چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ترسی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-11-29-20:12:00 - کۆدی بابەت: 10495
چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ترسی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ترسی منداڵ (بە ئینگلیزی: How to deal with a child's fear، بە عەرەبی: كيفية تعامل مع مخاوف الٲطفال)، ترسی منداڵ دەبێتە هۆی کێشە لە بیرکردنەوەی و دروستبوونی فشار و نیگەرانی لە منداڵدا، پێویستە دایک و باوک بە بەکارهێنانی هەڵسوکەوتی گونجاو ڕێگری لە دروستبوونی ترس لە لای منداڵەکەیان بکەن. 

گرنگترین زانیارییەکان دەربارەی ترسی منداڵ

ترس کاردانەوەیەکی سۆزداری، فیزیکییە و لە ئەنجامی ئەو پەرۆشییەوەیە کە هەر کەسێک لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکی ڕاستەقینەدا تیایدا دەردەکەوێت، هەستی سەلامەتی و پارێزراوی خۆی لە دەست دەدات. ئەم کاردانەوەیە هەر لە لەدایک بوونەوە دەبینرێت و ویستی خۆپاراستن لە مەترسی لەلای منداڵ ئەگەر زۆر لە سنوور دەرنەچووبێت کێشە نییە و زۆریش شتێکی بەسوودە.
منداڵ لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ترس پەرێشان دەبن، کەواتە وا باشترە کە فێریان بکەن چۆن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەم هەستانەدا بۆئەوەی لە داهاتوودا باشتر بتوانن ڕووبەڕووبەڕووی ئەم جۆرە هەستانە ببنەوە.

ترس لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەندا

ترسی منداڵ لە شەش بۆ هەشت مانگی دەست پێدەکات و هەتا یەک ساڵی ئاساییە، بەڵام هەتا دەڕوات جۆری ترسی منداڵ لەگەڵ تەمەنەکەیدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت. منداڵی بچووکتر لە یەک ساڵ لە کەسانی بێگانە و نەناسراو دەترسێت، هەست بە نائاسوودەیی دەکات و لە دایکی جیانابێتەوە. قۆناغی دووەمی ترسی ئاسایی، ئەو کاتەیە کە منداڵ دەست بە رۆیشتن دەکات، لەم قۆناغەدا منداڵ هەست بە سەربەخۆیی دەکات و لە دایکی جیا دەبێتەوە لە کاتی چوونە جێگایەکی نوێ و نەناسراو هەست بە ترس دەکات، چونکە ئەزموونی نییە و نازانێت چۆن لەگەڵ ئەو جێگا نوێیەدا مامەڵە بکات. 
پاڵنەرە ترسناکەکان وەکوو دەنگی قیژە، هاوار، هەورەبرووسکە و جووڵەی کەلوپەلی یاری لای منداڵی خوار دوو ساڵ، وادەکات کە منداڵ لەگەڵ جووڵەی یارییەکەدا بترسێت. هەروەها دەکرێت منداڵ بە بینینی ترسانی هەموو هاوڕێ هاوتەمەنەکانی لەو یارییە، ئەویش لەوانەوە فێر بێت لەو یارییە بترسێت. ئەو دایک و باوکانەی کە زۆر نیگەرانی ترسانی منداڵەکانیانن، دایک، لەبری نیگەرانی باشترە لەگەڵیاندا بن تا دوای ترسانی منداڵ، لە ئامێزی بگرن و بە هێواشی لەگەڵ هۆکاری ترسەکەی ڕووبەڕووی بکەنەوە و یارییەکە بدەنە دەستیەوە بۆ ئەوەی ترسەکەی نەمێنێت. 

هۆکارەکانی دروست بوونی ترس لە منداڵاندا

لە هۆکارە گرنگەکانی دروستبوونی ترس له منداڵدا بریتین لە کێشەکانی وەکوو فشار، نیگەرانی، ترس لە ئاژەڵەکان، تاریکی و ترس لە تەنیایی.
ـ ترس لە تاریکی لە ناو منداڵانی ٥-٧ ساڵدا جیاوازە و بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە.
ـ زۆربەی منداڵان لەم تەمەنەدا لە مردن دەترسن و دەربارەی مەرگ پرسیار دەکەن.
ـ لە ٧ ساڵیدا و لەگەڵ دەستپێکی قۆناغی بنەڕەتی، ترس لە قوتابخانە و دیاردە و بارودۆخە بێ زیانەکان لە منداڵاندا دەبینرێت.
 ترسە زۆر زەقەکان لە منداڵدا مەترسی دەخەنە سەر سەلامەتی جەستەیی، مێشکی و پەروەردەیی منداڵ بەشێوەیەک کە منداڵ ناتوانێت بەباشی سوود لە دەرفەتەکان و تواناکانی وەربگرێت. بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی ڕێژەی ترس لە منداڵاندا وا باشترە کە نیشانەکانی ترس، هۆکارەکانی دروستبوون و سەرچاوەی ترسەکە بزانن. 

