هۆکاری دابەزینی سوورەتی (عبس)

له‌لایه‌ن: - پەرژین عومەر پەرژین عومەر - به‌روار: 2022-11-30-17:17:00 - کۆدی بابەت: 10500
هۆکاری دابەزینی سوورەتی (عبس)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هۆکاری دابەزینی سوورەتی عبس (بە عەرەبی: سبب نزول سورة عبس، بە ئینگلیزی: The reason for the descent of Surat Abs)، سوورەتی (عبس) واتە ڕوو گرژی، سوورەتێکی مەککییە، ژمارەی ئایەتەکانی ٤٢ ئایەتە، سوورەتى (عبس) زنجیرەى هەشتاهەمینە لە ڕیزبەندى لەناو سوورەتەكانى قورئانى پیرۆزدا. لەدوای سوورەتی (النجم) دابەزیوە، هەروەها پێشی دەوترێت سوورەتی (الصاخه) هەروەها لە (عييني شرح صحيح البخاري) پێی وتراوە سوورەتی (السفرة) هەروەها پێشی دەوترێت سوورەتی (الأعمى) و ئيبن عەرەبی بە سوورەتی ئیبن ئوم مەکتوم ناوی هێناوە،

هۆکاری دابەزینی سوورەتی (عبس) 

کاتێک شاندێکی قوڕەیش هاتن بۆ لای پێغەمبەری خودا ﷺ له‌وانه‌ (ئوبه‌ی كوڕی خه‌له‌ف و ئه‌بوجه‌هل و عه‌باسی مامی و عوتبه‌ی كوڕی ڕه‌بیعه‌)، ڕووی تێكردوون و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كردوون به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی كه‌ موسڵمان بن، چونکە مسوڵمانبوونی سه‌رداران و گه‌وره‌كانی قوڕەیش دەبێتە هۆی مسوڵمانبوونی ئەوانی تر و شوێنکەوتوانیان، کاتێک پێغەمبەری خودا ﷺ سەرقاڵی بانگهێشتکردنی سەرکردەکانی قوڕەیش بوو عەبدوڵای کوڕی ئوم مەکتوم کە پیاوێکی نابینا بوو و پێشوتر مسوڵمان ببوو، نەیدەزانی کە پێغەمبەری خودا ﷺ لەگەڵ گەورە پیاوانی قوڕەیش سەرقاڵی گفتوگۆکردنە، بۆیە بانگی پێغەمبەری خوای کرد ﷺ و داوای لێ کرد کە هەندێک لە مەسەلەکانی ئایینی فێر بکات، کاتێک پێغەمبەری خودا ﷺ بێ وەڵام بوو دووبارە بانگی کردەوە پێغەمبەری خوداش ﷺ پێی خۆش بوو له‌و كاته‌دا پرسیار نه‌كات و قسه‌ی پێ نه‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌وڵدا بێت تاکوو ئه‌و كه‌سانه‌ باوه‌ڕ بێنن و موسڵمان بن بۆیه‌ ڕووی خۆی گرژ كرد و ڕووى لێ وه‌رگێڕا، خواى گه‌وره‌ چەند ئایەتێکی سوورەتی (عبس) ى دابه‌زاند، (عَبَسَ وَتَوَلَّى(١)) (أَنْ جَاءَهُ الْأَعْمَى (٢)) ( واته‌: پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ ڕووی خۆی گرژ كرد و پشتی هه‌ڵكرد له‌و پیاوه‌ نابینایه)‌. ڕێزگرتنی پێغەمبەر ﷺ لە عەبدوڵڵای کوڕی ئوم مەکتوم چەندین دەرکەوتەی ڕێزلێنان لەلایەن پێغەمبەر ﷺ بۆ عەبدوڵڵای کوڕی ئوم مەکتوم هەیە لەوانەش:

  1. زانایانی بواری بنچینە و ژیاننامەی پێغەمبەری خودا ﷺ گێڕاویانەتەوە کە پێغەمبەر ﷺ سیانزە جار عەبدوڵڵای کوڕی ئوم مەکتومی کردۆتە جێنشینی خۆی لەوانەش لە غەزای سەویق و غەزای ودان و بوات و غەتەفان و ڕۆشتنی بۆ حەجی ماڵئاوایی و دەرچوونی بۆ بەدر.
  2. عەبدوڵڵای کوڕی ئوم مەکتوم بانگبێژی پێغەمبەری خودا بووە ﷺ، لەگەڵ بیلال و سەعد و ئەبی مەحزورە بانگبێژی شاری مەککەی پیرۆز بوون، پێغەمبەری خودا ﷺ ڕێزی لێگرتوون.
  3. پێغەمبەر ﷺ بە گەرمی پێشوازی لێدەکرد کاتێک دەهات بۆ لای، هەندێک لە هاوەڵان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێی دەفەرموو: ئایا پێویستییەکت هەیە.
  4.  پێغەمبەری خودا ﷺ جلەکانی خۆی بۆ درێژ دەکرد و عەبدوڵڵای کوڕی ئوم مەکتوم لەسەری دادەنیشت. 

سوورەتی (عبس) کۆمەڵێک ئامانج و مەبەستی سەرەکی هەیە

  • خوای گەورە لۆمەی پێغەمبەری ﷺ كرد لەسەر هەڵسوکەوتی بەرامبەر عەبدوڵڵای کوڕی ئوم مەکتوم کە داوای  زانست و ئایینی لە پێغەمبەری خودا ﷺ کرد، بەڵام پێغەمبەری خودا ﷺ سەرقاڵ بوو بە بانگهێشتکردنی سەرانی قوڕەیش بۆ ناو ئیسلام.
  • دەسەڵاتى خواى گەورە و تاك و تەنهایی خواى گەورە لە دروستكردنى مرۆڤەكان و زیندووکردنەوەی مرۆڤ و دروستکردنی دار و درەخت و ڕووەکەکان.
  • ئاماژە بە بارودۆخی خەڵکی دەکات لە ڕۆژی قیامەتدا، کە لەناویاندا براوە و زەرەرمەند هەیە، هەروەها باسی دەرکەوتەی ڕووناکی و تاریکی لەسەر ڕووخساریان دەکات، هۆکاری دۆڕاندن و لەناوچوونی زەرەرمەندان ئەوەبوو کەگومڕابوون بە نیشانەکانی خوا و بەرەکەتەکانی خودا لەسەریان، زیندوو بوونەوە و خەشم و تووڕەی و سزای خودایان بە درۆزانی.
  • باسی ڕووداوەکانی ڕۆژی دوای دەکات و هەروەها باسی ئازار و ناڕەحەتییەكانى ئەو ڕۆژە دەكات و هەڵهاتن و ڕاکردنی مرۆڤ لە دایک و باوک و برای خۆی بەهۆی سەختی ئەو ڕۆژەوە.
  • باسی پاراستنی قورئانی پیرۆز دەکات لەلایەن خودای گەورەوە لە هەموو جۆرە دەستکارییەک و گۆڕینێکی.
  • بوونی یەکسانی لە نێوان خەڵکیدا لە بانگهێشتکردن بۆ سەر ئایینی ئیسلام بەبێ جیاوازی.


سەرچاوەکان



442 بینین