بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-09-14:24:00 - کۆدی بابەت: 10595
بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەبازاڕکردنی دیجیتاڵ، دیجیتاڵ مارکێتینگ یان بەبازاڕکردنی ئۆنلاین (بە ئینگلیزی: ‏Digital Marketing، Online Marketing یان Web Marketing، بە عەرەبی: التسويق الإلكتروني، التسويق الرقمي یان التسويق عبر الشبكة) ئاماژەیە بە بەکارهێنانی کەناڵە دیجیتاڵییەکان بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە بەکارهێنەران. ئەم جۆرە بەبازاڕکردنە بریتییە لە بەکارهێنانی ماڵپەڕ بۆ ڕیکلام، مۆبایل، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەرنامە ئەلیکترۆنییەکان، ئیمەیڵ و ناردنی کورتە نامە و چەندانی تر. بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی لەگەڵ هاتنی ئینتەرنێت لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەناوبانگ بوو.

بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی هەندێک لە هەمان بنەماکانی بازاڕی ئاسایی لەخۆدەگرێت، زۆرجار بە ڕێگەیەکی نوێ دادەنرێت بۆ کۆمپانیاکان بۆ نزیکبوونەوە لە بەکارهێنەران و تێگەیشتن لە ڕەفتارەکانیان. هەروەها زۆرێک لە کۆمپانیاکان تەکنیکەکانی بازرگانی ئاسایی و دیجیتاڵی لە ستراتیجییەکانیاندا تێکەڵ دەکەن.

تێگەیشتن لە بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی

بەبازاڕکردن ئاماژەیە بۆ هەر چالاکییەک کە کۆمپانیایەک بەکاری دەهێنێت بۆ ناساندنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی و باشترکردنی پشکی لە بازاڕدا. بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت، بازاڕکردن پێویستی بە تێکەڵەیەک لە شارەزایی ڕیکلام و فرۆشتن و توانای گەیاندنی کاڵا بۆ بەکارهێنەرانی کۆتایی هەیە. ئەمە بە شێوەیەکی ئاسایی لەلایەن کەسانی پیشەیی یان بازرگانانی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت کە دەتوانن لە ناوخۆ (بۆ کۆمپانیاکان) یان لە دەرەوە لەگەڵ کەرتە بازرگانییەکانی تر کار بکەن. 

بە شێوەیەکی نەریتی کۆمپانیاکان سەرنجیان لەسەر بازاڕکردن بوو لە ڕێگەی چاپ و تەلەفزیۆن و ڕادیۆوە. هەرچەندە ئەم بژاردانە تا ئەمڕۆش هەن، بەڵام سەرهەڵدانی ئینتەرنێت بووە هۆی گۆڕانکاری لە شێوازی گەیشتنی کۆمپانیاکان بە بەکارهێنەران، پاشان بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی هاتە ئاراوە. ئەم جۆرەی بەبازاڕکردن بریتییە لە بەکارهێنانی ماڵپەڕ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرنامە ئەلیکترۆنییەکان یان هەر شتێک کە کارلێکی دوولایەنەی نێوان کڕیار و فرۆشیار لەخۆ بگرێت. 

زیادبوونی تەکنەلۆجیا و ڕەوتە نوێیەکان کۆمپانیاکانی ناچارکرد شێوازی بەبازاڕکردنەکانیان بگۆڕن، ئیمەیڵ ئامرازێکی بەناوبانگی بازرگانی بوو لە سەرەتای بەبازاڕکردنی دیجیتاڵیدا. پاشان بزوێنەری گەڕانی وەک "نێتسکەیپ" باو بوو، کە ڕێگای بە بازرگانەکان دەدا زیاتر خۆیان بخەنە بەرچاو و وشە سەرەکییەکان کە خەڵکی بە دوایدا دەگەڕان دەردەکەوتن.

هەروەها پەرەپێدانی سایتی هاوبەشکردنەکانی تری وەکوو فەیسبووک وایکرد کۆمپانیاکان بتوانن بەدواداچوون بۆ داتاکان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەپێی ڕەوتی بەکارهێنەران بگونجێن. 

ئێستا مۆبایلە زیرەکەکان و ئامێرە دیجیتاڵییەکانی تر ئاسانکارییان بۆ کۆمپانیاکان کردووە کە بەرهەمەکانیان بخەنە بازاڕەوە.

