ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-29-11:11:00 - کۆدی بابەت: 10487
ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان (بە ئینگلیزی: United Nations Human Rights Council، بە عەرەبی: مجلس حقوق الإنسان التابع للأمم المتحدة) کورتکراوەی (UNHRC)، دامەزراوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە ئەرکی پێشخستن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤە لە سەرانسەری جیهاندا.

ئەنجوومەنەکە ٤٧ ئەندامی هەیە، بۆ خولی سێ ساڵە یەک لە دوای یەک لەسەر بنەمای گرووپی ناوچەیی هەڵدەبژێردرێن، بارەگای سەرەکی ئەنجوومەنەکە لە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێفی سویسرایە. 

ئەنجوومەنەکە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، باس لە پرسە بابەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات، وەکوو ئازادی کۆڕ و کۆبوونەوە، ئازادی ڕا دەربڕین، ئازادی بیروباوەڕ و ئایین، مافی ژنان، مافی هاوڕەگەزخوازان، مافی کەمینە ڕەگەزی و نەتەوەییەکان و چەندانی تر. 

ئەنجوومەنەکە لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٥ـی ئازاری ساڵی ٢٠٠٦ دامەزرا، جێگەی کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی گرتەوە.

ئەنجوومەنەکە لە نزیکەوە لەگەڵ نووسینگەی ئەندامانی لیژنەی باڵای مافەکانی مرۆڤ (OHCHR) کاردەکات، ڕێکارە تایبەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە. 

زانیاری گشتی

پێکهێنان ١٥ـی ئازاری ساڵی ٢٠٠٦
ئەندامان ٤٧ وڵات
باری یاسایی چالاک
بارەگا جنێف، سویسرا
سەرۆکی ئەنجوومەنی خولی ١٦
 فێدریکۆ ڤیلێگاس (٢٠٢٢)
ڕێکخراوی باوان
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

مێژووی ئەنجوومەنەکە

پاش ئەوەی ڕەخنەی توند لە ئەنجوومەنی پێشوو گیرا، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو وڵاتانەی ئەندامن بەشداری لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا دەکەن، لە ١٥ـی ئازاری ساڵی ٢٠٠٦ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNGA) بە زۆرینەی دەنگ دەنگیاندا بە گۆڕینی کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ بە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان. 

یەکەم دانیشتنی لە ١٩ تا ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٠٦ بەڕێوەچوو، دوای ساڵێک ئەنجوومەن "پاکێجی بنیادنانی دامەزراوە"ـی خۆی بۆ ڕێبەریکردنی کارەکانی و دانانی ڕێکار و میکانیزمەکانی پەسەندکرد. لە نێویاندا میکانیزمی پێداچوونەوەی خولیی گشتگیر بوو، کە خزمەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی مافی مرۆڤ لە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، هەروەها لیژنەی ڕاوێژکاری کە وەکوو "دەزگای بیرکردنەوە"ـی ئەنجوومەن کاردەکات کە شارەزایی و ئامۆژگاری لەبارەی پرسە بابەتییەکانی مافی مرۆڤ و "سکاڵای ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ"ـی پێشکەش کرد، کە ڕێگە بە تاک و ڕێکخراوەکان دەدات پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بخەنە بەرچاوی ئەنجوومەن.

هەروەها ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لەگەڵ ڕێکارە تایبەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات، کە لەلایەن کۆمسیۆنی پێشووی مافی مرۆڤەوە دامەزراوە، ئێستا لەلایەن ئەنجوومەنەوە وەرگیراوە. ئەمانە لە ڕاپۆرتدەری تایبەت، نوێنەری تایبەت، پسپۆڕانی سەربەخۆ، گرووپی کارکردن پێکهاتوون، کە چاودێری، پشکنین، ئامۆژگاری و ڕاپۆرتی گشتی لەسەر پرسە بابەتییەکان یان بارودۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی دیاریکراودا دەکەن. 

پێکهاتە

ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی ئەو ئەندامانە هەڵدەبژێرن کە ٤٧ کورسی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤیان داگیرکردووە. ماوەی هەر کورسییەک سێ ساڵە، هیچ ئەندامێک بۆی نییە زیاتر لە دوو خولی یەک لە دوای یەک کورسییەک داگیر بکات.

دانیشتنەکان

ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە سێ جار کۆبوونەوەی ئاسایی لە مانگەکانی ئازار، حوزەیران و ئەیلوولدا ئەنجام دەدات، کارنامە و بەرنامەی کارکردن بۆ هەر دانیشتنێک بە ڕێزگرتن لە هەر بڕیارنامەیەکی پەسەندکراوی ئەنجوومەن و بە ڕاوێژ لەگەڵ وڵاتانی ئەندام ئەنجام دەدرێت.

هەروەها ئەنجوومەنەکە دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بڕیاری دانیشتنی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و دۆخە لەناکاوەکاندا بدات، کە لە نێوان دانیشتنە ئاساییەکاندا سەر هەڵدەدەن، لەسەر داوای یەک بەش لە سێ بەشی وڵاتانی ئەندام. 

ئەندامان

ئەنجوومەنەکە لە ٤٧ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکهاتووە، ساڵانە لەلایەن ئەنجوومەنی گشتییەوە بۆ خولی سێ ساڵە یەک لە دوای یەک هەڵدەبژێردرێن. ئەندامان لە ڕێگەی بنەمای جوگرافیای دادپەروەرانە بە بەکارهێنانی سیستەمی ناوچەیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵدەبژێردرێن. ئەندامان مافی دووبارە هەڵبژاردنەوەیان هەیە بۆ یەک خولی زیادە، دوای ئەوە دەبێت دەستبەرداری کورسیەکەیان بن.

کورسییەکان بەم شێوەیە دابەشکراون:

ڕاگرتنەکان

ئەنجوومەنی گشتی دەتوانێت ماف و مافی تایبەتی هەر ئەندامێکی ئەنجوومەن ڕابگرێت، کە لە ماوەی ئەندامییەتیدا بەردەوام پێشێلکاری گەورەی لە مافەکانی مرۆڤ ئەنجامداوە. پرۆسەی ڕاگرتن پێویستی بە دەنگی دوو بەش لە سێ بەشی ئەنجوومەنی گشتی هەیە. 

سەرۆکایەتی و بەڕێوەبردن

بەڕێوەبردنی ئەنجوومەن لە پێنج کەس پێکدێت، یەک سەرۆک و چوار جێگری سەرۆک، کە نوێنەرایەتی پێنج گرووپی ناوچەیی دەکەن، بە پێی خولی ساڵانەی ئەنجوومەن بۆ ماوەی ساڵێک خزمەت دەکەن. 


سەرچاوەکان



874 بینین