چاندنی داری بوندق

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-11-24-21:56:00 - کۆدی بابەت: 10442
چاندنی داری بوندق

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری بوندق یاخود پێی دەوترێت بوندوق یان چەقالە (بە ئینگلیزی: Planting hazelnut tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة البندق)، نشینگە بنەڕەتییەکەی مەودایەکی فراوان دەگرێتەوە و بەگشتی لە ناوچە ساردەکاندا گەشەدەکات، چەند جۆرێکی جیاواز لە ئەم جۆرە درەختە بوونی هەیە و هەندێکیان ئەو بوندقە بەرهەمدەهێنن کە شیاوی خواردنە و خەڵکی پێی ئاشنان، هەندێک جۆری تریشیان دوو ڕەگن و پەرەیانپێدراوە بۆ بەرهەمهێنانی باشتر و زیاتر، بە گوێرەی ئارەزووی ئەو کەسەی کە دەیچێنێت دەکرێت بکرێتە هەردوو درەخت و دەوەنیش، بۆ نموونە ئەگەر لە جێگەیەکدابێت مەودا و فراوانی کەمی هەبێت بۆ گەشەکردن دەکرێت هەڵبپاچرێت و بە ئەندازەی جێگەکە ڕێگە بە گەورەبوونی بدرێت.  

بە گوێرەی جۆرەکانی قەبارەکەی دەگۆڕێت و بەگشتی درێژییەکەی دەگاتە ٢-٦ مەتر و پانییەکەشی دەگاتە ٤.٥ مەتر، درێژی گەڵاکانی تەنها چەند سانتیمەترێک دەبێت کە شێوەیان وەک دڵە و لێوارەکانیشیان شەپۆلدارە و وەک ددانەکان بەشبەشکراوە، هەرچەندە گرنگیپێدانی زۆر ئاسانە بەڵام ڕووبەڕووی چەندین مەترسی مێرووی و میکرۆبی و ئاژەڵی جیاواز دەبێتەوە، بۆ نموونە کەروێشک و ئاسکەکان ئارەزووی خواردنی گەڵا و چڵەکانی دەکەن، یاخود سمۆرەکان بەرهەمەکەی دەخۆن و لێیدەکەنەوە، بۆ چارەسەکردن دەکرێت بە بەرگی پارێزەر لە کەروێشک و ئاسکەکان بپارێزرێت، بەڵام پاراستنی لە سمۆرەکان قورسترە و پێویستەکا مرۆڤەکان پێش هێرشی سمۆرەکان بوندقەکان لێبکنەوە، یاخود کە تووشی نەخۆشی مێروویی و میکرۆبی دەبێتەوە پێویستە دەرمانی قڕپێکەری پێدا بڕژێنرێت.  

بەدرێژایی مێژوو ئەم دارە هێمابووە بۆ ژیری و سروشوەرگرتن، لە کتێبی تەوراتیشدا ناوی هێنراوە بە مەبەستی ئەوەی کە بەهای خۆراکی گرنگی تێدایە و هۆکارە بۆ خێراکردنی ساڕێژبوونەوە و چاکبوونەوە، جگە لە ئەمانەش لە شارستانییەتی گەورەی هەردوو یۆنانی و ڕۆمانییەکاندا وەک هۆکاری چارەسەر ناوبراوە و پێدانی سروشبووە بۆ ژیربوون و زیرەکبوونی خواوەندەکانیان.  

جگە لە ئەوەی کە ئەم دارە دەچێنرێت بۆ سوود وەرگرتن لە بەرەکەی، لە دروستکردنی قاپ و سەبەتەشدا بەکاردەهێنرێت یاخود بۆ دروستکردنی پەرژین و بەلەمی بچووک سوودی لێ وەردەگیردرێت، یان ئەو زەیتەی کە لە بوندقەوە دەردەهێنرێت بەکاردێت لە دروستکردنی بەرهەمی خۆراکی و کەلوپەلی جوانکاریدا، هەروەها بە یەکێک لە بەناوبانگترین ئەو تامانە دادەنرێت کە لە دروستکردنی چۆکۆلاتەدا بەکاردێت.  

هەنگاوەکانی چاندن بە تۆو

  • ئەم دارە بە چەندین ڕێگەی جیاواز زیاد دەکرێت کە بریتین لە چاندنی تۆو یان نەمامێک لە لق و چڵەکانی، بۆ نموونە ئەگەر بە تۆو بچێنرێت ئەوا پێویستە بە ئەم هەنگاوانەدا بڕوات.
  • لە سەرەتای پاییزدا دەبێت تۆوەکەی بهێنرێت و بخرێتە نێو ئاوەوە، کە ئەگەر تۆوەکە سەرئاوبکەوێت ئەوا لادەبرێت و پێویستە دەکات دانەیەکی تر بەکاربهێنرێت.
  • پاشان پێش چاندنی کونێک دەکرێتە بەرگی تۆوەکەی بۆ ئەوەی هاوکاری چەکەرەکردنی بدات.
  • دواتر تۆوەکە لە قووڵایی پێنج سانتیمەتردا دەچێنرێت، هەروەها مەودای نێوان تۆوێک بۆ دانەیەکی تر پێویستە نزیکەی پێنج مەتر ببێت.
  • لەکاتی چاندنیدا ئەو لایەی تۆوەکە کە تیژبووەتەوە دەخرێتە بەشی ژێرەوەی خاکەکە.
  • بۆ سەوزبوون پێویستی بە چەند مانگێک دەبێت و بە هێواشی ڕوودەدات.
  • دەکرێت لە گۆزەشدا تۆوی بوندق بچێنرێت پاشان گۆزەکە ببرێتە دەرەوە و لە جێگەیەکدا دابنرێت کە ئاوی زۆری نەبێت، بەڵام دەبێت لە زستاندا بۆ پارێزگاری لێکردنی چینێک سەماد بۆ خاکەکەی زیادبکرێت، هەروەها ببرێتە ژوورەوە و لە جێگەیەکی گەرمدا دابنرێت، هەتاکوو هاوین پێویستە لە گۆزەکەدا بمێنێتەوە، دواتر کە درێژییەکەی گەشتە ٢٠-٢٥ سانتیمەتر دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ خاک.

