باڵندە کۆچەرییەکان

له‌لایه‌ن: - پەرژین عومەر پەرژین عومەر - به‌روار: 2022-12-07-20:25:00 - کۆدی بابەت: 10576
باڵندە کۆچەرییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باڵندە کۆچەرییەکان (بە عەرەبی: الطيور المهاجرة، بە ئینگلیزی: Migratory birds)، کۆچکردنی باڵندە گەشتێکی وەرزییە کە ژمارەیەکی زۆر لە باڵندەکان لە دووری زۆرەوە بە بیابانەکان و بەرزاییەکانی چیا و زەریاکان گەشت دەکەن و لە ساڵێکدا دوو جار کۆچ دەکەن ئەم دوو کۆچەش لە هەردوو وەرزی بەهار و پاییزدا دەکرێت. هەموو ساڵێک لە هامان کاتدا کۆچدەکەن، هەندێکیان توانای فڕینی دوور و درێژیان هەیە بە شەو و بە ڕۆژ بۆ بڕینی بیابان و بڕینی هەزارەها کیلۆمەتر بەبێ خواردن و خواردنەوە ئەم توانا و هێزی فڕینەش بەهۆی خۆ ئامادەکردن بۆ میکانیزمی فڕین لە ڕێگەی خواردنی خواردنە پڕ چەوریەکان.

بەهۆی چەند هۆکارێکەوە باڵندەکان کۆچدەکەن

هۆکاری زۆر هەیە کە وا بکات باڵندەکان لە پێناویدا کۆچ بکەن، لەوانەش چوون بۆ ئەو شوێنە گەرمانەی کە خۆراک و سەلامەتی بۆ زۆربوونیان تێدایە، وەک نیوە گۆی باشوور لە نیوە گۆی زەوی بەتایبەت لە کەش و هەوای خولگەیی کە تێیدا ناوچەکان گەرمن، باڵندەکان دەتوانن بەدرێژایی ساڵ لە شوێنێکی فراوان بۆ خواردن بگەڕێن، ماوەی ڕۆژ جێگیرە بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێک کاتێکی زۆر دەدات بە باڵندەکان تاکوو بگەڕێن بەدوای خواردن بۆیە پێویست ناکات لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر کۆچبکەن، بە بەراورد بە نيوە گۆی باکوور لە نیوەگۆی زەوی وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا ماوەی ڕۆژ لە هاویندا تەواوە بۆ ئەوەی باڵندەکان بتوانن بەدوای خواردن بگەڕێن بەڵام لە بەهاردا ڕۆژ کورتە و کاتێکی تەواو نادات بە باڵندەکان بۆ گەڕان بەدوای خواردندا.

جۆری باڵندە کۆچەرییەکان

چەندین جۆر باڵندەی کۆچەرمان هەیە لەوانەش:

- باڵندەی چێرگ: یەکێکە لەو باڵندانەی کە مەترسی لەناوچوونی هەیە بەهۆی ڕاوکردنی زۆرەوە، نیشتمانی ئەم باڵندەیە ڕۆژاوای زەریای ئەتڵەسییە، بەتایبەتی لە نیمچە دوورگەی عەرەب و وڵاتانی باکووری ئەفریقا و لە بەشێکی ئەورووپا وەک دوورگەکانی کەناری هەن، ئەم باڵندەیە ٣٢ جۆری هەیە و سەرچاوەی خواردنە بۆ داڵەکان، هەروەها کۆچ دەکەن بۆ ڕۆژاوای هیندستان و پاکستان و لە هەندێک بارودۆخدا ڕوو لە باشووری ئێران دەکەن و هەندێک کاتیش ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی میسڕ و سوودان دەکەن.

- باڵندەی هود هود: بە جوانی دەرکەوتن ڕەنگی گەشەوە جیادەکرێتەوە و خۆشەویسترین باڵندەیە لە نێو عەرەبدا لەبەر باسکردنی لە قورئانی پیرۆزدا، ئەم باڵندەیە مێروو دەخوات، ئەم باڵندەیە گۆشتەکەی ناخورێت ڕاوکردنی تاوانە لە زۆر ناوچەی جیهان کە خاوەن گەرمی مامناوەندە وەک باشووری ئەورووپا و ناوچەکانی ئەفریقا بوونیان هەیە.