ڕێگاکانی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی

بەبازاڕکردن بە شێوەیەکی نەریتی لە ڕێگەی چاپکراوەوە (ڕۆژنامە و گۆڤار) و ڕیکلامی پەخشکراو (تەلەفزیۆن و ڕادیۆ) ئەنجام دەدرا. ئەمانەش ئەو ڕێگایانەن کە تا ئێستاش بوونیان هەیە. ڕێگاکانی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی پەرەیان سەندووە و بەردەوامن. ئەمانەی خوارەوە هەشت لە باوترین ڕێگاکانن کە کۆمپانیاکان دەتوانن بیگرنەبەر بۆ بەرزکردنەوەی هەوڵەکانی بازاڕکردنیان، ڕەنگە هەندێک کۆمپانیا چەندین ڕێگە بەکاربهێنن، کە بریتین لە:

بەبازاڕکردن لە ماڵپەڕ

ماڵپەڕ گرنگتترین بەشی هەموو چالاکییەکانی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵییە. بەتەنیا ڕێگەیەکی زۆر بەهێزە، بەڵام پێویستی بە جێبەجێکردنی چەندین چالاکی و هەڵمەتی ترە بە شێوەی ئۆنلاین و ڕیکلامی پەخشکراو و ڕیکلامی چاپکراو. 

ماڵپەڕێک پێویستە نوێنەرایەتی براند و بەرهەم و خزمەتگوزارییەک بکات بە شێوەیەکی ڕوون و بە ئاسانی بیرخراو. هەروەها پێویستە خێرا و دۆستی مۆبایل و بەکارهێنانی ئاسان بێت.

ڕیکلامی پارەدان بۆ هەر کلیکێک (PPC

ڕیکلامی پارەدان بۆ هەر کلیکێک ڕێگە بە بە بازرگانان دەدات لە ڕێگەی ڕیکلامە پارەییەکانەوە لەسەر ژمارەیەک پلاتفۆرمی دیجیتاڵی بگەنە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت، بازرگانەکان دەتوانن ڕیکلامی پارەدان بۆ هەر کلیکێک لە گووگڵ، بینگ، ئینستاگرام، لینکیدئین، تویتەر، پینترێست یان فەیسبووک و چەندین پلاتفۆرمی تر دابنێن و ڕێکلامەکانیان پیشانی ئەو کەسانە بدەن کە بەدوای زاراوەی پەیوەست بە بەرهەم یان خزمەتگوزارییەکاندا دەگەڕێن.

هەڵمەتەکانی ڕیکلامی پارەدان بۆ هەر کلیکێک دەتوانن بەکارهێنەران بەپێی تایبەتمەندییە دیمۆگرافییەکانیان وەکوو تەمەن یان ڕەگەز دابەش بکەن، یان تەنانەت بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان یان شوێنی خۆیان بکەنە ئامانج. بەناوبانگترین پلاتفۆرمی ڕیکلامی پارەدان بۆ هەر کلیکێک بریتین لە ڕیکلامەکانی فەیسبووک و ڕیکلامەکانی گووگڵ. 

بەبازاڕکردنی ناوەڕۆک

ئامانجی بەبازاڕکردنی ناوەڕۆک ئەوەیە کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ناوەڕۆکەوە بگاتە کڕیارە شاراوەکان. بەزۆری ناوەڕۆک لە ماڵپەڕێکدا بڵاودەکرێتەوە و دواتر لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەبازاڕکردن لە ڕێگەی ئیمەیڵ، باشترکردنی بزوێنەری گەڕان، یان تەنانەت پەرە بە هەڵمەتەکانی ڕیکلامی پارەدان بۆ هەر کلیکێک دەدەن. ئامرازەکانی بەبازاڕکردنی ناوەڕۆک بریتین لە بلۆگ، پەرتووکی ئەلیکترۆنی، خولی ئۆنلاین، ئینفۆگرافیک، پۆدکاست و وێبینار.

بەبازاڕکردن بە ئیمەیڵ

هێشتا بەبازاڕکردنی ئیمەیڵ یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێگاکانی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی. زۆر کەس بەبازاڕکردنی ئیمەیڵ لەگەڵ نامەی ئیمەیڵی سپام تێکەڵ دەکەن، بەڵام ئەوە نییە. ئەم جۆرە لە بەبازاڕکردن ڕێگا بە کۆمپانیاکان دەدات پەیوەندی بە کڕیاران و هەر کەسێکەوە بکەن کە ئارەزووی براندەکانیان هەیە. زۆرێک لە بازرگانانی دیجیتاڵی هەموو ڕێگاکانی تری بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی بەکاردەهێنن بۆ بەرەوپێشتربردنی لیستی ئیمەیڵەکانیان، دواتر لە ڕێگەی بەبازاڕکردن بە ئیمەیڵەوە، هەوڵی بەدەستهێنانی کڕیار دەدەن بۆ ئەوەی ئەو بەرەوپێشبردنانە بکەنە کڕیار.

بەبازاڕکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ئامانجی سەرەکی هەڵمەتی بازرگانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشیاریی براند و دامەزراندنی متمانەی کۆمەڵایەتییە. لەگەڵ قووڵبوونەوەت بۆ ناو بەبازاڕکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانیت بۆ بەدەستهێنانی بەرەوپێشبردن و متمامەی خەڵکی یان تەنانەت وەک کەناڵێکی فرۆشتنی ڕاستەوخۆ بەکاربهێنرێت. بڵاوکراوە و تویتەکانی بانگەشەکردن دوو نموونەی بەبازاڕکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن. 

بەبازاڕکردنی گرتنەخۆ یان پشتبەستوویی

بەبازاڕکردنی پشتبەستوویی یەکێکە لە کۆنترین جۆرەکانی ڕیکلامکردن، لەگەڵ هاتنی ئینتەرنێت ئەم بەبازاڕکردنەی ئاسانتر کردووە، کە تێیدا لایەنێک ڕیکلام بۆ کۆمپانیایەک یان شوێنێک دەکات. زۆرێک لە کۆمپانیا ناسراوەکانی وەک ئەمازۆن بەبازاڕکردنی پشتبەستوویی بەکاردەهێنن، کە تێێدا ماڵپەڕەکان و بلۆگەرەکان لینکی پەڕەی ئەمازۆن دادەنێن و لە هەر کڕینێک قازانج دەکەن، کە مانگانە ملیۆنان دۆلار دەدەن بەو ماڵپەڕانەی کە بەرهەمەکانیان دەفرۆشن.

بەبازاڕکردنی ڤیدیۆیی

یوتیوب یەکێکە لە بەناوبانگترین بزوێنەرەکانی گەڕان لە جیهاندا. زۆرێک لە بەکارهێنەران پێش ئەوەی بڕیاری کڕینيک بدەن، ڕوو لە یوتیوب دەکەن، بۆ ئەوەی شتێک فێربن یان پێداچوونەوەیەک بخوێننەوە یان گوێبیست و بینەری بن. 

چەندین پلاتفۆرمی بەبازاڕکردنی ڤیدیۆیی هەیە، لەوانە ڤیدیۆی فەیسبووک، ئینستاگرام، تەنانەت تیک تۆک و چەندانی تر. کۆمپانیاکان زۆرترین سەرکەوتن لەگەڵ ڤیدیۆدا بە تێکەڵکردنی ڕێگاکانی تری بەبازاڕکردن و هەڵمەتە فراوانەکانی بەبازاڕکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدەست دەهێنن.

کورتەنامە

هەروەها کۆمپانیا و ڕێکخراوە قازانج نەویستەکان، کورتەنامە یان نامە بۆ ناردنی زانیاری دەربارەی نوێترین پێشخستنەکانیان یان دەرفەتدان بەو کڕیارانەی ئارەزووی بەدەستهێنانیان هەیە بەکاردەهێنن. هەروەها پاڵێوراوە سیاسییەکان کە خۆیان بۆ پۆستەکان هەڵدەبژێرن، هەڵمەتی کورتەنامە بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ئەرێنی سەبارەت بە پلاتفۆرمەکانیان. لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، زۆرێک لە هەڵمەتەکانی نووسین بۆ بەخشین (ناردنی پارە بە مۆبایل) ڕێگە بە کڕیاران دەدەن کە ڕاستەوخۆ پارە بدەن یان لە ڕێگەی نامەیەکی کورتەوە بیدەن.

بەرەنگارخوازییەکانی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی

بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی بەرەنگارخوازییەکی تایبەت بۆ دابینکەران دروست دەکات. کەناڵە دیجیتاڵییەکان بە خێرایی زۆر دەبن، بازرگانانی دیجیتاڵی دەبێت بەردەوام بن لە چۆنیەتی کارکردنی ئەم کەناڵانە، چۆنێتی بەکارهێنانیان لەلایەن وەرگرەکانەوە و چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم کەناڵانە بۆ بەبازاڕکردنی کاریگەرانەی بەرهەم یان خزمەتگوزارییەکانیان. 

وردە وردە سەرنجی وەرگرەکان قورستر دەبێت، لەبەر ئەوەی تا بێت بەرەنگارخوازی و ڕیکلامە ئۆنلاینەکان زیاتر دەبێت. 

