مووشەک دەکات لە غەززەوە و لە یەکەم هەنگاویشدا خێزانێکیان بە تەواوی لەناوبرد. لە ڕۆژی ١٩ی مانگیش ژمارەی کوژراوان گەیشتە ٣١٦ کەس و بریندارانیش ٢٣٠٠ کەسیان تێپەڕاند.

ڕۆژی ٢٠ بۆ ٢٨ی تەممووز

لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی تەممووز، تۆپخانەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و توندوتیژانە گەڕەکی شوجاعیەی ڕۆژهەڵاتی غەززەیان بۆردومان کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە ٦٠ کەس کوژران و سەدان هاووڵاتی مەدەنیش برینداربوون. لە ئێوارەشدا فڕۆکە جەنگییەکان بۆردمانی باڵەخانەیەکیان کرد و نۆ کەس تێیدا کوژرا. لە بەرانبەردا هێزەکانی بەرخۆدانی فەلەستین لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە ڕۆژهەڵات شەڕێکیان ئەنجام دا و دوو بارهەڵگری سەربازی و تانکێکی مێرکاڤایان تێکشکاند و ١٣ سەربازی لیوای جۆلانی کوژران و سەربازێکیش بە دیل گیرا بەناوی شائول ئارۆن. دوای ئەوەی قەسام دەستگیرکردنی ئەو سەربازەیان ڕاگەیاند، لە کەرتی غەززە و ڕۆژئاوا و شارەکاندا ئاهەنگ بەڕێوەچوو.

ڕۆژی ٢٢ی مانگ و دوای چەند ڕۆژێکی تر لە بۆردمانی زۆر سەخت، سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدانا کە یەکێک لە سەربازە بەشدارەکانی لە هێرشەکەی سەر کەرتەکە لەدەستداوە و تا کاتژمێر ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، لە زنجیرەیەک هەڵمەتدا کە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی ناوچەکەیان کردە ئامانج، ١٣ کەس کوژران و ٤٠ کەسیش برینداربوون. تا شەوی هەمان ڕۆژ ژمارەی کوژراوان گەیشتە ٥٨ کەس.

ڕۆژی ٢٤ی مانگ تۆپخانەکانی ئیسرائیل قوتابخانەیەکی UNRWAیان لە بەیت حانوون بۆردومان کرد کە پەناگەیەک بوو بۆ ئەو فەلەستینیانەی لە ماڵەکانیان ئاوارە بووبوون. لە بۆردومانەکەدا ١٦ فەلەستینی کوژران و ٢٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. کریس گانێس، وتەبێژی UNRWA دووپاتیکردەوە کە ڕێکخراوەکە پێشوەختە شوێنی قوتابخانەکەی داوەتە سوپای ئیسرائیل وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ ڕێگریکردن لە بۆردمان، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، داوایەک کراوە کە سوپای ئیسرائیل پەنجەرەیەک بکاتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی مەدەنی قوتابخانەکە بەجێبهێڵن، بەڵام داواکارییەکە پەسەند نەکراوە.

سەبارەت بە چەکدارانی یەکینەکانی قەسام، دزەیان کردە پشتی هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی حەی توفاح و لە دووری سفرەوە ٨ سەربازیان کوشت، هەروەها زرێپۆشێکی چەکدار هەڵگری جۆری "چیزاریت"یان بە مووشەکهاوێژێکی جۆری RPG-٢٩ تێکشکاند.