- باڵندەی قوڵنگ: ئەم باڵندەیە پانزە جۆری هەیە، لە وەرزی پاییزدا لە باکووری گۆی زەوی کۆچ دەکەن و دواتر لە بەهاردا دەگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی خۆیان، بە هێڵێکی ڕێکخراو کۆچ دەکەن، هەندێک کات بەشێوەی ژمارە حەوتی عەرەبی و هەندێک جاريش بە شێوەی ژمارە هەشت کۆچدەکەن.

- باڵندەی شەلاقە: باڵندەیەکی گۆشت خۆش و بەتامە بە ئەندازەی کۆترێک ئەبێت و ڕەنگی گۆشتی سپییە وەک مریشک و لە ڕیزبەندی مریشک دادەنرێت نيشتمانی ڕەسەنی ئەورووپایە، بەڵام لە ناوەڕاست و ڕۆژاوای ئەفریقادا جۆری ئەم باڵندەیە هەیە هەروەها لە زستاندا بەهۆی گەڕان بەدوای پلەی گەرمی مامناوەندی بەرەو میسر دەڕوات، هەندێک لە زانایان وتویانە شەلاقە (السلوی) ئەو باڵندەیە کە خودای گەورە بۆ نەوەی ئیسڕائیلی ناردووە دوای هەڵهاتنیان لە سینا لە چیرۆکی پێغەمبەر موسا کە لە ئایەتێکی قورئانی پیرۆزدا باسکراوە: (وَظَلَّلْنَا عَلَيْكُمُ ٱلْغَمَامَ وَأَنزَلْنَا عَلَيْكُمُ ٱلْمَنَّ وَٱلسَّلْوَىٰ) البقرة ٥٧ واتە: ‌به ‌هه‌ور سێبه‌رمان کرد به‌سه‌رتانه‌وه‌، گه‌زۆ و شێلاقه‌مان به‌سه‌ردا ڕشتن و بۆ ناردن بخۆن لە‌و خواردنه‌ پاکانه‌ی که ‌کردمان به‌ ڕۆزیتان ئه‌وانه‌ی ناسوپاسییان کرد سته‌میان له ‌ئێمه‌ نه‌کرد به‌ڵکو سته‌میان له‌خۆیان کرد.

- باڵندەی فيسقە یان کلکهەڵتەکێنە: باڵندەیەکی بچووکە درێژییەکەی تەنها ١٨ سانتیمەترە، لە کۆچەکەیدا بەرەو وڵاتانی گەرم وەک میسڕ دەڕوات و پاشان لە وەرزی بەهاردا لە کاتی زۆربوون و دروستکردنی هێلکەدا دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەکردنی بێچووەکان پاشان دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ کۆچکردنی وەرزی نوێ.

- مراوی کێوی: نیشتمانی ڕەسەنی ئەم باڵندەیە جێگە و شوێنی گەرمی مامناوەندە و لە نزیک ئاو یان لەناو ئاوی ئەو ناوچانەدا بوونی هەیە، لەکاتی کۆچکردنیدا لەلایەن ئەوانەی حەزیان لە پەیداکردنی گۆشت یان خولیای ڕاوکردن و ڕاهێنانی ڕاویان هەیە دووچاری ڕاوکردن دەبێتەوە، بەشێوەی ژمارە حەوتی عەرەبی یان بە کۆمەڵێکی ستوونی بەسەر یەکتردا کۆچدەکەن.

دیاریکردنی ئاڕاستەی کۆچ

زانایان چەندین شێوازیان لە نەریتی باڵندەکاندا دۆزیوەتەوە کە بۆ کۆچکردن و دیاریکردنی ئاڕاستەی کۆچ پشتی پێدەبەستن، ئەوانەش:

- بۆماوەیی: لەڕووی بۆماوەییەوە هەندێک باڵندە شێوازی کۆچکردنیان هەڵدەگرن، پێویستیان بە هیچ کەسێک نییە فێریان بکات و خودای گەورە ئەو بەهرەی لەگەڵ دروستکردنیاندا پێداون.