هەروەها بازرگانانی دیجیتاڵی بە گژنێی دەزانن کە شیکاری ئەو کۆگا بەرفراوانەی داتا بکەن، دواتر ئەو زانیارییانە لە هەوڵە نوێیەکانی بەبازاڕکردندا دەقۆزنەوە. 

گژنێ و بەکارهێنانی داتاکان بە شێوەیەکی کاریگەر، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی پێویستی بە ڕێبازێک هەیە بۆ بەبازاڕکردن لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی قووڵتر لە ڕەفتاری بەکاربەر.

بۆ نموونە ڕەنگە پێویست بکات کۆمپانیایەک بەدواداچوون بۆ ئەوانە بکات کە خەڵکی شوێنی دەکەون، بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر دەربارەی بەدواداچوونەکانی خەڵک و بەکارهێنەران بکەن بۆ تێگەیشتنی وردتر لە ڕەفتاری بەکاربەر. 

دەزگای بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی چییە؟

بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی دەزگایەکە کە مامەڵەی بەبازاڕکردن دەکات بۆ بەکارهێنەران لە ڕێگەی کەناڵە دیجیتاڵییەکانەوە. ئەمەش ڕیکلامەکان بۆ کڕیارەکان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕیکلامی پارەدان بۆ هەر کلیکێک، ڤیدیۆ و ماڵپەڕەکان و چەندانی تر دەگرێتەوە.

(SEO) لە بەبازاڕکردنی دیجیتاڵیدا چییە؟

باشترکردنی بزوێنەری گەڕان یان SEO، ئەو ڕێگایەیە کە کۆمپانیاکان دەتوانن لەڕێگەی بزوێنەری گەڕانەوە (بەشی سێرچ) زیاتر خۆیان بخەنە بەرچاو، ناوەکانیان لە سەرەوەی هەر لاپەڕەیەکی گەڕان دەربکەوێت. ئەمەش دەکرێت لە ڕێگەی ئەنجامی گەڕانەوە بێت. کاتێک کۆمپانیاکان دەتوانن بە سەرکەوتوویی باشترکردنی بزوێنەری گەڕان لە ستراتیجییەکانی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵیدا بەکاربهێنن، ناو و ماڵپەڕەکانیان زیاتر بۆ بەکارهێنەرانی زیاتر دیار دەبن.

بەبازاڕکردنی ئینتەرنێت چییە؟

بەبازاڕکردنی ئینتەرنێت هەر بەبازاڕکردنێکە کە تەنها لە ئینتەرنێتدا ئەنجام بدرێت. ئەمەش واتە زیاتر لە ماڵپەڕەکاندا دەردەکەوێت، جیاوازە لە بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی، کە بریتییە لە بەبازاڕکردنێک لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە و هەروەها بەبازاڕکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەپەکانی مۆبایل. ئەم هەڵمەتە بازرگانیانە دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایلە زیرەکەکان و ئامێرە دیجیتاڵییەکان و پلاتفۆرمی ترەوە ئەنجام بدرێن.

چۆن بتوانم ببمە بازرگانێکی دیجیتاڵی؟

بازرگانانی دیجیتاڵی پێویستیان بە توانای نووسینی بەهێز هەیە، هەروەها لەگەڵ شیکاری داتا و لێهاتوویی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها بڕوانامەی بەکالۆریۆسی پەیوەست بەم بوارە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت، بەشداریکردن لە کۆرسیشدا دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ زیاتر تێگەیشتن و بەرەوپێشبردنی خود.

چی کارامەیییەک لە بەبازاڕکردنی دیجیتاڵیدا گرنگە؟

پێویستە شارەزا بیت لە نووسینی ناوەڕۆک، لەگەڵ شارەزایی پەیوەندیکردن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر باسی بەرهەمەکەت بکەیت و متمانەی کڕیاران بەدەست بهێنیت. کارامەیی شیکاری داتا گرنگە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە هەڵمەتەکانی بازرگانیت چەندە باش کاردەکەن و لە کوێدا دەتوانرێت باشتر بکرێت. لە کۆتاییدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کارامەییەکانی تری ئۆنلاین پێویست و گرنگە.