سەرچاوەی ترسی منداڵان

دەبێت لە ئەزموونەکانی منداڵدا بەدوای سەرچاوەی ترسە ئاسایی و نائاساییەکانیدا بگەڕێن، گرنگترین هۆکارە سەرەکییەکانی دروست بوونی ترس لە منداڵاندا بریتیین لە:
١. دایک و باوک ترس بۆ منداڵەکانی خۆیان دەگوازنەوە و فێریان دەکەن، یان گەر دایک و باوکی ترسنۆک بن، منداڵیش ترسنۆک دەبێت.
٢. هۆکاری ترسی منداڵ لە دکتۆر و نەخۆشخانە هەڕەشەکردنە لە منداڵ بۆ ئەنجامدانی کارێک یان بۆئەوەی ئاقڵ بێت، بۆ نموونە وتنی ئەم جۆرە ڕستانە: دەبێت دەرمانەکەت بخۆیت ئەگەرنا دەمریت، یان ئەگەر نانەکەت نەخۆیت، دەڵێم بە دکتۆرەکە دەرزیت لێبدات.
 ٣. ئەو چاوەڕوانییە نابەجێ و لەڕادەبەدەرانەی کە دایک و باوک لە منداڵیان هەیە.
٤. ئەزموون و یادەوەرییە ناخۆش و تۆقێنەرەکانی منداڵ. 
٥. تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی خودی منداڵ، هۆکاری ژینگەیی و بوونی جەستەیەکی لاواز.
٦. بەپێی پێویست گەشەنەکردنی مێشک و لایەنی سۆزداری لە منداڵدا یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی ترس.
٧. یەکێک لە هۆکارەکانی ترس لە منداڵدا ئەوەیە کە دایک و باوکێکی هەیە زیاد لە پێویست پشتگیری دەکەن، کۆنتڕۆڵی دەکەن و زۆر ئاگاداری دەبن.
٨. تووندی دایک و باوک و بەکارهێنانی سزای تووند دەتوانێت لە منداڵدا ترس دروست بکات.
٩. نەبوونی پلانی پێشوەختە بۆ ئامادەکردنی منداڵی نەخۆش، واتە دەربارەی نەخۆشییەکەی و چۆنییەتی چارەسەرکردنی زانیاری پێویستی پێنەدرێت دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ترسی منداڵ.
١٠. یەکێک لە هۆیەکانی دەرکەوتنی ترس لە منداڵدا ڕووبەڕووبوونەوەی کەسانی نەناسراو، کەلوپەلی نوێ، دەنگی بەرز و نائاسایی و بارودۆخ و شوێنە نەناسراوەکانە.
١١. جیابوونەوە لە دایک، ماڵەوە، سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی و هاوڕێکانی یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی ترسی منداڵ.
١٢. کاریگەری نەرێنی هەندێک لە فیلمەکان و کتێبەکان.
١٣. ترسی ونبوون لە قوتابخانە یان نەخۆشخانە.
١٤. پێدانی وەڵامی هەڵە بۆ پرسیارەکانی منداڵ دەبێتە هۆی دروستبوونی ترس لە منداڵدا.
١٥. دروستبوونی ترس لەمنداڵدا بەهۆی نەوتنی ڕاستییەکان بە منداڵ دەربارەی ئەو شتانی وەکوو قوتابخانە و نەخۆشخانە کە دەمانەوێت منداڵ بۆ ئەو شوێنە ببەین. 

نیشانەکانی ترسی منداڵ

هەر هۆکارێک دەکرێت ببێتە هۆی ترسی هەمیشەیی لە منداڵدا و ئەم ترسە کاریگەری نەرێنی و زیانبەخش دەکاتە سەر جەستە و دەروونی منداڵ، منداڵ خەمبار دەکات بەشێوەیەک کە منداڵ نیشانەی وەکوو: گۆشەگیری، شەرمنی، نەبوونی توانای بڕیاردان و پەیوەست بوون بە کەسانیترەوە لە خۆی نیشان دەدات.
ئەم منداڵانە لە داهاتوودا ناتوانن پۆستی گرنگ لە کارەکەیاندا وەربگرن و لێی دەترسن، هەروەها ناتوانن لە کاتی خۆیدا کێشەکان چارەسەر بکەن.
گرنگترین نیشانەکانی ترسی منداڵان بریتیین لە:
١. ڕاکردن لە بارودۆخی مەترسیدار
٢. داوای یارمەتیکردن
٣. وشک بوونی ناو دەم
٤. قیژاندن
٥. لەرزینی ئەندامەکانی جەستە
٦. تێکچوونی ڕەنگی ڕوخسار
٧. تەنگەنەفەسی و گیرانی دەنگ
٨. بەرزبوونەوەی لێدانەکانی دڵ
٩. ئاڕەق کردنەوە
١٠. هەستکردن بە ماندووییەکی زۆر
١١. لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی میزکردن
١٢. لاوازی توانای بیرکردنەوە و بڕیاردان
١٣. ڕوانینی نائاسایی
١٤. گۆشەگیری، حەزکردن بەتەنیایی و شەرمنی
١٥. کێشەی خەوتن
١٦. ڕق و توڕەیی
١٧. میز بەخۆداکردنی شەوانە
١٨. ئیرەیی بردن
١٩. خواردنی نینۆک
٢٠. زمان گیران

هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ترسی منداڵان

ترسی منداڵ لە خۆیەوە لەناو ناچێت و دەبێت ڕووبەڕووی ببنەوە، دوو ڕێگای کاریگەر هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ترسی منداڵ:
١- ڕێکاری ڕێگریکردن
٢- ڕێکاری کەمکردنەوەی ترسەکە

ڕێکاری ڕێگریکردن لە ترسی منداڵان

بۆ ڕێگریکردن لە ترسانی منداڵ دەبێت پێش ئەوەی منداڵ بکەوێتە بارودۆخێکی ترسناکەوە، ئاگاداری بکەینەوە دەربارەی ئەو بارودۆخە:
١- بۆ نەهێشتنی ترسی منداڵ لە هەورەبرووسکە لە ڕۆژێکی باراناویدا، بیبەنە حەوشە و ئەگەر ڕووناکی هەورەبوروسکە لە ئاسمان دەرکەوت، پێی بڵێن ئێستا دەنگێکی بەرز دێت کە نابێت لێی بترسیت.
٢- کاتێک کە منداڵ بەهۆی نەخۆشییەوە ناچاره لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت و دەترسێت، پێش بردنی بۆ نەخۆشخانە، ئامادەی بکەن بۆ بارودۆخەکە تاکوو نەترسێت.
٣- هەرگیز بەهۆی ترسی منداڵ لە نەخۆشی و مردن ڕاستییەکانی لێمەشارنەوە، لەسەر بنەمای ڕێژەی تێگەیشتن و باوەڕە دینییەکان وەڵامی منداڵەکەتان بدەنەوە.
٤- لەسەر بنەمای تەمەن، کەسایەتی منداڵ و بارودۆخی بڕیار بدەن کە منداڵ بۆ ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن یان پرسە ببەن یان نا، دەروونناسەکان ڕایان وایە کە ئامادەبوونی منداڵانی هەستیاری ژێر ٦ ساڵ لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردندا گونجاو نییە. 
٥- ئەگەر منداڵ پێی خۆش نەبێت لە ڕێوڕەسمی وەکوو پرسە و بەخاکسپاردندا بەشداری بکات، ناچاری مەکەن کە بەشدار بێت و ڕێز لە بڕیارەکەی بگرن. بەڵام باسی ئەو ڕێوڕەسمانەی بۆ بکەن و بۆی ڕوون بکەنەوە کە چۆن لەم ڕێوڕەسمەدا هەڵسوکەوت بکات و لەوێ ڕووبەڕووی چی دەبێتەوە. 

ڕێکاری کەمکردنەوەی ترسی منداڵان

١- بە هۆی ترسەکانییەوە گاڵتە بەمنداڵەکەتان مەکەن و سەرزەنشتی مەکەن، دوور بن لە وتنی ڕستەی وەکوو: تۆ ئیتر گەورە بوویت، یان سەیرکە بزانە من ناترسم.
٢- منداڵ بۆ زاڵبوون بەسەر ترسەکەیدا دەبێت لە خۆشەویستی دایک و باوکی دڵنیا بێت، دایک و باوک دەبێت بۆ هەر کارێکی ئازایانە و بچووک کە دەیکات دەستخۆشی لێبکەن و هانی بدەن.
٣- نموونە هێنانەوە بۆ منداڵ دەتوانێت ترسەکەی کەمبکاتەوە، بۆ نموونە بۆ کەمکردنەوەی ترسی منداڵ لە ئاژەڵەکان، باشترە منداڵێکی نیشان بدەن کە لە ئاژەڵ ناترسێت، یان وێنەی ئەو ئاژەڵەی بۆ بکێشن یان بووکەڵەی ئەو ئاژەڵەی نیشان بدەن بۆئەوەی ترسەکەی نەمێنێت.
٥- خاڵە ئەرێنییەکانی ڕەوشتی و ڕەفتاری منداڵەکەتان بدۆزنەوە و سەرنج بخەنە سەریان، ئازایەتی منداڵەکەتان گەورە نیشان بدەن و هانی منداڵەکەتان بدەن. 
٦- لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ترسی لەڕادەبەدەری منداڵ، ئەگەر ئەو ڕێکارانەی باسمان کرد سەرکەوتوو نەبوون، باشترە کە سەردانی دەروونناسی منداڵ بکرێت بۆئەوەی کێشەی منداڵەکە چارەسەر بکەن.


سەرچاوەکان



650 بینین