- باوان: باوان فێری بێچووەکانیان دەکەن کە چۆن کۆچ بکەن، هەموو ساڵێک بەرەو کوێ بڕۆن و باڵندەکان لەو ڕێگایەی کە فێربووە دەرناچێت.

زانایانی بۆ جۆری سێیەم نەیانتوانیوە شێوازی کۆچکردنیان بزانن چونکە هەموو ساڵێک ڕۆشتنەکەیان دەگۆڕن و دەکرێت ئەو شوێنەش کە بۆی کۆچدەکەن بیگۆڕن. تاکوو ئێستا زانایان نەیانتوانیوە ئەو میکانیزمە بدۆزنەوە کە باڵندەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکە پیادەی دەکەن و چۆن فێری ئەو میکانیزمە بوون کە چکاتێک کۆچ بۆ ناوچەیەک بکەن یان جێدەهێڵن.

پێداویستییەکانی کۆچکردن

پرۆسەی کۆچکردن پرۆسەیەکی ئاسان نییە مەترسیدارە بۆیە پێویستە پێداویستی و ئامادەکاری هەبێت بۆ کۆچکردن بە سەلامەتی کە بریتین لە:

  1. زانیارییان هەبێت بەو شوێنەی کە ئێستا لێی نیشتەجێن.
  2. شوێنی کۆچکردن دیاری بکەن کە بۆی ئەچن.
  3. ئەو ئاڕاستەیە دیاری بکەن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکە و پشتڕاستکردنەوەی پێویستە، هەندێک لە باڵندەکان خۆر و ئەستێرە بەکاردەهێنن بۆ ناسینی ئاڕاستەکان، هەندێکی تریان بە بۆنی شوێنەکە دەدۆزنەوە.

سروشتی کۆچکردن

بەپێی سروشتی کۆچکردنیان چەندین جۆری باڵندەمان هەیە:

  1. نیشتەجێی هەمیشەیی: ئەمانە ئەو باڵندانەن کە کۆچ ناکەن و لەناو ناوچەکەیاندا دەمێننەوە.
  2. دانیشتووانی هاوین: ئەمانە ئەو باڵندانەن کە لە کاتی بەهاردا بەرەو باکوور دەڕۆن بۆ دروستکردنی هێلانە و دواتر لە پاییزدا دەگەڕێنەوە.
  3. دانیشتووانی زستان: ئەمانە ئەو باڵندانەن کە لە زستاندا بەرەو باشوور دەچن.
  4. باڵندە گوازراوەکان: ئەم باڵندانەن هێلانەکانیان دوور لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان دروست دەکەن. لەهاویندا بەرەو باکوور دەڕۆن و لە زستاندا بەرەو باشوور دەڕۆن.

بۆچی باڵندەکان بە شێوەی ژمارە حەوت کۆچدەکەن؟

باڵندەکان بەشێوەی ژمارە حەوتی عەرەبی کۆچ دەکەن کە لەم ڕێگەیەوە دەکرێت سوود لە شەپۆلەکانی هەوا وەربگرن، بۆ ئەوەی بەهەوڵ و ماندوبونێکی کەمتر بتوانن بفڕن کە لەلایەن هەموو تاقمەکەوە ئەم میکانیزمە جێبەجێ دەکرێت، هەرکاتێک هەوا لە باڵی باڵندەکان دەدات وزەیەکی پێدەبەخشێت کە یارمەتی فڕینی باڵندەکە دەدات و بەهەمان شێوە یارمەتی باڵندەی  دواتی خۆشی دەدات، بەم شێوەیە یارمەتی هەموو باڵندەکان دەدات لە پڕۆسەی فڕین. ئەمە یارمەتی ئەو باڵندانە دەدات بۆ فڕین بەڕێژەی لەسەدا حەفتاو یەک زیاتر لە فڕینی باڵندەیەک بەتەنیا.


سەرچاوەکان



487 بینین