بیلبیلە

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-11-28-23:52:00 - کۆدی بابەت: 10486
بیلبیلە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بیلبیلە (بە ئینگلیزی: pupil، بە عەرەبی: حدقة) دەرچەیەکی ڕەشە لە ناوەڕاستی ڕەنگینەی چاودایە و ڕووناکی دەگوازێتەوە بۆ تۆڕەی چاو، ڕەنگی ڕەشە بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن شانەکانی چاوەوە ڕووناکی هەڵدەمژێت و قەبارەکەی بەپێی توندی ڕووناکی دەگۆڕێت، بیلبیلە لە مرۆڤدا شێوەیەکی خڕی هەیە بەڵام لە گیانەوەرانی تردا جیاوازە، هەندێک پشیلە و ڕێوی و گیانەوەرە خشۆکەکان بیلبیلەی چاویان لە شێوەی هێڵێکی ستوونیدایە و وەک درزێک دەردەکەوێت، بەڵام لە هەندێک ئاژەڵی تری وەک بزن بیلبیلەی چاوی ئاسۆییە، هەروەها بیلبیلەی چاوی ماسی پشیلەیی شێوەیەکی ئەڵقەیی هەیە، لە سەردەمانی کۆنیشدا لای ئینگلیزەکان بیلبیلەی چاویان ناو نابوو سێوی چاو و دواتر لەلایەن جێراردی کریمۆنی ناوی لێ نرا بیلبیلە (pupil).

پێکهاتە و فرمانی بیلبیلە

بیلبیلە دەرچەیەکە یان چاڵێکە دەکەوێتە سەر ڕەنگینەی چاو و ڕووناکی پێدا تێدەپەڕێت بۆ بەشی پشتەوەی چاو، ڕەنگینەی چاو پێکهاتەیەکە لە لووسە ماسولکە پێکدێت توانای گرژبوونی هەیە کاتێک ڕووناکی پێدەگات لە بیلبیلەی چاوەوە و کۆنترۆڵی قەبارەی بیلبیلەی چاو دەکات بەپێی ئاستی ڕووناکی، ئەم کردارە پێی دەگوترێت پەرچەکرداری ڕووناکی، ڕەنگینەی چاو لە دوو جۆر ماسولکەی تایبەتی پێکدێت کە ماسولکەی داخەر و ماسولکەی فراوانبوو دەگرنەوە، لە کاتی گرژبوونی ماسولکەی داخەر قەبارەی بیلبیلە بچووک دەبێتەوە بە پێچەوانەشەوە ماسولکەی فراوانبوو کە لەلایەن دەمارە خۆنەویستەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت گرژ دەبن و دەبنە هۆی فراوانبوونی بیلبیلە.

کاریگەری ڕووناکی

لە تاریکیدا قەبارەی بیلبیلە فراوان دەبێت و بە پێچەوانەشەوە لە ڕووناکیدا بچووک دەبێتەوە، قەبارەی بیلبیلە لە کاتی بوونی ڕووناکی ٢-٤ میلیمەترە و لە تاریکیشدا فراوانتر دەبێت بۆ ٣-٨ میلیمەتر، بەڵام قەبارەی بیلبیلە لە مرۆڤدا بەپێی گەورەبوونی تەمەن گۆڕانکاری بەسەردا دێت بۆ نموونە لە ١٥ ساڵیدا قەبارەی بیلبیلە لە تاریکیدا ٤-٩ میلیمەتر تا کەسەکە دەگاتە ٢٥ ساڵ بیلبیلەی بچووک دەبێتەوە، لە کاتی ڕووناکی توند و بەهێزەکان بیلبیلە بچووک دەبێتەوە بۆ پاراستنی چاو لە تێکچوون و شێواندن هەروەها پێویستیشە بۆ ئەوەی وێنەکان بە شێوەیەکی جوان و ورد بگات بە دەماری بینین بۆ لێکدانەوە، دەشێت پزیشکی ڕووناکی بەکاربهێنێت بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی نەخۆشەکە و فرمانی خانە بنچینەییەکانی مێشکی.

نەخۆشییەکانی بیلبیلە

نەخۆشی فراوانبوونی بیلبیلەی درێژخایەن (bele dilitatism) کە نەخۆشییەکی چاوە و بەهۆی زیانگەیشتن بە دەماری بینین دروست دەبێت و دەبێتە هۆی فراوانبوونی بیلبیلە بۆ ماوەیەکی زۆر، تووشبووانی ئەم نەخۆشییە توانای بچووکبوونەوەی بیلبیلەیان لەدەست دەدەن بەهۆی ئەوەی دەمارەکە فرمانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ ناکات، کەسەکە لە کاتی بوونی ڕووناکیدا دووچاری ئازار دەبێتەوە لە چاوەکانیدا، هەروەها ئەم نەخۆشییە وا لە کەسەکان دەکات توانای بینین لەدەست دەدەن لە کاتی تاریکیدا یاخود تووشی شەوکوێری دەبن.

بەکارهێنانی دەرمان

بەکارهێنانی هەندێک دەرمان لەلایەن نەخۆشەوە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە قەبارەی چاودا، دەرمانەکانی وەک (ئەترۆپین، LSD ،MDMA، مێسکالین، قارچکی سیحری، کۆکایین هەروەها ئەمفیتامینەکان) دەشێت ببنە هۆی فراوانبوونی بیلبیلەی چاو بەهۆی کارتێکردنیان بۆ سەر دەمارەکانی کە کۆنترۆڵی گرژبوونی ماسولکەکانی چاو دەکەن، بچووکبوونەوەی بیلبیلەش بەهۆی دڵۆپەکانی چاو کە ماددەی ترۆپیکەمایدی تێدایە دروست دەبێت.


سەرچاوەکان



585 بینین