ڕۆژی ٢٩ی تەممووز بۆ ی ئاب

ڕۆژی سێشەممە خوێناویترین ڕۆژی شەڕ بوو، بەو پێیەی ژمارەی کوژراوان گەیشتە ١٤٠ کەس، ئەمەش دوای ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی قەسام بەناوی ناحل عۆز کە لە بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە لە پشت هێڵەکانەوە ئەنجامدرا و بەهۆیەوە دەیان سەربازی داگیرکەر کوژران، و ئۆپەراسیۆنەکە بە ڤیدیۆ بڵاوکرایەوە. بەهۆیەوە سوپای ئیسرائیل تووڕەبوو و دەستی کرد بە بۆردومانی توند و بۆردومانی مزگەوت و قوتابخانەکان. لە ڕۆژی دواتر سوپای ئیسرائیل بەردەوام بوو لە بۆردومانی خەڵکی سڤیل تا مزگەوتەکان و قوتابخانەکانی UNRWAی بۆردومان کرد و ١٢٩ فەلەستینی کوژران و زیاتر لە ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون. ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی قەسام بە مووشەکێکی ڕووسی توانییان بارهەڵگرێکی ئیسرائیلی تێکبشکێنن و تەواوی سەربازانی بکوژن، هەروەها تەقاندنەوەی بینایەکی ئیسرائیلی و کوشتنی دەیان سەرباز.

لە ڕۆژی یەکی ئاب ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی ٧٢ کاتژمێری کرا کە لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی دەستپێدەکات و بڕیار درا کە سەربازەکان لە شوێنی خۆیان بمێننەوە لەم ئاگربەستەدا. ئیسرائیل حەماسی بە کوشتنی سەربازێک و ڕفاندنی سەربازێکی دیکە تۆمەتبار کرد. ڕۆژی دواتر قەسام بە بەیاننامەیەک وەڵامیان دایەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەدا کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو سەربازە ڕفێنراوە و شوێن و بارودۆخی دیارنەمانی نییە. بەڵام دواتر ڕاگەیەندرا ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمەڵێک سەرباز پچڕاوە کە لە کاتی لەشکرکێشی شەوانەیاندا بۆ ڕۆژهەڵاتی رەفەح لە بۆسەیەکدا بوون بۆ سەربازانی داگیرکەر و پێمان وایە هەموو ئەندامانی ئەم گرووپە لە بۆردومانی ئیسرائیلییەکاندا کوژراون. لەگەڵ خۆیشیاندا سەربازێکیان بە دیل گرتووە و ئەویش لەکاتی بۆردمانەکەدا کوژراوە.

ڕۆژی ٢٠ی ئاب ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر شوێنی مانەوەی محەمەد زێف، سەرۆکی یەکینەکانی قەسام و سەرکەوتوو نەبوو لە تیرۆرکردنی. لە ڕۆژی ٢٤ی ئاب تۆپخانەکانی لیواکانی قەسام، پاش چاودێری و بەدواداچوون، بینای هەواڵگرییەکی ئیسرائیلیان لە ئێرێز بۆردمان کرد، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکان.

چەکەکان

لیواکانی قەسام بۆ یەکەمجار مووشەکێکی دروستکراوی خۆیان بە ناوی R160 کە مەودای ١٦٠ کم بوو بەکارهێنا، هەروەها مووشەکێکی تر بەناوی J80، کە جۆرێکی نوێیە و مەودای ٨٠ کیلۆمەترە. هەروەها لیواکانی قودس بۆ یەکەمجار مووشەکێکی بوراق ٧٠ی بەکارهێنا، کە لە شاری تەلئەبیب کەوتە خوارەوە. گەورەترین سەرسوڕمان بەکارهێنانی مووشەکێکی جۆری M-302 بوو کە گەیشتە ١٥٠ کیلۆمەتر و لە ناوچەی حەدێرە کەوتە خوارەوە، ئیسرائیل ئەم جۆرەی بە مەترسی زانی سەر ناوچەکانی قودس و تەلئەبیب و بەشێک لە ناوچەکانی باکوور و کێڵگە گازییەکانی ناو دەریا.

هەروەها قەسام بۆ یەکەمجار ڕایگەیاند توانیویانە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بفڕێنن بەسەر ئاسمانی ئیسرائیلدا.


سەرچاوەکان



352 بینین