بەشداری پێکردنی منداڵ لە دانانی یاساکانی ماڵەوە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-09-20:06:00 - کۆدی بابەت: 10597
بەشداری پێکردنی منداڵ لە دانانی یاساکانی ماڵەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەشداری پێکردنی منداڵ لە دانانی یاساکانی ماڵەوە (بە ئینگلیزی: Children's participation in putting house rules، بە عەرەبی: مشاركة اطفال في وضع قواعد المنزلدایک و باوک دەبێت بە هاوکاری یەکتر ئەو یاسایانە دابنێن کە دەیانەوێت منداڵ پەیڕەویان بکات، کاتێک منداڵ بەشداری پێبکرێت لە دانانی یاساکان، ئەگەری جێبەجێکردنیشیان زیاتر دەبێت، منداڵ دەبێت بزانێت کە کام ڕەفتارانەیتان لا پەسەندە و کام ڕەفتارانەی ناپەسەندە.

هەڵبەت هیچ کات بە منداڵەکەتان مەڵێن کە ئەو منداڵێکی خراپە، بەڵکوو پێی بڵێن کە ئەو ڕەفتارەی پەسەند ناکەن و بەدڵتان نییە، کاتێک یاسایەک دادەنێن دەبێت منداڵ بەباشی پێی ئاشنا بێت، تا بتوانێت جێبەجێی بکات، ئەوەش گرنگە کە لە دانانی یاسادا ڕەچاوی تەمەنی منداڵ بکەن.

بەشداری پێکردنی منداڵ

  • بۆ دانانی یاساکان لە ماڵەوە دەبێت هەموو ئەندامانی خێزانەکە لە باوک، دایک، منداڵەکان و هەر کەسێکی تر کە لەگەڵ ئەوان دەژی، بەشداری بکەن.
  • لەکاتی یاسا دانان، دەبێت و نابێتەکانی ناو خێزان دیاری دەکرێت.
  • یاسا گشتییەکان کە پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەوە هەیە دایک و باوک دایان دەنێن، یاساکانی یاریکردن منداڵەکان دایان دەنێن، ئەگەر هەمیشە تەنیا دایک و باوک یاسا دابنێن، متمانە بەخۆبوونی منداڵ کەمدەبێتەوە و کەم کەم ڕقیان لە یاسا و دانانی یاسا دەبێت.
  • دەبێت هەموو ئەندامەکانی خێزانەکە پەیڕەوی یاساکان بکەن، هەر کەسێکیش ڕایەکی هەبوو دەبێت لە کۆبوونەوەی دانانی یاساکاندا بیخاتەڕوو، دەبێت دایک و باوک هۆکاری هەر یاسایەک بۆ منداڵەکانیان ڕوون بکەنەوە تاکوو تێبگەن بۆچی دەبێت پەیڕەوی ئەو یاسایە بکەن.
  • جۆری دەربڕینی ڕستەکان لە دانانی یاساکاندا کاریگەری هەیە، بۆ نموونە ئەگەر بڵێن هەفتەی جارێک دەڕۆین بۆ پارک لەگەڵ ئەوەی بڵێن هەموو دوو شەممەیەک دەچینە پارک جیاوازن، کەواتە یاسایەک دابنێن کە خۆشتان بتوانن جێبەجێی بکەن و لە تواناتاندا بێت.
  • یاساکان وا دابنێن بگونجێن لەگەڵ تەمەن و تواناکانی منداڵ.


سەرچاوەکان



221 بینین