سوودەکانی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی

بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی چەندین سوودی هەیە بە بەراورد بە بەبازاڕکردنی ئاسایی، پێشتر بازرگانەکان پشتیان بە ڕێگا بازرگانییە دەرهێڵەکان دەبەست، وەکوو تابلۆی بازرگانی، ڕادیۆ، تەلەفیزۆن، ڕۆژنامە و پەیوەندی تەلەفۆنی و چەندان شتی تر، لەگەڵ هاتنی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی، بازرگانەکان ستراتیجی و بودجەی بەبازاڕکردنیان بەرەو بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی گۆڕیوە. بڕی گەیشتن کە لەلایەن میدیای دیجیتاڵییەوە پێشکەش دەکرێت، زیاترە لەوەی کە لەلایەن میدیای ئاسای یان دەرهێڵییەوە پێشکەش دەکرێت.

بەم سوود زۆرانە، لە کۆتاییدا بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی بە تەواوی دەست بەسەر بازاڕکردنی ئاساییدا دەگرێت. خەڵک زیاتر شارەزای تەکنەلۆجیا دەبن و پشتی پێ دەبەستن. 

دەتوانێت لە ناسینی بینەرەکانت و فێربوونی زانیاری گرنگ دەربارەیان یارمەتیت بدات، هەروەها دەگاتە ژمارەیەکی زۆر کەس، بەشێک لە سوودەکانی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی بریتین لە:

بینەرەکانت دەناسیت

بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی ڕێگایەکی تەواو بۆ ناسین و پەیوەندیکردن لەگەڵ بینەرەکانت پێشکەش دەکات. دەتوانیت ئۆفەرەکان تاقی بکەیتەوە، نامە و ئاگادارکردنەوەکان و سەرنجی کڕیاران تاقی بکەیتەوە، تێڕوانینێک بەدەست بهێنیت سەبارەت بەو کاتانەی کە سەردانی ماڵپەڕەکەت دەکەن. ئەگەر ستراتیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانت هەیە، دەتوانیت خێراتر و ئاسانتر پەیوەندییان لەگەڵیان دروست بکەیت. هاوکات دەتوانیت خۆت لەگەڵ بینەرەکانتدا بگونجێنیت و متمانەیان لا دروست بکەیت کە بتوانێت لە کێبەرکێکانی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵیدا جیات بکاتەوە.

تێچووی زۆر نییە

بە بەراورد لەگەڵ شێوازە باوەکانی بازاڕکردن، بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی هەرزانە. سەرپێچی کەمتر هەیە، دەتوانیت ماڵپەڕێکی ورد و پیشەیی دروست بکەیت بە تێچوونێکی تاڕادەیەک کەم، هەروەها بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری دەتوانیت پارەی زیاتر بدەیت. دەتوانیت بە بێبەرانبەر هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست بکەیت و بە شێوەیەکی شارەزایانە دەست پێبکەیت. بەبازاڕکردنە ئەلیکترۆنییەکان تاڕادەیەک لە ڕووی تێچوونەوە گونجاوە، تەنانەت بۆ بچووکترین بازرگانییەکانیش دەگونجێت.

بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی گونجاوە

لەگەڵ بەبازاڕکردنی دیجیتاڵیدا، دەتوانیت خێرا و چالاک بیت. ستراتیجییە جیاوازەکان تاقی بکەیتەوە، ئەنجامەکان هەڵسەنگێنیت و لە مانگی دواتردا یان هەفتانە شتێکی جیاوازتر تاقی بکەیتەوە. هەروەها دەستبەجێ دەستڕاگەیشتن بە داتاکان بۆ یارمەتیدان لە بڕیارەکانی کارەکەت. 

مێژوو و پەرەسەندنی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی

لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو چەندین داهێنانی گرنگ بەدی کران، وەکوو دروستکردنی یەکەم کۆمپیتەری کەسی لە ساڵی ١٩٨١، وردە وردە داهێنانی بەرچاو کرا و هەموو ئەم داهێنانانە بوونە هۆی ئەوەی سیستمی کۆمپیتەر ئەوەندە پێشکەوتوو بێت کە بتوانێت زانیاری دەربارەی کڕیارەکان هەڵبگرێت، دەستیان بە تێگەیشتن کرد لەوەی کە گرنگە پەیوەندی لەگەڵ کڕیار دروست بکرێت، نەک تەنها پاڵنانی فرۆشتنی بەرهەمەکان بنێت.

لە ساڵانی نەوەدەکان یەکەم بزوێنەری گەڕان کە (Archie) بوو هاتە ئاراوە، لەو کاتەدا ئینتەرنێت بۆ گەڕان بە دوای زانیارییە پێویستەکاندا بەکاردەهێنرا. 