هەنگاوەکانی چاندن بە نەمام

  • سەرەتا پێویستە جێگەی گونجاو دیاریبکرێت.
  • دواتر چاڵێک هەڵدەکۆڵرێت کە درێژییەکەی هێندەی ڕەگی نەمامەکە ببێت و پانییەکەشی دوو هێندەی پانی ڕەگەکەی ببێت.
  • پاشان چاڵەکە پڕبکرێتەوە بە سەماد و خۆڵ، یاخود پێویستەکا پیتمۆسی بۆ زیادبکرێت ئەگەر خاکەکەی قوڕ و لیتاوبێت.
  • دەبێت چاڵەکە بە تەواوەتی بکوترێتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر هەوای تێدابێت نەمێنێت.
  • هەروەها پێویستە لەپاش چاندنی ئاوی زۆر پێبدرێت بۆ ئەوەی جێگیرببێت.

شێوازی گرنگیپێدان

داری بوندق پێویستی بە جێگەیەکە کە بەلایەنی کەمەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر ڕووناکی خۆری هەبێت، باشترە جێگەکە وشکبێت بۆ ئەوەی بوندقێکی نایاب بەرهەمبهێنێت، بەڵام لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا کاتێک کەشوهەوا گەرمدەبێت پێویستەکا زۆر ئاوبدرێت بۆ ئەوەی خاکەکەی بە شێداری بهێڵرێتەوە، لە جێگەیەکدا کە ئاو بە باشی بە خاکەکەدا تێپەڕبێت و وشکببێتەوە دارەکە بەباشی گەشەدەکات، بەڵام ئەگەر خاکەکە ئاو کەڵەکە بکات و تێنەپەڕێت ئەم دارەش گەشەناکات، هەروەها باشترە پلەی ترشێتی خاکەکەی لە نێوان هاوسەنگ بۆ کەمێک ترشبێت، کاتێک جێگیر دەبێت و دەستدەکات بە گەشەکردن ساڵانە ٣٣-٦٠ سانتیمەتر بەرزدەبێت.

ئەو دارانەی کە گەشەیان کردووە دەتوانن بەرگەی وشکی و کەمئاوی بگرن، بەڵام دارە گەنجەکان و ئەوانەی لە ساڵەکانی سەرەتای تەمەنیاندان بەرگەناگرن، بۆیە پێویستەکا بە بەردەوامی خاکەکەیان بە شێداری بهێڵرێتەوە، هەروەها لە وەرزەکانی گەشەکردنیاندا دەبێت ئاوی زیاتریان پێبدرێت.  

گوڵەکانی بوندق هەردوو ڕەگەزی نێر و مێیان هەیە لە هەمان درەختدا، هەرچەندە لەوانەیە لەهەمان کاتدا نەکرێنەوە بەڵام زۆرینەیان خۆیان دەپیتێنن، شێوازی پیتاندنەکەش بەگوێرەی جۆرەکانی دارەکە دەگۆڕێت، بۆ نموونە گوڵی داری بوندقی ئەمریکی بە ئاسانی دەپیتێت، بەڵام گوڵەکانی داری بوندقی ئەورووپی ناتوانن خۆیان بپیتێنن، ئەم دارە لە سەرەتای بەهاردا دەستە شکۆڤەیەکی هاوشێوەی بزمار دەگرێت کە دواتر لە کۆتایی هاوین و پاییزدا دەبێتە بەرەکەی و بوندقی گەورە بەرهەمدێت، کاتی بەرگرتنیشی دەکەوێتە پاش چوار ساڵ یان زیاتر لە چاندنی، کاتێک بوندقەکە بە تەواوەتی پێدەگات ئەوا دەکەوێتە سەر خاکەکەی بنجی دارەکە، کە پێویستە ببرێتە ژوورەوە و وشکبکرێتەوە و بۆ ماوەی چەندین هەفتە لە جێگەی گەرمدابێت و دواتر دەخورێت.

ئەگەر دارەکەی وەک دەوەن نەهێڵرێتەوە ئەوا پێویستەکا ساڵانە و لە کۆتایی وەرزی زستان بۆ سەرەتای بەهار هەڵبپاچرێت، کە دەبێت هەموو لقە نوێ و لاوازەکانی ببڕدرێت و تەنها چڵی سەرەکی بهێڵرێتەوە، بۆ ئەوەی سەرنجی تەواو لە پێدانی وزە بۆ دارەکە بۆ چڵە ئەستوورەکان بێت و بەهێزترببن.


سەرچاوەکان



176 بینین