کاتێک کۆمپانیای هۆتوایرد لە ساڵی ١٩٩٣، سەردێڕی سەرەکی بۆ ڕیکلامکردنەکانیان کڕی، بووە یەکەم هەنگاو بۆ بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی. ساڵی ١٩٩٨ ساڵێکی گرنگ بوو بۆ بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی، لەبەر ئەوەی بووە هۆی دەستپێکردنی بەناوبانگترین بزوێنەری گەڕان لەسەر بنەمای وێب کە گووگڵ بوو، بۆ هەمیشە جوڵەی بازرگانی ئۆنلاینی گۆڕی.

لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠ـەوە خەڵک بوونە بەکارهێنەری چالاکتری ئینتەرنێت، بەکارهێنان دەستیان بە کارلێککردن لەگەڵ بازرگانان و کەسانی تر کرد. لە ئەنجامدا ڕەوتی زانیارییەکان زیادی کرد و ژمارەیەک کەناڵی دیجیتاڵی نوێ لەلایەن بازرگانانی دیجیتاڵییەوە بەکاردەهێنران. 

پاشان، پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییە پیشەییەکان دەرکەوتن، وەکوو "لینکیدئین" کە لە ساڵی ٢٠٠٢ هاتە ئاراوە، لە ساڵی ٢٠٠٣ یەکەم تۆڕی کۆمەڵایەتی دەرکەوت کە "مای سپەیس" بوو، پاشان "وۆرد پرێس" لە هەمان ساڵ هاتە ئاراوە.

پاشان بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەتەواوی باو بوو، بازرگانەکان دەستیان کرد بە تێگەیشتن لەوەی کە هەموو ئەم ماڵپەڕ و پلاتفۆرمە نوێیانە ڕێگای نوێی ڕیکلام و بانگەشەکردن دەکەنەوە. کۆمپانیاکان زیاتر هەوڵەکانی بازاڕکردنیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چڕکردەوە.

داهاتوو چی بۆ بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟

ئەم بەبازاڕکردنە بەردەوام لە پەرەسەندندایە و دەگۆڕێت، لەسەر بنەمای ڕەوتەکانی ئێستا دەتوانین هەندێک پێشبینی لەسەر ئەوەی کە چارەنووسی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی چۆن دەبێت بکەین. بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی ڕێگایەکی دووری بڕیوە، لە داهاتوودا ڕێگایەکی دوورتر دەبڕێت. پێدەچێت بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاکانی زیرەکی دەستکرد زیاتر بەربڵاو بێت. هەروەها "چاتبۆت"ـەکان زیاتر بۆ بەشداریکردنی کڕیاران بەکاردەهێنرێن.

گەڕانی دەنگی زیاتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت بەردەوام بەرزبێتەوە. بازرگانانی دیجیتاڵی پێویستە چاویان لەسەر ڕەوتە سەرهەڵداوەکان، تەکنەلۆجیا نوێیەکان و بزوێنەری گەڕان بێت، بۆ ئەوەی لە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ کڕیارەکانیان ئەم تەکنەلۆجیا نوێیانە بەردەوام بن.

(B2C) و (B2B) چییە لە بەبازاڕکردنی دیجیتاڵیدا؟

بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی لە بازرگانییەکەوە بۆ بازرگانییەکی تر (B2B)، ئاماژەیە بەوەی کە خزمەتگوزاری یان بەرهەم پێشکەش بە بازرگانییەکانی تر دەکەن. 

بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی لە بازرگانەوە بۆ بەکاربەر (B2C) سەرنجی لەسەر ڕاکێشانی تاکەکانە و بوونە بە کڕیار. 

بە شێوەیەکی گشتی کڕیارانی لە بازرگانییەکەوە بۆ بازرگانییەکی تر پرۆسەی بڕیاردانیان درێژترە، چونکە پێویستی بە زانیاری زیاتر و وردتر هەیە. لە بەرانبەردا کڕیارانی لە بازرگانەوە بۆ بەکاربەر تەنها پێویستیان بە زانیارییەکانی خۆیان هەیە و دەتوانن بڕیاری کڕینیش بدەن لەسەر بنەمای هەست یان ئارەزوو. هەروەها ڕەنگە کڕیارانی لە بازرگانەوە بۆ بەکاربەر باشتر و زووتر وەڵامی بەبازاڕکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان ئەو گرێبەست و ئۆفەرە کورتخایەنانە بدەنەوە کە لەلایەن بازرگانانەوە پێیان دەدرێت. 


سەرچاوەکان



920 بینین